ناوهڕۆك
ئاڵتوون و مامەڵە
ئاڵتوون یەکێکە لە بەناوبانگترین کانزاکان و یەکێک لە دیارترین سیفەتەکانیشی بەرزیی نرخەکەیەتی لە چاو کانزاکانی تردا، ئەمەش وای کردووە کە ببێتە دراوێکی مامەڵەکردن لە نێوان خەڵکیدا، مێژووی بەکارهێنانی ئاڵتوون وەک دراوێک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 643ـی پێش زاین، لەو کاتەدا ئاڵتوون بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە دەکرا کە لە سروشتدا دەدۆزرایەوە، لەو کاتەدا بەشێک بووە لە ئاوێتەیەک کە پێی دەوترا ئەلیکترۆم، لەگەڵ پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤدا پاکژکردنەوەی ئاڵتوون لە سەرچاوەکانی و جیاکردنەوەی لەو توخمانەی دیکە کە لەگەڵیدا بوون دەستیپێکرد، ئیدی لەگەڵ زیودا بوونە دوو شتی جیاواز و بەبەها، پاش ئەم گۆڕانە وردە وردە ئاڵتوون چوویە پیشەسازیی سکەلێدان و مەدالیا و دراوە کانزاییەکانەوە، لەگەڵ پیشکەوتنی ژیانی ئابووری و سەرهەڵدانی چەندین دراوی نوێ کە وردە وردە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی جێگەی خۆیان دەکردەوە و دەچوونە شوێنی ئاڵتوون، ئاڵتوون وەک دراوێک نەما و بوویە ''مەرجەع'' و پێوانەیەک بۆ بەها و سەنگی دراوی دەوڵەتان، لێرەوە پەیوەندیی دۆلار بە ئاڵتوونەوە سەریهەڵدا.
پەیوەندیی نێوان ئاڵتوون و دۆلار
پەیوەندیی نێوان ئاڵتوون و دۆلار وردە وردە سەریهەڵدا بە هاتنی ساڵی 1928، لەو کاتەدا شتێک سەریهەڵدا کە پێی دەوترا پێوەری زێڕ، دیاردەیەکی ئەو ماوەیە بریتیبوو لە کەمیی و دەگمەنیی زێڕ لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، لەو کاتەدا یەدەگی دراوەکان دەکرا بگۆڕدرێت بۆ ئاڵتوون بە نرخ و بەرامبەرییەکی جێگیر، بە هاتنی ''قەیرانە گەورەکە'' پێوەری ئاڵتوون زۆر کاری تێکرا، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاری کردە سەر شێوازی مامەڵەپێوەکردنی لەگەڵ دۆلاردا، پاش ئەوە نرخێکی نوێ بۆ دۆلار دانرا وەک نزمترین ئاست لە بەرامبەر زێڕدا، ئەم کارەش بانکە بیانییەکان کردیان.
لە دواییدا چەندین دراوی بیانی بە دۆلاری ئەمریکییەوە گرێدران، پەیوەندیی نێوان دۆلار و ئاڵتوونیش دیسان گۆڕانی بەخۆوە بینی پاش نوێکردنەوەی پێوەری ئاڵتوون کە لە ساڵی 1958 ڕوویدا، ئەم گۆڕانە گۆڕینی دراوە ئەوروپییەکانی بۆ دۆلار و زێڕ کردە شتێکی ئەنجامدراو، بەڵام کەمبوونەوەی یەدەگی زێڕ لای ئەم وڵاتانە و دروستبوونی کورتهێنان لە میزانییە داراییەکانیاندا وای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد پێداچوونەوەیەک بەم سیستمەدا بکات، بەم شێوەیە گۆڕینی خۆڕایی دراوەکانی بۆ دۆلار یان زێڕی ڕاگرت، لە کۆتاییدا سیستمی دراوی جیهانی لەسەر دۆلار و هاوتاکانی چڕ بوویەوە، لە لایەکی دیکەشەوە زێڕ بووە خاوەن ڕۆڵی سەرەکیی لە کردارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دەوڵەتاندا.
بێگەردیی ئاڵتوون و نرخەکەی بە دۆلار
نرخی زێڕ بەپێی بێگەردیی و پاکیی توخمی زێڕەکە دەگۆڕێت، بۆیە هەتاوەکو زێڕەگە بێگەردتر بێت نرخەکەشی بەرزتر دەبێت بە بەراورد بە دۆلار و دراوەکانی دیکە، پۆلێنبەندیی عەیار نیشانەیەکە بۆ بێگەردیی زێڕ، زێڕی عەیار 24 بە بێگەردترین جۆری زێڕ هەژمار دەکرێت.
زێڕنگەر دەتوانێت زێڕی ڕاستەقینە لە زێڕی ساختە جودا بکاتەوە، هەروەها دەتوانێت پلەی بێگەردیی زێڕ بە بەکارهێنانی کۆمەڵە تاقیکردنەوەیەک لەسەر نموونەی زێڕەکان دیاری بکات، تاوەکو بەپێی ئەو تاقیکردنەوانە نرخی زێڕەکە دیاریبکرێت، ئەم ئاڵۆزیەش لەبەر ئەوەیە کە مەرج نییە ئەو پارچە ئاڵتوونەی کە لە بەردەستماندایە هەمان نرخی پێوانەیی زێڕی هەبێ.