دیکتاتۆری سەربازی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-31-02:35:00 - کۆدی بابەت: 5642
دیکتاتۆری سەربازی

ناوه‌ڕۆك

دیكتاتۆری چەكداری

دیكتاتۆری سەربازی دەستەواژەیەكە بە واتای دەسەڵاتی سەربازی ڕەها دێت لە وڵاتدا بەسەر هەموو شتێك و كایەكانی ژیانی كۆمەڵگا، ئەمەش واتە دەسەڵاتێكی تەواوخوازی لە بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی.

دیكتاتۆری سەربازی یەكێكە لە خراپترین و دڕندانەترین جۆرەكانی دیكتاتۆری لەبەرئەوەی بە هێزێكی سەربازی گەورەوە پاڵپشتی دەكرێت و سەركوتكاری هەر كەسێكە نزیك بێت لە مەترسی بۆ دەسەڵات، لەم ڕێگایەوە بە ڕق و هەڕەشە سیستمی وڵات بە نهێنی و ئاشكرا بەڕێوەدەبرێت و مافی ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەیەكی تەواو پێشێل دەكرێت.

جیاوازی ئەم جۆرە حوكمە سەربازییە لەگەڵ حوكمی سەربازی ستراتۆكراتی ئەوەیە لەم سیستمەدا خەڵكی پاڵپشتی ئەم دەسەڵاتە ناكەن، بەڵكو هێزێك یاخود لایەنێك بە سووپاكەیەوە دەبێتە دەسەڵاتدار بەهۆی شۆڕش یان هەر ڕێگایەكی دیكەوە و دواتر خەڵكی دەچەوسێنێتەوە گەر ناڕازی بن، بۆیە دەبێت خەڵكی بە زۆرەملێ ڕازی بن بە دەسەڵاتی نوێ و پابەندی یاساكانی بن.

پەیوەندی ستراتۆكراسی بە دەستەواژەی دیكەوە

چەند دەستەواژە و بابەتێك هەن كە زۆرینەی جار لەگەڵ دەسەڵاتی سەربازی دیكتاتۆریدا دێن:

  • تۆتالیتاریسم: هەموو دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری سەربازی تۆتالیتاریسمە بەڵام هەموو تۆتالیتاریسمێك دیكتاتۆری سەربازی یاخود حكومەتی سەربازی نییە.
  • بە پیرۆز زانینی سووپا: لە ڕێكخستنی حكومەتی سەربازی سووپا بە پێگەیەكی پیرۆز دادەنرێت لە وڵاتدا و پێویستە هەموو میدیا و تاكێك بە پیرۆزی ناوی سووپا بهێنێت و ڕێزیان بگرێت، لەم حكومەتەدا هەموو جۆرە ڕەخنەیەك لە سووپا سانسۆر دەكرێت و سزای كەسی ڕەخنەگریش دەدرێت.
  • دەوڵەتی پۆلیسی: حكومەتی سەربازی جیاوازە لە دەوڵەتی پۆلیسی، چونكە سووپا و پۆلیس دوو بەشی جیان و تێكەڵ ناكرێن، چونكە لە حكومەتی پۆلیسی خەڵكی ناچاردەكرێن پەیڕەوی هەندێك یاسا بكەن كە زۆرینەی كات یاسای هاتووچۆیە و كاتێك دیاری دەكرێت و پێویستە هاوڵاتیان پێش ئەو كاتە لە ماڵەوە بن.
  • تاكحیزبی: هەموو حكومەتێكی سەربازی تاكحیزبییە و ڕێگا بە حیزبێكی دیكە نادات چالاكی سیاسی ئەنجام بدات، بەڵام هەموو وڵاتێكی تاكحیزبی مەرج نییە حكومەتی سەربازی دیكتاتۆری بێت.

لە دەسەڵاتی دیكتاتۆری سەربازیدا زۆرینەی كات فەرماندەكانی سووپا دەست دەگرن بەسەر هەموو شتێكی وڵات، بۆ نموونە بەڕێوبەری قوتابخانە فەرماندەیەكە بە پلەی عەقید، یاخود پارێزگار و قائیمقامی شار ژەنەڕاڵە، بەڕێوبردنیشیان بەرێوەبردنێكی سەربازییە زیاتر، نموونەی ئەم جۆرە سیستمەش لە كیشوەری ئەمریكای باشووردا باوە، هەروەها لە میسڕ لە ساڵی 1952 دوای كودەتای سەربازی و ڕووخاندنی سیستمی پادشایەتی.


سەرچاوەکان



889 بینین