ناوهڕۆك
سەرەتا
وڕێنە (بە ئینگلیزی: Delerium) حاڵەتێکی دەروونیی توندە بریتییە لە تێکچوونی لەناکاوی فرمانی هۆش، کە بریتییە لە شێوازی بیرکردنەوە، ڕەفتارکردن و ئاستی ئاگایی، ئەم گۆڕانانەش لە فرمانی هۆش کار دەکەنە سەر توانای یادەوەری و سەرنجدان.
لە حاڵەتی وڕێنەدا کەسەکە تووشی سەرلێشێوان، ونبوون و سەرسڕمان دەبێت، بێئاگا دەبێت لە ژینگەی دەوروبەری و ناتوانێت بەباشی بیربکاتەوە و شتی بیربێتەوە. زۆرجار ئەم حاڵەتە لەناکاو دەست پێ دەکات و هەروها هەندێک جار بۆ ماوەی کاتی بەردەوام دەبێت و دەکرێت چارەسەر بکرێت.
جۆرەکان
- وڕێنەی سست: کاتێک کەسێک ناچالاکە واتا خەواڵوو، ماندوو و خەمناک دەردەکەوێت
- وڕێنەی چالاک: کاتێک کەسێک بێ ئۆقرەیە و بە جۆش و خرۆشە، میزاجی بەخێرایی دەگۆڕێت و هەلوەسە دەکات، هەروەها ڕەتی دەکاتەوە کە چاودێری بکرێت
- وڕێنەی تێکەڵ: کاتێک کەسێک لەنێوان نیشانەکانی حاڵەتی چالاک و ناچالاکدا بەخێرایی دێت و دەچێت
نیشانەکان
نیشانەکانی وڕێنە زۆرجار لەناکاو دەست پێ دەکەن لەماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک، هەندێک جار نیشانەکان دێن و دەڕۆن واتا بۆ ماوەیەک نامێنن و دیسان دەست پێ دەکەنەوە، باوترین نیشانەکان بریتین لە:
- گۆڕان لە وریایی، بۆ نموونە کەسەکە لە ڕۆژدا زیاتر وریا و بەئاگا دەبێت و لە شەودا کەمتر
- گۆڕان لە ئاستی ئاگایی و هەستکردن بە ژینگەی دەوروبەر، بۆ نموونە لەسەر بابەتێک گیر دەبێت لەجێی ئەوەی کاردانەوەی هەبێت، ناتوانێت سەرنج بخاتە سەر بابەتێک یان داڵغە لێ دەدات
- شڵەژان و سەرلێشێوان
- قسەکردنی بێسەروبەر، واتا قسەکردنێک کە هیچ مانایەکی نەبێت
- تێکچوونی خەو و خەواڵوو بوون
- گۆڕانی سۆزداری: تووڕەبوون، هەڵچوون، خەمۆکی، بێزاربوون یان زۆر دڵخۆشبوون
- هەلوەسە و خەیاڵی پڕوپووچ
- خۆڕانەگرتن و بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی خود یان بێئۆقرەیی
- خاوبوونەوە بێدەنگ بوون
- کێشەی هزری: وەکوو کێشە لە یادەوەری، بەتایبەتی یادەوەریی کورتخایەن، زەحمەتی لە قسەکردن و خوێندنەوە و نووسین یان تێنەگەیشتن لە قسەی کەسانر تر
هۆکار
- کحول و ماددە هۆشبەرەکان: لە هەردوو حاڵەتی ژەهراویبوون بە بەکارهێنان و وازلێهێناندا دەکرێت ببنە هۆی وڕێنە. کۆنیشانەیەکی مەترسیداری وازلێهێنانێ کحول هەیە کە پێی دەوترێت لەرزە وڕێنە (بە ئینگلیزی: Delirium tremens)، بە گشتی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە دوای چەند ساڵێک لە خواردنەوی بەردەوامی کحول، وازی لێ دەهێنن.
- کێشەی مێتابۆلیکی، وەکوو ناهاوسەنگی لە ئەلیکترۆلایتەکاندا بۆ نموونە کەمیی سۆدیۆم یان کالسیۆم
- خەواندن لە نەخۆشخانە، بەتایبەتی لە یەکەی چاودێریی چڕ
- تووشبوونی میکرۆبی، وەکوو تووشبوونی میکرۆبیی میزەڕۆ، تووشبوونی میکرۆبیی سییەکان (Pneumonia) و ئەنفلۆنزا (Flu).
- خەڵەفان
- وشکبوونەوەی جەستە و بەدخۆراکی
- لەکارکەوتنی ئەندامی جەستە، وەکوو گورچیلە و جگەر
- ژەهراویبوون، وەکوو ژەهراویبوون بە سیاناید و یەک ئۆکسیدی کاربۆن
- نەخۆشییە کوشندەکان
- ئازاری توند
- خەوزڕان
- نەشتەرکاری، بۆ نموونە کاردانەوە بۆ سڕکەرەکان
دەرمان
بۆ نموونە کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان، وەکوو هێورکەرەوە و ئۆپیۆیدەکان. یان لەدوای وەستاندنی دەرمانێک.
هەروەها ئەو دەرمانانەی ئەگەر بەیەکەوە وەربگیرێن ئەگەری تووشبوون بە وڕێنە زیاد دەکەن، بریتین لە:
- ئازارشکێنەکان
- دەرمانەکانی خەو
- دەرمانەکانی دەژخەمۆکی و دژەدڵەڕاوکێ
- دەرمانەکانی هەستیاری (دژەهیستامینەکان)
- کۆرتیکۆستیرۆیدەکان
- دەرمانەکانی نەخۆشیی پارکینسۆن
- دەرمانەکانی دژەگرژبوون و کەشەنگبوون
کێ لە مەترسیدایە بۆ وڕێنە؟
- مانەوە لە نەخۆشخانە یان لە خانەی بەساڵاچووان
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی مێشک، وەکوو خەڵەفان، پارکینسۆن و جەڵتەی مێشک
- پێشینەی وڕێنە
- پەککەوتنی بینین و بیستن
- تووشبوون بە نەخۆشیی کوشندە یان هەبوونی زیاتر لە نەخۆشییەک
- تووشبوون بە میکرۆب
- پیربوون
- نەشتەرکاری
- وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کار لە مێشک و ڕەفتار دەکەن
- وەرگرتنی ژەمێکی زۆری دەرمانە ئازارشکێنەکان، وەکوو ئۆپیۆیدەکان
دەستنیشانکردن
- وەرگرتنی مێژووی پزیشکی و پرسیارکردن لەبارەی نیشانەکانەوە
- تاقیکردنەوەی جەستەیی و دەماری
- پشکنینی هۆشەکی
- پشکنینی تاقیگەیی
- پشکنینی تیشکیی مێشک، وەکوو ئێم ئاڕ ئای سکان و سی تی سکان
وڕێنە و خەڵەفان زۆر نیشانەی هاوشێوەیان هەیە، بۆیە جیاکردنەوەیان زەحمەتە و دەکرێت بەیەکەوەش ڕووبدەن.
بە گشتی وڕێنە لەناکاو ڕوودەدات و دەکرێت هەلوەسەشی لەگەڵ بێت، دواتر نیشانەکان دەکرێت بەرەو باشبوون یان خراپتر بوون بچن، هەروەها بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند حەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
بەڵام خەڵەفان بەهێواشی پەرەدەسەنێت و نابێتە هۆی هەلوەسە، هەروەها نیشانەکان جێگیرن و بۆ ماوەی چەندین مانگ و ساڵ بەردەوام دەبن.
چارەسەر
چارسەری وڕێنە بەندە لەسەر هۆکارەکەی و نیشانەکانی، زۆرجار چارەسەرکردنی هۆکاری وڕێنەکە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی وڕێنەکە بەتەواوی. چاکبوونەوەی وڕێنە لەوانەیە چەند حەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت. چارەسەری بەردەست بۆ نیشانەکانی وڕێنە بریتین لە:
کۆنترۆڵکردنی ژینگەی دەوروبەر، بۆ نموونە دابنیکردنی ژوورێکی ئارام، بێدەنگ و ڕووناک، دانانی کاتژمێر و ڕۆژژمێر لەبەرچاو و لەدەوربوونی ئەندامانی خێزان.
دەرمان
- دژەخەمۆکییەکان
- هێورکەرەوەکان
- بلۆکەرەکانی دۆپامین
هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کەسەکە ئامرازەکانی یارمەتیدانی بیستن و بینینی هەبێت و بەکاریان بهێنێت، وەکوو چاویلکە بۆ باشتربوونی پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەریدا.