ناوهڕۆك
ناساندن
ئۆستن (بە ئینگلیزی: Austin، بە عەرەبی: أوستن)، پایتەختی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا و ناوەندی هەرێمی تراڤیسە، کە لە ٢٧ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٣٩ دامەزراوە. ئەم شارە یازدەهەمین قەرەباڵغترین شاری ئەمریکا، چوارەم قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی تەکساس، دووەم قەرەباڵغترین پایتەختی ویلایەتەکەی و قەرەباڵغترین پایتەختی دەرەوەی ویلایەتەکەی خۆیەتی. ئۆستن لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە یەکێکە لە خێرا گەشەسەندوترین شارە گەورەکانی ئەمریکا. ناوەندی شاری ئۆستن و ناوەندی شاری سان ئانتۆنیۆ نزیکەی ٨٠ میل لەیەکترەوە دوورن، هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە ڕەنگە ڕۆژێک ئەم دوو ناوچەیە گەورە ناوچەیەکی زۆر گەورەی نوێی هاوشێوەی داڵاس و فۆرت وۆرس پێکبهێنن. ئۆستن باشووریترین پایتەختی ویلایەتە پێکلکاوەکانی ئەمریکایە و لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه بە شارێکی جیهانی بێتا پۆلێنکراوە.
ژمارەی دانیشتووانی ئۆستن لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٩٦١٫٨٥٥ کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا گەشتە ٩٦٤٫١٧٧ کەس. شارەکە ناوەندی کولتووری و ئابووری ناوچەی ئاماری گەورەشاری ئۆستن ڕاوند ڕۆکە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ١ـی تەممووزی ٢٠٢٠ـدا ٢٫٢٩٥٫٣٠٣ کەس بوو و کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٠ نزیکەی ٨٤٪ زیادیکردووە. دەکەوێتە ناوەڕاستی تەکساس و شوێنی چەندین دەریاچە و ڕووبار و ئاوەڕێیە. دانیشتووانی ئۆستن تێکەڵەیەکی هەمەچەشن لە کارمەندانی حکوومەت، خوێندکارانی کۆلێج، مۆسیقاژەنان، کرێکارانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، بازرگانانی دیجیتاڵی و کرێکارانی کانگەکان و بیناسازی لەخۆ دەگرن.
لە ساڵانی نەوەدەکانەوە ئۆستن بووەتە ناوەندێکی تەکنەلۆجیا و بازرگانی. ڕەگ و ڕیشەی تەکنەلۆجیا لە ئۆستن دەتوانرێت بگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان کاتێک کۆمپانیای تراکۆر Tracor (لە ئێستادا سیستمەکانی BAE) لە ساڵی ١٩٦٢ـدا لە شارەکەدا دەستی بە کارکردن کرد. لەو کاتە بەدواوە چەندین کۆمپانیا لە شارەکەدا کرانەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای فۆرچن ٥٠٠ بارەگای سەرەکی یان ئۆفیسی ناوچەییان لە شارەکەدا هەیە، لەوانە 3M، AMD، ئەمازۆن، ئەپڵ، فەیسبووک (مێتا)، گووگڵ، IBM و چەند کۆمپانیایەکی تر. لەڕووی پەروەردەشەوە، زانکۆی تەکساس کە یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی ئەمریکا و زیاتر لە ٥٠ هەزار خوێندکاری تێدایە دەکەوێتە شاری ئۆستنەوە. لە ساڵی ٢٠٢١، ئۆستن بوو بە ماڵی یانەی ئۆستن ئێف سی، کە یەکەم و لە ئێستادا تاکە یانەی وەرزشی پیشەگەرە لە شارەکەدا. تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)ـی گەورەناوچەی ئۆستن لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٨٦ ملیار دۆلار بوو.
لەڕووی جوگرافییەوە
ئۆستن، باشووریترین پایتەختی ویلایەتی ٤٨ ویلایەتە پێکلکاوەکانی ئەمریکایە و دەکەوێتە ناوەڕاستی ویلایەتی تەکساس لەسەر ڕووباری کۆلۆرادۆ (Colorado). ئەم شارە ٢٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای هاوستۆن، ٢٩٠ کیلۆمەتر لە باشووری داڵاس و ١٢٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سان ئانتۆنیۆوە دوورە. ڕووبەری گشتی شارەکە ٧٩٠٫١ کیلۆمەتر دووجا داگیر دەکات، نزیکەی ١٨٫٦ کیلۆمەتر دووجا لەم ڕووبەرە ئاوە و سێ دەریاچەی دەستکرد لە سنووری شارەکەدا هەن. هەروەها بەرزی ئۆستن لە ئاستی دەریاوە لە نێوان ١٣٠ بۆ ٣٠٥ مەتر دەگۆڕێت. شارەکە دەکەوێتە یەکتربڕینی چوار ناوچەی ژینگەیی سەرەکییەوە و مێرگێکی سەوزی مامناوەند تا گەرمە کە کەشوهەوایەکی زۆر گۆڕاوی هەیە و تایبەتمەندی کەشوهەوای بیابان و خولگەیی و باراناوی هەیە. ناوچەکە لەڕووی ژینگەیی و زیندەوەرییەوە زۆر هەمەچەشنە و چەندین ئاژەڵ و ڕووەکی جۆراوجۆری تێدایە. جێی ئاماژەیە ناوچەکە چەندین جۆری گوڵی کێوی تێدایە کە بەدرێژایی ساڵ گوڵ دەکەن بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ئۆستن لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٦٥٦٫٥٦٢ کەس بوو و چڕی دانیشتووانەکەی ١٫٠٠٧٫٩ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا گەشتە ٩٦١٫٨٥٥ کەس. ٢٢٫٥٪ـی دانیشتووانی شارەکە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵی، تەمەنی ١٦٫٦٪ـی دانیشتووان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٤ ساڵی، تەمەنی ٣٧٫١٪ لە نێوان ٢٥ بۆ ٤٤ ساڵی، تەمەنی ١٧٫١٪ـی دانیشتووان لە نێوان ٤٥ بۆ ٦٤ ساڵی و ٦٫٧٪ـی دانیشتووان تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ یان سەروو ٦٥ ساڵ بوو. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتووان ٣٠ ساڵی بوو و بۆ هەر ١٠٠ مێ، ١٠٥٫٨ نێر هەبوو. نزیکەی ٩٫١٪ـی خێزانەکان و ١٤٫٤٪ـی دانیشتووان لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا ١٦٫٥٪ـیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە و ٨٫٧٪ـیان تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاترە. بەپێی ڕاپرسییەک كە لەساڵی ٢٠١٤ـدا ئەنجامدرا ٥٫٣٪ـی دانیشتووانی گەورەناوچەی ئۆستن خۆیان وەک هاوڕەگەزخواز و نێرەمووک (دوو ڕەگەز) یان ڕەگەزگۆڕاو ناساند و گەورەناوچەی ئۆستن خاوەنی سێیەم بەرزترین ڕێژەی وڵاتەکە بوو.
ڕەگەز و نەتەوە
بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا، پێکهاتەی ڕەگەزی ئۆستن بەمشێوازە بوو، ٦٨٫٣٪ـی دانیشتووانی شارەکە سپی پێست (٤٨٫٧٪ـیان سپی پێستە نا هیسپانییەکان بوون)، ٣٥٫١٪ هیسپانی یان لاتینی (٢٩٫١٪ مەکسیکی، ٠٫٥٪ پورتوگالی، ٠٫٤٪ کوبا و ٥٫١٪ نەتەوەکانی تر)، ٨٫١٪ ئەفریقی ئەمریکی، ٦٫٣٪ ئاسیایی (١٫٩٪ هیندی، ١٫٥٪ چینی، ١٫٠٪ ڤێتنامی، ٠٫٧٪ کۆری، ٠٫٣٪ فلیپینی، ٠٫٢٪ ژاپۆنی و ٠٫٨٪ نەتەوەکانی تر)، ٠٫٩٪ هیندی ئەمریکی، ٠٫١٪ هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن و ٣٫٤٪ـی دانیشتووان دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو. هەروەها بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێکهاتەی ڕەگەزی شارەکە بەم شێوەیە بوو، ٧٢٫٦٪ـی دانیشتووانی ئۆستن سپی پێست (٤٨٫٣٪ـیان سپی پێستی نا هیسپانی بوون)، ٣٣٫٩٪ هیسپانی یان لاتینی، ٧٫٨٪ ئەفریقی ئەمریکی، ٧٫٦٪ ئاسیایی، ٠٫٧٪ هیندی ئەمریکی، ٠٫١٪ هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن و ٣٫٤٪ـی دانیشتووان دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو.
توێژینەوەیەکی زانکۆی تەکساس لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ڕایگەیاند کە ئۆستن تاکە شاری ئەمریکایە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ ڕێژەی گەشەکردنی خێرا بووە و ژمارەی هاوڵاتییە ئەمریکییە ئەفریقییەکانی کەم بوویەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ڕاستەقینەی ئەمریکی ئەفریقی و سپی پێستە نا هیسپانییەکانی ئۆستن لە کۆی دانیشتووانی پشکی سەدی هەردوو گرووپەکە لە کەمبوونەوەدا بوو، چونکە گەشەی خێرای دانیشتووانی لاتین یان هیسپانی و ئاسیایی پێش هەموو گرووپە نەتەوەییەکانی تری شارەکەیان دابوویەوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا ڕێژەی دانیشتووانی سپی پێستی نا هیسپانی لە ئۆستن بۆ خوار ٥٠٪ دابەزی.
ئایین
بەپێی بێست پلەیسی سپێرلینگ، ٥٢٫٤٪ـی دانیشتووانی ئۆستن ئایینیان هەیە. زۆربەی خەڵکی ئۆستین خۆیان بە مەسیحی ناساندووە و نزیکەی ٢٥٫٢٪ـیان کاسۆلیکین. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا سەرانسەری وڵاتدا، ٢٣٪ـی ئەمریکییەکان خۆیان بە کاسۆلیکی ناساند. گرووپە گرنگەکانی تری مەسیحی لە ئۆستن بریتین لە باپتیستەکان ٨٫٧٪، دواتر میتۆدیستەکان ٤٫٣٪، ئولیا هاوچەرخەکان ١٫٥٪، ئەسقەفەکان یان ئەنگلیکانەکان ١٫٠٪، پرۆتێستانتە لوتێرییەکان ٠٫٨٪، ئەندامانی کڵێسای پرێزبیتێری ١٫٦٪، پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان) ٠٫٣٪ و مەسیحییەکانی تر وەک شوێنکەوتەی مەسیح و کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات ٧٫١٪. دووەم گەورەترین ئایینی دانیشتووانی ئۆستن ئایینی ئیسلامە کە لەلایەن ١٫٧٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت؛ نزیکەی ٠٫٨٪ـی ئەمریکییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە سەر بە ئایینی ئیسلامن و زۆرینەشیان سوننە مەزهەبن. گەورەترین مزگەوتی ئۆستن ناوەندی ئیسلامی ئۆستنی گەورەیە و لە ساڵی ١٩٧٧ دامەزراوە. هەمان لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکانی وەکوو ئایینی بوودی، سیخ و هیندۆسی لەلایەن ٠٫٩٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت، چەندین پەرستگای هیندۆسی لە گەورەناوچەی ئۆستندا هەن. ئایینی جوولەکە لەلایەن کەمتر لە ٠٫١٪ـی دانیشتووانی ئۆستنەوە پەیڕەو دەکرێت.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن کەشوهەوای شاری ئۆستن نیمچە خولگەیی شێدارە، کەشی شارەکە بە هاوینی درێژ و زۆر گەرم، زستانی کورت و مامناوەند، بەهار و پاییزی شلەتێن تا گەرم تایبەتمەندە. لەم شارەدا ساڵانە بە تێکڕایی ٨٧٢ مللیمەتر باران دەبارێت و بەشێوەیەکی یەکسان بەدرێژایی ساڵ بەسەر وەرزەکاندا دابەشکراوە، بەڵام وەرزەکانی بەهار و پاییز باراناویترین وەرزی ساڵن. سەرەڕای ئەوەش ساڵانە ٢٫٦٥٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.
مانگەکانی وەرزی هاوین لە ئۆستن زۆر گەرمن، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا زۆرجار دەگاتە ٣٤ بۆ ٣٦ پلەی سەدی یان زیاتر. لە ساڵێکدا ١٢٣ ڕۆژ پلەی گەرما دەگاتە ٣٢ پلەی سەدی، لەو ژمارەیەش ٢٩ ڕۆژیان پلەکانی گەرما دەگەنە ٣٨ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٤ پلەی سەدی بوو کە لە ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٠٠ و ٢٨ـی ئابی ٢٠١٠٠ تۆماکرا. هەروەها مانگەکانی وەرزی زستان لەم شارەدا مامناوەندن، مانگی کانوونی دووەم فێنکترین مانگی ساڵە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی لە ڕۆژدا ١٧ پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی شەوانە کە ١٢ شەو ساڵێکدایە بۆ سفر پلەی سەدی یان خوار پلەی بەستن دادەبەزێت، پلەکانی گەرما ٧٦ ڕۆژ لە ساڵێکدا و لە نێوان ناوەڕاستی کانوونی یەکەم و ناوەڕاستی شوباتدا ٧ پلەی سەدییە. بە پێچەوانەشەوە، لە مانگەکانی زستانیشدا ڕۆژانی گەرم هەن کە تێیدا تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی مانگی کانوونی دووەمدا ٢١ پلەی سەدی یان زیاترە و ١ ڕۆژ دەگاتە ٢٧ پلەی سەدی. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شارەکەدا لە ٣١ـی کانوونی دووەمی ١٩٤٩ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی بۆ ١٩- پلەی سەدی دابەزی.
بەنزیکەیی هەر دوو ساڵ جارێک ئۆستن ڕووبەڕووی زریان دەبێتەوە و ڕێگاوبان دەیبەستێت، بەم هۆیەشەوە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر ئاستەنگی بۆ هاتوچۆکردن بە شارەکەدا دروست دەکات، کاتێک لە ٢٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ـدا یەک مللیمەتر سەهۆڵ لەسەر شەقامەکان کۆبوویەوە ٢٧٨ پێکدادانی ئۆتۆمبێل ڕوویدا. بە هەمان شێوە بەفربارین لە ئۆستن دەگمەنە، لە ٤ـی شوباتی ٢٠١١ـدا دوو سانتیمەتر بەفر باری و بووە هۆی ڕوودانی زیاتر لە ٣٠٠ ڕووداوی ئۆتۆمبێل. بەم دواییانەش لە ١٤-١٥ شوباتی ٢٠٢١ـدا ١٦ سانتیمەتر بەفر لە ئۆستن باری.
بەشێوەیەکی ئاسایی لە ناوەڕاستی تەکساس و شاری ئۆستن کەشوهەوای سەخت مەترسییەکە کە دەتوانێت لە هەر وەرزێک و زیاتریش لە وەرزی بەهاردا کاریگەری لەسەر دانیشتووانی شارەکە هەبێت. بەپێی زۆربەی پۆلێن کردنەکان، شارەکه دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە پێی دەوترێت ڕێڕەوی گەردەلوول یان کۆڵانی گەردەلوول، هەرچەندە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئۆستن لە دەرەوەی ڕێڕەوی گەردەلوول دادەنێن. سەرەڕای ئەوەش، کەشوهەوای سەخت یان ڕەشەبای بروسکاوی سوپەرسێل دەشێت چەندین جار لە ساڵێکدا هەڵ بکات، کە بای زیانبەخش، هەورەبروسکە، باو و بۆران و ناوبەناو لافاوی لەناکاو دەهێنێتە شارەکەوە.