ناوهڕۆك
ستۆکهۆڵم سیندرەم
ستۆکهۆڵم سیندرەم (Stockholm syndrome) بریتییە لە دیاردەیەکی دەروونی تووشی ئەو تاکانە دەبێت کە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر بە هەر جۆرێک بێت، بەڵام دەستدرێژی لەسەر کراوەکان هاوسۆزیان بەرامبەر بەو کەسانە بۆ دروست دەبێت کە بە دوژمنیان دادەنرێن و دەستدرێژیان کردۆتە سەریان، یاخود جۆرێک لە جۆرەکانی لایەنگریان بۆ ئەو کەسانە بۆ دروست دەبێت، وەک هاوسۆزیی دەربڕینی کەسی ڕفێنڕاو بۆ کەسی ڕفێنەر.
ئەم حاڵەتە پێشی دەوترێت پەیوەندیی ئەسیری یاخود ڕفاندن، لە ساڵی 1973ـوە ئەم حاڵەتە ناوبانگی دەرکرد، کاتێک ڕفێنراوێک دڵسۆزی و هاوهەڵوێستیی بەرامبەر کەسی ڕفێنەر و ئەسیرکەر دەردەبڕی، ئەم هاوسۆزییە گەیشتە ئەو ئاستەی کە پارێزگاری لێدەکرد و هاوخەمی بوو، ئەم هەستانە بە شێوەیەکی گشتی نالۆژیکین و لە ئەقڵی سەلامەتدا جێگەی نابێتەوە، لەبەر ئەوەی مەترسییەکی گەورە هەیە لەو کارانەی کەسی نێچیر تووشی دەبێت و هێشتا پێیان ڕازییە، ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم حاڵەتە وادەزانن کە کەسی دەستدرێژیکار ئەگەر دەستدرێژیی و هەڵسوکەوتی خراپی نەنواند ئەمە لە سۆز و بەزەییەوەیە.
لە داتاکانی پۆلیسدا بوونی هەیە کە ستۆکهۆڵم سیندرەم لە 8%ـی حاڵەتەکانی ڕفاندندا هەیە حاڵەتی ستۆکهۆڵم سیندرەم دەکرێت بە یەکێک لە جۆر و نیشانەکانی شۆک دابنرێت، مەرج نییە ئەم حاڵەتە تەنها لە ڕووداوەکانی ڕفاندندا ڕووبدات، لەبەر ئەوەی ئەم حاڵەتە بریتییە لە پەیوەوندییەکی سۆزداریی بەهێز کە لە نێوان دوو کەسدا ڕوودەدات یەکێکیان بە توندی ئازاری ئەوی دیکەیان دەدات.
ناونانی ئەم حاڵەتە لەبەر ڕووداوێک ناونراوە کە لە ستۆکهۆڵم لە سوید ڕوویداوە، کاتێک کۆمەڵێک دز دایان بەسەر بانکی کریدیتبانکین Kriditbanken لە ساڵی 1973ـدا، بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەندێک لە کارمەندەکانی بانکەکەیان کردە بارمتە، لەو ماوەیەدا هەندێک لە بارمتەکان دەستیان کرد بە دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ تاوانبارەکاندا و هاوسۆزیان بۆ دەردەبڕین، تەنانەت دوای ئەوەش کە بارمتەکان ئازادکران، هێشتا هەر لایەنگریان بۆ دەستدرێژیکارەکان مابوو و بەرگرییان لێدەکردن.
مێژووی حاڵەتی ستۆکهۆڵم سیندرەم
ئەم بیردۆزە بە ناوی شاری ستۆکهۆڵمی سویدەوە ناونراوە، کە لە شارەکەدا ڕووداوێکی دزیکردن لە بانک ڕوویدا لە مانگی 8-1973ـدا، لەم ڕووداوەدا دزەکان ژمارەیەک لە کارمەندانی بانکەکەیان کردە بارمتە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، لەو ماوەیەدا دزەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتدا ڕێککەوتنیان دەکرد، بەڵام سەیرەکە لەوەدابوو کە تەنها لەو ماوە کورتەدا کەسە دەستدرێژی لەسەر کراوەکان هاوسۆزیان بۆ ئەو کەسانە بۆ دروست بوو کە ئەوانی ڕفاندبوو، ئەوان یارمەتیی دەسەڵاتدارانیان ڕەت دەکردەوە، تەنانەت دوای تەواوبوونی ڕووداوەکە هێشتا هەر بەرگریان لە ڕفێنەرەکان دەکرد.
نموونەی ئەو کەسانەی تووشی حاڵەتەکە دەبن
پێوەرێکی دیاریکراو نییە بۆ دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پەیوەندییەکی سۆزداری لە نێوان ڕفێنەر و بارمتەکان هەیە لە چەند حاڵەتێکی جیاوازدا، وەک:
- ئەو منداڵانەی دەستدرێژیان کراوەتە سەر.
- ئەو ئافرەتانەی دەستدرێژیان کراوەتەسەر.
- ئەو کەسانەی لە نێو گروپە توندڕەوەکاندان.
- ئەوانەی لەلایەن مەحرەمی خۆیانەوە دەستدرێژیان کراوەتەسەر.
- زیندانیان.
چەند نموونەیەک لەسەر ڕووداوەکە
چەندین حاڵەت هەن دەربارەی ستۆکهۆڵم سیندرەم، لە نێوانیاندا:
- پاتی هیرست: یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەو کەسانەی تووشی حاڵەتەکە بووە، پاتی لە خێزانێکی دەوڵەمەند بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 1974ـدا لە لایەن کۆمەڵێکەوە ڕفێنرا تاوەکو لە بەرامبەر پارەدا ئازاد بکرێت، بەڵام دوای دوو مانگ لە بە بارمتەگرتنی و دەستدرێژیی بەردەوام لەسەری، کچەکە بووە بەشێک لە کۆمەڵەکە و بووە هەڵگری بیر و ڕاکانیان و لەگەڵیشیاندا بەشداری چەندین تاوان و دزیی کرد، دوای ساڵێک دەستگیرکرا و بۆ ماوەی 35 ساڵ سزادرا، بەڵام بە بڕیارێکی سەرۆک کارتەر حوکمەکەی سووک کرا و لە ساڵی 1979ـدا ئازادکرا.
- بارمتەکانی ڕووداوی ستۆکهۆڵم: ئەم کۆمەڵە هاوسۆزییان بەرامبەر بە ڕفێنەرەکان بۆ دروست بووبوو، بۆیە پۆلیس نەیدەتوانی ڕزگاریان بکات و ناچاربوو گازی فرمێسکڕێژ بکات بەسەریاندا، هاوسۆزی دەربڕینی ئەم کۆمەڵە کارمەندە بووە جێگەی سەرسوڕمانی هەمووان و بەم شێوەیەش حاڵەتەکە بە ناوی ئەم بارمتانەوە ناونرا.
- ئیلیزابێس سمارت: کاتێک تەمەنی تەنها 14 ساڵان دەبوو لە ژوورەکەی خۆیدا ڕفێنرا لە ساڵی 2002ـدا لەلایەن کەسێکەوە کە بە چەک هەڕەشەی لێدەکرد، ڕفێنەرەکە کچەی برد بۆ دارستان کە لەوێ هاوسەری ڕفێنەرەکەش چاوەڕێی دەکرد، کەسی ڕفێنەر ئیلیزابێسی کردە ژنی دووەمی خۆی لە ئاهەنگێکی تایبەتیدا، بۆ ماوەی نۆ مانگ لەوێ مایەوە و لەگەڵ پیاوەکەدا چەندین جار جێگۆڕکێیان کردووە، دەرکەوت کە ڕفێنەرەکە دەیبەستەوە بە درەختەکانەوە و بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ برسیی دەکرد، دوای ئەوەی کە پۆلیس تاوانبارەکەی دۆزییەوە و دەستبەسەریان کرد، ئیلیزابێس وتی: چەند جارێک هەلی بۆ ڕەخساوە کە ڕابکات، بەڵام نەیقۆستۆتەوە و بە ئارەزوومەندانە لەگەڵی ماوەتەوە.
- لە ئەڵمانیاشدا هەندێک یەهودی بانگەوازی هاتنە خوارەوەی یەهود و سەرکەوتنی سیاسەتی هیتلەریان دەکرد.
دەوڵەتی سەرکوتکاری
لەسەر ئاستی کۆمەڵگاکانیش دەکرێت ئەم حاڵەتە لە دەسەڵاتە سەرکوتکارییەکاندا تێبینی بکرێت، کاتێک دەسەڵات سەرچاوەکەی لە زۆرینەی خەڵکەوە نییە، بۆیە شێوازی حوکمکردن شێوازێکی سەرکوتکاری و زوڵمکردن پەیڕەو دەکات لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە، لەو ماوەیەدا تاکەکان پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدا پەرەپێدەدەن، ئیدی کۆمەڵگا دەبێتە قوربانیی دەسەڵات، لەو کاتەشدا دەسەڵات بەم حاڵەتە دەزانێت، ئیدی دەسەڵات ڕێگای بەزۆر وەرگرتن و گێچەڵ بەرامبەر کۆمەڵگا دەگرێتە بەر، دواتریش گەل لەگەڵ سەرکوتکاری و زەلیلی ڕادێت تا ئاستێک کە ترس و بیمی لە گۆڕانکاری هەیە ئەگەر گۆڕانەکەش ئاڕاستەیەکی باشی هەبێت، بەم شێوەیە بەردەوام پشتگیری دەسەڵات دەکات و باشە زۆر کەمەکانی باس دەکات و سیما سەرکوتکاری و گەندەڵییەکانی پشتگوێ دەخات.