ناوهڕۆك
ئەنیكاست (Anycast) چییە؟
بریتییە لە شێوازێكی ڕاوتین كە ئای پی ئەدرێسێك یەك ئامانجی هەیە بەڵام دەتوانێت بە چەند ڕێگەیەكدا بڕوات، كە ڕاوتەرەكان هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی باشترین ڕێگا بەپێی:
- هەنگاو (Hop)
- دووری
- كەمی تێچوو
- خDرایی
نێتۆركی ئەنیكاست زیاتر لە نێتۆركی گەیاندنی بەرهەم (content delivery network)ـدا بەكاردێت، بۆ ئەوەی زانیارییەكان بە خێراترین شێوە بگات بە بەكارهێنەران.
چۆنییەتی كاركردنی ئەنیكاست
لە ڕاوتنی ئەنیكاستدا نامەیەك دەنێردێت بۆ كۆمەڵە وەرگرێك كە هەمان ئەدرێسیان هەیە (هەموویان وەك یەك وان)، ئەنیكاست هەڵدەستێت بە دابەشكردنی ئەو داواكارییانەی كە دێن بەسەر چەند داتا سەنتەرێكدا بۆ ئەوەی وەڵامی داواكارییەكە بدرێتەوە، ڕێگای هەڵبژاردنی داتا سەنتەرەكان بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكان بەشێوەیەك هەڵدەبژێردرێت كە كەمرین هێواشبوونەوە (latency) ڕووبدات، ئەمەش بە هەڵبژاردنی نزیكترین داتا سەنتەر دەبێت لە سەرچاوەی ئەو ئامێرەی كە داواكارییەكەی كردووە، ئەنیكاست بریتییە لە پەیوەندی یەك-بۆ-یەك بە چەندین ڕێگا (one-to-one of many assocoation).
هۆكاری بەكارهێنانی ئەنیكاست
گەر لە یەك كاتدا چەندین داواكاری بنێردرێت بۆ یەك سێرڤەر، دەكرێت سێرڤەرەكە لۆدێكی زۆری بكەوێتە سەر و نەتوانێت وەڵامی داواكاری تر بداتەوە هەروەها وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی تریش خاو دەبنەوە، بۆیە لە ئەنیكاستدا لە جیاتی ئەوەی یەك سێرڤەر هەموو ئەو داواكارییانەی بۆ بێت و لۆدێكی زۆری بڕواتە سەر، داواكارییەكان دابەش دەكرێن بەسەر چەند داتا سەنتەرێكدا، كە هەریەكە لەو داتا سەنتەرانە سێرڤەری تایبەتیان هەیە كە دەتوانن وەڵامی ئە داواكاریانە بدەنەوە كە بۆیان دێت بەبێ ئەوەی بنێردرێن بۆ سێرڤەری سەرەكی.