ناوهڕۆك
مرۆڤناسی چییە؟
مرۆڤناسی (بە ئینگلیزی: Anthropology) ئه‌و زانستهیە توێژینه‌وه له سه‌ر مرۆڤ ده‌کات و لە كلتوور و دابونه‌ریت و ڕەفتارەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە، كه پێیوایه مرۆڤ ڕۆڵێكی گرنگی ده‌بێت بۆ شیكردنه‌وه‌ی شارستانیه‌ت، چونكه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی سرووشتییە و په‌یوه‌ندیەکی به هێزی له‌گه‌ڵ سرووشتدا هه‌یه، زانستی مرۆڤناسی هه‌ر له ئێستای مرۆڤ ناكۆڵێتهوه به‌ڵكو له ڕابردووشی ده‌كۆڵێته‌وه، وه مرۆڤناسی بایه‌خ ده‌دات به چوارده‌وره‌ی مرۆڤ و هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی كه مرۆڤ پێوه‌ی به‌نده وه‌كو لایه‌نی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و چەندان بواری تر.
لەڕووی زمانه‌وانییە‌وه له بنچینه‌دا وشه‌یه‌کی یۆنانییە و له دوو وشه پێکهاتووه (Anthropo) واته مرۆڤ و (Logy) واته زانست هه‌ردووکیان پێکه‌وه گوزارشت له چه‌مکێکی لێکدراو ده‌که‌ن و مانایه‌کی نوێ ده‌به‌خشن ده‌بنه زانستێک توێژینه‌وه له‌سه‌ر مرۆڤ بکات، تێگه‌یشتن له مرۆڤ كارێكی ئاڵۆز و زه‌حمه‌ته و پێویستیی به ئامڕاز و كه‌ره‌سته‌ی هه‌مه‌چه‌شن هه‌یه، مرۆڤناسی یه‌كێكه له‌و ئامرازه گرنگ و زانستییانه‌ی كه له تێگه‌یشتن له مرۆڤ به‌درێژایی مرۆڤایه‌تی ڕۆڵی باڵای هه‌بووه، چونكه پرسی ناسین و زانینی مرۆڤ و ڕه‌فتار و كرده‌كانی هه‌ر له مێژه زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، له‌ڕووی مێژووی به‌کارهێنانه‌وه یه‌که‌م که‌س به‌کاری هێنا بێت ئه‌رستۆ بووه، کاتێک ویستوویه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندی دیاریکراو وه‌سفی مرۆڤه‌کان بکات بە هه‌ندێک تایبەتمەندی پۆلێنیانی کردووه، بۆ ده‌ربڕینی ناسینی هه‌ندێک له تایبه‌تمه‌ندییەکانی مرۆڤ تا به پێی ئه‌وانه له یه‌کیان جیا بکاته‌وه چه‌مکی ئه‌نترۆپۆلۆژی به‌کارهێناوه، دوواتر پاش نزیکه‌ی دوو هه‌زار ساڵ وله کۆتایی سه‌ده‌ی شازده له‌ساڵی ١٥٩٣ دا له زمانی ئینگلیزی‌دا به‌کارهاتووه و جارێکی تر که‌وتووه‌ته‌وه سه‌ر زاری نوسه‌ران و توێژه‌رانی بواری مرۆڤ وکۆمه‌ڵگا.
جۆرەکانی مرۆڤناسی
سروشتی
ئه‌م لقه توێژینه‌وه و لێکۆڵینەوه له‌سه‌ر بایه‌لۆژی مرۆڤ ده‌كات به‌و پێیه‌ی كه مرۆڤ بونه‌وه‌رێكه په‌یوه‌سته به دابونه‌ریت و كلتوورەكهی، له‌م بابه‌ته‌دا زانایەکی به‌ناوبانگ ئه‌م زانسته ده‌كات به دوو به‌ش:
- توێژینه‌وه له سه‌ر هه‌موو بوارەكانی مرۆڤ ده‌كات به‌م شێوه‌ی كه مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی هۆشیار و خاوه‌ن ئه‌قڵ و بیره.
- توێژینه‌وه و شیكردنه‌وه له سه‌ر كۆمه‌ڵگای مرۆڤ ده‌كات به گشتی، ئه‌م دوو لقه به یه‌كه‌وه به‌ندن و په‌یوه‌ندیان پێکەوە هه‌یه.
مێژوویی
ئه‌م زانسته تایبه‌ته به لێكۆڵینه‌وه له ڕابردووی مرۆڤ، بۆئه‌وه‌ى بزانێت ئه‌و گۆڕانكایانه چییە كه به سه‌ر مرۆڤدا هاتووه له سه‌ره‌تای دروست بوونیدا تا ئەمڕۆ، بێگومان ئه‌م به‌شه لێكۆڵینه‌وه‌ى زۆری ده‌وێت چونكه ناتوانین پشت به نووسراوه‌كان ببه‌ستین، بۆنموونه هه‌ندێك ده‌ڵێن ملیۆنه‌ها ساڵه كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی درووست بووه، به‌ڵام به پێی نوسراوه‌كان ده‌ڵێت پێنج هه‌زار ساڵه سه‌ری هه‌ڵداوه، وه زانایان زۆر پشت ده‌به‌ستن به‌نه‌خشه كۆنه‌كانی سه‌ر دیواره‌كان و خانوو و ئه‌شكه‌وته‌كان به مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی به‌ڵگه‌یه‌ک ئه‌وه بسه‌لمێنێ.
زمان
زمان ئامڕازێکە بۆ له‌یه‌كگه‌یشتن و په‌یوه‌ندی كردنی مرۆڤه‌كان له گه‌ڵ یه‌كتردا، ئه‌م زانسته هه‌ڵساوه به لێكۆڵینه‌وه له هه‌موو زمانی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان به گشتی، چونكه زمان په‌یوه‌ندی به شارستانیه‌ته‌وه هه‌یه، له سه‌ره‌تادا زمان به‌و شێوه‌ی ئێستامان نه‌بووه بەڵکو ورده ورده په‌ره‌ی سه‌ندووه و پێشكه‌وتووه، وه هه‌روەها لێکۆڵینەوەی ئه‌و هۆكارانه‌ی كه زمانەکان چۆن دروست بوون له سه‌رەتاوە.
ئابووری
ئه‌م زانسته بایه‌خ ده‌دات به لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر بواری ئابووری له هه‌موو جیهان، وە لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر باری ئابووری كۆمه‌ڵگاكانی جیهان و جیاوازی نێوانیان، له لایه‌كی تر ئابووری بڕبڕەی پشتی كۆمه‌ڵگایه، ئه‌گه‌ر میلله‌تێک باری ئابووری به هێز بێت ئه‌وه پێش ده‌كه‌وێت له هه‌موو بوارەکانی تریشدا، هه‌روەها جه‌خت ده‌كاتەوە له سه‌ر بواره‌كانی به‌رهه‌م هێنان و به‌كاربردنی مرۆڤ، له لایه‌كی تر كڕین و فرۆشتنی كه‌لوپه‌ل و كاڵاكان یاخود گۆڕینەوه له نێوان وڵاتانی جیهاندا.
ڕامیاری و سیاسی
ئه‌م زانسته گرنگی ده‌دات به لایه‌نه سیاسییەكان، كه چۆن ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی هه‌بێت له وڵات‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێک بۆ وڵات و دانانی ده‌ستور و یاسایەکی ڕێکوپێک كه تاكه‌كانی کۆمەڵگا له ژێر چه‌تری ئه‌و یاسایه‌دا بژین وەک پەرلەمانی وڵاتان، یاخود ده‌بینین له گوندێک ده‌سته‌یه‌ک ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردن و هه‌بوونی هه‌ر كێشه و گرفتێک وه‌ك كێشه‌ی زه‌وییە کشتوکاڵییەکان یاخود كێشه‌ی خێزانی، بەشێوەیەکی گشتی یاسا دوو جۆری هه‌یه:
- یاسا ئاسمانییەكان وه‌ک قورئان و ئینجیل و ته‌ورات.
- یاسا ده‌ستكرده‌كان وه‌ك ئه‌و یاسایانه‌ی كه مرۆڤ هه‌ڵده‌ستێت به دانانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات.
په‌روه‌رده‌یی
قۆناغی یەکەمی په‌روه‌رده‌كردن له ناو خێزاندا دهستپێدەکات وه‌ک ئەوەی وتەیەکی بەناوبانگی جیهانی عەرەبی هەیە کە دەڵێت (نحن نتاج ابوینا) به‌واتای ئێمە به‌رهه‌می دایک و باوكمانین، لێرەدا ئه‌م زانسته زیاتر بایه‌خ به لایه‌نی منداڵ ده‌دات كه ده‌بێت له ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه به شێوه‌یه‌كی جوان په‌روه‌رده بكرێت، وه نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک له شێوه‌كان منداڵ ئازاری جه‌سته‌یی بدرێت و توندوتیژی له دژی به‌كاربێت، چونکە کاریگەری دەروونی خراپ بەجێدەهێڵت لە داهاتوودا.
ئایینی
هه‌موو میلله‌تێک شانازی به ئایینەكهی خۆی ده‌كات، هه‌روه‌ک ده‌بینین شێوه‌كانی ئایین جیاوازی هه‌یه له كۆمه‌ڵگایه‌ک بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تر ده‌گۆرێت، وه جۆره‌كانی ئایین جیاوازە وەک (ئیسلام، مه‌سیحی، یەهودی، بودی، هیندۆسی، سیخی و چەندانی تر) كه ده‌بینین ئایینی ئیسلام کۆتا ئایینی ئاسمانییە و ته‌واوكه‌ری ئاینه‌كانی تره، لایه‌نی ئایینی زۆر گرنگی هه‌یه له سه‌ر ڕه‌وشته‌كانی مرۆڤ چونكه مرۆڤ هه‌ندێ جار له‌وانه‌یه دووچاری هه‌ندێک كاری خراپ و بهدرِهوشتی ببێته‌وه به‌ڵام كاتێک بیر له ئاینه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه ده‌بێته هۆی رێگری له ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره خراپه و وازهێنانی، بۆیە ئه‌م زانسته بایه‌خێكی ته‌واوی داوه به لایه‌نی ئایینی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ.
بۆ نموونە کرداری زینده‌به‌چاڵكردنی كچان کە کارێکی قێزەونی سەردەمی نەزانی بوو کە ئه‌مه‌ش له كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كاندا باو بوو، كاتێك خێزانێک كچی ده‌بوو هه‌ڵده‌ستان به زینده‌به‌چاڵكردنیان، هۆکار شه‌رم بووه بۆ ئه‌و هۆزانه كچیان هه‌بێت و شوو بكات به كورێک له هۆزێكی تر، ئه‌مه‌ش له دوای هاتنی ئیسلام قه‌ده‌غه كرا، ئەم زانسته گرنگێكی زۆر بە لایه‌نی منداڵ ده‌دات له گیروگرفته‌كان و پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی تا ده‌گاته ته‌مه‌نێكی گونجاو.
فۆلكلۆر
ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌گرێته‌وه وه‌ك مۆسیقا و سه‌ماكردن و گۆرانی و نیگاركێشان و ئه‌و كهڵوپهلانهی كه له ئه‌شكه‌وته‌كان ده‌دۆزرێته‌وه و دەچنە قاڵبی شوێنەوارناسییەوە، هه‌روەها چیۆكه خهیاڵییەكان ده‌گرێته‌وه، بابه‌تی فۆلكلۆر بایەخێکی زۆری پێدراوه له هه‌موو بواره‌كاندا، بۆ نموونه له گه‌لێک وڵات‌دا، مۆزەخانهی تایبه‌ت كراوه‌ته‌وه بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌له مێژووییانەی كه بۆمان ماوه‌ته‌وه له باو باپیرانمانه‌وه بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێک وه‌ك پاراستنی كاتوری مرۆڤایه‌تی، هه‌روها بۆبه‌هێزكردنی لایه‌نی ئابووری ئه‌و وڵاته، تا ئێستاش ده‌بینین زۆر له پیشانگا ده‌كرێته‌وه بۆ نیشاندانی كه‌لوپه‌له فۆلكلۆرییەکان.
ئامانجه‌کانی مرۆڤناسی
پاڵپشت به سروشت و چه‌مکی مرۆڤناسی، ئه‌م زانسته کۆمه‌ڵێک ئامانجی هه‌یه و کار ده‌کات بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه که بریتین له:
١- وه‌سفکردنێکی وردی دیارده و ڕواڵه‌ته‌کانی ژیانی مرۆیی و شارستانی مرۆڤ، ئه‌مه‌ش له ڕێگەی پێگە و ژیانی مه‌یدانی توێژه‌ری مرۆڤناسیهوه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای توێژینه‌وه‌که‌ی و تۆمارکردنی هه‌موو ئه‌و ڕەفتار و کردار و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی ده‌یبینێت له ژیانی ڕۆژانەی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا.
٢- بۆ گه‌یشتن به گشتاندنی شێوازێکی گشتی ڕەفتاری مرۆیی دیارده و ڕواڵەتهکانی ژیانی مرۆیی و شارستانی مرۆڤ پۆلێن ده‌کات، ئه‌مه‌ش دوای توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی ڕەوشەکه، ئه‌م پۆلێنکردنه‌ش به‌پێی په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی کۆمه‌ڵگا (سه‌ره‌تایی، کشتوکاڵی، پیشه‌سازی، مه‌عریفی، ته‌کنۆلۆژی و بوارەکانی تر).
٣- دیاریکردنی بنچینه‌ی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤدا هاتوون، هۆکاره‌کانی ئه‌و گۆڕانه و چۆنیه‌تی ڕوودانیان به شێوه‌یه‌کی زانستی ورد، ئه‌مه‌ش له ڕێگای گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو و کەلهپووری مرۆیی و به‌راوردکردنی به ئێستا و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕەگهز و توخمانه‌ی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه.
٤- پێشبینی کردنی ئه‌و ئاڕاستانه‌ی ئه‌گه‌ری گۆڕانیان هه‌یه و خه‌مڵاندنی ئایندهی مرۆڤایه‌تی و شارستانێتییەکەی، بۆ ڕوونکردنەوهی پاشه‌ڕۆژی ئه‌و کۆمهڵگایەی توێژینه‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت.