ناوهڕۆك
ژەمی بەیانییان
ژەمی بەیانی گرنگترین ژەمە خۆراکە، کە خواردنی نەک تەنها بۆ منداڵان بەڵکوو بۆ گەورەکانیش زۆر سوودی هەیە، خواردنی نانی بەیانی کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر جەستە و دەروونی منداڵەکە.
لێکۆڵینەوەیەک کراوە لە نێوان ١٠٠٠٠ منداڵ و نەوجەواندا دەریدەخات کە ٪٢٠ـی منداڵان و زیاتر لە ٪٣١ـی نەوجەوانان نانی بەیانی ناخۆن.
سوودەکانی خواردنی نانی ژەمی بۆ ئەو منداڵانەی کە دەچنە قوتابخانە
کاتێک منداڵێک پێش ئەوەی بچێتە قوتابخانە نانی بەیانی دەخوات، هۆشیارترە و مێشکی زیاتر زانیاری وەردەگرێت، نانی بەیانیان زۆر گرنگە بۆ ئەو منداڵانەی کە دەچنە قوتابخانە چونکە منداڵ زۆر دەجوڵێت و وزەی زۆر سەرف دەکات، بۆیە گرنگە پێش ئەوە ژەمێکی باشی خواردبێت، هەروەها ئەو منداڵانەی کە ٢٠ خولەک پێش دەستپێکردنی وانە نانی بەیانی دەخۆن هۆشیارییان زیاترە لەو منداڵانەی کە کاتژمێرێک پێش وانەکە ژەمی بەیانی دەخۆن.
زیانەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانی بۆ منداڵ
دابەزینی شەکری ناو خوێن
خێرای سوڕی خوێنی منداڵ بەو واتایە دێت کە گلوکۆزی ناو خوێن کەم بووەتەوە و منداڵەکە شەکرەی دابەزیوە، و پێویستی بەوە هەیە کە خواردن بخوات، کاتێک ڕێژەی شەکری ناو خوێن کەم بێت، دەتوانێت بێتە هۆی تووڕەیی و هەستیاری منداڵەکە.
بێزاری لە قوتابخانە
ئەو منداڵانەی کە ژەمی بەیانی ناخۆن زیاتر هەوڵی ئەوە دەدەن کە نەچنە قوتابخانە و ڕقیان لە قوتابخانە و وانەکانیانە.
پەنا بردن بۆ خوارنی ناتەندروست
ئەو منداڵانەی کە خواردنی بەیانیان ناخۆن، بە ئەگەری زۆرەوە دەست دەکەن بە خواردنی ناتەندروست بۆ پڕکردنەوەی برسێتییەکەیان وەک چپس و پسکیت و هتد، کە ئەمانەش هۆکارێک بۆ قەڵەوی منداڵ و کێشەی تەندروستی.
کەمی ڕێژەی هۆشیاری
ئەو منداڵانەی کە بەیانیان نان ناخۆن، کەمتر هۆشیارن و تەواوی ڕۆژەکە ماندوون و تەرکیزیان کەم دەبێتەوە.
کاریگەری دایک و باوک
منداڵ زۆر جار لاسایی دایک و باوکی دەکاتەوە لە تەواوی قۆناغەکانی ژیانیدا، ئەو دایک و باوکانەی خۆیان نانی بەیانی ناخۆن منداڵەکانیشیان بە هەمان شێوە نایخۆن و چاو لە دایک و باوکیان دەکەن.