ناوهڕۆك
باشترین كاتەكان بۆ خەوتن
ئایا كەمخەوی لە مانگی ڕەمەزاندا دەبێتە هۆی قەڵەوی؟ بەپێی لێدوانێكی دكتۆر (منير العبيدي) لە نۆرینگەكانی كلیڤلاند لە دوبەی: "بەبۆنەی كەمخەویەوە گۆڕانكاری لە هۆڕمۆنەكانی تایبەیت بە برسێتی ڕودەدات، كە وا لە كەسەكە دەكات زیاتر حەز بە خواردنە چەور و شیرینەكان بكات، بەمەش كێش زیاد دەكات"، بۆیە زۆر گرنگە ئاگامان لە كاتەكانی خەوتن بێت و بە باشی بخەوین.
كاتەكانی خەوتن
لێرەدا باسی باشترین كاتەكانی خەوتن دەكەین لە ڕەمەزاندا:
- خەوتن لە ماوەی نێوان نانی ئێوارە و پارشێودا، بەڵام نابێت لە 4 كاتژمێر زیاتربێت
- خەوتن بۆ ماوەی 2 كاتژمێر دوای پارشێوكردن، پاشان دەستكردن بە چالاكی ڕۆژانە
- خەوتن بۆ ماوە 20 خولەك لە دوای نیوەڕۆ بۆ بەدەستهێنانەوەی وزە
ئایا خەوتن دوای بەربانگكردنەوە زیانی هەیە؟
هەموومان دەزانین كە جەستەمان بەبۆنەی بەڕۆژووبوونەوە لاواز بووە و پێویستی بە خۆراكە، بۆیە خەوتن دوای ڕۆژوو شكاندن دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستیمان، هەروەها بەگشتی خەوتنی دوای نانخواردن كاریگەری نەرێنی زۆری هەیە، كە بریتین لە:
توشبوون بە تێكچوونی كۆئەندامی هەرس، وەك: سوتانەوەی گەدە و قورسبوونی هەرسكردن
زیادبوونی كێش
هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی
توشبوون بە كەمخەوی
چۆن دووربكەوینەوە لە خەواڵووبوون دوای بەربانگكردنەوە؟
خەواڵووبوون لەدوای نانخواردن پەیوەندی بە چەند هۆڕمۆنێك و جۆری ئەو خواردنەوە هەیە كە دەخورێت، هەروەها هەندێك كات پەیوەندی بە كۆئەندامی هەرسەوە هەیە، لێرەدا باسی چەند خاڵێك دەكەین بۆ كەمكردنەوە خەواڵووبوونی دوای نانخواردن:
- خواردنەوەی ڕێژەیەكی باش لە ئاو دوای بەربانگكردنەوە
- دابەشكردنی نانی بەربانگ بۆ چەند بەشێكی بچووك، دووركەوتنەوە لە خواردنی بڕێكی زۆر لە خواردن لە یەك كاتدا
- خواردنە تەندروستەكان بخۆ وەك ئەو خواردنانەی كە كابۆهێدرات و چەورییە تەندروستەكانیان تێدایە
- تەواوكەرە خۆراكییەكان بخۆ بۆ هێشتنەوەی وزەی جەستەت
- لەكاتە پێویستەكاندا بەباشی بخەوە
- دووركەوتنەوە یان كەمكردنەوەی خواردنی كافاین
- ئەو خواردنانە بخۆ كە ئەلیكترۆلایت (electrolyte)ـیان تێدایە، وەك: سپێناخ، پەتاتە، برۆكۆلی، فاسۆلیا