کۆنیشانەی ئەسپێرگەر 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-12-17:18:00 - کۆدی بابەت: 6273
کۆنیشانەی ئەسپێرگەر 

ناوه‌ڕۆك

کۆنیشانەی ئەسپێرگەر چییە؟

کۆنیشانەی ئەسپێرگەر بە یەکێک لە تێکچوونەکانی گەشە دادەنرێت، هەروەها جۆرێکە لە تێکچوونەکانی ئۆتیزم، کە چەند حاڵەتێکی دەماری دەنوێنێت کە بە لاوازی زمانەوانەی و پەیوەندیکردن دەناسرێتەوە، وێڕای شێوازی دووبارەبووەوە و ڕۆتینی لە بیرکردنەوە و ڕەفتارکردن، کە لاوازی تواناکانیان و پێویستی مامەڵە کردن لەگەڵ منداڵانی توشبووی ئەم حاڵەتە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ حاڵەتەکەیان و هاوکاری کۆنترۆڵکردنی دەگرێتەوە، کە ئەمەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستی بە دابڕینیانە لە دەورووبەر. 

نیشانەکانی کۆنیشانەی ئەسپێرگەر

لەکاتی ئاماژەکردن بۆ نیشانەکانی کۆنیشانەی ئەسپێرگەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە دەکرێت نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بێت، بەڵام زۆرجار توشبووان دەناڵێنن بەدەست تەرکیزکردنێکی شەیدایانە لەسەر مەسەلەیەکی کەم گرنگ، نیشانەکانی تریش بریتین لە: 

- زیادەڕەوی لە گرنگیدان بە شتانێکی سەرنج ڕانەکێش لە حاڵەتی ئاساییدا، وەکوو جەدۆلی شەمەندەفەرەکان و دەیناسوڕەکان، کە دەتوانرێت ئەم زانیارییانە بزانرێت لەسەر منداڵەکە لەکاتی دواندنی لەلایەن خزم و دەوروبەرەوە لەبارەی ئەو مەسەلانە. 

- نەزانی بە هەوڵی کەسانی دەوروبەر بۆ گۆڕینی ئەو مەسەلانە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ناڵاندنی منداڵەکە بەدەست قورسی کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان.

- بێتوانایی لە خوێندنەوەی دەربڕینەکانی ڕوو و زمانی جەستە، کە ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی قورسی لە زانینی هەستی کەسانی تر و دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی چاو لەگەڵ کەسی بەرامبەر. 

- پەیڕەوکردنی شێوازێکی ڕۆتینی لەکاتی قسەکردن، کە خۆی دەبینێتەوە لە کەمترین دەربڕینی دەموچاو و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە لە زانینی ڕاددەی پێویستی بۆ نزمکردنەوەی دەنگ لەکاتی قسەکردن.

- ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە لە توانا جوڵەییە سەرەکییەکاندا: وەکوو ڕاکردن و ڕێکردن.

- لەدەستدانی توانای لکاندن و گونجاندن، کە ڕەنگە ببێتە هۆی بێتوانایی لە ئەنجامدانی چەندنین کرداری گرنگ: وەکوو هەڵگژان و لێخوڕینی پاسکیل. 

هۆکارەکانی کۆنیشانەی ئەسپێرگەر

لەکاتی لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارەکانی ئەم کۆنیشانەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەو بیردۆزانەی باس لە ئەسپێرگەر دەکەن وەکوو جۆرێک لە ئۆتیزم تەرکیز دەکەنە سەر نەبوونی هۆکارێکی دیاریکراو و ورد کە توشبوون بە ئۆتیزم ڕوونبکاتەوە، ئەمەش واتا نەبوونی هۆکارێکی دیاریکراو بۆ توشبوون بە ئەسپێرگەر، بەڵام بڕوا وایە هۆکاری بۆماوەیی ڕۆڵی هەیە لە توشبوون بەم کۆنیشانەیە، کە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە توشبوون بەم حاڵەتە بەربڵاوە لە هەندێک خێزاندا، بەڵام پسپۆڕان گەیشتن بە ئەگەری پەیوەندی ئەم نەخۆشییە بە کۆمەڵێ کارتێکەری ترەوە: وەکوو بەرکەوتن بە ماددە ژەهراوییەکان یان هۆکارەکانی تێکچوونی جینەکان، یان ناڵاندن بەدەست کێشەی دووگیانی و منداڵبوون، لەناویشیدا هەوکردنی پێش منداڵبوون، لەم ڕوانگەیەشەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت هەندێک پسپۆڕ ئاماژەیان کردووە بەوەی وەرگرتنی هەندێک کوتاو ئەگەری پەرەسەندنی ئۆتیزم زیاد دەکات، وەکوو  کوتاوی سورێژە کە لە پێکهاتەکەیدا سیۆمیرساڵ هەیە، بەڵام ئەم پێشنیارانە ڕەتکرانەوە لەلایەن پسپۆڕ و توێژینەوەی دیکەدا. 

دەستنیشانی کۆنیشانەی ئەسپێرگەر

لە ڕاستیدا کۆنیشانەی ئەسپێرگەر وەکوو جۆرێکی نەخۆشی ئۆتیزم دەستنیشان دەکرێت لە قۆناغی منداڵیدا، بەتایبەتیش کە تەمەنی دەگاتە شەش ساڵ یان زیاتر، بەڵام دەکرێت تا تەمەنی پێگەیشتن ئەم حاڵەتە دیاری نەکرێت، لە حاڵەتێکیشدا گەر ماڵەوە هەستیانکرد کە منداڵەکەیان توشبووی ئۆتیزمە پێویستی ڕاستەوخۆیان بە سەردانی پزیشکە، دواتر ئاڕاستە دەکرێت و دەنێردرێت بۆ لای پزیشکی تایبەتمەند بە نەخۆشی ئۆتیزم بۆ دەستنیشانکردنی یان بۆ لای کادیری پزیشکی بەرپرس لە هەڵسەنگاندنی حاڵەتی منداڵەکە، بۆ ئەمەش ڕەنگە پێویستی بە قسەکردن بێت لەگەڵ منداڵ و خێزانەکە و چودێری ڕەفتاری منداڵەکە.

پسپۆڕان پەنا دەبەن بۆ زۆر تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندن بۆ زانینی ئاستی توشبوونی منداڵەکە بە ئۆتیزم، کە لەو تاقیکردنەوانەش پرسیارکردنە دەربارەی توانا کۆمەڵایەتی و هەستییەکانی منداڵەکە، هەروەها دەربارەی ئاستی توانای پەیوەندی بەستن و توانای فێربوون و توانا جوڵەییەکانی، خولیا و گرنگیپێدانە تایبەتەکانی، لە ئەگەری دەستنیشانکردنی ئۆتیزم لە تەمەنی پێگەیشتندا ئەوە ڕەنگە کەسەکان توانای یارمەتیدانی توشبووانیان هەبێت بۆ درککردن بەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە لە ڕەفتار و پەیوەندی بەستن و ئەو پەیوەندیانەی کە ڕەنگە وابەستەی ئۆتیزم بن، ڕەنگە دەستنیشانکردنەکە یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە حاڵی کەسەکە و پەیبردن بەو قورسییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها یارمەتیدانیان لە بڕیاردانی  دروست بۆیان، جا پەیوەندی بە خوێندنەوە هەبێت یان کارکردن.

چارەسەری کۆنیشانەی ئەسپێرگەر 

لە ڕاستیدا ڕێبازی چارەسەری کۆنیشانەی ئەسپێرگەر لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، واتا ڕێبازێکی دیاریکراو نییە بۆ هەموو توشبووان، بۆیە ڕەنگە پێویست بە تاقیکردنەوەی چەند ڕێگایەک بکات بۆ گەیشتن بە گونجاوترینیان، لە گرنگترین چارەسەرەکانیش بریتین لە:

- ڕاهێنان لەسەر توانا کۆمەڵایەتییەکان: کە ئەمە لە ناو کۆمەڵێکدا یان لە ڕێی دانیشتنی تاکە کەسییەوە دەکرێت، کە ڕاهێنەران منداڵان فێردەکەن کە چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەوانی تر و خۆیان بە ڕێگای باشتر دەرببڕن، زۆرجار فێربوونی ئەم کارامەییانەش لە ڕێگەی نموونە وەرگرتنەوە دەبێت پاش تێبینیکردنی هەڵسوکەوتی ئاسایی. 

- چارەسەری تێکچوونەکانی زمان و دەربڕین: کە یارمەتیدەرە لە باشکردنی کارامییەکانی پەیوەندیبەستنی منداڵەکە، کە دەرسپێدانی منداڵەکە دەربارەی چۆنییەتی بەردەوامی پێدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرامبەردا و تێگەیشتن لە ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە، وەکوو جوڵەکانی دەست و پەیوەندیکردن بە چاو

- چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی: ئەم چارەسەرە هاوکاری منداڵەکە دەکات لە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی، کە هاوکاری دەکات لە کۆنترۆڵکردنی هەست و ڕەفتارە دووبارەکانی بە شێوەیەکی باشتر، کە ئەم چارەسەرە یارمەتیدەرە لە تواناپێدانی لە ڕەفتارکردن لەگەڵ شتەکان و باردودۆخە جیاوازەکان.

- فێرکردنی دایک و باوک و ڕاهێنانیان: کە دایک و باوکەکە چەندین تەکنیک فێردەکرێن کە منداڵەکە فێردەکرێت کە یارمەتییان دەدات لە باشکردنی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکانیان، هەروەها توانای بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ تاکەکانی خێزانەکە.

- شیکاریی ڕەفتاری جێبەجێکاری: ئەم تەکنیکە هاندەری منداڵە بۆ فێربوونی تواناکانی پەیوەندیکردنی کۆمەڵایەتی ئەرێنی، کە ڕەنگە ڕاهێنەر شێوازی پیاهەڵدان و هاندانی ئەرێنی بەکار بهێنێت بۆ دەستخستنی ئەنجامی باشتر. 

- دەرمانەکان: تاکوو ئێستا لەلایەن ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانەوە پشت بە دەرمان نەبەستراوە بۆ چارەسەری کۆنیشانەی ئەسپێرگەر یان ئۆتیزم، بەڵام ڕەنگە هەندێک دەرمان یارمەتیدەری چارەسەری نیشانەکانی بێت، وەکوو دوودڵی و خەمۆکی، لەو دەرمانانەش سەرکوتکەری هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین، یان دژە سایکۆز (نەخۆشی دەروونی)، یان دەرمانی چالاککەر.


سەرچاوەکان



615 بینین