ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
کازم ساهیر (بە عەرەبی: كاظم الساهر، بە ئینگلیزی: Kadim Al Sahir) هونەرمەند و گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری عەرەبی لە ناودارترین و بە تواناترین هونەرمەندەکانی عەرەبی و جیهانە، لە 12ـی ئەیلوولی ساڵی 1957 لە شاری موسڵ لەدایکبووە، و ناوی تەواوی کازم جەبار ئیبراهیم سامەڕائییە، لە خێزانێکی هەژاری کەمدەرامەت کە پێکهاتبوون لە حەوت برا و دوو خوشك لە ماڵێکی بچووکی موسڵ ژیاون، پاشان خێزانەکەی هەر بە هۆی هەژارییەوە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی تەحریر لە شاری بەغداد و لەوێ نیشتەجێ بوون، سەرەتای ژیانی پڕ لە مەینەتی بووە و لە هەوڵی ئیشکردن و پەیداکردنی بژێوی ژیانی بووە، کار و پیشەی جیاوازی تاقیکردووەتەوە، لە تەمەنی دە ساڵی کاری فرۆشتنی ساردەمەنەی کردووە هەروەها لە کارگەیەکی کوتاڵ و چنین لە شاری بەغداد کاری کردووە، بۆ خوێندن چووەتە پەیمانگای مۆسیقا لە شاری بەغداد لەوێوە بەهرەکانی هونەری مۆسیقا و دەنگخۆشی تێدا دەرکەوتن، بۆ ئەوەی نرخی کڕینی یەکەم ئامێرە موسیقای دابین بکات پاسکیلەکەی خۆی فرۆشتووە و ئامێرێکی گیتاری پێ کڕیوە کە بە 12 دیناری ئەو کاتە کڕیوێتی، لە نێو هاوڕێکانی پەیمانگا نازناوی پادشای عودی پێدراوە بە هۆی لێزانی و بە توانایی لە ژەنینی ئەو ئامێرە، لە قۆناغی یەکەمی خوێندنی لە پەیمانگا یەکەمین گۆرانی نووسییەوە بە ناوی "این ٲنتي - تۆ لە کوێیت".
لە قۆناغی لاوێتیدا وەکوو مامۆستای وانەی مێژوو لە خوێندنگەکان دەستبەکار بووە، لە کۆتایی ساڵی حەفتاکان لە قوتابخانەی (کەربیش) و (بیناتا) لە گوندەکانی ناوچەی ئاکرێ لە هەرێمی کوردستان وەکوو مامۆستای هونەر و مۆسیقا کاری کردووە.
لە کاتی جەنگی نێوان وڵاتی عێڕاق و ئێران پەیوەندی بە سەربازییەوە کردووە، بەڵام بە هۆی کەمی و نەبوونی مامۆستا و پێویستی خوێندنگەکان بۆ مامۆستا لە سەربازی گەڕێندراوەتەوە، لە ساڵی 1990 وڵاتی عێڕاقی بەجێهێشتووە، گەشتی غەریبی لەوکاتەوە دەستی پێکردووە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە وڵاتی ئوردن ژیاوە، پاشان ڕووی کردووەتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بۆ سێ ساڵیش لەوێ بووە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکان ڕووی کردە قاهیرەی میسڕ و بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ نیشتەجێ بووە، ئێستا بێجگە لە ڕەگەزنامەی عێڕاقی خاوەن دوو ڕەگەزنامەی هەردوو وڵاتانی کەنەدا و قەتەڕە. لە وڵاتی مەغریب نیشتەجێیە.
ژیانی هونەری
کازم دەستپێکردنی ڕێچکەی هونەری لە ساڵی 1981 بووە، لە ساڵی 1984 یەکەمین ئەلبومی بە ناوی (شجرة الزيتون/ داری زەیتوون) بڵاوکردووەتەوە، پاشان بە هاریکاریی چەند شاعیرێکی ناوداری وەکوو عەزیز ڕەسام و کەریم عێڕاقی چەند بەرهەمێکی دەرکرد، ئەو گۆرانییەی کە زیاتر ناوداری کرد و ناساندی (عبرت الشط)، لە ساڵی 1989 زنجیرە کۆنسێرتی لە شارەکانی عێڕاق ئەنجامداوە، و لەگەڵ هونەرمەند کامەران عومەر لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێکی ئەنجامداوە.
کازم هەنگاوێکی باشترینا و یەکەمین شعری شاعیری ناوداری سوری نزار قەبانی کردە گۆرانی بە ناوی (إني خيرتك فأختاري/ من تۆم هەڵبژاردووە، تۆش هەڵبژێرە) ئەم گۆرانییە زۆر ناوبانگیدایەوە و بۆیە چەند شعرێکی تری ئەو شاعیرەی کرد بە گۆرانی لە وانە (مدرسة الحب، زيديني عشقا) كە ئەم دوو گۆرانییە بوونە باشترین بەرهەمەکانی کازم و بە جیهانی ناساند، هەر نزار قەبانیش نازناوی "القيصر" پێ بەخشی.
کازم کاری ئاوازی بۆ زۆرینەی گۆرانییەکانی خۆی کردوو، و بۆ چەند گەورە هونەرمەندێکیش ئاوازی گۆرانی داناوە لەوانە ماجیدە ڕوومی و لەتیفە، بێجگە لە کاری گۆرانی و ئاواز دانان، لە سەرەتای کاری هونەریدا، نواندن و ڕۆڵگێڕانی تاقیکردەوە، لە فیلمی (المسافر) ڕۆڵی سەرەکی بەرجەستە کرد، ئەم فیلمە بووە ئەلبوومێکی وێنەیی بۆ بەرهەمی گۆرانییەکانی و چەند گۆرانییەکی گرنگی تێدا وتەوە.
هەروەها فیلمی بەڵگەنامەیی (موطني/ نیشتمانەکەم) کە بەربژێری خەڵاتەکانی باشترین فیلمی بەڵگەیی بوو، کازم موسیقا و گۆرانییەکەی داڕشت بە ناوی (یا وطني يسعد صباحك/ بەیانیت باش ئەی نیشتیمانم).
تایبەتمەندی و شێوازی گۆرانی وتنی
شێواز و ڕێچکەی کازم ساهیر ناوازە و بێ هاوتایە، تاکە هونەرمەندی عەرەبییە کە زۆر بە نایابی توانیویەتی بە شێواز و قاڵبی ئۆپێرالی گۆرانی بڵێتەوە، کە جۆرێکی زۆر قورسی گۆرانی وتنە لە جیهاندا و نامۆیە بە وڵاتانی عەرەبی، چونکە لە جۆری هونەری ڕۆژئاواییە.
کازم بە هەست و سۆزێکی زۆر قوڵ و تایبەت گۆرانییەکانی دەچڕێت، دەربڕینی بۆ هەستەکانی ڕاستگۆیانەیە و لە ڕادەبەدەر سۆز و هەستی خۆی تێکەڵ بە گۆرانی و شعرەکان دەکات شاکارێکی هونەری بێ وێنە پێشکەش دەکات، گۆرانییەکانی لە زانکۆکانی جیهان و ئەمەریکا هاوشێوەی زانکۆی هارڤارد و زانکۆی ئۆهایۆ وەکوو سەرچاوە و وانەی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی دەخوێندرێت.
کازم بەشێکی زۆری شیعری گۆرانییەکانی شیعرەکانی شاعیری لوبنانی نزار قەبانی و شاعیری عێڕاقی کەریم عێڕاقییە و هەندێک لە گۆرانییەکانی خۆی نوسیویەتێوە، بەڵام شیعری چەند شاعیرێکی تری بەکارهێناوە لەوانە:
ئەسعەد غەریری و بەدر شاک و سەیاب و تەڵاڵ ڕەشید و چەندانی تر.
باری خێزانی
لە تەمەنی 19 ساڵی لە کۆتایی حەفتاکان هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مامی خۆی دەکات، دەبێتە خاوەنی دوو کوڕ بە ناوەکانی عومەر و ویسام، لە ساڵی 1996 لە هاوسەرەکەی جیابووەوە، لە ئاهەنگێکی ساڵی 2018 لە واشنتۆنی وڵاتی ئەمەریکا دەزگیرانی خۆی و کچە تونسییەکی ڕاگەیاند بە ناوی سارە مقەنی.
خەڵاتەکانی
کازم ساهیر لە زۆرێك لە ڤیستیڤاڵی جیهانی و ڕۆژنامە و گۆڤاری جیهانی خەڵاتکراوە، گرنگترین خەڵاتەکانی:
- لە ساڵی 1996 ئۆسکاری گۆرانی عەرەبی وەرگرتووە و بە باڵوێزی گۆرانیبێژی عێڕاقی دەستنیشان کراوە.
- لە ساڵی 1997 مەدالیای داهێنان و لێهاتوویی لە بەغداد بە دەستهێنا لە شانۆی نیشتیمانی.
- لە ساڵی 2000 مەدالیای شایەندارێتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وڵاتی تونس بەدەستهێنا.
- لە ساڵی 2001 لە میسڕ بە باشترین گۆرانیبێژ هەڵبژێردرا و خەڵاتی سوارچاکی هونراوە و گۆرانی عەرەبی پێشکەش کرا.
- لە ساڵی 2001 و 2004 و 2012 لە وڵاتی لوبنان بووە خاوەن خەڵاتی باشترین هونەرمەند و خەڵاتی میۆرێکسی بەدەستهێنا.
- لە ساڵی 2005 بووە خاوەنی کلیلی شاری فاس کە شارێکی مێژوویی و کولتورییە، کازم دووەم کەسە کە دەبێتە خاوەنی ئەو کلیلە، لە پێش ئەو هونەرمەندی سوری سەباح فەخری ئەم شکۆیەی وەرگرتووە.
- خاوەنی خەلاتی ڕێکخراوی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکانە (یونسکۆ).
- لە ساڵی 2010 بووە خاوەن خەڵاتی گۆڵدن ئۆرد بۆ باشترین هونەرمەندی ساڵ.
- لە مانگی ئایاری ساڵی 2011 گەڕایەوە بۆ شاری بەغداد وەکوو باڵیۆزی نیازپاکی بۆ گرنگیدان بە منداڵانی جیهان و عێراق دەستنیشان کرا.
- تاکە هونەرمەندی عەرەبییە کە لە هۆڵی شاژنی بەریتانیا گۆرانی گوتووە.
- دووەم هونەرمەندە لە جیهاندا لە پاش مادۆنا کلیلی شاری سیدنی وەرگرتووە.
بەرهەمی گۆرانییە تایبەتەکانی
کازم چەندان گۆرانی و ئەلبووم و بەرهەمی ناوازەی هەیە و گۆرانییە کۆن و تازەکانی هەوادارنی خۆی هەیە و هەمیشە نەمر و تایبەتە. هەندێک لەوانە:
- ماوەی گۆرانییەکانی لە نێوان 4 بۆ 16 خولەکە، تەنها گۆرانی (لا یا صديقي/ نا هاوڕێکەم) 47 خولەکە.
- گۆرانی (أنا و ليلى) بە پێی ڕاپرسییەکی ڕادیۆی بی بی سی بەڕیتانی پلەی شەشەمی جیهان بەدەستهێنا.
- گۆرانی (ها حبیبی) لە ساڵی 1996 بە باشترین گۆرانی ساڵ هەڵبژێردرا لە ڤیستیڤاڵی گۆرانییەکان لە شاری قاهیرە.
- گۆرانی (تذكر) گۆرانییەکی نیشتیمانی هەست بزوێنە، بە هۆیەوە خەڵاتی یونسێفی بەدەستهێنا و ئەم گۆرانییە بۆ 18 زمانی جیهان وەرگێڕانی بۆ کراوە.
- ڤیدیۆ کلیپی گۆرانی (أكرهها) بووە باشترین بەرهەمی ساڵی 1999 لە ڤیستیڤاڵی گۆرانییەکانی شاری ئەسکەندەرییەی وڵاتی میسڕ.
- گۆرانی (المحكمة) كە لەگەڵ خانمە هونەرمەند ئەسما مونەوەر وتوویەتیوە ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد.