ناوهڕۆك
سریلاک
سریلاک پێکهاتەیەکی خۆراکییە بۆ منداڵ کە لەچەند ماددەیەکی خۆراکی پێکهاتووە و جۆری جیاوازی زۆرە، وەک سریلاکی مۆز، گەنم، برنج و تێکەڵەی دیکە، نابێت پێش تەمەنی ٦ مانگی سریلاک بدرێت بە منداڵ، هەروەها سریلاک کۆمەڵێک زیانی هەیە بۆ منداڵەکە.
زیانەکانی سریلاک بۆ منداڵ
قەبزی
سریلاکەکان هەندێک لە منداڵەکان تووشی قەبزی دەکەن، بەگشتی سریلاکی برنج یەکەمین جۆری سریلاکە کە دەدرێت بە منداڵ چونکە هەرسکردنی ئاسانە بە بەراورد بە سریلاکەکانی دیکە.
شیری دایک هەرسکردنی زۆر ئاسانە، بەڵام کاتێک کۆمەڵێک خۆراکی دیکە دەدرێت بە منداڵ بۆ نموونە سریلاک کە لە چەند ماددەیەکی خۆراکی پێکهاتووە پەستانێکی زیاتر دەخاتە سەر کۆئەندامی هەرسی منداڵەکە و دەبێتە هۆی قەبزی.
دروستبوونی هەستیاری
برنج و گەنم ئەو دوو ماددەیەن کە زۆر لە سریلاکدا بەکاردەهێنرێن، هەندێک کەس هەستیارییان هەیە بەم ماددانە بە تایبەت گەنم، و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری کە نیشانەکانی هەستیاری بریتین لە، ئازاری گەدە، سکچوون، دڵتێکچوون، تا و کۆکە، ئەمانە گرنگترین ئەو نیشانانەن کە لە ئەنجامی هەستیاری بە سریلاکدا منداڵ تووشی دەبێت، هەروەها ئەگەر بێت و سریلاکەکە لاکتۆز و گلۆتینیشی تێدا بەکارهاتبێت لەوانەیە هەستیاری زیاتر ببێت، برنج کەمتر لە گەنم و نیشاستە و سۆیا و شیرەمەنییەکان هەستیاری دروست دەکات، کەواتە ئەگەر منداڵەکەت دووچاری ئەو نیشانانەی سەرەوە بوویەوە پێدانی سریلاک بوەستێنە و سەردانی پزیشکی پێ بکە.
کێشەی کۆئەندامی هەناسە
ئەم کێشەیەش لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتدا زۆر دەگمەن بێت لەو منداڵانەدا ڕوودەدات کە تڕشەڵۆکی گەدەیان هەیە، لەوانەیە کاتێک کە سریلاکاکە دەخۆن ماددە خۆراکیەکانی بەرەو سییەکان بڕۆن و کێشە بۆ سییەکان دروست بکات.
ڕزینی ددانەکان
سریلاک بڕێکی زۆر شەکری تێدایە کە یەکێکە لە زیانە گەورەکانی سریلاک بوونی ئەو شەکرە زۆرە و زیانێکی زۆر دەدات لە ددانەکانی بەتایبەت و تەواوی جەستەی، هەرچەند تاکوو کۆتایی تەمەن ناتوانیت ڕێگری بکەیت لە منداڵەکەت بۆ خواردنی شیرینی بەڵام واباشترە لەو تەمەنە منداڵەوە بە هیچ شێوەیەک شیرینی نەخوات و هیچ پێکهاتەیەکیش نەخوات کە شیرینی تێدا بێت.
ڕەتکردنەوەی خواردنی دیکە
ئەو منداڵەی کە بەردەوام سریلاک دەخوات زۆرجار حەزی نامێنێت بۆ خواردنی ماڵەوە و بەردەوام داوەی سریلاک دەکات و خواردنی دیکە ڕەتدەکاتەوە.
مەترسی توشبوون بە نەخۆشی مەترسیدار
زۆرجار خواردنی دەرەوە ماددەی پارێزەری تێدایە کە خواردنەکە بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە تاکوو تێک نەچێت، ئەم ماددانە زیانێکی زۆریان هەیە بە تایبەت بۆ منداڵ، بە تێپەڕبوونی کات لەوانەیە منداڵەکە تووشی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و نەخۆشییەکانی جگەر و گورچیلە بکات.