تەمەنی ڕەها
کرداری وەسف کردنی تەمەنی شتێک بە دیاریکردنی ژمارەی ئەو ساڵانەی شتەکەی تێدا پەیدابووە دەگوترێ تەمەنی ڕەها. واتە ئەو ماوە کاتەیە کە ڕێژەکەی دەپێورێت لە کاتی ئێستا و لە نێوان ئەو ماوەی خایەنراوەی ڕوودانەکە، واتە چەند ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە ڕۆیشتووە.
تیشکە شیبوونەوە
زاناکان هاوتای توخمە تیشکاوەرەکان شیدەکەنەوە بۆ دیاریکردنی تەمەنی ڕەهای بەبەردبووەکان هاوتا (Isotopes) توخمی کیمیایین و لەو گەردیلانە پێک هاتوون کە ژمارەی پڕۆتۆنەکانیان هاوشێوەی ژمارەی پڕۆتۆنەکانی گەردیلەکانی دیکەی هەمان توخمە بەڵام ژمارەی نیۆترۆنەکانیان جیاوازە لە ژمارەی نیۆترۆنەکانی گەردیلەکانی دیکەی هەمان توخم. زۆربەی هاوتاکان جێگیرن واتە لە شێوەی بنەڕەتی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام هەندێک هاوتا جێگیرنین و پێیان دەوترێ هاوتا تیشکاوەرەکان کە ئارەزووی شیبوونەوە دەکەن بە کردارێک پێی دەڵێن تیشکە شیبوونەوە (Radioactive decay) کە بریتییە لە کرداری گۆڕینی هاوتا تیشکاوەرەکان بۆ هاوتاکانی جێگیری هەمان توخم یان توخمی دیکە. ئەمەش وا لە زاناکان دەکات بتوانن ڕێژەی هاوتا جێگیرەکان و ناجێگیرەکانی ناو هەرشتێک بەکاربێنن لەدیاریکردنی تەمەنی ئەو شتەدا.
چۆن مێژووی کەڤرەکان دەزانرێت؟
لە کاتی کرداری تیشکە شیبونەوەدا هاوتایەکی ناجێگیری یەک توخم شیدەبێتەوە بۆ هاوتایەکی جێگیر، لەوانەیە ئەم هاوتا جێگیرە لە هەمان توخم بێت و لەوانەشە بە زۆری لە توخمێکی تر بێت، بە هاوتای ناجێگیر دەگوترێت هاوتای بەرهەم هێن بەڵام بە جێگیری بەرهەم هاتوو لە تیشکە شیبوونەوە دەگوترێت هاوتای بەرهەم هاتوو، تیشکە شیبوونەوەی هاوتای بەرهەم هاتوو لەوانەیە بە هەنگاوێک ڕووبدات و لەوانەشە پێویستی بە زنجیرەیەک هەنگاو بێت، بەڵام لە هەردوو بارەکەدا تێکڕایی خێرایی کرداری تیشکە شیبوونەوە جێگیرە، بۆیە زاناکان هەڵدەستن بە بەراوردکردنی بڕی ماددەکانی هاوتای بەرهەم هێن لەگەڵ بڕی مادەکانی هاوتای بەرهەم هاتوو بۆ ئەوەی تەمەنی کەڤرەكان دیاربکەن هەرچەندە ماددەکانی هاوتای بەرهەم هاتوو زۆرتربن ئەوا تەمەنی کەڤرەکان کۆنترە.
ڕادیۆمەتری (تەمەنی تیشکاوەری)
ئەگەر تێکڕای کرداری تیشکە شیبوونەوە کەڤرێکت زانی ئەوا دەتوانی تەمەنی ڕەهای کەڤرەکە بزانی.
دیاریکردنی تەمەنی ڕەهای نموونەیەک لە کەڤرەکان لەسەر بنەمای ڕێژەی بڕی ماددەکانی هاوتای بەرهەم هێن بۆ بڕی ماددەکانی هاوتای بەرهەم ناودەبرێت بە تەمەنی تیشکاوەری، بۆ نموونە ئەگەر وای دابنێین نموونەیەک لە کەڤر هاوتایەکی تێدایە و نیوە تەمەنی ئەو هاوتایە ١٠ هەزار ساڵە ئەگەر زانیمان نیوە تەمەن، ئەو کاتەیە کە پێویستە بۆ شیبوونەوەی نیوەی نموونەکە لە هاوتاکە، ئەوەش مانای وایە کە لەو نموونە بەردە نیوەی ماددەکانی هاوتای بەرهەم هێن شیبوونەوە لە ماوەی ١٠ هەزار ساڵ و بوونە مادەی بەرهەم. کاتێک نموونەکە شیدەبێتەوە دەبینیت بڕی مادەەکانی هاوتای بەرهەم هێنەر یەکسانە لەگەڵ بڕی ماددەکانی هاوتای بەرهەم هاتوو، واتە نیوەی هاوتای تیشکاوەری بنەڕەتی شیبۆتەوە و بێگومان تەمەنی نموونە کەڤریەکەش دەکاتە ١٠ هەزار ساڵ بە نزیکەیی، بەڵام ئەگەر چارەکێکی ئەو نموونە بنەڕەتییە ماددەکانی هاوتای بەرهەم هێن بن و سێ چارەکی ماددەکانی هاوتای بەرهەم هاتووبن ئەوا تۆ دەزانیت نیوەی نموونە بنەڕەتییەکە ماوەی ١٠ هەزار ساڵی خایاند تا شیبۆوە، نیوەکەی تریش دیسان ١٠ هەزار ساڵی دیکەی خایاند بۆ شیبوونەوە بۆیە تەمەنی ئەو نموونەیە دەکاتە ١٠٠٠٠ x ٢ = ٢٠٠٠٠.
جۆرەکانی تەمەنی ڕادیۆمەتری (تەمەنی تیشکاوەری)
١. ڕێگەی پۆتاسیۆم – ئاڕگۆن
یەکێک لەو هاوتایانەی کە بەکاردێت بۆ مێژووی ڕادیۆمەتری بریتییە لە پۆتاسیۆم-٤٠ چونکە نیوە تەمەنی پۆتاسیۆم-٤٠ بریتییە لە ١،٣ ملیار ساڵ کە دەگۆڕی بۆ ئارگۆن و کالیسیۆم. زانا جیۆلۆجییەکان هەڵدەستن بە پێوانەکردنی ئارگۆن وەک ماددەیەکی هاوتای بەرهەم هاتوو، ئەم ڕێگەیە بەکاردێت لە بنەڕەتدا بۆ مێژووی ئەو کەڤرانەی کە کۆنترن لە ١٠٠ هەزار ساڵ.
٢. ڕێگەی یۆرانیۆم – قورقوشم (ڕصاص)
یۆرانیۆم-٢٣٨ هاوتایەکی تیشکاوەرە لە زنجیرە هەنگاوێک دا شیدەبێتەوە بۆ قورقوشم- ٢٠٦، نیوەی تەمەنی یۆرانیۆم- ٢٣٨ دەکاتە ٤،٥ ملیار ساڵ. هەرچەندە کەڤرەکە کۆنتربێت ئەوا بڕی ماددەکانی هاوتای بەرهەم هاتوو (قوڕقوشم-٢٠٦) زیاتر دەبێت لە کەڤرەکە. ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنرێت کە مێژووی ئەو بەردانەی کە کۆنترن لە ١٠ ملیۆن ساڵ، چونکە کەڤرە تازەکان وەکو پێویست ماددەکانی هاوتای بەرهەم هاتووی وەک قوڕقوشمیان تێدانییە تا بە وردی بپێورێن بەو ڕێگایە.
٣. ڕێگەی ڕۆبیدیۆم – سترۆنشیۆم
هاوتای بەرهەم هێنەری ڕۆبیدیۆم- ٨٧ کە ناجێگیرە لە ڕووی تیشکاوەرییەوە دەست دەکات بە شیبوونەوە بۆ دروستکردنی هاوتای بەرهەم هاتووی جێگیر کە سترۆنشیۆم- ٨٧ـە، نیوەی تەمەنی ڕۆبیدیۆم- ٨٧ دەگاتە ٤٩ ملیار ساڵ. پشت بەو ڕێگەیە دەبەسترێت بۆ مێژووی ئەو کەڤرانەی کە کۆنترن لە ١٠ ملیۆن ساڵ.
٤. ڕێگەی کاربۆن-١٤
بە شێوەیەکی ئاسایی توخمی کاربۆن بە سێ شێوگ دەبینرێت کە ئەمانەن: هاوتای جێگیری کاربۆن-١٢، هاوتای جێگیری کاربۆن-١٣، هاوتای تیشکاوەر کاربۆن-١٤ ئەو هاوتا کاربۆنیانە لەگەڵ ئۆکسجین یەک دەگرن بۆ پێکهێنانی گازی دوانۆئۆکسیدی کاربۆن کە ڕووەکەکان بەکاری دەهێنن لە کرداری ڕۆشنەپێکهاتندا. هەتا ڕووەکەکان زیندوو بن کرداری جێگیربوونی دوانۆئۆکسیدی کاربۆنی نوێ بەردەوام دەبێت لەگەڵ ڕێژەی جێگیری کاربۆن-١٤ بۆ کاربۆن-١٢. ئەو گیانەوەرانەی کە ڕووەک دەخۆن هەمان ڕێژەی جێگیری هاوتای کاربۆنیان تێدایە، بەڵام کاتێک ڕووەکەکان و گیانەوەرەکان دەمرن ئەوا نوێ بوونەوەی کاربۆنی نوێ دەوەستێت. بۆیە ڕێژەی بڕی کاربۆن-١٤ کەم دەکات کاتێک ڕووەکەکان و گیانەوەران شیدەبنەوە، هەروەها ڕێژەی کاربۆن-١٤ بۆ کاربۆن-١٢ کەم دەکات، دەکرێ پێوانەی ئەم کەم کردنەوە لە تاقیگەدا بزانرێت. چونکە نیوە تەمەنی کاربۆن-١٤ دەگایە ٥٧٣٠ ساڵ و تەنها پشت بەو ڕێگایە دەبەسترێ کە بە پلەی یەکەم لە مێژووی ئەو کەڤرانەی کە لە ماوەی ٥٠ هەزار ساڵی دوایدا پەیدا بوون. هەندێک لە نموونەکان پێویستە بشۆرێن یان بسوتێنرێن کە کاربۆنیان تێدایە پێش ئەوەی تەمەنیان دیاریبکرێت.