زاراوەی ئەرک لە کۆمەڵناسیدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-26-09:12:00 - کۆدی بابەت: 4866
 زاراوەی ئەرک لە کۆمەڵناسیدا
زاراوە هەمەڕەنگەکان

 زاراوەی ئەرک لە کۆمەڵناسیدا چییە؟

نەزم و ڕێک پێکی کۆمەڵگا گرینگرترین بابەتێکە کە ئەرک خوازان جەختی لەسەر دەکەن. ئەوان کۆمەڵگا وەکو سیستەمێک دەزانن کە لە بەش و باشگری جۆراوجۆر پێکهاتووە و ئەو بەشانە لەگەڵ یەکتر پەیوەندیان هەیە، بەڕای ئەوان ئەم بەشە لێک جیاوازانە ئەوەندە لێکتر نزیکن و پەیوەندییان پێکەوە هەیە کە نەک تەنیا بەسەر یەکدا کاریگاریان هەیە بەڵکو کاریگەریان بەسەر سەرجەمی سیستەمدا بە ڕاشکاوی دیارە، واتای ئەرک بریتییە لە ڕادەی بەشدارییەک کە هەر بەش بۆ وتنی سەرجەمی سیستەم هەیەتی و هەروەها کاریگەرییەک کە ئەم بەشە بەسەر بەشەکانی تردا هەیەتی. بە واتایەکی تر ئەرک بریتییە لە ئاسەوارێک کە هەر بەش بەسەر بەشەکانی تر یاخود سەرجەمی سیستەمدا بە جێی دێڵێ.  بۆ نموونە دەکرێ جەژنی نەورۆز لە پەیوەندی لەگەڵ بەشە کۆمەڵایەتییەکانی تر وەکو کڕینی شتومەکی نەورۆز، خاوێن کردنەوە خانوو، جوڵاندنی ئابووری هتد. هەندێ لە کۆمەڵناسان ئەم واتایە وەکو واتایەکی گشتی بەکار دەبەن کە بریتییە لە ئەرکی نێگەتیڤ، ئەرکی پۆزەتیڤ، ئەرکی ئاشکرا و ئەرکی نهێنی. بۆ ڕوونبوونەوەی ئەم واتا ئاڵۆزە ئەرکخوازانی سەرەتایی کۆمەڵگایان لەگەڵ بونەوەرێکی بایۆلۆجیک هەڵدەسەنگاند. لەشی مرۆڤ لە بەشی جۆراوجۆری وەکو ئێسک و ماسوولکە و دەمار و هۆرمۆن و خوێن و ڕەگ و دڵ و گورچیلە و سی و ماددەی کیمیایی جۆراوجۆر و زۆر شتی تر پێکهاتووە، کە هەموویان پەیوەندی لەگەڵ یەک و بە کاریگەر بوون بەسەر یەکدا دەبنە هۆی ئەوەی کە سیستەمی لەشی مرۆڤ لە دۆخێکی هاوسەنگدا بمێنێتەوە و لەسەر ڕەوتی خۆی بەردەوام بێ. هەریەک لەم بەشانە ئەرکێکی تایبەتی بۆ ڕاگرتن و پاراستنی سەرجەمی سیستەمی لەشی مرۆڤ هەیە، بەڵام ناتوانێ بە واتایەکی لە بەشەکانی تر جیابێتەوە و بە تەنیا و بەسەربەخۆیی کاربکات، بە واتایەکی تر پەیوەندی و کارلێکی ئەم بەشانە بەسەر یەکدا، ئەرکەکانیان دیاری و کاریگەریان دەکات. ئەرکخوازان کۆمەڵگا بە لەشی مرۆڤەوە دەشووبهێنن کە لە بەشی جۆراوجۆر و لێک جیاواز پێکهاتووە کە لەگەڵ یەکدا پەیوەندی و بەسەر یەکدا کاریگەریان هەیە، بە بڕوای ئەوان، ئەو پارچانەی کە پێکهێنەری کۆمەڵگان بریتین تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک، وەرزش، دەرمان، خشڵ و زیو، ڕێ و ڕەسمی پرسە و ڕێزگرتن لە یەکتر و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان و یاسا و زمان و شێوازەکانی گواستنەوە و ئامراز و کەرەستەکان باوەڕەکان و هتد. هەر یەک لەم بەشانە وەکو بەشە جۆراوجۆرەکانی لەشی مرۆڤ بۆ بەرەنگاری و ڕاگرتنی سیستەمی کۆمەڵگا خاوەنی ئەرکی تایبەت بە خۆیەتی، بە نموونە یەکێک لە ئەرکەکانی دامەزراوەی پەروەردەی ڕەسمی بریتییە لە گواستنەوەی زانست و شارەزایی لە وەچەیەکەوە بۆ وەچەیەکی تر. بەشەکانی تری سیستەمی کۆمەڵایەتی وەکو ڕەسم و یاسا نەنووسراوەکان سەبارەت بە کات و شوێنی پێویست بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی تر، خەڵکی بە چەشنێکی ڕێک و پێک کە دەکرێ پێشبینی بکرێن، بە یەکتر دەبەستنەوە. نەبوونی ئەم ڕەسم و یاسا نەنووسراوانە دەتوانێ ببێتە هۆی پشێوە و ئاژاوە و ناڕێکی کۆمەڵایەتی.


سەرچاوەکان



529 بینین