ناوهڕۆك
گورگی تەنیا چییە؟
لە تیرۆردا بە هێرشێك دەوترێ كە بەشێوەی یەك كەسی و تاك ئەنجام بدرێ بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ هیچ لایەنێك، و زۆرینەی كاتیش پێی دەوترێ هێرشی تاكەكەسی.
گورگی تەنیا بە كەسێك دەوترێ بەبێ ئەوەی چەك و پارە لە هیچ كەسێكەوە وەربگرێت، لەبەر خواستەكانی خۆی و ئەوەی كە باوەڕی پێیەتی لەسەر ئەركی خۆی هەڵدەستێت بە كردەوەیەكی تیرۆرستی، لەگەڵ ئەوەی كارەكە خۆییە و تاكەكەسییە بەڵام هەمیشە سوود دەگەیەنێت بە لایەنێكی چەكداری تیرۆرستی كە هەمان ئایدۆلۆژیای هەیە.
ئەم دەستەواژەیە سەرەتا لە ساڵی 1990 بەكارهێنرا كاتێك دوو كەسی توندڕەو بەناوەكانی (ئەلێكس كێرتز و تۆم مێتزگەر) دەستیان بە كاری تاكەكەسی كرد و لە ژێرزەوی، بەبێ ئەوەی تێكەڵی هیچ ڕێكخراوێك ببن و لەكاتی گرتنیشیان هیچ قسەیەكیان نییە بیكەن یاخود ناوی كەسێك بدەن، چونكە داڕێژەر و تێكدەرەكەش هەر خۆیانن.
هەندێك لەو گرووپانەش كە دەسەڵاتی گرووپیان ناگاتە وڵاتانی دیكە، لە ڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی یان هێڵەكانیانەوە خەڵكی هاندەدەن بۆ كردەوەی تاكەكەسی و دواتریش لە ئەستۆی دەگرن، بەپێی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، یەكەم گرووپ كە ئەم شێوازەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێنا ڕێكخراوی القاعدە بوو و دواتریش داعش ئەمەی بەكارهێنایەوە.
چەكدارە تەنیاكان زیانێكی زۆر گەورەی تراژیدی گەورە دەخولقێنن، چونكە زیان بە شوێنێك دەگەیەنن كە مێشكی كەم مرۆڤ بۆی دەڕوات و بێ پارێزگارییە، وەك مزگەوت و پەرستگا و قوتابخانەكان.
لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا زۆرترین كارە تیرۆرستییەكان گورگی تەنیا بوون و ڕێكخراو نەبوون.
وەك ئەوەی لە ساڵی 2019 كەسێك بە چەكێكەوە لەگەڵ كردنەوەی لایڤی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هێرشی كردە سەر مزگەوتێك لە نیوزلەندا و هەر لەوێ 51 كەسی كوشت، و 49ـی دیكەشی بریندار كرد، كە پیر و منداڵ و گەنجی تێدابوون.