هەمەجۆری خانەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-09-02:41:00 - کۆدی بابەت: 4307
هەمەجۆری خانەکان
زانستەکان

هەمەجۆری خانەکان

لەشی زیندەوەران لە پێکهاتووی ورد پێکدێن پێیان دەوترێت خانە ئەویش بچووکترین یەکەیە دەتوانێت فرمانە گرنگەکانی ژیان بە جێ بگەیەنێت لەبەر بچووکی قەبارەی خانەکان نەدۆزرانەوە تاکو وردبین داهێنرا لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی حەڤدەم ئینجا خانە دۆزرایەوە.

خانەکان و بیردۆزی خانە 

لە ساڵی ١٦٦٥ زانای بەریتانی ڕۆبرت هۆک ‌هەڵسا بە دروستکردنی وردبین، ڕۆژێکیان لە ڕێی وردبینەکەیەوە سەیری بڕگەیەکی تەنکی تەپەدۆری کرد، تەپەدۆریش ڕووەکە شانەیەکی شێدارە لە نیانی درەختدا دەبینرێت. زۆر سەری سوڕما کە بینی تەپەدۆر وا دەردەکەوێت کە لە سەدان لاکێشەی بچووک پێکدێت و ناوی لێنا خانەکان چونکە لە ژووری بچووک دەچوون، کە ڕاستیدا هۆک نەیدەزانی کە ئەو ژوورانە پاشماوەی چینەکانی دەرەوەی تەپەدۆرە خانەکانە پاش مردنی. لە کاتێکی دیکەدا هۆک تەماشای چەند بڕگەیەکی تەنکی ڕووەکەکانی کرد بینی ئەوانیش لە خانە پێکدێن هەندێکیان ئاوگیان تێدابوو (ئەوانە خانەی زیندوون) هەروەها هۆک وردبینەکەی بەکارهێنا بۆ بینینی پەڕ و پولەکەی مادی و چاوی مێش، بەڵام زۆربەی کاتی بۆ بینینی ڕووەک و کەڕووەکان تەرخان کردبوو، بوونی دیوار لە ڕووەکەخانەکان و کەڕووە خانەکان بووە هۆی ئەوەی بە ئاسانی بیانبینێت و ئەو باوەڕی لا دروست بوو کە خانەکان تەنها لەو جۆرە زیندەوەرانەدا هەن، وە لە گیانەوەراندا بەدی ناکرێت کە خانەکانیان دیواری نییە.

بینینی خانەکان لە زیندەوەرانی دیکەدا

لە ساڵی ١٦٧٣ بازرگانی هۆڵەندی ڤان لیڤنهۆک ئەو  وردبینەی کە خۆی دروستی کردبوو بەکارهێنا بۆ بینینی دڵۆپە ئاوی گۆماوێك، سەڕی سوڕما کاتێک چەند وردیلەی بچووکی بینی کە مەلە دەکەن و ناوی نا وردەگیانەوەر (گیانەوەری بچووک) کە ئێستا زاناکان بە پێشەنگییەکان ناویان دەبەن. هەروەها لە کاتی بینینی خڕۆکەکانی خوێن بۆی دەردەکەوت جیاوازن لە گیانەوەرێکەوە بۆ گیانەوەرێکی دیکە، خرۆکەکانی خوێن لە ماسی و باڵندە و بۆقدا شێوەیان هێلکەییە لە کاتێکدا خڕۆکەکانی خوێن لە مرۆڤدا بازنەیی و دوو لا قوپاون. ڤان لیڤنهۆک یەکەم کەس بوو کە بەکتریای بینی و دۆزییەوە، هەوێن زیندەوەرێکی تاک خانەیە هەویر هەڵدەئاوسێنێت. چەند نموونەیەک کە ڤان دۆزیەوە وەکو خوێن و یۆگلینا و هەوێن و بەکتریا.

بیردۆزی خانە

لە دوو سەدەی پاش دۆزینەوەکانی هۆک، کەس نەیدەتوانی ئەوە بدۆزێتەوە کە خانەکان لە هەموو زیندەوەراندا هەیە، لە دوای ئەوە زانای ئاڵمانی ماثیاس شیلایدن هەڵسا بە لێکۆڵینەوە لەسەر پێکهاتەی ڕووەکەکان، وە لە ساڵی ١٨٣٨ ئەوەی پوختکردەوە کە سەرجەم بەشەکانی رووەک لە خانە پێکهاتوون. لە ساڵی دواییدا تیۆدۆر شوان کە زانایەکی ئەڵمانی بوو لە گیانەوەرانی دەکۆڵیەوە وتی کە هەموو بەشەکانی گیانەوەرانیش لە خانە پێکهاتوون کە ساڵی ١٨٥٨ پزیشکی ئەڵمانی ڕۆدۆلف فیرشۆ گەیشە ئەوەی کە خانە لە خانەی دیکە دروست دەبێت، لە ئەنجامی دۆزینەوەی ئەو زانایانە گەیشتنە دانانی بیردۆزی خانە کە ئەم سێ بنەمایە دەگرێتەوە:

١. سەرجەم زیندەوەران لە خانەیەک یان زیاتر پێکهاتوون.

٢. خانە یەکەی پێکهاتن و فرمانە لەسەرجەم زیندەوەراندا.

٣. هەموو خانەیەک لە خانەی دیکەوە دروست دەبێت.

قەبارەی خانە 

زۆربەی خانەکان بچووکن بە هۆی وردبینەوە نەبێت نابینرێت. 

خانە گەورەکان کەمن

زۆربەی خانەکان بچووکن بەڵام هەندێکی کەم لە خانەکان گەورەن زەردێنەی هێلکەی مریشک، هێلکە خانەیەکی گەورەیە وە پێویستی بە مژینی خۆراک نییە.

خانە بچووکەکان زۆرن

هۆیەکی فیزیایی هەیە وا لە خانەکان دەکات کە زۆر بچووک بن خانەکان خۆراک دەمژن و پاشەڕۆ دەردەکەن لە ڕێی ڕووکاری دەرەوەیاندا خانەکان چەند گەورە بن پێویستیان بە بڕێکی زیاتر لە خۆراک دەبێ، و بەرهەمهێنانی پاشەڕۆ زۆرتر دەبێت بۆیە ماددەیەکی زۆر بە ڕووکاری دەرەوەی تێدەپەڕێت. چەند قەبارەی خانە زیاد بکات ڕووبەری ڕووەکەی زیاد دەکات، بەڵام قەبارەی خانەکە زۆر گەورەترە لە ڕووبەرەکەی، گەر خانەیەک زۆر گەورەبوو ڕووبەری ڕووەکەت بەشی مژینی خۆراکی پێویست و دەرکردنی پاشەڕۆ ناکات، بەم شێوەیە ڕووبەڕووی خانەکە لەسەر پێوانە قەبارەکەی قەبارەی دیاری کراوی خانەیەک دیاری دەکات، زاناکان ڕێژەی ڕووبەری ڕووی دەرەوەی خانە بۆ قەبارە خانە بە (ڕێژەی ڕووبەری ڕووەکە بۆ قەبارە) ناودەبەن.

بەشەکانی خانە

خانەکان بەوە جیادەکرێنەوە کە قەبارە و شێوەی جیاوازیان هەیە هەروەها فرمانی جۆراوجۆر بە جێ دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا لەم بەشانەی خوارەوە هاوبەشن.

پەردەی خانە و سایتۆپلازم

هەموو خانەکان بە پەردەی خانە دەوردراون. ئەم پەردەیە ڕووی دەرەوەی خانەکە دادەپۆشێت دەبێتە بەربەستێک لە نێوان پێکهاتەی خانەکە و ژینگەی دەرەوەیدا. پەردەی خانە دەست دەگرێت بەسەر هاتووچۆکردنی ماددەکان لە ناوەوەی خانە و بۆ دەرەوەی. (ناوەوەی خانە لە ماددەیەکی مڵ نیمچە شل پێکهاتووە پێی دەڵێن سایتۆپلازم).

ئەندامۆچەکەکان

سایتۆپلازم ئەندامۆچەکەیان تێدایە فرمانی جۆراوجۆر بە جێ دەهێنن ئەم ئەندامۆچەکانە پێکهاتووێکن کە فرمانی تایبەت لە ناو خانەدا بە جێ دەهێنن، خانە جۆراوجۆرەکان ئەندامۆچەکەی جۆراوجۆریان تێدایە. زۆربەی ئەندامۆچەکەکان بە پەردە دەورە دراون. هەندێک لە ئەندامۆچەکانە لە شلەی سایتۆپلازمدا مەلە دەکەن، بەڵام هەندێکی دیکەیان بە پەردەوە دەنووسێن و یان بە ئەندامۆچکەکانی دیکەوە بەستراون.

بۆماوە ماددە 

هەموو خانەیەک ترشی (DNA)ـی تێدایە لە ماوەیەکی ژیانیدا، ترشی (DNA) ئەو بۆماوە ماددەییە کە زانیاری پێویست هەڵدەگرێت بۆ بەرهەم هێنانی خانەی نوێ یان زیندەوەری نوێ دەخاتەوە، ترشی (DNA) لە خانەی باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ خانە نوێیەکان و دەست بەسەر چالاکییەکانیدا دەگرێت. لە هەندێک خانەدا ترشی (DNA) دەکەوێتە ناو ئەندامۆچەکەیەکەوە پێیدەڵێن ناوک بۆ نموونە خانەکانی لەشت ناوکییان تێدایە بەڵام بەکتریا ناوکی نییە، خڕۆکە سوورە پێگەیشتووەکانی خوێنی مرۆڤ کە لە ناو مۆخی ئێسکدا دروست دەبێت ترشی (DNA) ون دەکات، لە سەرەتادا ناوک و ترشی (DNA)ـی تێدایە بەڵام پێش ئەوەی بچێتە ناو سوڕی خوێنەوە خرۆکە سوورەکانی خوێن ناوک و ترشی (DNA) ون دەکات.


سەرچاوەکان



1493 بینین