ناوهڕۆك
بەهارات
هیندستان كە بە هیندی پێی دەوترێ (بەهارات)، وڵاتێكە لە باشووری ئاسیا و خاوەنی دووەم گەورەترین ڕێژەی دانیشتوانی جیهانە لەدوای چین، و حەوتەم گەورەترین وڵاتە لە ڕووی ڕووبەرەوە، لە باشوورەوە بە زەریای هێمن و دەریای عەرەب تەواو دەبێت و خەلیجی بەنگالیش لە باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە، لە ڕۆژئاوا دراوسێی پاكستانە، و چین و نیپاڵ و بوتان لە باكوورەوە هاوسنورین، بەنگلادیش و میانماریش لە ڕۆژهەڵات.
مێژوویەكی كورت
لە پێش 9 هەزار ساڵەوە ژیان تێیدا دەركەوتووە و خاوەنی ڕێژەیەكی زۆر مرۆڤی جۆراوجۆرە لە ڕووی نەژاد و كلتوورەوە، 55 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەفریقاوە خەڵكی كۆچیان كرد بۆ زەوییەكانی هیند و دەوروبەری و ماوەیەكی زۆر مانەوە تێیدا وەك ڕاوكەر بەبێ بوونی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی خۆیان.
لە 1200 ساڵ پێش زایینەوە جۆرێكی كۆن لە زمانی هیندۆ-ئەوروپی بڵاوبوویەوە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، و وەك زمانی نوسراوی پیرۆزی گریفدا دەركەوت كە بووە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایین هیندۆسی.
لە 400 ساڵ پێش زایینیشەوە پلەبەندی خەڵكی و چینایەتی دەركەوت، و هەریەك لە ئایینی بوزی و جاینی ئەوكات دەركەوتن، كە بانگەوازی ئەوەیان دەكرد مافی گشتی و یاساكان پەیوەندی بە چینایەتی و سیفەتی بۆماوەیی مرۆڤەوە نییە.
دواتریش هەریەك لە ئیمپڕاتۆریەتی ماوری و گوپتا لە دەوروبەری ڕووباری گانج دەركەوتن، و چەندین گۆڕانكاری گەورەیان ئەنجامدا بەڵام پێگەی ژنیان لە وڵات نەهێشت.
لە سەرەتاكانی سەدەكانی ناوەڕاست هەریەك لە مەسیحییەت و زەردەشتی و ئایینی جولەكە و ئیسلام بڵاوبوونەوە لە هیند، و سووپای ئیسلام هەتاوەكو باكووری وڵات هات و شانشینی دەلهی ئیسلامییان دامەزراند، لە سەدەی پانزەی زایینی ئیمپڕاتۆری ڤیجایانگارا كلتوورێكی هیندۆسی ماوەدرێژی دروستكرد لە باشووری هیندستان، و دواتریش لە پونجاب ئایینی سیخی دەركەوت.
دواتریش ئیمپڕاتۆری مەغۆلی-هیندی لە 1526ـی زایینی هەتاوەكو 1858 بەردەوام بوو كە ئیمپڕاتۆرییەكی ئیسلامی بوو، لەو ماوەیەشدا هیندستان بە ئاشتیدا تێپەڕی، و لەدوای خۆی ئیمپڕاتۆرییەكە كلتوورێكی ئیسلامی و باڵەخانەی ئەندازیاری نایابی بەجێهێشت.
ساڵی 1858 شانشینی بەریتانیا هیندستانی داگیركرد و چەندین گرووپی چەكداری و شۆڕشگێر دروستبوون دژی داگیركاری بەریتانیا و بەرگرییەكی بەهێزیان كرد، هەندێكیشیان لەدوای جەنگی جیهانی یەكەم بەشێوەیەكی ئاشتییانە دژی وەستانەوە كە دیارترینیان مەهاتما غاندی و جەواهر لال نەهرو بوون.
ساڵی 1947 بەریتانیا وڵاتەكەی دابەش كرد بۆ دوو دۆمینەیتی جیاواز كە زۆرینەی هیندۆسی ناونرا هیندستان و ئەوەی دیكەشی كە زۆرینەی موسوڵمان بوون ناونرا پاكستان، لەم نێوەندەش كێشە لەسەر زەوی و سنوور دروست بوو و چەندین كەس ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و جیابوونەوە بۆ هەڵبژاردنی وڵاتی نوێ.
لە ساڵی 1950ـوە هیندستان وڵاتێكی كۆماری فیدراڵییە و خاوەنی پەرلەمانێكی دیموكراتییە، لە دەستووری ساڵی 1976 دڵنیاكراوەتەوە كە وڵاتێكی دیموكراسیە و خاوەن چەندین زمان و ئایینی جیاوازە و لە سەرژمێری ساڵی 2019 دانیشتوانەكەی بە ملیارێك و 399 ملیۆن كەس خەمڵێنراوە.
لەگەڵ ئەوەی هیندستان وەك وڵاتێكی هەژار ناوبراوە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ لەژێر پڕۆگرامێكی ئابووریدا ڕێژەی بێكاری و هەژاری كەمدەكرێتەوە، وڵاتەكە یەكێكە لەو وڵاتانەی خاوەنی ئابووریەكی خێراگەشەسەندووە و كلتوورێكی دەوڵەمەندی هەیە و كەرتی گەشتیاری و سینەما و هونەری هیندی ڕۆڵێكی گەورەی ئابووری دەگێڕن، هەروەها خاوەنی چەندین نەخۆشخانەی پێشكەوتوو و زانكۆیە و لە ڕووی سەربازییەوە یەكێكە لە وڵاتە زلهێزەكان و خاوەنی چەكی ئەتۆمییە.
لەگەڵ هەردوو دراوسێكەی چین و پاكستان كێشەی لەسەر خاكی كشمیر هەیە، و لەسەر هەرسێ كێشەی (جیاوازی ژن و پیاو و خواردنی منداڵ و پیسبوونی هەوا) كاردەكات و دەیەوێت بە زوویی چارەسەریان بكات.
دابەشبوونی وڵات
هیندستان لە 28 پارێزگا و 7 هەرێم پێكدێت، و هەرێمەكانیش لەسەر ئاستی زمان دیاری كراون.
نەریتی تایفەگەری لە هیندستان و جۆرەكانی هاوڵاتی
هەندێك زانیاری گشتی
ڕووبەر : 3 ملیۆن و 287 هەزار و 263 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
دانیشتوانەكەی : 1،362،380،000 (یەك ملیار و سێسەد و شەست و دوو ملیۆن)ـە و لە ساڵی 2028 چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ چین یەكسان ببێتەوە.
دراو : ڕوپیەی هیندی پارەی ناوەندی هیندە و 100 دۆلاری ئەمریكی 7454 ڕووپیەیە بۆ ساڵی 2021.
ئاڵای هیندستان : ئاڵای هیندستان لە سێ ڕەنگی سەرەكی پێكهاتووە ( لە سەرەوە بۆ خوارەوە : پڕتەقاڵی – سپی – سەوز)ـە، لە ناوەڕاستەكەشی خلۆكەیەكی شینباوی تێدایە، ڕەنگی پڕتەقاڵی نیشانەی ئازایەتی و دلێری و فیداكارییە، ڕەنگی سپیش واتای چاكە و ڕاستییە و ڕەنگی سەوز بە واتای ئیمان و باوەڕ دێت، ئەو خلۆكەیەی ناوەڕاست كە پێی دەوترێت دارما چاكرا نیشانەیەكی دێرینە لە ئایینی بوزی كە ئاشوكای پاشای سەدەی چوارەمی پێش زایین بەكاری هێناوە وەك خلۆكەی یاسا.
ڕۆژی سەربەخۆیی : وڵاتی هیندستان لە 15/8/1947 و یەك ڕۆژ لەدوای سەربەخۆیی پاكستان كە هەردووكیان لە ژێردەستی وڵاتی بەریتانیا هاتنە دەرەوە سەربەخۆیی وەرگرت، بەڵام زۆركەس ڕۆژی 26/7/1950 بە ناوی (ڕۆژی دەستپێك) یاد دەكاتەوە كە بە شێوەیەكی كرداری جیابوونەوە دەبینرا.
لە هیندستان بەم ڕۆژە دەوترێ (ڕۆژی كۆماری).
كەرەستە و نیشانە میلـلییەكان
- فیل – ئاژەڵی میلـلی
- تاوس – باڵندەی میلـلی
- پڵنگ – ئاژەڵی دێرینی میلـلی
- هەنجیری بەنگالی – درەختی میلـلی
- لۆتۆس – گوڵی میلـلی
- ماری كوبرا – خشۆكی میلـلی
- مەیمونی هانومان – ئاژەڵی مەمكداری دێرینی میلـلی
- مانگۆ – میوەی میلـلی
- گانج – ڕووباری میلـلی
كەشوهەوا
بەشی باكووری واتە هیمالایە و دەوروبەری هەمیشە بە بەفر داپۆشراوە و باشووری وڵاتیش بە بیابانێكی وشك كۆتایی پێدێت.
- سەرما : كەشی سارد و وشك لە كانوونی یەكەم هەتاوەكو شوبات بەردەوامە.
- گەرما : گەرما و وشكی لە مانگی مارس بۆ ئازار بەردەوامە.
- وەرزی بارین : لە مانگی حوزەیران هەتاوەكو ئەیلول و تشرینی یەكەم باران دەبارێت.
زمان
لە هیندستان ئێستا 428 زمان قسەی پێدەكرێت، كە 13 لەو زمانانە مردوون و ئەوانی دیكە زمانی زیندوون.
و لە ساڵی 2001ـدا 29 زمانیان زیاتر لە یەك ملیۆن قسەكەری هەبووە.
ئایین
- هیندۆسی %79
- موسوڵمان %14
- مەسیحی %2
- سیخ %1
- بوزی %0،70
خواردن
خواردنی هیندی پێکهاتووە لە چەندین جۆری جیاواز ئەمەش بەهۆی زۆری ناوچەی كلتووری و مێژوویی و ئایینی، بە گشتی خواردنی هیندی بە بەکارهێنانی بەهارات و گیا و سەوزە و بیبەر جیادەكرێتەوە، هیندستان بە زیاتر لە 30 خۆراكی تایبەت بەناوبانگە كە گەشتیاران لە گەشتەكانیان تاقیدەكەنەوە و زۆرێكیان بەرگەی توونییەكەی ناگرن لەبەر بوونی ڕێژەیەكی زۆری بەهارات و بیبەر تێیدا.
سینەمای هیندی
سینەما بەشێكی گەورەی ئابووری و ناساندنی كلتووری هیندییە بە جیهان، و زۆرێك لە وڵاتان بە شێوەیەكی بەردەوامی لەدوای هۆڵیۆد و سینەمای ئەوروپی چاویان لە سینەمای هیندستانە، زیاتریش بە ڕووداوە ئەكشنە سەیرەكانیانەوە ناسراون، لەگەڵ دروستبوونی سینەمای جیهانی لە هیندستانیش سینەما گەشەی سەندووە، بەڵام هێواشتر لە وڵاتانی دامەزرێنەر بەرەوپێش چووە.
1890 بۆ 1920
لەم سەردەمەدا فیلمە بێدەنگەكان دروست دەكران و لە ژمارەیەكی زۆر فیلمی سادە و مامناوەند پێكهاتبوون.
1930 بۆ 1940
یەكەمین فیلم كە دروستكرا دەنگی هەبوو لە ساڵی 1931ـدا بوو، ساڵی 1932ـیش بەشی تۆڵیود دروستبوو بۆ دروستكردنی فیلمی بەنگالی، زۆرینەی فیلمەكانی ئەم سەردەمەش وەك پێشوو شانۆگەرییەكان بوون و دەكران بە فیلم.
1940 بۆ دوایی
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە فیلمی ماسالا پەیدابوون، كە ئەو فیلمانەبوون لە گۆرانی و نمایش پێكهاتبوون، و دوای جیابوونەوەی هیندستان و پاكستانیش لە حوكمی بەریتانیا سینەمایش ڕێبازی جیاجیای وەرگرت.
لە ساڵی 1948ـەوە حكومەت بەشێكی تەرخان كرد بۆ دروستكردنی فیلم، دواتریش لە 1960 پارە تەرخان كرا بۆ دروستكردنی فیلم لەلایەن حكومەتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە كە ساڵانە 200 فیلمی دۆكیۆمێنتاری بەرهەم دەهێنێت بە 18 زمانی جیاواز بۆ تەواوی بەشەكانی وڵات.
بۆڵیود
بەشێكە لە سینەمای هیندی و ناوەكەی تێكەڵەیەكە لە ناوی كۆنی شاری مۆمبای (بۆمبای) و هۆڵیودی ئەمریكی، هەرچەندە ئەمە ناوێكی فەرمی نییە و بەكارناهێنرێ بەشێوەیەكی فەرمی، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتان فرۆشێكی باشی هەیە و هەر بەوە بانگدەكرێ.
دامەزرێنەرانی بۆڵیود كۆمپانیای هونەری (تی سیریەس) و ئێرۆس ئینتەرناشناڵن.
ئەو گۆرانیانەی لە فیلمە هیندیەكان هەن پێشتر تۆماركراون و ئەكتەرەكان دەیڵێنەوە و هەمووشیان بەرهەمی كۆمپانیای تی سیریەسن و ڕیكڵامی كۆمپانیاكەن و هەروەها چونكە گۆرانی بە ئاسانی دەناسرێتەوە و دەبێتە هۆی ڕاكێشانی بینەرێكی زۆر بۆ فیلمەكە و بە پێچەوانەشەوە.
هونەرمەندە بەناوبانگەكانی بۆڵیود
- ئاكشای كۆمار
- ڕاج كاپوور
- سەلمان خان
- ئەمیتاب باچان
- ڕیشی كاپوور
- شارۆخان
- عامر خان
- ئەبهیشیك باچان
- سۆنێل دۆت
- هێریثیك ڕۆشان
- ئانوشكا شارما
- عالیا بهات
- پرێنتی زینتا
- كاترینا كایف
- كاجول
- ئیشواریا رای
- دیپیكیا پادوگۆن
- كارینا كاپوور
- پریانكا چوپرا
سووپا
سووپای هیندستان یەكێكە لە سووپا زلهێزەكان و خاوەنی چەندین بەشی جیا و ژمارەیەكی زۆر سەرباز و چەكی ئەتۆمییە و لە ساڵی 1949 دامەزراوە.
ناوی فەرمی | هێزە چەكدارەكانی هیندستان |
بەشەكان |
سووپای هیندستان هێزی دەریایی هێزی ئاسمانی بەشی كەناراوەكانی هیندستان |
تەمەنی دەستپێكی سەربازی | هەژدە ساڵ |
ژمارەی سەرباز | 1445000 |
هێزی یەدەگ | 2142821 |
لە ساڵی 1974ـوە خاوەنی چەكی ئەتۆمییە و لە ساڵی 1998 تاقیكردەوە و خاوەنی 150 بۆمبە لەسەر كەشتی دەریایی و ژێر زەوی ئامادەكراون.