کاریگەری ئامڕازەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری

له‌لایه‌ن: - یاد نورالدین - به‌روار: 2021-05-28-20:56:00 - کۆدی بابەت: 5599
کاریگەری ئامڕازەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری

ناوه‌ڕۆك

كاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ئاستی زانیاری وه‌رگرتن (استیعاب)

زانیاری له‌ ئه‌نجامی كارلێككردنی ناوه‌ڕۆكی ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی كه‌سێتیدا په‌یدا ده‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م ئامڕازانه‌ به‌شداری له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زمونه‌كان بۆ تاكه‌كان ده‌كه‌ن، جا چ ئه‌زموونێكی دروستكراو بێت له‌ ڕێگه‌ی فلیم و زنجیره‌ درامییه‌كانه‌وه‌، یان ڕاسته‌قینه‌كان له‌ ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌ر ئه‌زموونێكه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كرابێ، ئه‌م ئه‌زموونانه‌ زانیاری و بۆچونی تاكه‌كان له‌سه‌ر زانیاری جۆرا و جۆری تر زیاد ده‌كات و وایان لێده‌كات كه‌ جۆره‌ ژیانی دیكه‌ وه‌ربگرن و زیاتر و باشتریش لێی تێبگه‌ن.

به‌رهه‌مهێنانی واقیع و پێكهێنانی ڕای گشتی

زۆرجار ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵده‌ستن  به‌ پێشكه‌ش كردنی واقعێكی دیاریكراو له‌ جیاتی واقیعه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ و به‌ (واقعی جێگره‌وه‌)ش ناسراوه‌، به‌مه‌به‌ستی كاریگه‌رێتی بۆ پێكهێنانی ڕای گشتی، ئه‌مه‌ش هه‌ر كاتێك ئه‌و ئامڕازانه‌ بیانه‌وێ، مه‌به‌ستیش له‌ به‌رهه‌مهێنانی واقیع، وێناكردنی بواره‌كانی ژیان و پێشكه‌شكردنیانه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر به‌و پێیه‌ی كه‌ ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری پێشكه‌شیان ده‌كات، به‌مه‌ش ڕایه‌كی گشتی به‌ پێی ئه‌و شێوه‌یه‌ و چۆنیه‌تی پێشكه‌شكردنی له‌ لایه‌ن ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ پێكدێت، هه‌ر یه‌كێكیش له‌و ئامڕازانه‌ لایه‌نێكی  دیاریكراو دەشارێته‌وه‌ و لایه‌نێكیتر كه‌ خۆی مه‌به‌ستی بێ ده‌رده‌خا به‌ مه‌به‌ستی ڕه‌واجدان و پڕوپاگه‌نده‌ و واته‌وات دا.

دانانی ئه‌جینده‌ (ڕێكخستنی پیشیه‌یی)

ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری كۆمه‌ڵیك بابه‌ت ده‌ست نیشان ده‌كه‌ن، كه‌ جێگای بایه‌خی جه‌ماوه‌ر بێت، به‌ پێی مه‌ودای ئه‌و بایه‌خ پێدانه‌ی جه‌ماوه‌ریش، زانیاری و ڕاوپۆچوون ده‌به‌خشنه‌ ڕای گشتی.

كارتێكردنه‌ سه‌ر نه‌ریت و گۆڕینی ئاراسته‌كان

توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانی بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاندن كۆكن له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری كاریگه‌رێتییان هه‌یه‌ بۆ سه‌ر به‌ها و دابونه‌ریت و زانیارییه‌كانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ ئه‌و ئامڕازانه‌ به‌كارده‌ھێنن، كارتێكردنی ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری كاریگه‌رێتییان زیاتر ده‌بێت به‌ زیادبوونی كاتی به‌كارهێنانی ئه‌و ئامڕازانه‌، واته‌ هه‌رچه‌ند جه‌ماوه‌ره‌كه‌ (وه‌رگر) ماوه‌ی زیاتر ئه‌و ئامڕازانه‌ به‌كاربهێنێت، ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌رێتییان زیاتر ده‌بێت، واته‌ په‌یوه‌نییه‌كی (گردی) له‌ نێوان كاریگه‌رێتی و زێده‌بوونی به‌كارهێنان و ئه‌و ئامڕازانه‌دا هه‌یه‌.

گۆڕینی ڕه‌فتار

ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ زانستییانه‌ی كه‌ له‌ بواره‌كانی ده‌روونزانیدا ئه‌نجام دراون جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری به‌شداری له‌ گۆڕینی ڕه‌فتاری جه‌ماوه‌ردا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه‌ پێویستی به‌ به‌ به‌شداریكردن و ئاماده‌باشی جه‌ماوه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كه‌ بێته‌دی، سه‌ڕه‌ڕای هۆكاریتری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كۆمه‌ڵگا و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی تێیدا ده‌ژی.


سەرچاوەکان



602 بینین