ناوهڕۆك
ناساندن
ناوی تەواوی (مەرزیە شەهاب عەبدوڵڵا)یە، لە ڕێکەوتی 1958\05\22 لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بەڵام دایک و باوکی خاتوو مەرزیە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سنەن، خوشکی هونەرمەندی ناودار لەیلا فەریقییە، تا تەمەنی 17 ساڵی مەرزیە ژیانی لە شاری مەریوان بەسەر بردووە، دواتر بۆ خوێندنی مامۆستایەتی ڕووی کردووەتە شاری سنە و لەوێ خوێندنی مامۆستایەتی تەواو کردووە و بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری مامۆستایەتیدا بەدەست هێناوە.
ژیانی تایبەتی
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو کردووە، دواتر لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ دا چووەتە شاری سنە و ئامادەیی خوێندنی بوون بە مامۆستایی تەواو کردووە، ھەر دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەست بەکاربووە، لە ساڵی 1977 لە شاری سنە بە هونەرمەند (ناسر ڕەزازی) ئاشنا دەبێت و لە ساڵی 1978دا هاوسەرگیری دەکەن، مەرزیە و ڕەزازی بەھۆی بارودۆخی ڕامیاری ئێران، لە ساڵی 1980 ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێدەھێڵن و ڕوودەکەنە چیاکانی کوردستان و دەبنە پێشمەرگە، دواجار ھەر لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی سەخت و وێستگەکانی پڕ تێکۆشانی مەرزیە دەست پێدەکات، ئەگەرچی خەباتی شاخ و ئەو سەردەمە بۆ ژنە ھونەرمەند و مامۆستایەک زۆر سەخت بوو، بەڵام ئەو زۆر سەرسەختترانە بەگژ ڕۆژە دژوارەکانی ژیاندا دەچێتەوە و ھەر لە چیاکانەوە لەگەڵ ڕەزازیدا بە گۆرانی (هەڤاڵی پێشمەرگە) بۆ جۆشدانی برا پێشمەرگەکان و کڵپەسەندنی شۆڕش و ھاندانی ھاونیشتمانان گۆرانی دەڵێن، ئەم خەباتگێڕییەشیان تاکوو ساڵی 1984 بەردەوام دەبێت.
لەسەرەتای ساڵی 1985 بەدواوە لە وڵاتی سوید وەک پەنابەر لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی بە ناوەکانی دڵنیا، ماردین و کاردۆ ژیان بەسەر دەبەن.
ژیانی هونەری
هەر لە تەمەنی منداڵیدا هەستی کردووه کە دەنگی خۆشە و بەهرەی دەنگخۆشی تێدایە، لەلایەن باوکییەوە هاندراوه، بەڵام بەهۆی نادروستی کۆمەڵگاوه، ئەوەی لەو رۆژگارەدا ئەستەم بووە ئەوە بووە کە ژن و کچی کورد گۆرانی بڵێن، هەربۆیە ڕێگای هونەری لێگیراوە و لەو پێناوەشدا زۆر بەقورسی ژیانی هونەری خۆی بەسەر بردووه، بەڵام سەڕەڕای کۆسپ و کێشەکان مەرزیەی هونەرمەند هەر بەردەوام بووه، لە جەژنەکان و یاد و بۆنانەی کە لە قوتابخانەدا سازکراون، بەشداری کردووە و بۆ یەکەمین جار لە تەمەنی 9 ساڵیدا چووەتەسەر شانۆی قوتابخانەکەی، یەکەمین گۆرانی کە لەو کاتەدا وتوویەتی گۆرانییەکی (فەتانەی وەلیدی) بووه بەناوی (لەسەر کانی دێتەوە لێو بەکەنی و گۆزەبەشانەوه).
دواتر ھونەری مەزرییە لە ساڵی ١٩٩٤ دا بە گۆرانی وتن و لەگەڵ ڕەزازی ھاوسەریدا بە تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک دەست پێدەکاتەوە. لەم ساڵانە بەدواوە چرای ڕوناکی ھونەری مەزرییە بە جۆرێکی تر و پڕ شەوقتر دادەگرسێت و بە بەردەوام لە ھونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا دەبێتە هێمای ژنە کوردێکی ھونەرمەند، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێتە نموونەی ژنە شۆڕشگێرێکی نەتەوەیی و داکۆکیکارێکی سەرسەختی سەربەخۆ و دوور لە کۆمەڵە و حیزبایەتی، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و منداڵان چالاکانە لە چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەم بوارانەدا بەشداردەبێت.
مەرزیە توانایەکی بێوێنەی لە شێوازی گۆرانی وتندا ھەبوو، لەسەر چینە دەنگی ئاڵتۆ خوێندوویەتی، بەڵام زۆر بەباشی دەیتوانی خۆی لە چینە بەرزەکان بدات، زۆر بەجوانی یاری بە تۆنە میوزیکییەکان بکات و ئاوێتەی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانی ببێت. مەرزیە زۆر کارامەبوو لە سەر تەختی شانۆ، ھیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێیەک لە بەرنامە زیندووەکانی تیڤی و کۆنسێرتەکانیدا لە گەروویدا بەدی نەدەکرا، لە گۆرانییە فۆلکلۆری و ڕیتمیکیەکانیدا پێدەکەنی بەڕووی ھەوادارنیدا، لە گۆرانییە خەماوییەکانیدا چاوەکانی دادەخست.
ھەمیشە وەک ھونەرمەندێکی بەئەزموون و ژنە ھونەرمەندێکی بەرگ کوردی، بۆنە نیشتمانی و جیاوازەکانی دەڕازاندەوە. بە زۆرینەی شێوەزارەکانی کوردی گۆرانی دەوت، وەک ھونەرمەندێکی نیشتمانی دەردەکەوت. ئەوەی مەرزیە جیادەکاتەوە لە ژنە ھونەرمەندەکانی تر ئەو لۆجیکیەیەتی کە ھەیبوو بۆ گۆرانی وتن، چونکە نەھات لە ھەستی ھونەرمەندانی پێشخۆیەوە دەست پێبکاتەوە، بەڵکوو لە سەردەمی خۆیەوە دەستی پێکرد و ھەمیشە گوزارشتی لە ھەستە ناوەکییەکانی خۆی دەکرد، ھەمیشە ھەوڵی دەدا ڕەنگێکی تر لە مۆسیقا و هونەری کوردیدا بەرھەم بھێنێت، ھەمیشە دەیویست ھونەری سەردەمیانەی مۆسیقا و ئاوازی کوردی پێشکەش بکات .
مەرزیە بەڕاستی گوزارشت و سمبولێک بوو بۆ ھونەری ژن و ھەستی ژنان لە موزیکی کوردیدا.
ناسڕی ڕەزازی لە ھەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مەرزیەدا وتویەتی: "من خۆم زۆر ھاوکاریم دەکرد، ئاوازم بۆ دادەنا، تەنانەت فێرم دەکرد چۆن ئاوازدابنێت، بەڵام کێشەیەک ھەبوو کە ئەو سەردەمە زۆرینەی شاعیرەکانمان پیاو بوون، گەرچی چەند ژنێک دەرکەوتن بەڵام نەیاندەتوانی ھەستی ژنانە دەربڕن، کێشەی مەرزیە ھەمیشە ئەوە بوو کە دەیوت: من ئەگەر بمەوێت گۆرانی دروست بکەم دەبێت بگەڕێمەوە بۆ دیوانی شاعیرە پیاوەکان"، لەمەوە دەردەکەوێت کە مەرزیە ھەمیشە چاوی لە دروستکرنی ھونەری موزیکی ژنانە بووە، نەک دووبارەکرنەوەی ھەستی پیاوانە لە زمانی ژنەوە. گەرچی ڕەزازی ھاوڕێی و ھاوسەر و ھاوسەنگەری بووە، کەچی کاریگەری شێوازی گۆرانی وتنی ڕەزازی بەسەر مەرزیەوە بەدی ناکرێت، وەک چۆن (ڕەزازی) خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی، ئەویش بەھەمان شێوە خاوەنی ڕەنگ و دەنگ و ھونەری تایبەت بە خۆییەتی.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لەو گۆرانییە دوێتانەی کە پێکەوە دەیانوت، ئاوێتەبوونێکی زۆر سەیر لەم دوو دەنگەدا بەدی دەکرا، بە جۆرێک دەنگی مەرزیە و ڕەزازی دەبوونە ڕەنگی چێژێکی تر لە موزیکی کوردیدا. ھونەری مەرزیە ھێندە قوڵە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و تایبەت بە خۆیەتی، مەرزیە زۆر بە سەرکەوتووانە لە ماوەیەکی کورتی تەمەندا زۆرێک لە چەشن و ستایلە میوزیکییە باوەکانی کوردی ئەو سەردەمەی تاقیکردەوە، توانا ھونەری و دەنگییەکانی مەرزیە ئەوەندە زۆربوون ئەگەر تەمەن ڕێگەی بدایە دەیتوانی کاری زۆر ناوازەتر پێشکەش بکات.
بەرهەم
- لە یارەوە
- هەموو شەو
- بەڵێن بدە
- ئەگەرچی شەو
- شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
- هەڤاڵی پێشمەرگە
- ئەزیزم بۆچی تۆراوی
- هەوری پایز
- خۆشم ئەوێی
- هیوا مەگری
- لە کۆتایی نامەکەتا
- بێ تۆ
- وەرە یارم
- کانی کانی
- لەو ڕۆژەوە
کۆچی دوایی
بەھۆی ھەڵەی پزیشکەوە لە کاتی نەشتەرکاریدا لە ڕۆژی 2005\09\18دا لە کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ماڵئاوایی لە مۆسیقا و هونەر کردووە و کۆچی دوایی کرد، لەسەر داوای خۆی لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.