کاریگەریەکانی سەر پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-08-21:04:00 - کۆدی بابەت: 4296
کاریگەریەکانی سەر پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی
هەڵسوکەوت و ئه‌تەکێتی کۆمە‌ڵایە‌تی

پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی وەک هەموو پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی تر، چەندین هۆکار کاریگەری لەسەر دەکات لەم هۆکارانەش:

ڕۆشنبیری

مەبەست لە ڕۆشنبیری کۆی ئەو شتانەیە کە فێری دەبین و دەگوازرێتەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، جا چ بەها کۆمەڵایەتیەکان بێت یان ئاڕاستەکان بێت یان بیر و باوەڕبێت و لەڕێگەیەوە پەیوەندیەکانی نێوان تاکەکان ڕێکدەخات.

یەکێک لە توێژینەوەکانی زانا (مارگرێت مید ١٩٣٥) کە لە غینیا ئەنجامی دابوو دەربارەی ڕۆڵی ڕۆشنبیری لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بە سێ جۆر لە کۆمەڵ کرد کە تیایدا ڕۆڵی کاریگەری پەروەردەی کۆمەڵایەتی لەسەر هەردوو ڕەگەز خستەڕوو، لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوە بۆچونەکانمان بەرامبەر بە جیاوازیە جێندەریەکانەوە گۆڕی، (کۆمەڵەی یەکەمی توێژینەوەکە ناویان ئارابش بوو، هەردوو ڕەگەز نێر و مێ هەمان ڕەفتاریان هەبوو، هەردووکیان مەیلی نەرم و نیانی لە ڕەفتارەکانیان هەبوو و گیانی پێکەوەیی بە سەریاندا زاڵە. بە پێچەوانەوە لەگەڵ کۆمەڵەی دووم کە ناویان موندجمۆر بوو، بینی ڕەفتاری هەردوو ڕەگەز زۆر توند و تیژە و هەردووکیان پەنا دەبەنە بەر زاڵکردنی هێزی خۆیان. لە کۆمەڵەی سێیەم کە ناویان چامبولی بوو، بینی ڕۆڵی هەردوو ڕەگەز پێچەوانە بوون لەوەی لەناو کۆمەڵگاکان باوە، چونکە بینی ئافرەتەکان ڕۆڵی پیاو دەگێڕن و پیاوەکان ڕۆڵی ئافرەت دەگێڕن لە ئەنجامدانی کارەکان، بۆ نمونە پیاوەکان پەنا دەبەنە بەر تەمبەڵی و بێباکی و ئەرکی ئەنجامدانی کاری ماڵەوە دەدەن و ئافرەتەکانیش کاری ڕاوکردن دەکەن، لە بۆنە و ئاهەنگەکان پیاوەکان ڕوپۆشی لەسەر وێنەی ئافرەتان دادەنێن.

کاریگەری خێزان

خێزان بۆ منداڵ بە گرنگترین هۆکاری پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی دەژمێردرێت خێزانیش بە بە‌هێزترین کۆمەڵ دەژمێردرێت لەڕووی کاریگەری لەسەر ڕەفتاری تاک، بە یەکەم قوتابخانە دەژمێردرێت بۆ مرۆڤ. چونکە کەناڵی یەکەمی منداڵە بۆ وەرگرتنی بەها کۆمەڵایەتیەکان و لە ڕێگەی خێزانەوە زمان و بەها ئاکاریەکان وەردەگرێت، دەتوانین کاریگەری خێزان لەسەر پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بەم خالانە بخەینەڕوو:

أ- پەیوەندی نێوان دایک و باوک و ڕادەی بەختەوەریان ئەویش لە دوایدا کاریگەری لەسەر خێزان دەبێت.

ب- پەیوەندی نێوان دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکان، واتە چەند منداڵ هەست بە قبوڵکردنی دایک و باوکی بکات ئەوەنە هەست بە ئارامی دەروونی دەکات.

ج- پەیوەندی نێوان براکان، ئەگەر پەیوەندیەکە باشبێت ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر دەروونیان، پێچەوانەش ڕاستە.

خ- ئامۆژگاری دایک و باوک بۆ پەروەردەی منداڵەکانیان.

د- ڕیزبەندی منداڵەکە و قەبارەی خێزان.

هـ- ئاستی شارەزایی دایک و باوک دەربارەی پەروەردەی منداڵ.

و- ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان.

کاریگەری قوتابخانە

قوتابخانە بە یەکێک لە دەزگا فەرمیەکان دەژمێردرێت، هەڵدەستێت بە ئەرکی پەروەردە و گواستنەوەی ڕۆشنبیری و کلتووری. یارمەتی گەشەی منداڵ دەدات لە ڕووی هزری و هەڵچوونی و کۆمەڵایەتی. کاتێک منداڵ دەچێتە قوتابخانە قۆناغێکی زۆری لە پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بڕیوە کە لە ڕێگەی خێزانەوە وەری گرتووە، قوتابخانە بازنەی ئەم پێگەیشتنە گەورەتر دەکات، چونکە منداڵ لە قوتابخانە زۆر لە بەها کۆمەڵایەتیەکان فێردەبێت بە شێوەیەکی ڕێک و دروست و ئاشنا دەبێت بە ڕۆڵە کۆمەڵایەتیەکەی وەک ئەرک و ماف و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتارەکان و هاوکاری، منداڵ لە قوتابخانە دەکەوێتە ژێر کاریگەری مامۆستا و پڕۆگرامی خوێندن، لە ڕۆڵەکانی قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی منداڵ:

أ- پێشکەشکردنی چاودێری دەروونی بۆ منداڵ و یارمەتیدانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی.

ب- فێرکردنی چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بە ڕێگایەکی گونجاو بە جۆرێک لەگەڵ پێوەرە کۆمەڵایەتیەکان.

ت- ڕەچاوکردنی تواناکانی منداڵ لە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندی بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن هەیە.

پ-  گرنگیدان بە ئاڕاستە و ڕێنمایی پەروەردەیی منداڵ.

ج- گرنگیدان بە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی ئەویش لە ڕێگەی هەماهەنگی لەنێوان قوتابخانە و خێزان.

ح- ڕەچاوکردنی هەموو ئەو شتانەی یارمەتی گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ دەدات.

کاریگەری هاوڕێ

هاوڕێ کاریگەری زۆری هەیە لە پڕؤسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، لە گەشەی کۆمەڵایەتی تاک، چونکە هاوڕێیان کاریگەری لەسەر بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و یارمەتی تاک دەدەن هەندێک ڕۆڵی کۆمەڵایەتی بگێڕێت لە دەرەوەی ئەو کۆمەڵە ناتوانێت ئەنجامی بدات، ڕێژەی کاریگەری هاوڕێیان لەسەر تاک پەیوەست بە ڕادەی دڵسۆزی و ملکەچی تاک بۆ هاوڕێیەکانی و تا چەند پێوەر و بەها و ئاراستەکانی ئەوانی قبوڵە.

دەتوانین کاریگەری هاوڕێیان بە چەند خاڵێک بخەینەڕوو

أ- یارمەتی گەشەی جەستەیی دەدات، ئەویش لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی جیاجیا.

ب- دروستکردنی پێوەرە کۆمەڵایەتیەکان بۆ کەسەکە.

ت- ئەنجامدانی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی نوێ، وەک سەرکردایەتی.

پ- گەشەکردنی ئاڕاستەی جیاجیا دەربارەی چەند بابەتی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی.

ج- ڕەخساندنی بوار بۆ تاقیکردنەوە و مەشقکردن لەسەر دیاردە و شتە نوێیەکان.

ح- بوار ڕەخساندن بۆ لاسایی گەورەکان.

خ- بوار ڕەخساندن بۆ بەرپرسیارێتی.

دەزگاکانی راگەیاندن

لە سەدەی بیست و یەک ڕاگەیاندن بە شێوازەکانی (بیستراو و بینراو) ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە لە پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی ئەویش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕاستی و ڕووداوەکان بۆ ئەوەی خەڵک ئاگاداری بابەتەکانی ژیان بن.

سەبارەت بە کاریگەری ڕاگەیاندن لەسەر پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی دەتوانین بەم خاڵانەی خوارەوە بیخەینەڕوو:

أ- بڵاوکردنەوەی زانیاری جۆراوجۆر کە بۆ هەموو تەمەنەکان بگونجێت.

ب- تێرکردنی پێویستی تاکەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری.

ت- پاڵپشتیکردنی ئاڕاستەکان و بەهێزکردنی بەهاکان.

ڕێژەی کاریگەری ڕاگەیاندن

ڕێژەی کاریگەری ڕاگەیاندن لەسەر پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە:

- جۆری ئەو ڕاگەیاندنەی کە لە بەردەستی کەسەکەدایە.

- تایبەتمەندیەکانی تاکەکە خۆی.

- درکپێکردنی هەڵبژاردە (الادارک الانتقائي) بەپێی ئاستی کۆمەڵایەتی تاک.

- وەڵامدانەوەی خەڵکی دەوروبەر، ئەگەر کەسەکە بە گوێرەی ڕاگەیاندن جوڵا.

- ڕادەی ڕەخساندنی باری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی کەسەکە ئەوەی فێری بووە ئەنجامی بدات.

پەرستگاکان

 

پەرستگا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەو شوێنانە تایبەتمەندی خۆی هەیە واتە جۆرێک قودسیەتی تێدایە، گشت ئەو ڕەفتارانەی کە لە ئاین سەرچاوە دەگرێت بە پۆزەتیڤ شی دەکرێتەوە لای کەسەکان، دەتوانین ڕۆڵی پەرستگاکان بەم شێوەیەی خوارەوە بخەینەڕوو:

أ- فێرکردنی ڕێنمایی ئایینی و ڕەفتاری باش.

ب- دانانی چوارچێوەیەک بۆ ڕەفتارەکانی مرۆڤ.

ت- هەستیارکردنی ویژدانی مرۆڤ.

پ- هەوڵدان بۆ ڕەنگدانەوەی ڕێنماییە ئایینیەکان لە ڕەفتارەکانی مرۆڤ.

ج- یەکخستنی ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکان و نزیک کردنەوەی گشت چینەکان لە یەکتر.


سەرچاوەکان



2370 بینین