زاراوەی کەسایەتی (prestige) چییە؟
لە کۆمەڵناسیدا ئەم زاراوەیە باس دەکات لە کاریگەرییەک کە تاک بەسەر کەسانی تردا هەیەتی چ ئەو کاریگەرییە لە ڕێگای شیاو و گونجاوەوە بێ و چ لە ڕێگەی خۆنواندن و درۆ و دەلەسەوە، بە سەرنجدان بە سەرچاوە و بنەڕەتییەکانی ئەم زاراوەیە، زۆربەی پێناسە جۆراوجۆرەکانمان بۆ ئاشکرا دەبن:
تام بۆرنز لە فەرهەنگی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەم چەشنە باس لەم زاراوەیە دەکات: تا کۆتایی سەدەی هەژدەم، زاراوەی کەسایەتی لە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزیدا هەر وەکو زمانی فەڕەنسایە بە هەمان واتای لاتینی ئەم زاراوەیە بەکار دەبرا بریتیی بوو لە: کاریگەرییەک لە ڕێگای فێڵێکەوە تاک بەسەر کەسانی تردا دایدەنا. ئەم زاراوەیە بە چەشنی مەجازی بریتی بوو لە کاریگەرییە هونەری و ئەدەبییەکان. پەرەسەندی واتەی ئەم زاراوەیە کە بریتی بوو لە کاریگەری زۆر و سەنجڕاکێشان، یا ڕاکێشانی تەلیسماوی سەرنجی خەڵکی بەرەو لای تاکێک، لەگەڵ کاریگەری ناپلیۆن بەسەر دۆست و دوژمنیدا پەیوەندی بووە، چونکە هەم پەسەندبێژان و هەمیش دوژمنانی ناپلیۆن ئەم زاراوەیان سەبارەت بەو بەکار دەبرد. پاش ئەوە ئەم زاراوەیە زیاتر پەرەی سەند و لە بەریتانیادا بەو تایبەتمەنداییانە دەبێژرا کە ڕێکخراو و نەتەوە و پیشەکان و هەروەها تاکەکان بوویان.
لە کۆتاییەکانی هەمان سەدەدا ئەم زاراوەیە لە زاستە ڕامیارییەکاندا باو بوو، باسی لە کاریگەری تاک بەسەر خەڵکدا دەکرد، هۆی ئەم کاریگەری کەسایەتییە کردە گرینگەکان و ڕەوشتی بەرزی تاک بوو. ئەم زاراوەیە لە واتایەکی ئاسانگیرانەدا کە بۆتە باو، ئاماژە دەکات بە پێگەی کۆمەڵایەتی و بە گوێرەی ڕێز و بەهایەک کە خەڵکی بۆ تاکێکی دادەنێن، لە پێوانە دەدرێ، بە بڕوای مارکس ڕێگایەک کە تاک بۆ بەدەست هێنانی داهات هەڵیدەبژێری، پیشاندەری پێگە و شوێنگەی کۆمەڵایەتی ئەو تاکەیە. بەڵآم بە بڕوای ڤیبێر بێجگە لەو سەرچاوەی کە تاک بۆ بەدەست هێنانی داهات هەڵیدەبژێرێ، چەند و چۆنێتی خەرجکردنی داهاتەکەشی لە پێناسە و دیاریکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو تاکەدا دەوری سەرەکیی هەیە، میسۆد و ڕێگا و ڕەوتی خەرجکردنی داهات ڕوون دەکاتەوە کە تاک خاوەنی چ پێگەیەکی کۆمەڵایەتییە، بە بڕوای ماکس ڤیبێر، هەروەها پێگەی تاک پەیوەندی بەمەوە هەیە کە تاک چ بەهایەک بە تایبەتمەندی وەکو نەتەوە، ڕابردووی خێزانی، ئایین، کار و ئاستی خوێندنی تاکەکان دەدات و هەروەها ئەندامانی کۆمەڵگا چۆن جوانی، بوێری، یان کارە پیرۆزەکان پێناسە دەکەن، بۆ نموونە لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا (کار) یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئابڕوو و کەسایەتییە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەمەی کە توێژبەندییە کۆمەڵایەتییەکان چەند ڕەهەندین، پێکهاتنی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان پشت بەستراوی ئەوەیە کە خەڵکی لەسەر کەم یەک لە ویست و پێناسەکان پێداگری زیاتر دەکەن، بۆ نموونە لە هەندێ لە کۆمەڵگاکاندا پێناسە نەتەوەییەکان گرنگترن تا پێناسە ئابووری و چینایەتییەکان. پێناسەی نەتەوەیی دەورێکی سەرەکی لە شۆڕشەکانی ١٩٨٩-١٩٩٠ـی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا گێڕاوە، بەشی زۆری ئەم شۆڕشانە دژ بە دەسەڵاتی ڕووسیا بوون، بە بڕوای ڤیبێر دابەش کردنی کۆمەڵگا بەسەر دوو چینی ئابووری دژ بەیەک (بیردۆزی مارکسی) زۆر ساویلکانەیە و ئاڵۆزی دژایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی جڤاتە نوێیەکان لەبەرچاو ناگرێ.
بە گشتی هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، بە گوێرەی ڕوانگەی سادە گیرانەیەک کە ئەمڕۆ باوە لە زۆربەی وڵاتە پیشەسازی و نیوەپیشەسازییەکاندا ڕادەی کەسایەتی و ئابڕووی تاکەکان بە گوێرەی کار و داهاتی خەڵکی دەپێون، خەڵکی ئەم وڵاتانە بایەخێکی زۆر دەدەنە پیشەی پزیشکی و بریکاری و ئەندازیاری، بەشێک لەم بایەخە کە دەدرێتە ئەم پیشانە بە بۆنەی داهاتی زۆری ئەم کەسانەیە، بەڵام دەبێ بزانرێ کە تەنیا داهات، ناتوانێ پێوەر بێ بۆ کەسایەتی و ئابڕووی تاکەکان. بەدەستهێنانی ئەم کارانە پێویستی بە شارەزایی و پسپۆڕی و خوێندنی باڵایە، لە ناو کۆمەڵگەکاندا کاری زۆر هەیە کە پێویستیان بە خوێندن و شارەزایی و لێزانینی زۆر نییە، بەم پێیە دەتوانین بگەین بەم دەرئەنجامە کە بایەخێک کە خەڵکی بەم پیشانەی دەدەن، بە بۆنەی شارەزایی و لێهاتووی و پسپۆڕی ئەم کەسانەیە، لە زۆربەی وڵاتانی پیشەسازی و مۆدێرندا، زنجیرەی بایەخ و کەسایەتی ئەم کارانە یەکسانن.