جۆرەکانی زیندەوەرە پێشەنگی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-02-23:51:00 - کۆدی بابەت: 4089
جۆرەکانی زیندەوەرە پێشەنگی
زانستەکان

جۆرەکانی پێشەنگی

بڕوادەکەی کە زیندەوەرێک هەیە لە دارستان دا دەژی و لە بارستە هێلکەیەکی تێکدراو دەچێ؟ ئەم زیندەوەرە بە ڕاستی هەیە و لە پێشەنگییەکانە. بارستە لینجەکانی پێشەنگییەکان وەک خۆراکی ڕووکراو وایە، وە ئەو پێشەنگییانەی لەسەر ڕووەکانی شوشەی حەوزی ماسی دەژین لە پیسایی دەچن، زۆر کەم لە جۆرەکانی پێشەنگییەکان شێوەیان لەیەک دەچێ. گرفتێکی زۆر لە کاری پۆلێن کردنی ئەم زیندەوەرە بێ هاوتایانە دەبینین، یەکێک لەو ڕێگایانەی کە وەک بنەمایەک پشتی پێ دەبەسترێ بۆ پۆلێن کردنی پێشەنگییەکان پەیوەستە بە جیاکەرەوە هاوبەشەکانی نێوانیان، بەم ڕێگایە زاناکان دەتوانن پێشەنگییەکان پۆلێن بکەن بۆ سێ کۆمەڵە، ئەوانیش پێشەنگیە بەرهەمهێنەرەکان، خۆنەژێنەکان کە توانای جووڵەیان هەیە، و خۆنەژێنەکان کە توانای جووڵەیان نییە، ئەم پۆلێنە پەیوەندی نێوان پێشەنگییەکان دەرناخات، بەڵام یارمەتیمان دەدات لە تێگەیشتنی ڕووی جیاوازی لە نێوان پێشەنگییەکاندا.

پێشەنگییە بەرهەمهێنەرەکان

زۆرجۆر لە پێشەنگییەکان لە بەرهەمهێنەرەکان هەن، پێشەنگییە پێشەنگییە بەرهەمهێنەرەکان وەک ڕووەکەکانن لەبەکارهێنانی وزەی ڕۆشنایی خۆر بۆ دروستکردنی خۆراک بەهۆی ڕۆشنە پێکهاتن. ئەم پێشەنگییە بەرهەمهێنەرانە بە قەوزەکان ناودەبرێن، قەوزەکان زیندەوەری ناوک ڕاستەقینەن وزەی ڕووناکی خۆر دەگۆڕن بۆ  خۆراک بە هۆی ڕۆشنەپێهاتن، بەڵام بێ ڕەگ و قەد و گەڵان. هەموو قەوزەکان بۆیەی سەوزیان تێدایە واتە کلۆرۆفیل کە بۆ دروسکردنی  خۆراک بەکاردێ بەڵام زۆربەی قەوزەکان بۆیەیی دیکەیان تێدایە کە ڕەنگی دیکەیان پێ دەبەخشی جگە لە بۆیەی سەوز، زۆربەی قەوزەکان لە ئاودا دەژین، هەندێ قەوزە لە چەند خانەیەکی زۆر پێک دێت، قەوزە فرەخانەکان بە گشتی لە تەنکاوەکان کە بە درێژایی کەنارەکان دەژین، ئەم قەوزانە بە گیایی دەریایی ناودەبرێن، وە هەندێ لە قەوزەکان دەتوانن گەشە بکەن بۆ چەند مەترێک. قەوزە تاک خانە مەلەکەران بە هەڵواسراوە ڕووەکیەکان ناودەبرێن، ئەم قەوزانە بە بێ وردبین نابینرێن، ئەمانەش ئاسایی بە نزیک ڕووی ئاوەکانەوە دەوەستن، هەڵواسراوە ڕووەکیەکان خۆراک بۆ زۆر لە زیندەوەرەکانی دیکەی ناو ئاوەکە دابین دەکەن، وە هەروەها زۆربەی ئۆکسجین دابین دەکەن.

قەوزە سوورەکان

زۆربەی قەوزە سوورەکان لە زەریا کەمەرییەکاندا دەژین،  درێژییەکەی ئاسایی لە ١ مەتر کەمترە، خانەکانی قەوزە سوورەکان کلۆرۆفیلیان تێدایە بەڵام بۆیەیەکی سووری دیکەش هەیە کە ڕەنگی سووری پێدەبەخشێ.

قەوزە سەوزەکان

قەوزە سەوزەکان رەنگیان سەوزە چونکە کلۆرۆفیل بۆیەی سەرەکییە لە خانەکانیدا، زۆربەیان لە ئاو یان لە خاکی شێداردا دەژین بەڵام هەندێک لەو قەوزانە لەسەر قەدی درەختەکاندا دەژین، هەندێ قەوزەی سەوز تاک خانەن، بەڵام هەندێکیان فرەخانەن، هەندێ لە جۆرەکانی قەوزە تاک خانەن بە کۆمەڵ دەژین پێیان دەڵێن مۆڵگەکان وەک فۆلفۆکس. 

قەوزە قاوەییەکان

زۆربەی گیایەکانی دەریایی ناوچەکانی ئاو و هەوای سارد قەوزەی قاوەیین. کە بە تاوێرەکانەوە بەندن یان هەڵرژراوەی گەورەی مەلە کردوون لەسەر ئاوی زەریاکاندا پێکدەهێنن. قەوزە قاوەییەکان بۆیەیی کلۆرۆفیل و بۆیەیەکی قاوەیی زەرد باویان تێدایە وە هەندێکیان گەشە دەکەن تا ٦٠ مەتر.

دایۆتۆمەکان

دایۆتۆمەکان زیندەوەری تاک خانەن لە ئاوە سوێرەکاندا هەن هەروەها لە ئاوە سازگارەکانیش، دایۆتۆمەکان وزەیان لە کرداری ڕۆشنەپێکهاتن بەدەست دەکەوێ، ئەمانەیش ڕێژەیەکی سەدی گەورەی هەڵواسراوە ڕووەکییەکان پێکدێنێ. سەرەڕای ئەوەی دایۆتۆمەکان سەر ئاو دەکەون، بەڵام هەندێکیان بە ڕووەکەکان یان گوێچکە ماسی یان کیسەڵە دەریایەکان یان نەهەنگەکانەوە دەنووسێن. وە هەندێ لە دایۆتۆمەکان شێوەی ئەندازییان هەیە. دیواری خانەی دایۆتۆمەکان ماددەیەکی نیمچە شوشەیی تێدایە کە بە سیلیکا ناودەبرێت. خانەی دایۆتۆمەکان قەتیس بوونە لە ناو قاوغێکی دوو بەشدا.

قەوزە  یۆگلینیەکان 

قەوزە یۆگلینییەکان زیندەوەری تاک خانەن لە ئاوی سازگاردا دەژین و قامچییەکانیان بەکاردێنن بۆ جووڵەکردنیان لە ناو ئاودا، زۆر لە یۆگلینای بەرهەمهێنەر هەن کە خۆراکی تایبەتی بە خۆیان دروست دەکەن، بەڵام ئەگەر بڕی پێویست لە ڕۆشنایی نەبوو بۆ دروستکردنی خۆراک، دەتوانن خۆراک بەدەست بێنن وەک زیندەوەرە خۆنەژێنەکان. یۆگلیناکان لەم پێکهاتانە پێکهاتووە (سەوزەپلاستید، ناوک، گرژۆکە بۆشایی، چاوە پەڵە، قامچی).  تایبەتمەندیی ئەم پێکهاتانە بریتین لە ئەمانە:

  • رۆشنەپێکهاتن لە پلاستیدە سەوزەکان ڕوودەدات، ئەم پێکهاتانە بۆیەی کلۆرۆفیلیان تێدایە،
  • زۆربەی قەوزە یۆگلینەکان دوو قامچیان هەیە، یەکێکیان درێژ و دووەمیان کورتە، بە هۆیانەوە لە ناو ئاودا دەجووڵێن. 
  • قەوزە یۆگلینیەکان نابینن بەڵام دوو چاوە پەڵەیان هەیە بۆ وەرگرتنی ڕۆشنایی. 
  • خانەکە پێکاتوویەکی تایبەتی هەیە کە بە گرژۆکە بۆشایی ناودبرێت بۆ دەرکردنی ئاوی زیادەی ناو خانەکە.

ئەو زیندەوەرە خۆنەژێیانەی کە توانای جووڵەیان هەیە

هەندێ لە پێشەنگییە خۆنەژێنەکان جیاکەرەوەی تایبەتی وایان هەیە بواریان پێ دەدات تا بجوڵێنەوە. بەڵام زیندەوەرە خۆنەژێنەکانی دیکە ناتوانن بە تەنیایی بجولێن. ئەو پێشەنگیانەی کە توانای جووڵەیان هەیە. ئاسایی زیندەوەری بەکارهێنەر یا مشەخۆری تاک خانەن، ئەم پێشەنگیە لە جوڵانە هەندێ جار بە سەرەتاییەکان ناودەبرێن.

ئەمیبا 

ئەمبیبا لە سەرەتاییەکانە و لە ئاوی سازگار و سوێرەکان و لە خاکدا دەژی، وەک مشەخۆریش لەسەر گیاندەوەران دەژی، زۆرێک لە جۆرەکانی ئامیباش بەکتریا و پێشەنگییە بچووکەکان دەخۆن، ئەمیبای مشەخۆری دیاریکراو هەن لە ڕێخۆڵەی مرۆڤدا دەژین و توشی نەخۆشیەکی دەکەن کە بە ئەمیبای زەحیرەی ناودەبرێت. ئەمیبا بە هۆی گەندە پێیەکانیەوە دەجووڵێ. وە بۆ ئەوەی گەندە پێیەک درێژدەکاتەوە بەرەودەرەوەی خانەکە. پاشان خانەکە ڕوودەکاتە ناوی . ئەمیبا گەندەپێیەکان بۆ گرتنی خۆراک بەکاردێنێ، پاشان خۆراکەکە کە هەرس  دەکرێ لە خۆراکە بۆشاییدا، بە هۆی ئەنزیمەکانەوە.

کوڵکدارەکان 

کوڵکدارەکان پێشەنگی ئاڵۆزن، سەدان پێکهاتەی شێوە موویی زۆر بچووکیان هەیە کە بە کوڵکەکان دەناسرێن، کوڵکەکان زیندەوەرە پێشەنگییەکان دەجووڵێنن بەرەو پێشەوە بە ترپەیەکی هاتوچۆیی. کوڵکەکان پاڵ بە خۆراکیشەوە دەنێن بەرەو ڕێڕەوی خۆراک، ناودارترین کوڵکدار پارامسیۆمە، خانەی پارامسیۆم دوو ناوکی تێدایە، ناوکە گەورەکەی کە دەست دەگرێ بەسەر فرمانەکانی خانەکە، و ناوکە بچووکەکەشی ڕۆڵی هەیە لە ئاڵوگۆڕی بۆ ماوەیی لە ماوەی توخمە زۆربووندا. پێکاهاتنی پارامسیۆم (کوڵکەکان، ناوکی گەورە، خۆراکە بۆشایی، ناوکی بچووک، گرژۆکە بۆشایی، خۆراکە ڕێڕەو، کۆمە دەرچە). پارامسیۆم کوڵک بەکاردێنێ بۆ پاڵنانی خۆراک بەرەو ڕێڕەی خۆراک، خۆراک دەچێتە خۆراکە بۆشایی تێیدا ئەنزیمەکان هەرسی دەکەن، لەپاشەڕۆکەکانی خۆراک دەردەکرێتە دەرەوەی خانە لە ڕێگەی کۆمە دەرچەوە، گرژۆکە بۆشایی ئاوی زیادە دەکاتە دەرەوە. 

زیندەوەرە خۆنەژێنەکان کە توانای جووڵەیان نییە

هەندێ لە پێشەنگییە خۆنەژێنەکان مشەخۆرن و ناجوڵێنەوە وە هەندێکی تریان لە چەند قۆناغێکی دیاریکراو لە سوڕی ژیانیاندا دەجوڵێنەوە.

پێشەنگییە بەرهەم هێنەرەکانی سپۆر

زۆر لە پێشەنگییە بەرهەمهێنەرەکانی سپۆر مشەخۆرن، ئەم پێشەنگیانە خۆراکە ماددەکان لە خانە خوێیەکانیان دەمژن، وە کوڵک و قامچیان نییە، سوڕی ژیانیان ئاڵۆزە وە دوو خانەخوێ یان زیاتر دەگرێتەوە. بۆ نموونە ئەو پێشەنگییانەی کە دەبنە هۆی مەلاریا مێشوولە و مرۆڤ بەکاردێنن وەک خانەخوێ.

کەڕووی مڵ

کەڕووی مڵ لە پێشەنگییە خۆنەژێنەکانن و توانای جووڵانەوەیان هەیە تەنها لە هەندێ لە قۆناغەکانی سوڕی ژیانیاندا کە وەک بارستەی ڕەنگاو ڕەنگی لینجی بێ شێوە دەردەکەون. کەڕووی مڵ لە شوێنە ساردەکان و لە دارستانەکاندا دەژێت و گەندە پێیەکان بەکاردێنێ بۆ گواستنەوە و گرتن ئەوەی کە دەیخوا لە بەکتریا و هەوێنی نان. هەندێ لە جۆرەکانی کەڕووی مڵ وەک خانەیەکی زەبەلاح دەژین کە ناوکێکی زۆر و سایتۆپلازمی یەکگرتووی تێدایە لەیەکێ لە قۆناغەکانی ژیانیدا. وە گەشەی خانەکەی بەردەم دەبێ لەگەڵ بەردەوامی توانای دابینکردنی بۆ خۆراک و ئاو. کاتێک بارودۆجەکە دژوار دەبێ، پێکهاتەی شێوە قەدی، لە کەڕووە مڵەکە گەشە دەکات کەلە بەشی سەرەوەیان بارستەی خڕیان هەیە، وە ناودەبرێن بە سپۆڕەکان، سپۆڕەکان خانەی زۆربوونی بچووکن. سپۆڕەکان دەتوانن بۆماوەیەکی درێژخایەن بە بێ ئاو یان بە بێ خۆراکە ماددە بمێننەوە لە قۆناغی سپۆڕیدا کەڕووی مڵ ناجوڵێتەوە. بەگەڕانەوەی بارودۆخە باشەکە هەموو سپۆڕێک گەشە دەکات و دەبێت بە کەڕوویەکی مڵی نوێ.


سەرچاوەکان



2743 بینین