ناوهڕۆك
ناساندن
تۆکیۆ (بە ئینگلیزی: Tokyo، بە ژاپۆنی: 東京)، شارێکە لە شارەکانی ژاپۆن و پایتەختیشە، لە پێشتردا و تا ساڵی ١٨٦٨ بە ئیدۆ ناسرا بوو، ئەم شارە دەکەوێتە سەر کەنداوی تۆکیۆ لە کەناری زەریای هێمن لە ناوەندی هۆنشوو، جێی سەرنجە ئەم ناوچە گەورەیەی پایتەخت زۆربەی کات پێی دەوترێت تۆکیۆی گەورە و لەسەدەی حەڤدەوە و لەکاتەش کە بە ئیدۆ ناسرابوو ئەم شارە هەر گەورەترین شاری ژاپۆن بووە، گەورەترین ناوچەی شارستانی و پیشەسازییە لە ژاپۆندا، دانیشتوانی تۆکیۆ لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا یەک ملیۆنیان تێپەڕاند، دواتر لە سەدەی بیستەمدا تۆکیۆ وەک ناوەندی سیاسی و ئابووری و کولتووری ژاپۆن بوو بە یەکێک لە شارە ئاوەدانەکانی جیهان.
مێژووی شاری تۆکیۆ
ئەم شارە کە لە ئێستادا یەکێکە لە شارە گەورەکانی جیهان، سەرەتا گوندێکی بچووک بوو، بە ئیدۆ ناسرابوو، تا ساڵی ١٨٦٨ ناوەکەی بە فەڕمی گۆڕا بۆ تۆکیۆ کە بە واتای پایتەختی ڕۆژهەڵات دێت، تۆکیۆ لە پێشتردا چەندین جار ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە و بەنزیکەیی زۆرینەی شارەکە وێران بوو، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا و لە ساڵی ١٩٢٣دا بومەلەرزەیەکی گەورە بە پلەی ٩.٧ بە پێوەری ڕێختەر شارەکەی گرتەوە کە بە بومەلەرزەی کانتۆی گەورە ناسرا، دواتر تسۆنامی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی کردە قوربانی و سێیەکی شاری تۆکیۆی وێران کرد، لە جەنگی جیهانی دووەمیشدا جارێکی تر کارەسات ڕوویدا، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە هەزاران کەس بوونە قوربانی.
ئابووری شاری تۆکیۆ
ئابووری شاری تۆکیۆ زیاتر پشت بە پیشەسازییە قورسە هەمەجۆرەکانی وەک، دروستکردنی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، کەلوپەلی گواستنەوە، ئۆتۆمبێل، کامێرا، کەلوپەلی بیناسازی، کەلوپەلی ناوماڵ و چنین دەبەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا پیشەسازییە سوکەکانی وەک، دروستکردنی کاغەز و بواری چاپەمەنیش ڕۆڵی خۆیان هەیە لە بەرەوپێش بردنی ئابووری شارەکەدا.
کەشوهەوای شاری تۆکیۆ
کەشوهەوا لە ئەم شارە بە گشتی لە هەموو وەرزەکاندا گەرم و وشکە، لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمی دەگاتە ٣٥ پلەی سەدی، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار با و باران هەیە و گەرمترین مانگی ساڵ مانگی ئابە، زستانی تۆکیۆ وشک و کەم بەفر و بارانە، پلەی گەرمی لە وەرزی زستاندا دەگاتە ٢ پلەی سەدی، تێکڕای ڕێژەی بارانبارین لە زستاندا نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ ملم دەبێت، ساردترن مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە.
شوینە گەشتیارییەکانی شاری تۆکیۆ
- تاوەری تۆکیۆ
- پەرستگای مێژوویی ئاساکوسا
- باخچەی نەتەوەیی هاماریکیو
- بواری پەڕینەوەی شیبویا
- بازاڕی تۆکیۆ
- پارکی یونیۆ
- کۆشکی ئیمپێریاڵ
- بازاڕی گینزا
هونەری تۆکیۆ
تۆکیۆ گرنگترین ناوەندی ڕۆشنبیری وڵاتی ژاپۆنە، هونەر و مێژووی وڵاتی ژاپۆن و کیشوەری ئاسیا لە مۆزەخانەی نێودەوڵەتی تۆکیۆ لەناو پارکی (وێنۆ)دا جیاکراونەتەوە و باسکراون، هەروەها لەناو پارکی وێنۆدا مۆزەخانەیەکی زانستی و باخچەیەکی ئاژەڵان و دوو مۆزەخانی هونەری گرنگی لێیە.
مۆزەخانەی هونەری و زانستی دەکەوێته نزیکی کۆشکی ئیمپراتۆرییەوە، وە مۆزەخانەی جۆرە جیاوازەکان دەکەونە شوێنێکی ترەوە لە ناو شاردا، کارە شانۆییەکان کە هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت هەر لە نەریتی کبوکییەوە (جۆرە شانۆییەکی کۆنی ژاپۆنییە کە تەنیا ئەکتەرە کوڕەکان ڕۆڵیان تێدا دەگێڕا) تا شانۆ هاوچەرخەکان بەشێوەیەکی ڕێک و پێک پێشکەش دەکران، وەکو کارە هاوئاوازەکان، ئۆپیرا (جۆرە شانۆیەکە کە ئەکتەرەکان بە گۆرانییەوە قسە دەکەن)، و سەما و مۆسیقا ڕۆژئاواییەکان.
گرنگی جوگرافیای تۆکیۆ
ئەو ناوچەیەی کە تایبەتمەندی پایتەختبوونی تێدایە گەورەترین ناوەندی پیشەسازی و بازرگانی و داراییە لە وڵاتی ژاپۆن، زۆربەی دامەزراوە داراییەکانی ناوخۆ و جیهانی و پیشەسازییەکانی تر لە ناوەندی تۆکیۆدان، شارەکه ناوەندێکی گرنگی فراوانە، کە شتوومەک لە هەموو ناوچەکانی وڵات و جیهانەوە لەوێ دابەشدەکرێت. تۆکیۆ بەشێکە لە ناوچەی پیشەسازی کەیهن، کە دەکەوێتە خۆرئاوای کەناری کەنداوەوە و بووەتە هەرێمی سەرەکی پیشەگەری وڵات.
تۆکیۆ ناوەندی سەرەکی گواستنەوەی وڵاتی ژاپۆنه و ناوەندێکی هاتوچۆی گرنگ و نێودەوڵەتیە، لەلایەن تۆڕێکی یەکگرتوی کارەبایی ئاسنین و شەمەندەفەری ژێر زەمین و هێڵەکانی پاسەوە گواستنەوە ئەنجام دەدرێت، وێستگەی تۆکیۆ ناوەندی وێستگەی گەیشتی هێڵی ئاسنینی هەموو ژاپۆنە، ئەمەش سیستمی شەمەنەفەری زۆر خێرای ڕۆژئاوای ژاپۆن لەخۆی دەگرێت.
وێستگەی (وینۆ) کۆتا وێستگەی گەیشتنی هێڵی شەمەنەفەرەکانە کە بەرەو باکوری ژاپۆن دەچێت وە وێستگەی (شینجوکو) کۆتا وێسگەی هێڵی شەمەنەفەرەکانە کە بەرەو ناوەندی (هۆنشو) و دەوروبەری خۆرئاوای شاری تۆکیۆ دەچێت.
هەندێکیان بەشێوەیەکی تایبەت خزمەگوزاری هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەری کارەباییان هەیە لەنێوان شارەکاندا. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تۆکیۆ لە (ناریتا)یە، لە بنکەی پۆلیسی (چیبا)، لەکاتێکدا فڕۆکەخانەی شاری (هانێدا) لە کەنداو خزمەتگوزاری ناوخۆیی پێشکەش دەکات. ناوچەکە 240 میل چوارگۆشەیە (621 کم چوارگۆشە).