پڕوپاگەندە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-03-01:04:00 - کۆدی بابەت: 5723
پڕوپاگەندە

ناوه‌ڕۆك

پڕوپاگەندە چییە؟

پڕوپاگەندە یان قسەوقسەلۆک (بە ئینگلیزی: Propaganda) یاخود ڕیکلامی سیاسی، جەوسازی یاخود پڕوپاگاندا، تۆڕێکی ڕێکخراویی هەواڵ و وتە و کردەوەیە لەلایەن کەسێک یان لایەنێکەوە ئەنجام دەدرێت بۆ بەرچاوگرتن و شاردنەوەی شتێک و گۆڕینی بە جۆرێک لە خزمەتی ئەو لایەنەدا بێت.

ئامانجی پڕوپاگەندە ناردنی زۆرترین پەیامی ساختە و لایەنگرییە بۆ زۆرترین کەس تاوەکوو بتوانێت جۆری بیرکردنەوەی ئەو کەسانە بگۆڕێت دەربارەی بابەتێک، ئەم جۆرە بڵاوکراوەیەش دژیەکە لەگەڵ نووسراوی (بابەتی)ـدا لە گەیاندنی زانیارییەکان، بە واتایەکی ڕوونتر پڕوپاگەندە بریتییە لە پیشاندانی زانیارییەکان بەو شێوەیەی ئامانجە ڕاستییەکە بشارێتەوە و ئامانجێکی دیکە بپێکێت، هەروەها ئەم جۆرە بابەتە پێکدێت لە بابەتی ناتەواو و ناڕاست و زۆرجار بە هەواڵی درۆ ناوزەند دەکرێت، گەر نەتوانرێت تەواوی بابەتەکە بە درۆ بنووسرێتەوە، لانی کەم بەشێکی گرنگی بابەتەکە کە جۆری بیرکردنەوەی خوێنەران و بیسەران بگۆڕێت دەگۆڕدرێت بەو جۆرەی کە لایەنی بڵاوکەرەوە دەیهەوێت و زۆرینەی کاتیش کاریگەری لەسەر هەست و سۆزی خەڵکی هەیە وەک لە مێشک و بیرکردنەوەیان و وادەکات بە مێشکیان بیرنەکەنەوە و بە سۆزی خۆیان بڕیار بدەن.

بە زمانی سیاسی پڕوپاگەندە بە واتای برەوپێدان دێت، بە زمانی ئابووریش بە واتای ڕیکلام و بازاڕکردن دێت، لە زمانی ئایینیشدا مەبەست لێی بانگەشەیە.

کورتترین پێناسەش بۆ پڕوپاگەندە بریتییە لە:

"درۆی باوەڕپێکراو بۆ گێلکردن و خەڵەتاندن".

سەرهەڵدانی وشەکە

وشەکە لە خۆیدا لە ئینگلیزیدا بەکاردەهێنرێت و لە دەستەواژەی لاتینی "کۆنگریگاتیۆ دی پڕۆپاگاندا ڤیدی"ـوە هاتووە کە بە واتای "کۆمەڵگای بڵاوکردنەوەی ئیمان" دێت و لەلایەن پاپا گریگۆری پانزدەیەمەوە (هەندێکیش دەڵێن لەلایەن ئۆربانی هەشتەمەوە) بەکارهێنراوە لە ساڵی ١٦٢٢، کە کاری بڵاوکردنەوەی کاثۆلیکی بوو لە هەرێمەکاندا.

زیاتریش بۆ ئەو زانیارییانە بەکاردەهێنرا کە بڵاودەکرانەوە بەبێ ئەوەی واتایەکی ڕاست و درووستیان هەبێت، بەڵام ئەو دەستەواژەیەی ئێستا بەکاردەهێنرێت لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە سەری هەڵدا کاتێک ڕێبازێکی سیاسی وەرگرت.

شێوازی پڕوپاگەندە

تێکەڵەیەکە لە کاری ڕاگەیاندن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خەڵکی یان کەسانی بەئامانجکراو، چونکە ڕاگەیاندن دەتوانێت ببێتە ڕوونمایەک بۆ ئەو پڕوپاگەندەیەی کە دەکرێت و کەسانی لایەنی پڕوپاگەندەکەش بە قسەکردنیان دەربارەی ناوەڕۆکی پڕوپاگەندەکە زیاتر هانی بڵاوبوونەوەی دەدەن، وەک:

  • گشتگیر پیشاندان
  • شکاندنەوەی لایەنێکی دیکە و بەخراپ نیشاندانی
  • خراپ ناوهێنانی بەرامبەر
  • گەورەکردنی خود و زەلیلکردنی بەرامبەر.
  • لۆمەکردنی بەرامبەر و خەتابارکردنی و تاوانبارکردنی و دەرچوون لە بەرپرسیاریەتی.
  • بڵاوکردنەوەی داتای ناڕاست
  • درووستکردنی ژمارەی زەبەلاحی ناڕاست دەربارەی ئەو شتەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت.
  • سوودوەرگرتن لە کەسانی بەناوبانگ بۆ ڕیکلام کردن، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هزری کەسانی دیکە دەبێت.

کەرەستەکانی پڕوپاگەندە

ناو و ناتۆرە

ئەم جۆرە لە پڕوپاگەندە بریتییە لە شکاندنی لایەنی بەرامبەر بە درووستکردنی هەندێک شت وەک (نازناو و کاریکاتێر) بۆ شکاندنەوە و تێکدانی ڕووخساری لایەنی بەرامبەر لەبەرچاو هەوادارانی خۆی و خەڵکی گشتی.

دروشمی هەڵخەڵەتێنەر

لەم جۆرەدا هەوڵدەدرێت بە درووستکردن و وتنەوەی هەندێک دروشمی ناڕاست و ناڕوون کۆمەڵگا بە گشتی ڕابکێشن بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، زۆرینەی کاتیش ئەم دروشمانە بریتین لە دروشمی پاکی و ڕاستگۆیی و ئایینی و نیشتیمانپەروەری و بە پێی کۆمەڵگاکە هەڵدەبژێردرێن.

تۆمەتبارکردن

تۆمەتبارکردنی کەسانی بەرامبەر یاخود دژ بە شێوەی تاکەکەسی (وەک تۆمەتبارکردن بە پەیوەندی سێکسی و خیانەت بە نیشتمان) لەجێی ڕەتکردنەوەی قسەکانی بەرامبەر بە وتەی ڕاست و بەڵگە و دانیشتن لەگەڵیان یاخود دیبەیت.

دووبارەکردنەوە

دووبارەکردنەوەی وشەیەک بۆ چەندین جار بەبێ وەستان و وەڕزبوون، تەنانەت گەر دروشمێکی سادەش بێت کە زۆرینەی جار دروشمی سادە کاریگەری زیاترە چونکە بە ئاسانی لە مێشکی خەڵکی دەمێنێتەوە، دوای چەندین جار بڵاوبوونەوە و گوێبیستبوونەوەی لەلایەن خەڵکییەوە وەک ڕاستییەک بەناو خەڵکیدا بڵاودەبێتەوە و ناتوانن نکوڵی لێبکەن بەبێ ویستی خۆیان، بە یارمەتی سانسۆر و میدیاکان ئەم جۆرە دەتوانێت بە شێوەیەکی باشتر تەشەنە بکات و کاریگەری هەبێت.

گەڕاندنەوە بۆ کەسانی گەورە

بۆ ئەوەی ڕاستیی قسەیەک بسەلمێنن کە ناڕاستە، دەیگەڕێننەوە بۆ کەسایەتییەکی کۆن یاخود کەسێکی خۆشەویست و بەدەسەڵات لەلای خەڵکی، بەمەش ڕێگا خۆشدەکرێت بۆ بڵاوبوونەوەی بە شێوەیەکی خێراتر.

بەکارهێنانی ترس

درووستکردنی ترس و بیم لە ناو خەڵکیدا بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی پڕوپاگەندەدا بن، کە زۆرینەی کات حیزبی دەسەڵاتدارە، هەروەها پیشاندانی سزای ئەو کەسانەی دژی لایەنەکە دەجوڵێنەوە.

بەکارهێنانی زۆرینە

بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەوەی کە زۆرینەی خەڵک لایەنگری ئەم لایەنەن، یاخود پیشاندانی بە شێوەیەکی کارامەییانە بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی، دەبێتە لایەنێکی باش بۆ سەرکەوتنی لایەنەکە، چونکە زۆرکەس هەیە کە بەبێ ویستی خۆی ئارەزووی لە زۆرینەیە و زۆرینە هەر کارێکی کرد دەیکاتەوە.

پیشاندانی ڕەش و سپی

درووستکردنی دۆخێک کە وا پیشان بدرێت خەڵکی تەنیا دوو ئەگەریان هەیە، یان هاوڕێیەتی تەواو، یان دوژمنایەتی، یاخود درووستکردنی دۆخێک کە خەڵکی وابزانن گەر ئەم لایەنە نەبێت ئەوان ناتوانن بەردەوام بن و بژین.

پەیامی ڕاستی

جێگاکردنەوەی وتە ویستراوەکانی لایەنەکە لەناو بابەتێکی ڕاستیدا و تێکەڵکردنیان پێکەوە تاوەکوو بیسەر و خوێنەر وابزانێت کە تەواوی ئەوەی دەیبیستێت ڕاستییە.

مەرجسازی

درووستکردنی مەرج بۆ خەڵکی وادەکات کەسی بەرامبەر بێئاگایانە مەرجی یەکەم هەڵبژێرێت چونکە پێی وایە بەبێ بوونی مەرجی یەکەم، مەرجی دووەم بوونی نەدەبوو.

گومڕاسازی

دروستکردن و بەکارهێنانی کەرەستەی سەردەم بۆ شێواندنی لایەنی بەرامبەر وەک درووستکردنی وێنە بە فۆتۆشۆپ و دەستکاریکردنی، هەروەها سڕینەوەی ئەرشیفی گشتی و مێژوویی گەل و گۆڕینی و دووبارە بڵاوکردنەوەی بەو شێوەیەی کە خواستی لایەنەکەی لەسەرە، هەندێک جاریش دەنگی بۆ زیاد دەکرێت.

درووستکردنی دووبەرەکی

درووستکردنی دووبەرەکی بە خستنەوەی گومان یاخود درووستکردنی ئاژاوە لەناو لایەنی بەرامبەر دەربارەی پرسێکی گرنگی هەستیار دەبێتە هۆی سەرقاڵبوونی لایەنەکەی دیکە بە کاروباری ناوخۆی خۆیەوە و هەندێکجاریش ساردبوونەوە و جیابوونەوەی هەندێک سەرکردەی گرنگی لایەنەکە.

چنینەوەی گێلاس یاخود دۆزینەوەی ڕاستی

ڕیچارد کرۆسمان جێگری سەرۆکی بەشی جەنگی دەروونی بەریتانی لە جەنگی جیهانی دووەمدا وتی:

"لە پڕوپاگەندەدا ڕاستی پارچەپارچە دەبێت، ئەمەش خەیاڵێکی گەورەی ناڕاستە گەر وابزانن پڕوپاگەندەچییەکی باش درۆزنێکی کارامەیە، چونکە ئەو کەسەی پڕوپاگەندەکارێکی باشە کەسێکە کە ڕاستی دەڵێت، یان ئەو ڕاستییە دەڵێت کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی، ئەو قسانەشی کە دەیکات بە شێوەیەک دەیڵێت کە بیسەر وانازانێت کە ناڕاستە، ئەمەش درۆ نییە بەڵکو پڕوپاگەندەکار هەڵبژاردنی ڕاستی دەخاتە بەردەست خەڵکی و ئەوانیش ئەو ڕاستییەی کە لە خەیاڵیاندایە و ئاواتی پێدەخوازن و دەیانەوێت گەر دۆزییانەوە شوێنی پڕوپاگەندەکە دەکەون".

جۆرەکانی پڕوپاگەندە

  • پڕوپاگەندەی سپی: لەم جۆرەی پڕوپاگەندە، سەرچاوەکە بە ئاشکرا دیار و ڕوونە و پەیامەکە بە شێوەیەک دەگەیەنرێت کە وادیارە ئاگاداری تەواوی زانیارییەکانە، ئەم جۆرەیان وەک جۆرێکی دۆستانە دەردەکەوێت.
  • پڕوپاگەندەی خۆڵەمێشی: لەم جۆرەدا ڕوون نییە و زانیارییەکان بە شێوەیەکی ڕوون ناوترێن، زۆرجار هەواڵ و بڵاوکراوەکان دەگرێتەوە و زیاتر لە پڕوپاگەندەی ڕەشەوە نزیکە.
  • پڕوپاگەندەی ڕەش: لەم جۆرەدا سەرچاوە و وردبینی ئاشکرا نییە و هەموو خراپکردن و دەستکاریکردنێک دەگرێتە خۆی، و هەموو یاساکانی پڕوپاگەندە دەگرێتە خۆی.


سەرچاوەکان



2192 بینین