ناوهڕۆك
ناساندن
تەنوورە (بە ئینگلیزی: skirt) جۆرە پۆشاکێکە کە لە کەمەرەوە تاکوو خوارەوەیە ئەویش بەپێی حەزی کەسەکە کورتی و درێژییەکەی دیاری دەکرێت، لەم سەردەمەدا تەنوورە بە زۆری پۆشاکی خانمانە و بە دەگمەن پیاوان لەبەری دەکەن مەگەر ئەوەی لەچەند شوێنێک بەهۆی کولتوور و بیروباوەڕی ئایینەوە پیاوانیش لەبەری بکەن.
لەبەرکردنی تەنوورە
تەنوورە بۆ هەموو خانمێک گونجاوە لە هەر تەمەنێکدا بێت لە منداڵێکی بچووکەوە تاکوو خانمێکی بە تەمەن، جۆرەها قوماشی هەیە لە ئاوریشم، کرێب، شل، نەرم، شلیلەیی، خوری، قەدیفە، کە هەموویان بەپێی وەرز و شوێن و جلەکە دەگۆڕێن کە کام جۆرە قوماشیان بپۆشیت، بەگشتی تەنوورە لەگەڵ هەموو جۆرە جلێکی سەرەوەدا دەگونجێت، قەمیس بێت یان بۆدی و چاکەت بەڵام دەبێت بزانیت چی جۆرە تەنوورەیەکی لەگەڵدا دەگونجێنیت.
مێژوو
لە کۆندا تەنوورە هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاویش بەکاردەهات، پارێزگاری لێ دەکردن لە بەرامبەر سەرما و هەوا، پۆشاکێکە کە هەر لە کۆنەوە تاکوو ئێستا هەبووە و داخوازی زۆری لەسەر بووە، تەنوورەی حەسیری مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٩٠٠ ساڵ پێش زایین لە ئەرمەنستان، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا تەنوورە بۆ هەردوو ڕەگەز بوو بەتایبەت لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و بەتایبەتتر میسڕ بەڵام وردە وردە لە ئەوروپا و ئەمریکا گۆڕا بۆ جلێکی خانمان.
لە میسڕی کۆندا
سەرەتای دروستبوونی تەنوورە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی کۆن لە میسڕدا و یەکەم جار پیاوان تەنوورەیان لە پێ دەکرد، کە قوماشێکی سادە بوو و دەیانبەست لە کەمەریان وەک تەنوورەی ئێستا ئەم تەنوورانە لە کەتان دروست کرابوون، کەتان سووک و فێنکە گونجاو بوو بۆ هەوای گەرم و شێداری میسڕ، کەسە دەوڵەمەند و پلە بەرزەکان تەنوورەی فێنکتر و قوماشی باشتریان دەپۆشی و بەڵام کەسە هەژارەکان قوماشی خراپیان بەکاردەهێنا، خانمان لەو سەردەمەدا جلێکی درێژییان لەبەردەکرد کە عەزی بوو تاکوو خوارەوە درێژ بوو و دەیدا لە زەوی و ڕەنگی سپی بوو.
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە بەرەوپێشچوونی چنین و دروومان پیاوان دەستیان کرد بە لەبەرکردنی پانتۆڵ و جۆرە گۆرەوییەکی درێژ کە وەک پانتۆڵ بوو و بلووسی کورتییان دەکرد بە سەریدا و وردە وردە وازیان هێنا لە لەبەرکردنی تەنوورە، بەڵام عەزی درێژ هەر تاکە جلی خانمان بوو لەو سەردەمەدا ئەم عەزییانە بە جۆرێک دورابوون کە تاکوو کەمەر پارچەیەک بوو و دوای ئەوە پارچەیەکی تری لێ درابوو کە وەک تەنوورەیەک بوو و تا خوارەوە و تاکوو کۆتایی سەدەی ١٩یەم و ئیتر لەوکاتەوە تەنوورەکە لە عەزییەکە جیاکرایەوە.
لە سەدەی ١٩
لە سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریادا عەزی هێشتا باوترین جلوبەرگ بوو بۆ خانمان لەو سەردەمەدا بەپێی کولتووری ئەوکاتە دەبوو خانمان هەموو بەشێکی جەستەیان دابپۆشن، لە کۆتاییەکانی دەیەیی ١٨٩٠ کاتێک کە شێوازی ژیانی خانمان گۆڕدرا لە ڕوانگەی ئەسپسواری پایسکیلسواری و پیادەڕەوی گۆڕانکاریش لەجلووبەرگدا ڕوویدا و لەبەرکردنی قەمیس و تەنوورە زۆر باو و خۆشەویست بوو لای خانمان، لە ١٨٩٠ بەولاوە لەبەرکردنی تەنوورە زیاتر بوو و تەنوورەکان درێژبوون تاکوو خوارەوە و ئەم درێژییە بەردەوامی هەبوو تاکوو دەیەی ١٩١٠.
لە سەدەی ٢٠
سەدەی ٢٠ سەدەی گۆڕانکاری بوو لە ژیاندا لە زۆر لایەنەوە، لەم سەردەمەدا جۆری جیاوازی تەنوورە داهات و لە سەرەتای سەدەکەدا تەنوورە هەر درێژ بوو تا خوارەوە بەڵام لەکۆتایی سەدەی بیستەمدا جۆری جیاوازی تەنوورە پەیدا بوو و جیاوازی زۆری هەبوو لە ١٩١٠ تەنوورە تەسک و کورت و لە ١٩٦٠ درێژیی تەنوورە هاتە سەر ڕانەکان.
بە درێژایی سەدەی بیستەم بەردەوام تەنوورە کورتر دەبوویەوە و شێوازی فڵاپەر (Flapper) بەردەوام بوو کە ئەم دەستەواژە لە سەدەی بیستدا و نزیک ساڵی ١٩٢٠ بەو خانمانە دەوترا کە تەنوورەی زۆر کورت و تەسک و قژێکی کورتیان هەبوو و بوبووە مۆدێل.
لە دەیەی ١٩٤٠ بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە پۆشاک گۆڕانکاری بەسەردا هاتوو زیاتر ڕەنگی تۆخ و ڕەش لەبەردەکرا و تەنوورەکانیش کەمێک درێژ و فراوان سادە کرانەوە، دواتر لە دەیەی ١٩٧٠ بەدواوە تەنوورە جۆری جیاوازی پەیدابوو تاکوو ئێستا.
تەنوورە بۆ پیاوان
لە سەردەمانی کۆندا پیاوان پێش خانمان تەنوورەیان لەپێ دەکرد هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەبوو کە فراوان بوو و زوو دەدوورا و بە ئاسانی دەتوانی هەنگاوی پێوە بنێیت هەر بۆیە بۆ ئەو پیاوانە گونجاو بوو کە دەچوون بۆ جەنگ، چونگە تەنوورەکان پارچە قوماشێکی فراوان بوو و تاکوو سەری ئەژنۆیان بوو، بەڵام لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا وردە وردە لەپێکردنی پانتۆڵ زیاد بوو کە سەرەتا منداڵی کوڕ لەپێیان دەکرد و دواتریش پیاوان، پانتۆڵەکان لەو سەردەمەدا وەک هی ئێستا نەبوون و لە سەرەوە فراوان و لە ئەژنۆ بەرەو خواریانەوە تەسک بوو و لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا پیاوان ئیتر تەنوورەیان لەپێ نەکرد و قات و پانتۆڵ جێگای تەنوورەی گرتەوە.
گەڕانەوەی تەنوورە بۆ پیاوان وەک مۆدێل
لە دەیەی ١٩٦٠ هەوڵدانێک هەبوو بۆ نەمانی جیاوازی لە نێوان ژنان و پیاواندا لەم سەردەمەدا خانمان قات و پانتۆڵیان لەبەردەکرد وەک پیاوان و وازیان هێنابوو لە لەبەرکردنی عەزی، هەڵبەتە لە فەڕەنسا تاکوو ساڵی ٢٠١٣ لەبەرکردنی قات و پانتۆڵ بۆ خانمان لە شەقامەکاندا قەدەغە بوو، هەروەها یەکێکی تر لە هەوڵەکان بۆ نەهێشنی جیاوازی نێوان ژنان و پیاوان درێژکردنەوەی قژ بوو لەلایەن پیاوانەوە، لە دەیەی ١٩٧٠ هانی پیاوانی ناوچە گەرمەکان دەدرا کە تەنوورە لەپێ بکەن و لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٨٠ دیزاینەرێکی فەڕەنسی جلوبەرگ بەناوی ژۆن پۆڵ گۆتییەی (بە ئینگلیزی: jean paul gaultier) یەکەمین دیزاینی خۆی بۆ تەنوورەی پیاوان خستە ڕوو.
تەنوورە لە ئێستادا و جۆرەکانی
لە ئێستادا زۆرێک لە خانمان تەنوورە لەبەردەکەن و بە جۆری و قوماش و ڕەنگی جیاواز بەردەستە و بۆ هەموو بۆنەیەک دەبێت بەپێی جۆری ڕێکخستنەکەی، لە ئێستادا پیاوان بە دەگمەن دەبینرێت کە تەنوورە لەبەربکەن، تەنوورە چەند جۆرێکی هەیە کە ئەمانەن:
کلۆش
تەنورەی کلۆش کە لە شێوەی پیتی A دایە ئەم جۆرە لە سەرووی کەمەردا دەبەسترێت و بە پانی دێتە خوارەوە و کلۆشە.
ڕێک
تەنوورەی ڕێک لە سمت و ڕاندا تەسکە و ڕێکە و دەکرێت تاکوو خوارەوە بێت یاخود تا سەر ئەژنۆ بێت.
کەمەردار
ئەم جۆرە تەنوورە پۆشاکێکی کۆنی ژنە ئەڵمانییەکان بووە کە لە کەمەرەکەیدا تەنوورەکە دەبەسترێت و لەوێدا کۆدەکرێتە و دواتر کلۆشە و پانە خوارەکەی.
کورت
تەنوورەیەکی کورتە کە تاکوو سەری ئەژنۆ دێت و درێژییەکەی لە ٢٥ بۆ ٤٣ سانتیمەترە و دەکرێت لە ٢٥ سانتیمەتریش کورتر بێت.
نافەڕمی
ئەم جۆرەیان لە پێشەوە کراوەیە و تەنوورەیەکی نافەڕمییە و زیاتر بۆ بۆنەکان دەگونجێت.
قات قات
یەکێک لە حەزەکانی منداڵی کچ پۆشینی ئەم تەنوورەیە چونکە بەهۆی شێوەکەیەوە هەستی شازادەبوونیان پێ دەبەخشێت، کە ڕێک نییە و قات قاتە تەنوورەکە.
خڕ
شێواز بڕینی ئەم تەنوورەیە خڕە و لە بەشی خوارەوەی بە خڕی دەوەستێت و کەمەرەکەی تەسکە و کەمەرت بە باریکی دەردەخات.
شەپۆلدار
ئەم تەنورەیە تاکوو خوارەوەیه و بەشی خوارەوەی شەپۆلدارە و ڕێک نییە، لە کاتی دوورینیدا دەبێت سەرەوەی بە جۆرێک بدووریت و ڕێکی بخەیت کە خوارەوی شەپۆلدار دەربچێت.
پارچەدار
ئەم جۆرە تەنوورەیە جگە لە قوماشی خۆی پارچەی قوماشی تری لێ دراوە لە بەشی خوارەوەی بەشێوەی سێگۆشەیی.
شێوە ماسی
ئەم جۆرە تەنوورە شێوازی دورینی بەشی خوارەوەی وەک کلکی ماسییە.
گرێدراو
ئەم تەنوورەیە مۆدێلێکی تەواو جیاوازی هەیە کە قوماشی تەنوورەکە کراوەیە و لە کاتی لەبەرکردنیدا دەیبەستی و گرێی دەدەیت.
پلیسی
ئەمە جۆرە تەنوورەیەکە کە تەنوورەکە بەجۆرێک دووراوە پارچە پارچە کەوتوون بەسەر یەکدا و لە کەمەرەوە دەست پێ دەکات تاکوو خوارەوە.
ناڕێک
ئەم جۆرە مۆدێلکی تەواو جیاوازە کە خوارەوەی تەنوورەکە ڕێک نییە و لایەک درێژتر یان کورتترە لە لایەکی تری.
دوو پارچە
ئەم تەنوورە تاکوو ڕانەکان قوماشەکەی بە ڕێکی و تەسکی دوراوە و دوای ئەوە قوماشێکی تری لێ دراوە کە کلۆشە و واتە بە دوو پارچە دووراوە.