تیۆرەکانی هەڵچوون

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-03-00:32:00 - کۆدی بابەت: 4094
تیۆرەکانی هەڵچوون
دەروونناسی

تیۆرەکانی هەڵچوون

چەندین تیۆری جیاجیا هەن هەوڵی شیکردنەوەی حاڵەتە هەڵچوونیەکانی مرۆڤیان داوە، لەم تیۆرانەش:

تیۆری (جیمس لانج)

ئەوەی لامان ڕوونە مرۆڤ غەمبار دەبێت، لە کەسێک دەدات چونکە توڕەیە، دەترسێت چونکە دەلەرزێت، بەڵام زانا ولیام جیمس بۆچونێکی جیاوازی هەیە دەربارەی هەڵچوون و پێی وایە ئێمە خەم دەخۆین چونکە دەگریەین و هەست بە توڕەیی دەکەین چونکە لە کەسێک دەدەین، واتە حاڵەتە ‌هەڵچوونەکە لەدوای ڕەفتار دێت نەک پێشی، کەواتە بە بۆچونی ولیم جیمس هەستکردن بە ترس لەدوای گۆڕانکاریە فسیۆلۆژیەکانەوە دێت و زانای دانیمارکی (کارل لانج) پاڵپشتی ئەم تیۆرەی کرد بۆیە ئەم تیۆرە بە تیۆری (جیمس لانج) ناسراوە.

ئەوەی شایەنی باسە ئەم تیۆرە چەندین ڕەخنەی لێگیراوە لەوانە:

أ- هەموو ئەو شڵەژانانە ئاماژەیان پێکراوە کە دەبنە هۆی هەستکردن بە هەڵچوون لە زۆر حاڵەتی تر دەردەکەوێت بێ ئەوەی کەسەکە هەڵبچێت.

ب- جیاوازیەکی زۆر هەیە لەنێوان خودی گۆڕانکاریە فسیۆلۆیەکان کە لە حاڵەتی هەڵچوون سەرهەڵدەدەن.

ج- لە هەندێک تاقیکردنەوە دەرکەوت کاتی پەیوەندی نێوان دەمارەکان و مێشک پچڕا، ئاژەڵەکە نیشانەی بەردەوام هەڵچوونی هەبوو، واتە شڵەژانی جەستەیی مەرج نییە بۆ هەڵچوون.

تیۆری (کانون - بارد)

لە ڕەخنەگرانی تیۆری (جیمس - لانج) بۆ شیکردنەوەی هەڵچوون، زانا (کانون) بوو، لە دەرەنجامی چەندین توێژینەوە کە ئەنجامی دابوو لەسەر ئاژەڵەکان بۆی دەرکەوت بوونەوەرەکان جا چ ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ ئەگەر توشی حاڵەتێکی هەڵچوونی بن ئەوا گۆڕانکاریە فسیۆلۆژیەکانی بەسەردا ڕوودەدات، بەشێوەیەکی نەویست (لا إرادی) چونکە گۆڕانکاریە فسیۆلۆژیەکان لەژێر کۆنترۆڵی ویستی کۆئەندامی دەماری خودی دان.

تیۆری دووفاکتە(شاشتر)

سەرهەڵدانی ئەم تیۆرە لە دەرەنجامی ورووژاندنی چەندین پرسیار بوو لای زاناکان لەوانە ئەو پەیوەندیە چییە لەنێوان ئەوەی بیری لێدەکەینەوە لەگەڵ ئەوەی هەستی پێدەکەین؟ ئایا هەڵچوونەکانمان دەرەنجامی بیرەکانمانە؟ ئایا دەتوانین هەڵچوونەکانمان بگۆڕین بە گۆڕینی بیرۆکەکانمان؟ ئایا ڕاستە ئێمە ئەوەین کە بیری لێدەکەینەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە زانا دەروونناسەکان پێیان وابوو پڕۆسە مەعریفیەکانمان (درککردنمان، یادگاریەکانمان، شیکردنەوەکانمان) پێکهاتە سەرەکیەکانی هەڵچوونمانە.

یەکێک لە زانا دەروونناسەکان کە ناوی (شاشتر) بوو تیۆرێکی تایبەتی دانا ناسرا بە تیۆری (دووفاکتەر) بە بۆچونی ئەم زانایە هەردوو فاکتەر (جەستەیی، فسیۆلۆژی) و (مەعریفی) ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە هەڵچوونەکان، واتە ئەم زانایە لەلایەکەوە لایەنگری تیۆری (جیمس - لانج)ـی کردووە لەڕێگەی ئاماژەپێکردنی گرنگی ڕۆڵی گۆڕانکاریە فسیۆلۆژی و جەستەییەکان لە هەڵچوون. لەلایەکی ترەوە لایەنگری تیۆری (کانون - بارد) کردووە بەوەی هەمان گۆڕانکاریە فسیۆلۆژەکان ڕوودەدات نۆ هەڵچوونەکانمان (واتە لەکاتی تووڕەبوون و ترس و دڵەڕاوکێ وناڕەحەتی) گۆڕانکاریە فسیۆلۆژیەکان وەک یەک دەبن.

تیۆری لۆدۆ

زانا (جوزیف لۆدۆ ١٩٩٦) گۆڕانکاری لەسەر بیردۆزی مەعریفی کرد دەربارەی هەڵچوون چونکە پێی وابوو هەموو مرۆڤێک سیستەمی تایبەتی خۆی هەیە بۆ شیکردنەوەی هەڵچوونەکان، هەر سیستەمێک لە هەڵچوونەکانی تر بەپێی جیاوازی هەڵچوونەکان جیاوازی هەیە، بۆ نمونە ترسان پەیوەستە بە چالاکی (امیجدالا) کە لە مێشکی مرۆڤدایە، بێ ئەوەی پێویستی بە شیکردنەوەی مەعریفی بێت، بەڵام هەست کردن بە گوناح و کۆکردنەوەی یادگاری و بەراوردکردنی یادگاریەکانی هاوشێوەی لەبیر پیویستی بە شیکردنەوەی مەعریفی دەبێت.

واتە لە هەر ڕەنگدانەوەیەکی هەڵچوونی چەندین فاکتەر کاریگەر دەبن لەوانە (ڕەنگدانەوەکانی مێشک، کارە جەستەییەکان، شیکردنەوەکان، یادگارییەکان) هەموو ئەمانە پەیوەندیان بەم بارودۆخە هەیە.


سەرچاوەکان



3262 بینین