خواردنی منداڵی دوو ساڵ تا سێ ساڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-13-16:48:00 - کۆدی بابەت: 4460
خواردنی منداڵی دوو ساڵ تا سێ ساڵ

ناوه‌ڕۆك

خواردنی منداڵی دوو ساڵ تا سێ ساڵ

هەرچەند منداڵەکەت گوێڕایەڵتر و گەورەتر ببێت، پێویستی بۆ خواردنی ڕۆژانە زیاتر دەبێت، ئەمە ئەرکی دایک و باوکانە کە هەوڵبدەن بۆ دابینکردنی سەلامەتترین جۆری خواردن بۆ منداڵەکەیان، لەدوای تەمەنی دووساڵی بەولاوە منداڵ دەتوانێت خۆی خواردن بخوات بەڵام دەبێت ئاگاداری جۆری خواردنی منداڵەکە بیت چونکە هەندێک کات توانای جوینی هەندێک خواردنی نییە.

گەشەی جەستەی منداڵ لە تەمەنی دوو ساڵیدا لە چاو ساڵی یەکەمەوە کەمترە، هەرچەندە منداڵ تا کۆتایی دووساڵی پێویستی بە شیری دایک هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانیت کە منداڵ لە ساڵی دووەمدا ٪٣٠ کالۆری لە شیری دایکییەوە وەردەگرێت، لە ٪٧٠ـی لە خواردنەوە دەبێت وەریبگرێت، خۆراکی منداڵ لە دوو ساڵیدا دەبێت پێکهاتبێت لە (کالۆری، کاربۆهیدرات، پڕۆتین، چەوری لە جۆری چەوری زیانبەخش نا بەڵکوو چەوری گیایی یان زەیتی زەیتوون، فایبەر، ڤیتامین، ماددە خۆراکیەکانی تر و ئاو) ئەگەر بۆ خواردنی منداڵەکەت ڕۆژانە سوود لە هەموو گروپەکانی خواردن وەربگریت، ئەوا وزەی تەواوی دەبێت بۆ هەموو ڕۆژەکە.

دوو ساڵی و دەستپێکی ئەزموونی نوێ

لەم تەمەنەدا ڕەفتاری خۆراکی منداڵیش گۆڕانی بەسەردا دێت و خۆی هەڵئەقورتێنێت لە بابەتی خواردنەکانیدا، لەم تەمەنەدا منداڵ حەز دەکات توانای خۆی پیشان بدات و خۆی خواردن بخوات، حەز دەکات بیپژێنێت و بەدەست بیخوات، هەندێک جار وەک یاری کردنێک خواردنەکە هەر لە دەمیدا دەهێڵێتەوە و قووتی نادات، لەم تەمەنەدا منداڵ فێردەبێت کە چۆن کەوچک بە جوانی بەکار بهێنێت، لە هەڵگرتنی پەرداخدا زۆر باش دەبێت و دەتوانێت بە یەک دەست هەڵیبگرێت و ئاو بخواتەوە پێی، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا جوان ناتوانێت بە باشی بیجوێت و بە باشی قووتی بدات، ئەگەری هەیە خواردنەکە زوو قوت بدات پێش ئەوەی جوان بیجوێت بۆ ئەوەی زوو فریای یاری کردن بکەوێت بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەم حاڵەتە بیت مەترسی خنکانی هەیە.

چەند خاڵێکی گرنگ دەربارەی خواردنی منداڵ لە تەمەنی دوو ساڵیدا

١- زیاتر سوود لە دانەوێڵە وەربگرن وبەکاری بهێنن.

٢- پێدانی خواردنی زۆر شیرین یاخود زۆر خواردنەوەی شەربەت لە نێوان ژەمەکاندا باش نییە و دەتوانێت منداڵەکە تێر بکات و دواتر خواردنی پێ نەخورێت.

٣- دەتوانیت لەو نێوانەدا کە برسییەتی ئەمانەی پێ بدەیت: (خورما، کشمیش، بستە، بادام).

٤- پێنەدانی چپس و چکلێت و ساردی بە منداڵەکەت.

٥- نابێت بە زۆر خواردنی پێ بدەیت.

٦- هەوڵبدە بە جۆرێک خواردنەکە لێبنێیت کە هەمان تامی ئەوەی پێشووی هەبێت.

دوای دووساڵی ئیتر دایکەکە وردە وردە دەبێت شیر ببڕێتەوە لە منداڵەکەی و ڕۆژی پێنج ژەم خواردنی پێ بدات و ئاوی میوەکانیشی پێبدات.

باشترین خواردنی منداڵی دوو ساڵ تا سێ ساڵ

بەیانیان:

- نانی ئارد (جۆ و گەنم) لەگەڵ کەرە، مرەبا، چا.
- نان لەگەڵ پەنیر، شیر، هەنگووین.
- نان و هێلکە بە کوڵاوی یان سورەوەکراوی.

نیوەڕۆ:

- نیسک و گۆشتی تێدابێت، خورما و کشمیش.
- پڵاو بە سەوزە و ماسییەوە و کاتژمێرێک دوای ئەوەش ماست.
- پڵاو بە سەوزە و ماسی زۆر بچوک و کاتژمێرێک دوای ئەوە ماست.
- گۆشت لەگەڵ پەتاتە و گێزەر.
- برنج و کەباب.

ئێوارە:

- مەعکەرۆنی بە گۆشتەوە.
- مەعکەرۆنی و پەنیری لە ڕنەدراو و ماست.
- پەتاتەی کوڵاو و سەوزە.
- کەباب و نان و ماست.

نێوانی ژەمەکان

باشترە نێوان ژەمەکانی خواردن لە کاتژمێر ١٠ دەستپێبکات بۆ کاتژمێر ٦ـی ئێوارە

١- میوە (سێو و مۆز) لەگەڵ پارچەیەک کێک یان دوو بسکیت.

٢- دوو پارچە بسکیت و پەرداخێک شیرمۆز یان شیر و خورما.

٣- پەتاتەی کوڵاو یان گێزەر لەگەڵ کەرەدا لەگەڵ پارچەیەک ناندا. 

٤- شەکلەمە.

٥- دە دانە بستەی وردکراو لەگەڵ یەک پەرداخ ئاوی میوە.

٦- قەترەی ڤیتامین و ئاسن لەگەڵ ئاوی میوە و میوه.

واباشترە کە ..

١- تەنها دوو کەوچکی سەرەتا پڕ بکەیت با کەوچکەکانی تر زۆر پڕ نەبن.

٢- ئاشنای بڕی خواردنی منداڵەکەت ببە.

٣- خواردنی بەتام و بەلەزەتی بۆ ئامادەبکە.

٤- بە زۆری منداڵ شتی زۆر شپرزە و تێکەڵی حەز لێ نییە.

٥- بە زۆر ناچاری مەکە کە دەبێت لەسەر سفرەکە دانیشێت تا خواردنەکەی تەواو دەکات.


سەرچاوەکان



4700 بینین