ڕادەی بیرهاتنەوە

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-04-01:24:00 - کۆدی بابەت: 4135
ڕادەی بیرهاتنەوە
دەروونناسی

هۆکارەکانی کاریگەر لەسەر ڕادەی بیرهاتنەوەمان

هۆکارەکانی خودی

  • ئاستی بیر دوای یەکجار بیستنی ژمارە تەلەفونێک کە لە ٤ تا ٥ ژمارە پێک هاتبێت، کەسی ئاسایی دەتوانێت دوای یەک خولەک ژمارەکان بهێنیتەوە یاد، بەڵام ئەگەر ژمارەکان لە ١٠ ژمارە پێکهاتبیت، ئەوا کەسەکە بە زەحمەت ئەم ژمارانەی دێتەوە یاد، بەڵام پاش دووبارە کردنەوەی ژمارەکان مرۆڤ دەتوانێت بیانهێنێتەوە یاد.
  • ئاستی ئەقڵی زیرەکی ئەقڵی مرۆڤ کاریگەریلەسەر ڕادەی بیرهاتنەوەی هەیە بۆ نمونە ئەو منداڵانەی کەم ئەقڵن توانای بیرهاتنەوەی زانیاریەکانیان کەمترە لە منداڵی ئاسایی.
  • ڕەگەز لەگەڵ ئەوەی بیر و ڕای جیاواز هەیە دەربارەی ڕۆڵی ڕەگەز لە توانای هێشتنەوەی زانیاریەکان، بەڵام زۆرینەیان کۆکن لەسەر ئەوەی جیاوازی ئەوتۆ نییە لەنێوان ڕەگەزەکان. بەڵام هەندێک لێکۆڵینەوە وای بۆ دەچن ڕەگەزی مێ توانای زیاترە لە کۆکردنەوەی زانیارییە زمانەوانییەکان، ڕەگەزی نێر توانای زیاترە لە زانیاریە میکانیکیەکان و بیرکاری.
  • پاڵنەر و هەڵچوونەکان هەرچەندە پاڵنەر بۆ فێربوون زۆربێت، ڕادەی هەڵگرتنی زانیاریەکان لە مێشک زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەش هەرچەند بابەتەکە لە حەز و ئارەزوو نزیکتربێت بە ئاسانی فێری دەبین و لەبیرمان دەمێنێتەوە.
  • ئاستی تەمەن لە لێکۆڵینەوەکانی زانا پورندایک دەرکەوت تەمەن پێوەرێکە بۆ فێربوون و توانای هەڵگرتنی زانیاریەکان، گەشی خێرای توانای هەڵگرتنی زانیارییەکان لەبیر لە تەمەنی نێوان ١٠ تا ٢٠ ساڵ دەبێت، تواناکانیش لە تەمەنی ٢٠ ساڵی لە لوتکەدا دەبێت، پاشان لە تەمەنی ٤٥ ساڵی بەرەو کەمی دەڕوات، بەڵام ئەم حاڵەتەش پەیوەستە بەجۆری کاری کەسەکە.

ئەوەی شایەنی باسە مرۆڤ لە تەمەنی پیری زانیاریەکانی بیری درێژخایەنی دەمێنێتەوە بە پێچەوانەوەش بیری کورت خایەنی دووچاری لاواز دەبێت، ئەگەر سەرنج بدەینە بەساڵاچووەکان، دەبینین زانیاریە کۆنەکانیان بە وردی دێتەوە یاد، بەردەوامیش لە هەموو بۆنەکان دووبارەی دەکەنەوە، بەڵام زۆر بەخێرایی کەل و ەلەکانیان ون دەکەن و ناوی شوێنە تازەکانیش لە یادیان نامێنێت.

هۆکاری بابەتی

  • جۆری بابەت و ڕێژەی ڕێکخستنی هەرچەند بابەتی وەرگیراو ڕێک و پێک و داڕێژراوبێت و وشەکان ڕوون و ئاشکرابێت لای کەسەکە و پەیوەندی لەنێوان وشەکاندا هەبێت، زۆر بە ئاسانی لەبەردەکرێت. لە تاقیکردنەوەیەکی زانستی بۆ زانینی کاریگەری ڕوونی زانیاریەکان لەسەر ڕێژەی بیرهاتنەوە، چەند ڕستەیان دا کۆمەڵێک قوتابی، ڕستەکانیش بەم شێوەیە بوو
  1. وشەی بێ واتا.
  2. وشەی بە واتا بەڵام هیچ پەیوەندیەکیان لەنێوان نەبوو.
  3. وشەی بە واتا و پەیوەندی لەنێوانیاندا هەبوو.
  4. چەند وشە لە ڕستەیەکدا ڕێکخرابوون و پەیوەندی لەنێوان وشەکاندا هەبوو.
  5. لە دەرەنجام دواین کۆمەڵە واتا ئەوانەی (چەند وشەیەکیان پێدرا کە لە ڕستەیەکدا ڕێکخرابوو و پەیوەندی لەنێوان وشەکاندا هەبوو) لە کۆمەڵەکانی تر زیاتر زانیاریەکانیان بەبیر دەهاتەوە.
  • زانیاریەکانی خاوەن داڕشتنی تایبەتن وەک کێش و سەروا بۆ نمونە لەبەرکردنی شیعر ئاسانترە لە پەخشان، گۆرانیش خێراتر لەبەردەکرێت بەبەراورد لەگەڵ وتار.
  • کۆد دانان و لێکبەستنی زانیاریەکان بۆ نمونە بۆ ئەوەی ناوی شوێنەکانمان باشتر بەبیربێتەوە پەنا دەبەینە بەر دانانی کۆدی تایبەت واتە ناوی تایبەتی بۆ دادەنێین بە مەجێک خۆمان بە ناوەکان ئاشنابین، وەک ناوی هاوڕێیەکمان یان ناوی کەسێکی بەناوبانگ کە لەو شوێنە ژیابێت.


سەرچاوەکان



571 بینین