ناوهڕۆك
هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ
هەوکردنێکە کە ئەندامەکانی ئەم کۆئەندامە دەگرێتەوە وەک، گورچیلەکان و ڕێڕەوی میز و میزەڵدان و ئەم نەخۆشییە لە هەموو کەس و تەمەنێکدا ڕوودەدات و بەڵام لە کۆمەڵێک کەسی وەک منداڵ و پیر و کەسانی توشبوو بە نەخۆشی شەکرە و لە خانماندا زیاترە و بەتایبەت لە خانمانێک کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە زیاتر دەبێت.
هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ و پەیوەندی بە هاوسەرگیرییەوە
خانمان دوای هاوسەرگیری ئەگەری توشبوونیان بە ئەم هەوکردنە زیاترە، چونکە خانمان بۆری میزیان کورتترە لە پیاوان و ئەمەش وایکردووە زیاتر توش ببن و کاتێکیش کە هاوسەرگیری دەکەن توشبوونیان بە ئەم هەوکردنە پەیوەندی هەیە بە بابەتی جووتبوونەوە، دەستەواژەیەکی پزیشکی هەیە بە ناوی (honeymoon period sentence) واتە هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ لە مانگی هەنگوینیدا، کە ٪٣٠ـی خانمان دوای هاوسەرگیری تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.
هۆکارەکان
هۆکاری سەرەکی جووتبوونە، خانمان خۆیان زیاتر تووشی هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ دەبن وەک لە پیاوان و لە دوای هاوسەرگیریش مەترسی توشبوونیان زیاترە لە جاران ئەویش بەهۆی پاڵنان و پەستان لەسەر میزەڵدانەوەیە لە کاتی جووتبوونەکەدا، هەوکردنی میزەڵدان یەک دوو ڕۆژ دوای گەیشنی بەکتریا و میکرۆب بە میزەڵدان دەست پێ دەکات، بە گشتی بەکتریای E.Coli هۆکاری ٪٨٠ـی هەوکردنی میزەڵدانە لەو خانمانەی کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە، هەروەها خودی کورتی ڕێڕەوی میز لە خانماندا و نزیکی ڕێڕەوەکە لە زێی خانمانەوە هەموو ئەمانە هۆکارن تاکوو خانمەکە تووشی هەوکردن ببێت، دوای ئەوەی میکرۆب و بەکتریاکان لە میزەڵداندا نیشتەجێ دەبن هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ ڕوودەدات، وە هۆکارێکی دیکەش بریتییە لە بەکارهێنانی هەندێک ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی دوای هاوسەرگیری و کەمبوونەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کە ئەمانەش دوو هۆکاری دیکەن.
نیشانەکان
- هەستکردن بە کزانەوە لە کاتی میزکردندا.
- ئازار لە کاتی میزکردندا.
- ئازار لە بەشی خوارەوەی سک.
- تۆخ بوونی ڕەنگی میز.
- بوونی خوێن لە میزدا.
- زوو میزکردن.
- ئازار لە کاتی جووتبووندا.
ڕێنوێنی بۆ ڕێگریکردن لەم هەوکردنە
- پاکوخاوێنی هەردوولا پیاو و ژنەکە پێش جووتبوون.
- خانمان پێش جووتبوون میز بکەن و میزەڵدانیان خاڵی بکەنەوە.
- دوای تەواوبوونی جووتبوون بە هەمان شێوە دووبارە خانمان میز بکەن و میزەڵدانیان خاڵی بکەنەوە و دواتر خۆیان پاک و وشک بکەنەوە.
- لە کاتی خۆپاککردنەوەدا سەرەتا زێیان پاک بکەنەوە ئینجا بەرەو دواوە و ناوچەی کۆم بڕۆن واتە لە پێشەوە بۆ دواوە.
- خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو و شلەمەنی.
- لەبەرنەکردنی جلی تەسکی ژێرەوە و واباشترە جلی ژێرەوە قوماشەکەی لۆکە بێت.
- بەکارنەهێنانی ئەم ڕێگایانەی ڕێگریکردن لە دووگیانی وەک ڕێگای سپێرم کوژ و ڕێگای ڕێگریکردن لە دووگیانی بە بەربەست (بە ئینگلیزی: diaphragm contraceptive) و کۆندۆم، کە دەتوانیت چەورکەر بەکاربهێنیت لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەر بە کۆندۆم ڕێگریت کرد لە دووگیانی تاکوو ئەگەری هەوکردنت کەمتر بێت.
چارەسەر
ئەگەر بە ڕێنوێنی و دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی وادەکات کە ئەم هەوکردنە زیاتر ببێت چارەسەر نەبوو، ئەوا پزیشک بە پێی بارودۆخی نەخۆشکە دەرمانی دژەبەکتریا دەنوسێت بۆ نەخۆشەکە تاکوو چارەسەر وەرگرێت.