هۆزەبانەی منداڵ - عەقیقە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-23-13:31:00 - کۆدی بابەت: 4784
هۆزەبانەی منداڵ - عەقیقە
گرنگیدان بە منداڵ

باسی هۆزەبانەی منداڵ (عقیقة)

هۆزەبانەی منداڵ زۆر خێرە، هۆزەبانە ئەمەیە: کوشتنەوەی ئاژەڵێکە لە خۆشی لەدایکبوونی منداڵەکە لە ڕۆژی حەوتەمینی لە دایکبوونەکەی (عن سمرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: کل غلام مرتهن بعقیقته تذبح عنه یوم سابعه ویحلق ویسمی) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر منداڵێک کە لەدایک ئەبێت، قەدەغە ئەکرێ لە ڕۆژی قیامەت تکا بۆ دایک و باوکی بکا، تا لە ڕۆژی حەوتەمینی لە دایکبوونی هۆزەبانەی بۆ ئەکرێ، هەر لە ڕۆژی حەوتەمیشی سەری ئەتاشرێ و ناوی لێئەندرێ.

سوننەتە ئەو هۆزەبانەی بۆ کوڕ ئەکوژرێتەوە دوو مەڕ بن، یان دوو بزن بن، وەکو بزن و مەڕی قوربانی، بۆ هۆزەبانەی کیژ یەک مەڕ، یان یەک بزن، وەکو هی قوربانی، بەڵام بۆ نێرینەش تەنها مەڕێک، یان بزنێک هەر دروستە، هەروەها گاجووتێک بۆ حەوت منداڵ ئەکرێتە هۆزەبانە.
ئەو هۆزەبانەیە سوننەتە بدرێتە هەژار و گەدایان، هەروەها سوننەتە بە کوڵاوی بیاندرێتێ، بە تازیش دروستە، بەڵام وا باشە ڕانی ڕاستەی ئاژەڵەکە -هەمووی- بداتە مامانەکە، هەروەها لە کاتی سەربڕینی بڵێ: (بسم الله)، ئینجا نیەتی هۆزەبانەکە بێنێ و بڵێ: ئەوە هۆزەبانەی فڵانە منداڵەیە.

ئەو کەسەی هۆزەبانە ئەکا، ئەبێ ئەو کەسە بێ کە بەخێوکردنی منداڵەکەی لە ئەستۆیە، وەک باوک و باپیرە و دایک.. هتد، کەوابوو: هۆزەبانەکردنی بێگانە دروست نییە.

ئەگەر ئەو منداڵە لە پێش ڕۆژی حەوتەمین، یان لە دوای ڕۆژی حەوتەمین بمرێ، هۆزەبانەکەی هەر سوننەتە، هەروەها ئەگەر هۆزەبانچیەکە توانای هەبوو، بەڵام دوای خست، ئەوە تا منداڵەکە بلوغی ئەبێ، ماوەی هۆزەبانەکە هەر ئەمێنێ.

مەبەست لە سەرتاشین ئەوەیە: لە دوای کوشتنەوەی هۆزەبانەکە سەری منداڵەکە بتاشێ و بە گرانایی موەکانی زێڕ، یان زیو بکاتە خێر، وە جیاوازی کیژ و کوڕ نییە.

هەروەها مەبەست لە ناو لێنان ئەوەیە: لە ڕۆژی حەوتەمین ناوێکی خۆشی لێ بندرێ، (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: یسموا بأسماء الأنبیاء وأحب الأسماء إلی الله عبدالله وعبدالرحمن) رواه أبوداود، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ناوی پێغەمبەران لە خۆتان بنێن، وە خۆشەویستترین ناو لەلای خوا ناوی (عبدالله) و (عبدالرحمن)ـە.

هەروەها سوننەتە دەمی منداڵەکە شیرین بکرێ بە خورما، یان بە شتێکی تر، واتە: مرۆڤێکی خواپەرست ئەو کارە بکا، هەروەها بانگدانیش لە گوێی منداڵەکە سوننەتە (عن أبی رافع -رضي الله عنه-: رأیت النبی ﷺ أذن فی أذن حسن حین ولدته فاطمة) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ بانگی دا لە گوێی حەزرەتی (حسن) کاتێ لە دایک بوو.

فەرموویانە: سوننەتە بانگ لە گوێی ڕاستەدا بێ، ئیقامەتیش لە گوێی چەپەدا بکا.


سەرچاوەکان



2822 بینین