ناوهڕۆك
سەرەتا
هەست و سۆزەکان توانایەکی زۆر بەهێز بە ڕەفتارەکانی مرۆڤ دەبەخشن و سەرچاوەن بۆ کردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ، هەروەها هەستە بەهێزەکان ڕەنگە ببنە هۆکاری ئەنجامدانی چەندان کار و ڕەفتار کە لە پێشتردا ئەنجام نەدراون، یاخود ڕەنگە ببنە هۆکاری دوورکەوتنەوە لەو کارانەی بە کردنیان مرۆڤ دڵخۆش دەبێت.
توێژینەوە زانستییەکان و فەیلەسوف و دەروونناسەکان، پێشنیازی چەندان بیردۆزی جیاوازیان کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی هەستەکان چۆن و بۆچی دروست دەبن.
هەست و سۆز چییە؟
لە دەروونناسیدا دا بیردۆزە سۆزدارییەکان (هەست و سۆز) بە بارێکی ئاڵۆز لە هەستەکان پێناسە دەکرێن کە بەرەنجامی گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییەکانن و کاریگەری دەخەنە سەر بیرکردنەوە و ڕەفتارەکان هەروەها لایەنە سۆزدارییەکان پەیوەندییان بە دیاردە دەروونییەکانەوە هەیە کە بریتین لە دۆخ، کەسایەتی، باری دەروونی و هاندان.
بیردۆزە سۆزدارییەکان
گرنگترین بیردۆزە سۆزدارییەکان دەکرێنە سێ پۆل:
- بیردۆزە فسیۆلۆجییەکان: ئاماژە بەوە دەکەن کە کاردانەوەکانی ناو جەستە بەرپرسیارن لە هەستەکان.
- بیردۆزە دەمارییەکان: بە پێی ئەم بیردۆزە چالاکییەکانی ناو مێشک هۆکاری دروستبوونی کاردانەوە سۆزدارییەکانن.
- بیردۆزی توانای زانین (درک پێکردن): باس لەوە دەکات کە بیرکردنەوەکان و چالاکییەکانی تری مێشک ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە لە ڕێکخستنی هەستەکاندا.
شەش گرنگترین بیردۆزە سۆزدارییەکان
بیردۆزی پەرەسەندنی سۆزداری
سروشتناس چاڕڵس داروین (Charles Darwin) پێی وابوو هەستەکان گەشە دەکەن چونکە گونجاوبوون و یارمەتی گیانەوەر و مرۆڤەکانیان داوە بۆ ڕزگاربوون لەدەست ڕاوچییەکانیان و ئارەزووی وەچە خستنەوەی بۆ دروست کردوون هەروەها هەست کردن بە سۆز و خۆشەویستی وا لە مرۆڤەکان دەکات کە بە دوای هاودەمێکدا بگەڕێن و مناڵ بخەنەوە و هاوکات هەستکردن بە ترس خەڵکی ڕادەکێشێت بۆ شەڕکردن یاخود هەڵهاتن لە سەرچاوەی ترسەکە.
بەپێی بیردۆزی پەرەسەندنی لایەنە سۆزدارییەکان هەستەکانمان بوونیان هەیە چونکە خزمەتی ڕۆڵی خۆ گونجاندن دەکەن لەگەڵ سروشتدا، لایەنە سۆزدارییەکان هانی مرۆڤەکان دەدەن بۆ هەبوونی کاردانەوەیەکی هاندەر لە ژینگەکەیدا کە یارمەتی زیادکردنی هەلی سەرکەوتن و ڕزگاربوون دەدات.
تێگەیشتن لە هەست و سۆزی گیانەوەران پاشان کەسانی دیکە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پاراستن و ڕزگاربوونیاندا، بۆ نموونە ئەگەر ڕووبەڕووی فیشکەیەک یاخود چڕنووک یانیش گازگرتنی ئاژەڵێک بوویتەوە، ئەوە درک بەوە دەکەیت کە ئەم ئاژەڵە لە ترسدا یاخود بۆ پاراستنی خۆی وایکردووە و پێویستە لێی دوور بکەویتەوە، بەو هۆیەوە بە پێی لێکدانەوەیەکی دروستی هەستەکانی مرۆڤ و گیانەوەران کە نیشانی دەدەن، دەتوانیت کاردانەوەیەکی ڕاستت بۆیان هەبێت و لە مەترسیش دووربکەویتەوە.
بیردۆزە سۆزدارییەکەی جەیمس لەینگ
ئەم بیردۆزەی جەیمس لەینگ (James-Lange) بە یەکێک لە باشترین بیردۆزە فیسیۆلۆجییەکان ناسراوە و لەلایەن دەروونناس ویلیام جەیمس (William James) و پسپۆڕی فیسیۆلۆجی کاڕل ڵەینگ (Carl Lange) دانراوە، بیردۆزە سۆزدارییەکەی جەیمس لەینگ ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامی کاردانەوە فیسیۆلۆجییەکان بۆ ڕووداوەکان, هەست و سۆزەکان دروست دەبن.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە هەبوونی هاندەرە دەرەکییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی کاردانەوە فیسیۆلۆجییەکان و هەست و سۆزی مرۆڤ بەندە لەسەر ئەوەی چۆن ئەو کاردانەوە جەستەییانەی ڕوون دەکاتەوە و نیشانی دەدات.
بۆ نموونە، وا خەیاڵ بکە لە نێو دارستانێکدایت و ورچێکی گەورە دەبینیت، لەوکاتەدا دەست بە لەرزین دەکەیت و دڵت بە خێرایی لێ دەدات، لە بیردۆزەکەی فڵاندا ئاماژە بەوە دەکرێت کە تۆ هەست بەوە دەکەیت، تۆقیویت کە ئەمەش واتە (من کەوتمە لەرزین، کەواتە من دەترسم)، بە گوێرەی ئەم بیردۆزی سۆزدارییە، تۆ دەستت بە لەرزین نەکردووە لەبەر ئەوەی ترساویت، بەڵکو تۆ هەستت بە ترس کردووە لەبەر ئەوەی دەستت بە لەرزین کردووە.
بیردۆزە سۆزدارییەکەی کانۆن بارد
یەکێکی دیکە لە ناسراوترین بیردۆزە فیسیۆڵۆجییەکان بریتییە لە بیردۆزە سۆزدارییەکەی کانۆن بارد (Cannon-Bard).
واڵتەر کانۆن لەگەڵ بیردۆزە سۆزدارییەکەی جەیمس-لەینگ دا لە هەندێک شتتدا هاوڕا نەبوو، بۆ نموونە وەک: یەکەم، واڵتەر پێی وابوو مرۆڤەکان دەتوانن ئەزموونی ئەو کاردانەوە فیسیۆلجییانە بکەن کە پەیوەستن بە هەست و سۆزەوە بە بێ ئەوەی بە تەواوی هەست بەو لایەنە سۆزدارییە بکەن بۆ نموونە ڕەنگە دڵت بە هۆی ئەوەی وەرزشت کردووە، بەخێرایی لێ بدات نەک لەبەر ئەوەی کە دەترسیت.
هەروەها کانۆن ئاماژەی بەوەش کردووە کە کاردانەوە سۆزدارییەکان زۆر بەخێرایی ڕوودەدەن بۆ ئەوەی بە سادەیی دۆخە جەستەییەکان دروست بکەن.
بۆ نموونە کاتێک ڕووبەڕووی مەترسییەک دەبیتەوە لە ژینگەدا، ئەوا زۆرجار هەست بە ترس دەکەیت پێش ئەوەی نیشانە جەستەییەکانی پەیوەندیدار بە ترست تێدا دەربکەوێت وەک لەرزینی دەستەکان و هەناسە تەنگی و خێرا لێدانی دڵ.
هەروەها کانۆن بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٠ پێشنیازی بیردۆزەکەی کرد و دواتر کارەکەی لەلایەن فیلیپ بارد (Philip Bard)ـی پسپۆڕی فیسیۆلۆجییەوە لە ساڵی ١٩٣٠ فراوان بوو، بەپێی بیردۆزە سۆزدارییەکەی کانۆن-بارد هەست بە هەست و سۆز دەکەین و کاردانەوە فیسیۆلۆجییەکانت وەک ئارەقکردن و لەرزین و گرژی ماسولکەکان لە یەک کاتدا ئەزموون دەکەین، بە شێوەیەکی وردتر ئەم بیردۆزە ئاماژە بەوە دەکات کە هەستەکان دروست دەبن کاتێک (لانک)ـی مێشک نیشانەی کارەبایی دەنێرێت وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هاندانێک و پاشان کاردانەوە فیسیۆڵۆجیەکان دروست دەبن، لە هەمان کاتدا مێشکیش نیشانەی ورووژاو وەردەگرێت و هەست و سۆزەکان بەرهەم دێن.
بیردۆزەکەی کانۆن و بارد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەزموونی جەستەیی و دەروونی هەستەکان لەهەمان کاتدا ڕوودەدەن و یەکێکیان هۆکار نییە بۆ دروستبوونی ئەوی دیکەیان.
بیردۆزە سۆزدارییەکانی شاکتەر سینگەر
ئەمانیش بە بیردۆزی دوو-ڕێگا (two-factor)ـی سۆزداری ناسراون، ئەم بیردۆزە نموونەیەکە لە بیردۆزەکانی توانای زانین (درک پێکردن)ـی هەست و سۆزەکان و ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەتا خرۆشانی فیسیۆلۆجی ڕوودەدات پاشان تاکەکان پێویستە لەسەریان هۆکاری ئەم خرۆشانە دیاری بکەن بۆ ئەزموونکردن و پێناسە کردنی وەک هەست و سۆزێک و هاندەرێک دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی فیسۆلۆجی و پێناسە دەکرێت بە هەست و سۆز.
هاوشێوەی بیردۆزی کانۆن-بارد، بیردۆزی شاکتەر-سینگەریش ئاماژە بەوە دەکات کە وەڵامدانەوە فیسیۆلۆجییەکان کە لەیەک دەچن دەتوانن هەست و سۆزی جیاواز بەرهەم بهێنن بۆ نموونە ئەگەر هەستت بە خێرابوونی لێدانی دڵت و ئارەقەکردنەوەی ناو لەپت کرد لە کاتی تاقیکردنەوەی خوێندندا ئەوا لەوکاتەدا ئەو لایەنە هەستییەی کە دروست دەبێت دەستنیشان دەکرێت بە دڵەڕاوکێ، هەروەها ئەگەر هەمان وەڵامدانەوەی جەستەییت لە کاتی ژووان بەستندا بۆ دروست بوو ئەوکات ئەم وەڵامدانەوانە دەچنە بارێکی تری وەک خۆشەویستی و کارتێکردن یاخود وروژان.
بیردۆزی هەڵسەنگاندنی توانای زانین
بە گوێرەی ئەم بیردۆزە ڕیزبەندی ڕووداوەکان سەرەتا لە هاندەرێکەوە دەست پێدەکات و بەدوایدا بیرکردنەوە کە هاوکاتە لەگەڵ ئەزموونکردنی وەڵامدانەوە فیسیۆلۆجی و سۆزدارییەکاندا، بۆ نموونە ئەگەر ورچێکی گەورەت لە ناو دارستانێکدا بەدیکرد، ڕەنگە ڕاستەوخۆ دەست بکەیت بە بیرکردنەوە لەوەی کە تۆ لە مەترسییەکی زۆر گەورەدایت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی ئەزموونکردنی هەستی ترس و کاردانەوە جەستەییەکانی وەک لەرزین، گەورەبوونی بیلبیلەی چاو، خێرابوونی لێدانی دڵ و زەرد هەڵگەڕانی دەمووچاو.
بیردۆزی سۆزداری زمانی ڕووخسار
ئەم بیردۆزە ئاماژە بەوە دەکات دەربڕینەکانی ڕووخسار پەیوەندییان لەگەڵ ئەزموونکردنی هەستەکاندا هەیە، چاڕلس داروین و ویلیام جەیمس هەردووکیان تێبینی ئەوەیان کردووە کە هەندێک جار وەڵامدانەوە فیسیۆلۆجییەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەست و سۆز هەیە، لەجێی ئەوەی بە شێوەیەکی زنجیرەیی و یەک لە دوای یەک کاریگەریی دروست بکەن.
پشتگیریکارانی ئەم بیردۆزە پێیان وایە هەستەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە گۆڕانکارییەکانی ماسولکەکانی ڕووخسارەوە، ئەو کەسانەی بە زۆر پێکەنینێکی ڕووخۆشانە دەکەن لە شوێنێکدا کە پێویستە، کاتێکی باشتریان دەبێت لەچاو ئەوانەی تەنیا لە ڕووخساریاندا مۆڕە و گرژومۆنی دەردەکەوێت.