وەکالەت لە ئیسلامدا - وەکیلی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-15:46:00 - کۆدی بابەت: 4211
وەکالەت لە ئیسلامدا - وەکیلی
حوکمە شەرعییەکان

باسی (وکالة) وەکیلایەتی

واتە: ئیش و کاری خۆی بداتە دەست کەسێکی تر، تاکو لەجیاتی خۆی بۆی بکا.

وەكیلی چۆنە؟

هەر شتێک کە دروست بێ بۆ ئادەمیزاد بەخۆی دەستکاری لەو شتەدا بکا، وەک کڕین و فرۆشتن، ژن مارەکردن و تەڵاقدان و ئەو جۆرە شتانە، بۆی دروستە یەکێکی تر بکاتە ەکیلی خۆی کە ئیشەکەی بۆ بکا، یان بە خۆی ببێتە وەکیلی کەسێکی تر و ئیشەکە لەجیاتی ئەو بکا (عن عروة البارقی -رضي الله عنه-: أن النبی ﷺ بعث معه بدنار لیشتري له أضحیه) رواه البخاری، (عوروەی باریقی) فەرموویەتی: پێغەمبەر ﷺ ناردمی مەڕێکی بۆ بکڕم بۆ قوربانی، واتە: بە وەکیلایەتی.

کەوابوو: دروست نییە منداڵ و شێت، نە ببنە وەکیلی کەسێکی تر و نە کەسێک بکەنە وەکیلی خۆیان، بەڵام دروستە سەرپەرشتکاری ئەوان ببێتە وەکیل و وەکیلیش بگرێ بۆ کاروباری ئەوان.

وەكالەتی ڕوكنەكانی دین

هەر خواپەرستییەک تەنها بە زمان و لاشە بێ، دروست نیە وەکیلی بۆ بگیرێ، وەکو ونێژ و ڕۆژوو، بەڵام ئەگەر هەر بە ماڵ بوو، یان تێکەڵ لە ماڵ و لاشە بوو، ئەوە دروتسە کەسێکی تر بکاتە وەکیلی خۆی، وەکو زەکات و حەج و قوربانی و ئەو جۆرە شتانە (عن جابر -رضي الله عنه-: أن النبی ﷺ نحر ثلاثا وستین بدنة، وأمر علیا -رضي الله عنه- أن یذبح الباقي) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ بە دەستی خۆی شەست و سێ ووشتری سەربڕین بۆ قوربانی و بە ئیمامی (عەلی)ـی فەرموو: سی و حەفتەکانی تر سەر ببڕێ لەجیاتی وی، واتە: سەد ووشتری کردنە قوربانی.

وەكیلایەتی چۆنە؟

وەکیلایەتی مامەڵەتێکی وەهایە: دروستە تەواو بکرێ و دروستە نەکرێ، کەوابوو: دروستە بۆ وەکیلەکە و بۆ وەکیلگرەکە وەکالەتەکە هەڵبووەشێنێتەوە هەر کاتێ حەز بکا، جیاوازی نییە، بە کرێ بووبێتە وەکیل، یان نا.

وەکالەتەکە هەڵئەوەشێتەوە بە مردنی یەکێک لە هەردووکیان، وەکیل لە شەرعدا بە ئەمین داندراوە لەو شتەی وەری ئەگرێ بۆ وەکیلگرەکە، وە لەو شتەی سەرفی ئەکا لە ماڵی وەکیلگرەکە.

تۆڵەی ناکەوێتە سەر ئەگەر شتێکی لەدەست چوو، یان زەرەرێکی کرد، تەنها بە کەمتەرخەمی تۆڵەی ئەکەوێتە سەر، وەک بیداتە دەست منداڵێک، یان شێتێک، یان پاسیی دز و دڕندەی لێنەکا.

كەی دروستە بەبێ پرس كاربكات؟

دروست نییە وەکیلەکە شت بفرۆشێ و شت بکڕێ بەبێ پرسی وەکیلگرەکە تەنها بە سێ مەرج دروستە

یەکەم: بە نرخی هاووێنەی خۆی بکڕێ و بفرۆشێ، واتە: بە چەند پارە دەست ئەکەوت، نابێ بە زیاتر بیکڕێ، هەروەها چەند پارەی ئەکرد، نابێ بە کەمتر بیفرۆشێ.

دووەم: شتە کڕاوەکە، یان پارەکە دەم و دەست وەربگرێ و نابی قەرز بێ.

سێیەم: بە پارەی ئەو شوێنە بفرۆشێ نەک بە پارەی ووڵاتێکی تر.

دروست نییە وەکیلەکە شتەکە بفرۆشێتە خۆی، هەروەها دروست نییە شتێکیش لەخۆی بکڕێ بۆ وەکیلگرەکەی.

هەروەها دروست نییە لە منداڵی شێت، یان بچووکی خۆی بکڕێ و پێی بفرۆشێ، هەر چەند وەکیلگرەکەش ئیزنی بدا، بەڵام دروستە لە منداڵەكە گەورەکەی و لە باوکی خۆی بکڕێ و پێیان بفرۆشێ.

دروست نییە دان بە شتێک بنێ لە دژی وەکیلگرەکەی خۆی تەنها بە پرسی وی دروستە، وەک بڵێ: وەکیلی من بە، دان بەوە بنێ کە (من دە دینار قەرزداری فڵانم). بەلام فەرموودەی بەهێزتر ئەفەرمووێ: بە ئیزنیش هەر دروست نیە.

دروستە وەکیلەکە لە بەرامبەر وەکیلایەتی کرێ وەربگرێ، بەڵام دروست نییە -بەبێ پرسی وەکیلگرەکە- ئەویش وەکیلێکی تر بگرێ، تەنها ئەگەر ئیشەکە زۆر بوو، یان بە خۆی توانای نەبوو بیکا، یان لێی نەئەهات، ئەوە دروستە بەبێ ئیزن وەکیلێی تر بگرێ.

ئینجا بزانە: ئەگەر لە وەکیلایەتی کەسێک گومانمان هەبوو، ئەبێ بە دوو شاهید باوەڕی پێ بکەین، جا ئەگەر وەکیلەکە گوتی: ماڵەکە دزراوە، یان لەناو چووە، یان گوتی: داومەتە خاوەنی، هیچ شاهیدیش نەبوو، ئەوە بە سوێند باوەڕی پێ دەکەین، بەڵام ئەگەر گوتی: داومەتە کەسێکی تر، ئەبێ شاهید هەبێ.


سەرچاوەکان



493 بینین