ناوهڕۆك
ناساندن
لیزبێرن یان لیسبێرن (بە ئینگلیزی: Lisburn، بە عەرەبی: ليسبورن، بە ئێرلەندی: Lios na gCearrbhach)، شارێکە لە باکووری ئیرلەندای باکوور. ١٣ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای ناوەندی شاری بێڵفێستەوە دوورە، لەسەر ڕووباری لاگان، کە سنووری نێوان هەرێمی ئەنتریم و هەرێمی داون پێکدەهێنێت. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ٤٥٫٣٧٠ کەس بوو و سێیەم گەورەترین شاری ئیرلەندای باکوور بوو. بۆ یەکەمجار لە سەدەی ١٧ لەلایەن ئینگلیز و دانیشتووانی وێڵزەوە داڕێژرا، لەگەڵ هاتنی پرۆتێستانی فەڕەنسی لە سەدەی ١٨دا، شارۆچکەکە وەک ناوەندێکی جیهانیی پیشەسازی کەتان گەشەسەند.
دانیشتووان
لە ڕۆژی سەرژمێری (٢٧ـی ئازاری ٢٠١١)ـدا ژمارەی دانیشتووانی شاری لیزبێرن ٤٥٫٣٧۰ کەس بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەری شارەکە ١٩٫٥٢ کیلۆمەتر دووجا بوو و چڕی دانیشتووانەکەی ٢٫٣٢٨ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. هەروەها ٦٧٫٦٥٪ـی دانیشتووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناسنامەی نەتەوەیی بەریتانییان هەیە، ١١٫٣٢٪ـی دانیشتووان ناسنامەی نەتەوەیی ئێرلەندییان هەبووە و ٢٩٫۰٤٪ـی دانیشتووان ناسنامەی نەتەوەیی باکووری ئێرلەندایان هەبووە.
ژمارەی مێینەکان زیاترە بە بەراورد بە ژمارەی نێرەکان، ژمارەی مێیەکان ٢٣٫٤١٢ و ژمارەی نێرەکان ٢١٫٩٥٨ کەسە. هەروەها گەورەترین گرووپی تەمەن ١٨ بۆ ٦٤ ساڵییە. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
- سپی پێست: ٤٤٫٢٢٥ کەس
- ئاسیایی: ٧٢٢ کەس
- ڕەش پێست: ١٣٩ کەس
- ڕەگەزی تێکەڵ: ١٩٩ کەس
- نەتەوەکانی تر: ٨٥ کەس
زمان
- ئینگلیزی: ٤١٫٩٥٢ كەس
- گەلیک: ١٩ کەس
- پۆڵەندی: ٥۰٥ کەس
- زمانەکانی تر: ٨٨٧ کەس
شوێنی لەدایکبوون
بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ شوێنی لەدایکبوونی دانیشتووانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
- ئێرلەندای باکوور: ٣٨٫٧٨٣ کەس
- بەریتانیای مەزن: ٣٫٤٣٧ کەس
- کۆماری ئێرلەندا: ٥٤۰ کەس
- یەکێتی ئەورووپا: ١٫٣٩٥ کەس
- وڵاتەکانی تر: ١٫٢١٥ کەس
ئایین
- کاسۆلیکی ڕۆمانی: ٨٫٧٤٧ کەس
- ئایینه مەسیحییەکانی تر: ٢٦٫٢٨٣ کەس
- ئایینەکانی تر: ٤١۰ کەس
- بێ ئایینەکان: ٧٫۰٣٧ کەس
مێژووی شارەکە
شوێنی سەرەتایی شاری لیزبێرن قەڵایەک بوو کە کەوتبووە بەشی باکووری ئەو شوێنەی کە ئێستا پارکی واڵێسی لێیە. پاشان لیزبێرن وردەوردە گەورە بوو و لە ساڵی ١٦٢٨ـدا، پاشا چاڕڵزی یەکەم چەند مافێکی دا بە دانیشتووانەکەی، لەوانەش کردنەوەی هەفتەبازاڕێک کە هەموو سێشەممەیەک لە شارۆچکەکەدا دەکرێتەوە. ئەم شارۆچکە شوێنی لەدایکبوونی پیشەسازی کەتان بوو، بەڵام بەرهەمێنانی کەتان لەلایەن سکۆتلەندییەکانەوە داهێنرا. لە ساڵی ١٧٦٤ـدا کاتێک ویلییەم کۆڵسن (William Coulson) یەکەم ئامێری ڕێسانی تەونی لە نزیک ئەو شوێنەی کە ئێستا پردی یونیەنی لێیە دانا، دواتر ژمارەیەکی زۆر پیشەسازی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد. بۆ گواستنەوەی بەرهەمی پیشەسازییەکان لە ساڵی ١٧٥٦ دەست بە دروستکردنی کەناڵی نێوان بێڵفێست و لیزبێرن کرا. بەڵام بەهۆی بوونی ئەو گرفت و کێشانەی کە بەدرێژایی وەرزی هاوین بەهۆی نزمبوونەوەی ئاستی ئاوەوە ڕووبەڕووی بازرگانان دەبوویەوە، لە ساڵی ١٧٩٤ـدا کەناڵەکە گەورەکرا و هەتا ساڵی ١٩٥٨ ژمارەیەکی زۆر باری شتومەکی پێدا گواسترایەوە.
لە ساڵی ١٧٨٤، کابرایەکی سکۆتلەندی بە ناوی جۆن باربۆر (John Barbour) و لە ساڵی ١٨٣۰ـدا ویلییەمی کوڕی پەرەیان بە پیشەسازی کەتان دا. لە کۆتایی سەدەکەدا کۆمپانییەکەی باربۆر گەورەترین کارگەی کەتان بوو لە جیهاندا، بە بەکارهێنانی ٣۰٫۰۰۰ تەشی و ٨٫۰۰۰ ئامێری بادان نزیکەی ٢٫۰۰۰ کەسی دامەزراند. کۆمپانیاکە گوندێکی نموونەیی بۆ کرێکارەکانی دروستکرد، لەگەڵ ٣٥۰ خانوو، دوو قوتابخانە، ناوەندێکی ڕۆشنبیری، یاریگایەکی تایبەت بە منداڵان و یاریگایەکی وەرزشی.
لیزبێرن لە شارۆچکەوە بۆ شار
لەبەرئەوەی پیشەسازی کەتان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە بازاڕی هەناردەکردن دەبەست، لیزبێرن و ناوچەکانی دەوروبەری بەتووندی کەوتنە ژێر کاریگەری سستی ئابووریی جیهانی ساڵی ١٩٣۰ـیەکان. هەروەها بەهۆی جەنگی جیهانی دووەم و هێرشە لەپڕ و توندوتیژەکانی بێڵفێست لە مانگی نیسان و ئایاری ساڵی ١٩٤١ـدا هەزاران کەس شارۆچکەکە و ناوچەکانی دەوروبەریان چۆڵکرد. پاشان لە دەیەکانی دوای جەنگدا خواست لەسەر کەتان کەمیکرد، ئەمەش بەهۆی هاتنەئارای قوماشی نوێ و گۆڕانی مۆدیلەوە ڕوویدا. هێزی کار کەمبوویەوە و دواجار کارگەی باربۆر لە هیڵدن و لە ساڵی ٢۰۰٦ـدا داخرا. دانیشتووانی لیزبێرن کە لە ساڵی ١٩٥١ـدا تەنها ١٥ هەزار کەس بوو، سەرەڕای ئەوەش لە گەشەی خۆی بەردەوام بوو و هێڵەکانی سنووری شارۆچکەکە لە ساڵی ١٩٧٣ـدا فراوانبوو، لەگەڵ ئەوەشدا خانووی زۆر و کۆمەڵە بینایەکی نوێ دروستکران. لە ساڵی ٢۰۰٢ـدا پۆستی شار بە لزبێرن درا، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٥ هەزار کەس بوو، لە دوای بێڵفێست و دێرییەوە بوو بە سێیەم گەورەترین شاری ئێرلەندای باکوور.
كەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شاری لیزبێرن ئۆقیانوسییە، بە گشتی کەشی شارەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو باران دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ٩٫٣ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ٩٧٩ مللیمەتر باران دەبارێت و بەگشتی نزیکەی ١٫٨٦٨٫٤٤ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.
لیزبێرن لە نیوەگۆی باکوورە و هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. هەروەها ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەرزترینە ٨٤٫٩٨٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی ئایاردا نزمترینە ٧٦٫٣٨٪ـە.
مانگی تەممووز باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین بەرزترینە، ١٥٫٠٧ ڕۆژ باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی ئەیلوول وشکترین مانگی ساڵە و ١٣٫۰٧ ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها، مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٤٫٦ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە نزیکەی ٤٫٨ پلەی سەدییە.
شوێنە گەشتیارییەکانی
هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:
- کۆمەڵگای زانستی فڕینی ئۆڵستەر
- مۆزەخانەی لیزبێرن و سەنتەری کەتانی ئێرلەندی
- پەرتووکخانەی شاری لیزێرن
- پارکی واڵێس
- باخچەکانی قەڵا
- كاتێدراڵی لیزبێرن
- سەنتەری زانیاری سەردانیکەرانی لیزبێرن
- مەیدانی پێشبڕکێی ئەسپی شاهانەی داون