نیشانەكانی نەخۆشی دەروونی لە كەسانی بەساڵاچوودا

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-12-22:14:00 - کۆدی بابەت: 10629
نیشانەكانی نەخۆشی دەروونی لە كەسانی بەساڵاچوودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نیشانەكانی نەخۆشی دەروونی لە كەسانی بەساڵاچوودا (بە ئینگلیزی: Symptoms of mental illness in the elderly، بە عەرەبی: أعراض المرض النفسي عند كبار السننەخۆشی دەروونی (mental illness) لە کەسانی بەساڵاچوودا نیشانەی هۆشداری هەیە کە پێویستە ئاگاداری بیت. پێویستە بزانین بەساڵاچووان تووشی چ جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی دەبن؟ نەخۆشییە دەروونییە باوەکان کە تووشی کەسانی بەساڵاچوو دەبن بریتین لە خەمۆکی، كێشەی دڵەڕاوکێ و بیرچوونەوە.

خەمۆکی

خەمۆکی لە درەنگانی تەمەندا بەزۆری کەم دەستنیشان دەکرێت چونکە وا بیردەکرێتەوە کە لایەنێکی ئاسایی پیربوونە و زۆرجار دەدرێتە پاڵ نەخۆشییەکانی تر.

نیشانەکانی خەمۆکی بریتین لە:

تایبەتمەندییەكانی تری خەمۆکی كە لە کەسانی بەساڵاچوودا دەبینرێن بریتین لە هەستکردن بە دڵتەنگی، کێشەی جەستەیی وەک قەبزی لەگەڵ ناڕێکی کارکردنی ڕیخۆڵە، نیگەرانییە تەندروستییە ناڕوونەكان، زیادبوونی ئازار، کێشەی دەروونی و ناسینەوە وەک خراپی بیرەوەری، گۆشەگیری و کەمبوونەوەی توانای هزری.

دڵەڕاوکێ

بە بەراورد لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوو کە دڵەڕاوکێیان نییە، بەساڵاچووانی توشبوو بە دڵەڕاوکێ زیاتر هەست بە تەنیایی دەکەن، چالاکیی جەستەییان سنووردارە و کەمتر لە ژیانیان ڕازین. دڵەڕاوکێی گشتی (GAD) لە کەسانی بەساڵاچوودا زۆربڵاوە. ئەو کەسە بەساڵاچووانەی کە تووشی نەخۆشی دڵەڕاوکێ بوون زۆرجار نیگەرانن لە کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوان، وەک خێزان، تەندروستی، دارایی، کاروباری کۆمەڵایەتی و کەسی و بەزۆری گلەیی لە کێشەکانی وەک نائارامی، توڕەبوون، ماندوێتی و گرژی ماسولکەکان دەکەن.

كێشەی بیرچوونەوە

بیرچوونەوە زاراوەیەکی گشتییە بۆ دابەزینی توانای دەروونی کە هێندە توندە کە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە دەبێت. لە نەخۆشانی تووشبوو بە نەخۆشی بیرچوونەوە، خانەکانی مێشک بەڕێژەیەکی خێراتر لە ئاسایی دەمرن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی بیرەوەری، تێکچوونی ئەرکی هزری و گۆڕانی کەسایەتی. بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە كێشەی بیرچوونەوە بەشێکی سروشتی نییە لە پیربوون. نیشانەکانی بریتین لە خراپی بیرەوەری كورت مەودا، زۆر پرسیار كردنی دووبارە، سەختی لە لەبەركردنی ناوەکان، ئاڵوگۆركردنی شوێنی شتەکان و لەبیرکردنی شوێنەكانیان، گۆڕانی کەسایەتی و تێکچوونی ئەدای دەروونی و ڕۆحی.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکەدا، نەخۆشانی بیرچوونەوە لەوانەیە توانای تێگەیشتن لە چەمکی کات و مێژووی ڕووداوەکان لەدەست بدەن و سەرلێشێواو و تووڕەبن. لە نەخۆشی بیرچوونەوەی تونددا، تەنانەت ڕەنگە ئەندامانی خێزانەکەیان نەناسنەوە و بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانە بە تەواوی پشت بە کەسانی تر ببەستن.

چ شێوازێکی چارەسەرکردن بۆ کێشە دەروونییەکانی کەسانی بەساڵاچوو بەردەستە؟

خەمۆکی بە بەکارهێنانی دەرمان، چارەسەری دەروونی، یان بە تێکەڵەیەک لە هەردووکی چارەسەر دەکرێت. دژە خەمۆکی ئەو دەرمانانەن کە ئامانجیان ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگی کیمیایی گەیەنەرە دەمارییەکانە لە مێشکدا و وا بیردەکرێتەوە کە بەرپرسن لە گۆڕانی باری دەروونی و ڕەفتار لە کەسانی بەساڵاچوودا. چارەسەری دەروونی پێکدێت لە هەنگاوی جیاواز کە سەرەتا گرنگی بەو شتانە دەدرێت کە بووەتە هۆی خەمۆکی کەسە بەساڵاچووەکە، دواتر گرنگی بەبیرکردنەوەی کەسە بەساڵاچووەکە دەدرێت و فێری ئەو شێوازە دەکرێت کە وادەكات بیرکردنەوەکانی بگۆڕێت و دواتر ڕەفتاری کەسە بەساڵاچووەكەش لەگەڵیدا دەگۆڕێت. بۆ نموونە چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT) ئامانجی باشكردنی هەستەکانی مرۆڤە لە ڕێگەی ڕاستکردنەوەی تێڕوانینە نەرێنییەکانی دەربارەی خۆی، داهاتوو و دەوروبەری.

چارەسەری شۆکی کارەبایی

ECT شێوازێکی چارەسەری زۆر کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی، کە کاتێک ئەنجام دەدرێت کە كەسەكە وەڵامدانەوەی خراپ یان کاریگەری لاوەکی توندی بۆ دەرمانەکان هەبێت. شۆكی كارەبایی لە حاڵەتەکانی کێشەی دەروونی جددی وەک خۆکوشتن و ڕەتکردنەوەی خواردنی خۆراک بەکاردێت. ئەم شێوازە بەگشتیی سەلامەت و کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان، بەڵام هەندێک جار ئەو کەسانەی کە ئەم چارەسەرەیان بۆ دەكرێت تووشی کاریگەری لاوەکی وەک لەدەستدانی بیرەوەری كورت مەودا و سەرلێشێواوی دەبن و ئەمەش بەتایبەتی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە پێشتر تێکچوونی مەعریفییان هەبووە.

چارەسەری دڵەڕاوکێ

دەرمانی دژە خەمۆکی کە بە ڕێگریكەری هەڵبژێردراوی وەرگرتنەوەی سیرۆتۆنین (SSRI) ناسراوە، بووەتە چارەسەری یەکەم بۆ كێشەكانی دڵەڕاوکێ لە کەسانی بەساڵاچوودا. جگە لە دەرمان، دەتوانرێت چارەسەری دەروونیش بەکاربهێنرێت. ئەم شێوازە ڕاهێنانی چارەسەری دەروونی، ڕاهێنانی ئارامبوونەوەی ماسولکەکان و تەکنیکەکانی هەناسەدانی قووڵ لەخۆ دەگرێت. بەگشتی چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT) کاریگەر و سوودبەخشە بۆ كێشەكانی دڵەڕاوکێ.

چارەسەری نەخۆشی بیرچوونەوە

چارەسەر نییە بۆ بیرچوونەوە و ئەلزەهایمەر. بەڵام دەتوانرێت دەرمان بنووسرێت بۆ خاوکردنەوەی پێشکەوتنی نەخۆشییەکە لە قۆناغەکانی سەرەتا، ناوەڕاست و تەنانەت دوای توشبوون بە بیرچوونەوەش. چارەسەرە دەروونییەکان بریتین لە یارمەتیدان بۆ ئاراستەکردنی بیرکردنەوەی نەخۆشەکان یان گرنگیدان بە یادەوەرییەکانی ڕابردوو (چارەسەری بیرهێنانەوە). بەم شێوازانە توانای مەعریفی کەسانی بەساڵاچوو بەهێزتر دەبێت، دواتر توانای تاک بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی ڕۆژانە زیاد دەکات و لە ئەنجامدا کوالێتی ژیانیان باشتر دەبێت.

چۆن دەتوانین چاودێری کەسانەی بەساڵاچوو بکەین کە كێشەی تەندروستی دەروونییان هەیە؟

- ئارامبە، گوێیان بۆ بگرە و ڕێزیان بگرە. هەموومان تواناكانمان كەم دەبنەوە كاتێك پیر دەبین و ئازیزانمان خۆیان ئەم نەخۆشیەیان هەڵنەبژاردووە. ترس و دڵەڕاوكێیەكانیان دەستنیشان بكە و بیاناسە.

- سەبر بگرە و چاوەڕوانیان لێ مەکە کە زۆر بە خێرایی چاک ببنەوە.

- هاندان، دروستکردنی متمانە بەخۆبوون و سەرسامبوون بە هەنگاوە هێواشەكانی باش بوونیان.

-بە تەنیا جێیان مەهێڵن، پشتیوان و هاوەڵیانبن.

- هانیان بدەن لە کاتی خۆیدا دەرمانەکە بخۆن، لە هەمان کاتدا چاودێری بەکارهێنانی دەرمانەکە بكەن.

- یارمەتیان بدەن ژیانێکی تەندروست بژین. هانیان بدەن بۆ ئەنجامدانی چالاکییە خۆش و تەندروستەكان بە پشت بەستن بە ئارەزووەکانیان.

- یارمەتی نەخۆش بدە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی فشار و ڕووبەڕوو بوونەوەی فشار.

- قسەكردنیان سەبارەت بە خۆکوشتن پشتگوێ مەخەن و هەستکردن بە ئاسایش و هیوایان پێ بدەن.

- ئەو نەخۆشانەی کە تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بوون، گرنگە بزانن لە دەوروبەریان چی ڕوودەدات، بۆ نموونە بوونی تەختەیەک کە خشتەی ڕۆژانەی لەسەر نووسراوە، یان ساڵنامەیەکی گەورە کە بەرنامەی گرنگ یان چاوپێکەوتنی پزیشکی لەسەر بێت.

- ئەو شتانە لە دەوروبەری دابنێ کە بۆی ئاشنان، وەک وێنەی خێزان کە لەسەر دیوارەکە یان لە دەوری دابنرێت. هەروەها ئەندامێکی خێزانەکەی دەتوانێت ڕۆژنامە بخوێنێتەوە لەگەڵیدا یان باسی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەی لەگەڵ بکات.

- دڵنیابە لەوەی ژینگەی دەوروبەری نەخۆشەكە پارێزراوە، ئەمەش مەترسی کەوتن کەمدەکاتەوە.


سەرچاوەکان



197 بینین