بەئاگایی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-03-17:35:00 - کۆدی بابەت: 4118
بەئاگایی
دەروونناسی

بەئاگایی چییە؟

دوو پڕۆسەی لێک بەستراون، بەئاگایی جەختکردنە لەسەر ورووژێنەرێک و گرنگیدان پێی، بەڵام درک پێکردن بریتیە لە ناسینی ئەم ورووژێنەرە، واتە بە بەئاگایی ڕێ بۆ درککردن خۆشدەکات بۆ ناسینی شتەکان.

گرنگی بەئاگایی و درککردنی هەستی

دەتوانین گرنگی بەئاگایی و درککردنی هەستی لەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

١- بەئاگایی و درککردن هەستی یەکەم هەنگاوە بۆ پەیوەندی مرۆڤ بە ژینگەی دەوروبەری و گونجانی لەگەڵیدا، چونکە پێویستە لەسەر مرۆڤ کاتی مامەڵەکردنی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری، ئەو ژینگەیە باش بناسێت تا بتوانێک بەشێوەیەکی دروست لەگەڵیدا بگونجێت و سوودی لێ وەربگرێت و لە مەترسیەکانی خۆی بپارێزێت.

٢- بەئاگایی و درککردنی هەستی بنەمای سەرەکین بۆ هەموو پڕۆسە عەقڵیەکانی تر، چونکە ئەگەر بەئاگایی و درک پێکردنی هەستی نەبوایە مرۆڤ نەیدەتوانی هیچ شتێکی بیربێتەوە یان بیر لە هیچ شتێک بکاتەوە.

٣- درککردن پەیوەندیەکی بەهیزی هەیە بە ڕەفتارمان، چونکە وەڵامی ئێمە بۆ ژینگەکەمان پەیوەستە بە چۆنیەتی درککردنمان بۆ ئەم ژینگەیە، نەک چۆنیەتی ژینگەکە خۆی، بۆ نمونە (منداڵ وەک ئێمە ناترسێت چونکە جیایە لەگەڵ ئێمە).

٤- بەئاگایی و درککردنی هەستی پەیوەندیەکی بەهێزی هەیە بە کەسایەتیمان و گونجانی کۆمەڵایەتیمان، چونک درک نەکردنی هەست و سۆز و حەزەکانی دەوروبەرمان وامان لێدەکات نەگونجێین لەگەڵ دەوروبەرمان.

جۆرەکانی بەئاگایی

١- بەئاگایی بە وسیت و ئارەزوو (الانتباه الارادي) ئەو جۆرە بەئاگاییەیە بە وسیت و ئارەزووی مرۆڤ دروستدەبێت واتە ئامادەباشی کەسەکە بۆ بەئاگابوون ڕۆڵی هەیە لەم جۆرە بەئاگاییە، و ئەم جۆرەش دروست دەبێت کاتێک مرۆڤ جەخت دەکاتە سەر ورووژێنەرێک، بۆ نمونە (گوێگرتن بۆ وانەیەکی بێزارکەر).

٢- بەئاگایی بە ناچاری (الانتباه اللاإرادي القسري) ئەم جۆرە بە ئاگاییە نەویستە و ناچاری و بەبێ ئارەزووی مرۆڤ روودەدات، بۆ نمونە (بیستنی دەنگی تەقینەوەیەک یان دەنگێکی بەهێزی لەناکاو یان فلاشی کامێرا) ئەم جۆرە وروژێنەرانە مرۆڤ ناچار دەکات بەئاگابێت چونکە هێزی وروژێنەرەکە لەڕادەبەدەرە بەبەراورد لەگەڵ وروژێنەرەکانی تری دەوروبەر.

٣- ئاگایی هەڵبژێردراو (الانتباه التلقائي) ئەم جۆرە بەئاگاییە ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ بە ویست و ئارەزووی خۆی ئاگای لە ورووژێنەرەکە دەبێت، ئەم حاڵەتەش ڕوودەدات کاتێک بابەتی بەئاگا ببێتە مایەی خۆشی، بۆیە هیچ جۆرە جەختکردنێکی ناوێت، بۆ نمونە (گوێدانی مۆسیقایەکی هێمن یان سەیرکردنی دیمەنی سروشتی جوان)

هۆکارەکانی بەئاگایی (دەرەکی، ناوەکی)

دوو جۆرە هۆکار هەن کاریگەری لەسەر بەئاگایی دەکەن ئەویش:

هۆکاری دەرەکی

بریتیە لەو هۆکارانەی کە پەیوەندیان بە سروشت و جۆری وروژێنەرەکان دایە، ئەو هۆکارانەش بریتین لە:

١- توندوتیژی وروژێنەرەکان: وەک ڕووناک و ڕەنگاوڕەنگ و بۆن و دەنگی بەرز، چەند دەنگەکانیش بەرزتربێت بەئاگایی کەسەکە زیاتر دەبێت پێچەوانەش ڕاستە.

٢- دووبارەبوونەوەی ورووژێنەرەکان: ئەو روداوە وروژێنەرانەی کە زیاتر دووبارە دەبێەوە، زیاتر سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێت، بۆ نمونە (ئەگەر کەسێک یەکجار هاوار بکات و داوای یارمەتی بکات ڕەنگە کەس سەرنج نەداتە هاوارەکەی، لەئەنجامدا کەس ناچێت بۆ یارمەتی، بەڵام ئەگەر چەند جارێک هاواری کرد و داوای فریاکەوتنی کرد، لەم کاتەدا سەرنجی کەسەکان بۆی زیاتر دەبێت، بەهۆی دووبارە بوونەوەی هاوارەکان و پەلە بکەن بۆ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکەن) بەڵام ئەوەی شایەنی باسە لە هەموو جار دووبارەبوونەوە شتەکان بە یەک رتم (شێوە) دەبێتە هۆی ئەوەی سەرنجمان لەدەست بدەین، بۆ نمونە (ئێمە سەرنجمان نادەینە لێدانی میلی کاتژمێرەکەمان، چونکە بەردەوام بە یەک ڕتم دووبارە دەبێتەوە).

٣- گۆڕانی ورژێنەرەکان: بە هۆکاری بەهیز دەژمێردرێت بۆ سەرنج دان و بەئاگایی، بۆ نمونە ئێمە سەرنج نادەینە دەنگی ئامێرێک کاتێک کار دەکات، بەڵام لەکاتی وەستانی لەناکاو بەئاگاییمان بۆی دەچێت.

٤- جیاوازی لەنێوان وروژێنەرەکان: هەرشتێک جیاوازبێت لەگەڵ دەوروبەری سەرنجی زیاتر ڕادەکێشێت، بۆنمونە ئێمە زۆر بە ئاسانی بەئاگاییمان بۆ خاڵێکی سپی لەناو کۆمەڵێک لەخاڵی ڕەشدا دەچێت چونکە لەگەڵ دەوروبەری جیاوازە، هەموو کەسێک بەئاگایی بۆ ئافرەتیک دەچێت ئەگەر هاتو لەنێو کۆمەڵێک پیاو وەستابێت، ئەویش بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی لەگەڵ ئەوانی تر.

٥- جوڵەی وروژێنەر: ئەم جۆرە حاڵەتانە لە ڕیکلامەکان دەبینرێت، وەک ئەوەی لە تابلۆ ڕووناکیەکان دەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەو تابلۆیەی ڕووناکیەکانی جوڵە دەکات زیاتر سەرنج ڕادەکێشێت لە تابلۆکانی تر.

٦- شوێنی وروژێنەر: لە توێژینەوەکان وا دەرکەوتووە، خوێنەر زیاتر مەیلی بەئاگایی بۆ سەرەوەی بەشی لای چەپی لاپەڕە و پەڕی یەکەم و دوایی بە بەراورد بە لاپەڕەکانی تری گۆڤار و ڕۆژنامەکان، ئەوەی شایەنی باسە سەرنجی کەسەکە بۆ لای چەپ و ڕاست پەیوەستە بە شێوازی نووسینی، واتە ئەو کەسانەی لە چەپ بۆ ڕاست دەنووسن سەرنجیان زیاتر بۆ لای چەپ دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەو کەسانەی لەلای ڕاست بۆ لای چەپ دەنووسن، سەرنجیان زیاتر بۆلای ڕاست دەبێت.

هۆکاری ناوەکی

١- پێویستە جەستەییەکان: بۆ نمونە کەسی برسی خواردن زیاتر سەرنجی ڕادەکێشێت لە کەسێکی تێر، بۆیە کاتێک مرۆڤ لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبێت هەموو سەرنج و گرنگی خۆی دەدات بۆ خواردن.

٢- ئاڕاستە ئەقڵیەکان: واتە مرۆڤ مەیلی بەئاگایی بۆ ئەو شتانە دەچێت کە خۆی پێویستی پێی هەیە، بۆ نمونە کاتێک دەچیتە دوکانێک چاوت تەنها بەو شتانە دەکەوێت کە خۆت مەبەستە، شتەکانی تر دەکەوێتە دەرەوەی چەقی بەئاگایی.

٣- حەز و ئارەزووەکان: ئەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ کاریگەری هەیە لەسەر بەئاگایی واتە مرۆڤ گرنگی بەو وروژێنەرانە دەدات کە حەزی لێیە وە لە وروژێنەرەکانی بێ ئاگا دەبێت بۆ نمونە (ئەگەر زانایەکی دەروونی و زانایەکی ڕووەکی و زانایەکی جیۆلۆجی سەردانی پارکێک بکەن ڕەنگە ڕووەکەکان سەرنجی زانای ڕووەکناسەکە ڕابکێشێت و زانا دەروونیەکە گرنگی بە ڕەفتاری مرۆڤەکانی ناو پارک دەدات و زانا جیۆلۆجیەکە گرنگی بە بەرد و خۆڵەکانی پارک بدات).

هۆکارەکانی پەرتەوازەبوونی ئاگا

هەندێک کەس هەن بە ناجێگیربوونی ئاگایان دەناڵێنن، کاتی خوێندن یان لەکاتی قسەکردن و کارکردنیان پەرتەوازەبونی ئاگاش چەن هۆکاری هەیە لەوانە:

أ- هۆکارە جەستەییەکان:

وەک هیلاکی و ماندوبوونی مرۆڤ و تێکچوونی خەو و خۆراک، چونکە ئەو هۆکارانە وا لە لەش دەکات بەرگری لاوازبێت ڕەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤی لەسەر بەئاگایی دەبێت.

ب- هۆکارە دەروونیەکان:

بۆ نمونە حەز نەکردنی قوتابی بەو بابەتەی کە دەیخوێنێتەوە یان قورسی بابەتەکەی یان سەرقاڵبوونی بە بابەتی تر جگە لە خوێندنەوە وەک وەرزش یان دەرچوون و پیاسە لەگەڵ هاوڕێیان، یان هەستکردن بە کەمی و دڵەڕاوکێ.

ج- هۆکارە فیزیکییەکان:

وەک گەرمی و ساردی شوێنەکە یان ڕووناکی بەهزێز یان کەمی ڕووناکی یان دەنگی بەرز و هاوار، هەموو ئەو هۆکارانە دەبنە هۆی پەرتەوازەبوونی ئاگای مرۆڤ.

د- هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان:

وەک گیر و گرفتی ناو خێزان یان کێشەی ناو قوتابخانە کە لەنێوان قوتابی و مامۆستا ڕوودەدات، یان تێکچوونی باری ئابوری کەسەکە یان خێزانەکەی.


سەرچاوەکان



1230 بینین