ناوهڕۆك
Multicast
لە نێتۆركیندا فرە ناردن (Multicast) بریتییە لە پەیوەندی نێوان كۆمەڵە كۆمپیوتەرێك، كە داتا تێیدا لە سەرچاوەیەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كۆمەڵە وەرگرێك لە هەمان كاتدا، دەكرێت پەیوەندی فرە ناردن یەك-بۆ-كۆمەڵ (one-to-many) بێت یان كۆمەڵ-بۆ كۆمەڵ (many-to-many) بێت.
ئاسانترین ڕێگا بۆ ناردنی فایلێك بۆ كۆمەڵە كۆمپیوتەرێك بریتییە لە ناردنی كۆپییەك بۆ هەر یەكە لەو كۆمپیوتەرانە، بەڵام ئەم ڕێگەیە كارامە نییە، چونكە ناردنی ئەم كۆمەڵە داتایانە لە یەك كاتدا ناكرێت، بۆیە فرە ناردن (Multicast) وا دەكات كە بە ناردنی یەك كۆپی داتاكە هەموو وەرگرەكان داتاكەیان پێ بگات كە ئەمە لەڕێگەی داەبشكردنی فایلە نێردراوەكە لەنێوان وەرگرەكاندا دەبێت، كە ئەمەش ئەو باندویثە (bandwidth)ـەی كە بەكارهاتووە كەمتر دەكاتەوە.
ئەو فرە ناردنانەی كە لە ئینتەرنێتدا ڕوودەدەن پێیاندەوترێت فرە ناردن لەڕێگەی ئای پییەوە (IP multicasting) هۆكاری ناونانەكەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە ئەم فرە ناردنە پڕۆتۆكۆڵی ئینتەرنێت (IP) بەكاردەهێنێت، فرە ناردنی ئای پی شتێك دروست دەكات كە پێیدەوترێت درەختنی فرە ناردن (multicast trees) كە ئەم درەختانە وا لە یەك فایلی نێردراو دەكەن كە دابەش ببێت بۆ چەند لقێك تا دەگات بە شوێنی مەبەست، ئەم لقانە لە كاتی پێویستدا لە ڕاوتەری ئینتەرنێتەكاندا دروستدەبن.
فرە ناردن لەڕێگەی ئای پییەوە (IP multicasting) ڕوودەدات لەڕێگەی تێكەڵكردنی دوو پڕۆتۆكۆڵی تر لەگەڵ پڕۆتۆكۆڵی ئینتەرنێت، كە یەكەمیان بریتییە لە پڕۆتۆكۆڵی ڕێكخستنی گروپ Group Management Protocol (IGMP)، ئەم پڕۆتۆكۆڵە وا لە بەكارهێنەران دەكات كە بتوانن داواكاری بكەن بۆ چوونە ناو پەخشێك (stream) یان وەرگرتنی داتایەك، هەروەها پڕۆتۆكۆڵی دووەم بریتییە لە پڕۆتۆكۆڵی فرە ناردنی سەربەخۆ Protocol Independent Multicast (PIM)، ئەم پڕۆتۆكۆڵە ڕاوتەرەكان بەكاریدەهێنن بۆ ئەوەی درەختی فرە ناردن (multicast trees) دروست بكەن، بۆیە كاتێك ڕاوتەرێك داواكارییەكی بۆ دێت لە ڕێگەی (IGMP)ـەوە بۆ ناردن یان چوونی ناو پەخشێكەوە، ئەوا ڕاوتەرەكە (PIM) بەكاردەهێنێت بۆ بەستنەوەی ئەو ئامێرەی كە پەیوەندییەكەی داواكردووە بە پەخشەكەوە.
پەخش
(پەخش-stream: واتا گواستنەوەی بەردەوامی داتا و زانیاری لە سێرڤەرەوە بۆ بەكارهێنەر، وەك سەیركردنی ڤیدۆ یاخود گوێگرتن لە گۆرانییەك لە ئینتەرنێتەوە).
فرە ناردن چەندین بەكارهێنانی هەیە، زیاتر بەكاردێت بۆ ڕاستەوخۆ پەخشكردنی میدیا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، وەك تەلەفیزیۆنی ڕاستەوخۆ (live TV) و ڕادیۆی ئینتەرنێت (Internet radio)، فرە ناردن دەكرێت بەكاربهێنرێت بۆ ناردنی جۆری جیاوازی داتا، وەك هەواڵەكان، زانیاری دەربارەی پشكەكان و هەروەها ناردنی كۆپی دیجیتاڵی پڕۆگرامەكان، هەر جۆرە بەكارهێنانێك بێت فرە ناردن (Multicast) یارمەتی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی باندویث (bandwidth)ـی ئینتەرنێت دەدات كە ڕێگایەكی ئاسان و باشترە بۆ ناردنی داتا بۆ كۆمەڵە بەكارهێنەرێك لە یەك كاتدا.