ناوهڕۆك
سەرەتا
تێکچوونەکانی خواردن (بە ئینگلیزی: Eating disorders، بە عەرەبی: اضطراب الأکل) بریتییە لە تێکچوونێکی دەروونی و بارێکی ڕەفتاری کە بە ڕەفتاری نائاسایی و تێکچوونی تووند و بەردەوام لە کرداری خواردن پێناسە دەکرێت و بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری دەخاتە سەر لایەنی دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی کەسی تووشبوو، هاوکات چەند جۆرێکی هەیە کە بریتین لە:
- دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن (Anorexia nervosa)
- دەمارگیریی تێرنەخۆری (Bulimia nervosa)
- تێکچوونی خواردنی چڵێسی یان زۆرخۆری (Binge eating disorder)
- خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی خواردنی خۆراک (Avoidant restrictive food intake disorder)
- پایکا یان ئارەزووی خواردنی نەشیاو (Pica)
- تێکچوونی دووبارە جوین و قوتدانی خواردن (Rumination disorder)
ئەم تێکچوونانەی خواردن (Eating disorders) هەرچەندە لە هەموو تەمەن و ڕەگەزێکدا ڕوودەدەن، بەڵام زیاتر لە تەمەنی هەرزەکاری و تازە پێگەیشتندا دەردەکەون و بەتایبەت دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن (Anorexia nervosa) و دەمارگیریی تێرنەخۆری (Bulimia nervosa) کە لە ئافرەتاندا لە هەرزەکاری و تەمەنی تازە پێگەیشتندا باوترن. تێکچوونەکانی خواردن زۆرجار پەیوەندیدارن بە سەرقاڵبوون و گرنگیدانێکی زۆر بە خواردن، کێشی لەش، شێوەی لەش، هەبوونی دڵەڕاوکێ سەبارەت بە خواردن و دەرکەوتنی لێکەوتەکانی خواردنی جۆرێکی دیاریکراوی خۆراک.
ئەو ڕەفتارانەی کە پەیوەندیدارن بە تێکچوونەکانی خۆراکەوە بریتین لە خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی جۆرێکی دیاریکراوی خۆراک، زۆرخۆریکردن (چڵێسی)، هەوڵدان بۆ هەڵهێنانەوە و خۆڕشاندنەوە یان بەکارهێنانی دەرمانی ڕەوانی و سکچوون و میزپێکردن لە کاتێکدا کە پێویست نییە، هەروەها ئەم کردارانە ئەگەر بەردەوام ئەنجامبدرێت دەبێتە هۆی ئالوودەبوون پێوەیان.
تێبینی: لە ناو هەموو جۆرەکانی تێکچوونی خواردندا سێ جۆرە سەرەکییەکەی بریتین لە: (دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن، Anorexia nervosa، دەمارگیریی تێرنەخۆری، Bulimia nervosa، تێکچوونی خواردنی چڵێسی یان زۆرخۆری، Binge eating disorder کە زیاتر لە تەمەنی ١٢ بۆ ٣٥ ساڵیدا ڕوودەدەن و کاریگەری لەسەر چەندان ملیۆن کەس دروست دەکەن.
زۆرجار تێکچوونەکانی خواردن لەگەڵ ناڕێکی و تێکچوونە دەروونییەکانی وەک زوو گۆڕانی هەستەکان (میزاجیبوون)، دڵەڕاوکێ (Anxiety)، نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو (Obsessive-compulsive disorder) و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و ئەلکحول ڕوودەدات. هاوکات توێژینەوە و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە بۆماوە ڕۆڵێکی دیاری هەیە لە تووشبوون بە تێکچوونەکانی خواردن و هەروەها ئەو کەسانەشی کە هیچ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان لە پێشتردا تووشی تێکچوونەکانی خواردن نەبوون، هێشتاش ئەگەری تووشبوون بە تێکچوونەکانی خواردنیان هەیە و دەبێت کرداری چارەسەرکردنیان لە ڕووی دەروونی و ڕەفتاری و شێوازی خواردنەوە بێت چونکە دواتر چەندین دەرئەنجامی خراپی دەبێت بۆ نموونە وەک تووشبوون بە بەدخۆراکی، کرداری هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەیەکی ناتەندروستانە (Purging behaviours)، نەخۆشییەکانی دڵ و گەدە و ڕیخۆڵە و چەندەها حاڵەتی تری کوشندەی مەترسیدار.
جۆرەکانی تێکچوونی خواردن
دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن
دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن (بە ئینگلیزی: Anorexia nervosa)، بریتییە لە کرداری خۆبرسیکردن و دابەزاندنی کێشی لەش و خۆ بەدوورگرتن لە خواردن لە ترسی زیادبوونی کێشی لەش و تێکچوونێکی شێوەی جەستە. دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن تێکچوونێکی خواردنە و دیارترین و مەترسیدارترینییانە بەشێوەیەک کە بەرزترین ڕێژەی مردن لە نێو هەموو تێکچوونەکانی خواردندا بەهۆی ئەم جۆرەیانەوە ڕوودەدات. کرداری پارێزکردن لە دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردندا بەهۆی ترسان لە زیادبوونی کێشی لەش و قەڵەوبوونەوەیە، هاوکات ئەو کەسانەی تووشی دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن بوون، بە شێوەیەکی بچڕ بچڕ خواردنی زۆر دەخۆن و دواتر لە ترسی زیادبوونی کێشی لەشیان بە کردار گەلێکی ناتەندروستانەی وەکوو خۆڕشاندنەوە و بەکارهێنانی دەرمانی سکچوون، قەرەبووی زۆرخۆرییەکەیان دەکەنەوە.
جۆرەکانی دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن
دوو جۆر لە دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن هەیە کە ئەوانیش بریتین لە:
- جۆری سنووردارکردنی خواردن (Restricting type): کە تێیدا کەسی تووشبوو هەڵدەستێت بە دابەزاندنی کێشی لەشی بەشێوەی پارێزکردن، بەڕۆژووبوون یان وەرزشکردنێکی زیاد لە پێویست.
- جۆری زۆرخۆریکردن و قەرەبووکردنەوەی ناتەندروستانە (Binge-eating/purging type): کە تێیدا کەسی تووشبوو بە بچڕ بچڕی زۆرخۆری دەکات و دواتر خۆی دەڕشێنێتەوە یان دەرمانی سکچوون دەخوات تا قەرەبووی زۆرخۆرییەکەی بکاتەوە.
هاوکات بە تێپەڕبوونی کات ئەم نیشانانە دروست دەبن:
- وەستانی سووڕی مانگانە
- سەرگێژخواردن و بێ هۆشبوون بە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی جەستە (وشکبوونەوە)
- قژهەڵوەرین و لاوازبوونی نینۆکەکان
- نەبوونی توانا بۆ بەرگەگرتنی سەرما (سەرما بردەڵەبوون)
- لاوازبوونی ماسولکەکان
- دڵەکزێ و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە (لەوانەدا کە خۆیان دەڕشێننەوە)
- قەبزی و ئاوسان
- خەمۆکی، تووڕەبوون، دڵەڕاوکێ، کەمی توانای سەرنجدان
- هەستکردن بە ماندووبونێکی زۆر
ئەگەر باروودۆخەکە بەرەو ئاڵۆزتر بچێت ئەوا مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی تێکچوونی لێدانی دڵ بەتایبەت لەو نەخۆشانەی کە خۆیان دەڕشێننەوە و دەرمانی سکچوون بەکاردەهێنن, هەروەها دەبێتە هۆی کێشە لە گورچیلەکان و تووشبوون بە دڵەکزێ.
چارەسەرییەکانی دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن
چارەسەرییەکانی دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن پێکهاتووە لە هاوکاریکردنی کەسی نەخۆش بۆ ئەوەی ژیانی لە ڕووی خواردنی خۆراکەوە ئاسایی بکاتەوە و وازبهێنێت لە جڵەوگیرکردنی کێشی لەشی، هاوکات پێویستە چارەسەرکار پلانی خۆراکی تایبەت بە نەخۆش دابنێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو دڵەڕاوکێیە ببێتەوە کە لەبارەی ڕێژەی کالۆری خواردنەکانەوە هەیەتی. هەروەها کاریگەرترین چارەسەر بۆ گەنجەکان بریتییە لەوەی دایک و باوک یارمەتیدەر و هاوکار بن لە ڕێکخستنی ژەمەکانی نانخواردنیان لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەو هەستی ناڕازیبوونەی کە بەرانبەر بە جەستەیان هەیانە.
تێبینی: لە حاڵەتی زۆر جددی و توندا ڕەنگە کەسی نەخۆش لە نەخۆشخانە بهێڵدرێتەوە و چارەسەر وەربگرێت.
دەمارگیریی تێرنەخۆری
جۆرێکە لە ناڕێکیی خۆراک (Eating disorder) و پڕ مەترسییە, تێیدا ئەو کەسانەی تووشی دەبن بە نهێنی زۆر خۆرییەکی لەڕادەبەدەر دەکەن بە جۆرێک کە ناتوانن جڵەوگیری خواردنیان بکەن، بەڵام دواتر لە ترسی زیادبوونی کێشی لەشیان بەشێوەیەکی ناتەندروست خۆیان لەو زۆرخۆرییە ڕزگار دەکەن، ئەویش بە بەکارهێنانی دەرمان و شافی سکچوون، هەوڵدان بۆ خۆڕشاندنەوە، بەکارهێنانی دەرمانی کێش دابەزاندن، بەکارهێنانی بەرنامەیەکی پارێزی زەرەرمەند و خێرا، زیاد لە پێویست وەرزشکردن و چەندان ڕێگەی تر.
زۆرخۆریکردن لە بلیمیادا بەلایەنی کەمەوە هەفتانە ڕوودەدات و لە پێناو ڕزگاربوون لە کێشی زیادی لەش کرداری قەرەبووکردنەوەیەکی ناتەندروستانەی بەدوادا دێت کە ڕۆژووگرتنێکی ناتەندروستانە، خۆڕشاندنەوە و وەرگرتنی دەرمانی سکچوون و وەرزشکردنێکی زۆری ناتەندروستانە دەگرێتەوە. هاوشێوەی دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن (Anorexia nervosa)، ئەو کەسانەی دووچاری بلیمیا دەبنەوە زۆر سەرقاڵی بیرکردنەوە لە خواردن و کێش و شێوەی جەستەیان دەبن کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری دەخاتە سەر هەستکردن بە بەهای خۆیان. هەروەها کەسانی تووشبوو بە بلیمیا دەتوانن کێشیان ئاسایی یان کەمتر یان زیاتر بکەن تەنانەت دەتوانن خۆشیان قەڵەو بکەن، بەڵام لەو کاتەدا کە کێشیان لە کێشی ئاسایی کەمتر بوو ئەوا بە دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردنی جۆری زۆرخۆریکردن و کرداری قەرەبووکردنەوەی ناتەندروستانە (Anorexia nervosa binge eating/purging) دادەنرێت.
نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشی بلیمیا
- دەست گەیاندن بە ئاو ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن
- تووشبوون بە هەوکردنی درێژخایەنی قوڕگ
- ئاوسانی لیکە ڕژێنەکانی ڕوومەت
- خراپبوونی ددان لە ئەنجامی ڕۆشتنی مینای ددان بە هۆی بەرکەوتنی ترشەڵۆکی گەدەوە
- دڵەکزێ و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە
- سکچوونێکی زۆر
- خراپ بەکارهێنانی دەرمانی سکچوون و حەپی پارێزکردن و دەرمانی میزپێکردن
- هەستکردن بە سەرگێژخواردن یان بێهۆشبوون بەهۆی کرداری قەرەبووکردنەوەی ناتەندروستانە کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە.
بلیمیا دەتوانێت ببێتە هۆی چەندان نەخۆشیی تری مەترسیدار و کوشندە وەک برینی سورێنچک و کونبوونی گەدە و ناڕێکی لێدانی دڵی مەترسیدار و کوشندە، هەربۆیە چاودێری پزیشکی شارەزا لە بارودۆخە تووندەکاندا گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەری گونجاو بە نەخۆشییەکە.
تێکچوونی خواردنی چڵێسی
تێکچوونی خواردنی چڵێسی یان زۆرخۆری (Binge eating disorder)، هاوشێوەی دەمارگیریی تێرنەخۆری (بلیمیا)، ئەو کەسانەی کە تووشی تێکچوونی خواردنی چڵێسی یان زۆرخۆری دەبن، بڕێکی زۆر خواردن لە ماوەیەکی کورتدا دەخۆن و ناتوانن جڵەوگیری چڵێسی و زۆرخۆرییەکەیان بکەن. بە پێچەوانەی دەمارگیریی تێرنەخۆرییەوە، کەسانی تووشبوو بە چڵێسیکردن و زۆرخۆریکردن، کرداری قەرەبووکردنەوەی ناتەندروستانە بەکارناهێنن تاوەکوو لە زۆرخۆرییەکەیان ڕزگاریان ببێت، بەو واتایەی کرداری خۆڕشاندنەوە، وەرزشکردنێکی زۆری ناتەندروست، بەڕۆژووبوونێکی ناتەدروستانە، بەکارهێنانی دەرمانی ڕەوانی و سکچوون و میزپێکردن بەکارناهێنن. هاوکات چڵێسیکردن یان زۆرخۆریکردن دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشیی درێژخایەنی مەترسیداری وەک قەڵەوبوون، نەخۆشیی شەکرە، تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و کێشە لە خوێنبەرەکاندا.
دەستنیشانکردنی تێکچوونی خواردنی چڵێسی یان زۆرخۆری
دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە پێویستی بە زانینی جارەکانی زۆرخۆریکردن هەیە، بۆ نموونە بەلایەنی کەمەوە دەبێت کرداری زۆرخۆریکردنەکە هەفتەی جارێک بۆ ماوەی سێ مانگدا ڕووبدات. هەروەها پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەسەکە هەست بە نەبوونی توانای جڵەوگیرکردنی زۆرخۆری و چڵێسی بکات، هاوکات هەبوونی سێ یان زیاتر لەم نیشانانەی خوارەوەش واتای هەبوونی نەخۆشییەکە:
- خواردنی خۆراک زۆر بە خێرایی
- خواردنی خۆراک و هەستکردن بەوەی بە ناڕەحەتی تێردەبیت
- خواردنی بڕێکی زۆر لە خۆراک لەکاتی هەستکردن بە برسییەتی
- خۆراک خواردن بە تەنیا بەهۆی هەستکردن بە شەرمەزاری
- هەستکردن بە بێزاربوون و خەمۆکی و تاوانباربوون بەهۆی تێرنەخواردن
خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی خواردنی خۆراک
جۆرێکی تری تێکچوونی خۆراکە کە تێیدا کەسی تووشبوو لە ئەنجامی نەخواردنێکی درێژخایەنی پێداویستییە خۆراکییەکان و خواردنی خۆراک بە قێزەوە، تێکچوون و ناڕێکی لە خواردنیدا دروست دەبێت. لەم جۆرە تێکچوونەی خۆراکدا بەهۆی ئەم چەند خاڵەوە کەسی تووشبوو دەست دەکات بە سنووردارکردنی خۆراک یان خۆبەدوورگرتن لێی، کە ئەوانیش بریتین لە:
- نەبوون یان کەمیی ئارەزووی خواردن
- نەخواردنی هەندێک خۆراک لەسەر بنەمای ڕەنگ، بۆن، شێوازی دەرکەوتن یان پێکهاتەیان (بۆ نموونە نەخواردنی ئەو خواردنانەی ڕەنگیان سپییە).
- هەبوونی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی کاردانەوەکانی دوای خواردن، بۆ نموونە ترسان لە ڕشانەوە، قەبزی، دروستبوونی هەستیاری، سکچوون
ڕەنگە ئەم جۆرەی تێکچوونی خواردن لە ئاکامی چەند جارێک گیرانی خۆراک لە گەروو، دروستکردنی هەستیاری، یان ژەهراویبوونەوە دروست ببێت کە دواتر ببێتە هۆی ئەوەی کەسەکە چیتر ئەو خواردنە نەخواتەوە و تەرکی بکات.
دەستنیشانکردنی خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی خواردنی خۆراک
دەستنیشانکردنی ئەم جۆرەی تێکچوونی خۆراک پێویستی بەوەیە کە هەبوونی کێشە و ناڕێکی لە خواردندا پەیوەندی بە یەکێک یان زیاتری لەمانەی خوارەوە هەبێت:
- کێش دابەزینێکی بەرچاو یان کەمبوونی کێش لە منداڵدا بە جۆرێک کە کێشی لە کێشی ئاسایی کەمتر بێت.
- کەمبوونەوەیەکی زۆری پێداویستییە خۆراکییەکان.
- پێویستیی بە پشتبەستن بە سۆندەی گەدە (سۆندەی خۆراکپێدان) یان تەواوکەری خۆراکی لەڕێگەی دەمەوە بە مەبەستی وەرگرتنی خۆراکی پێویست.
- نەهاتنە سەر سفرە و نەخواردنی خواردن لەگەڵ خێزاندا.
کاریگەری دەروونی و جەستەیی و ئەو پلە بەدخۆراکییەی کە لەم جۆرەی تێکچوونی خواردندا دروست دەبێت دەتوانرێت وەک هاوشێوەی دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن ببینرێت. هاوکات کەسانی تووشبوو بە خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی خۆراک گرنگی نادەن بە شێوە و کێشی لەشیان کە ئەمەش جیاوازە لە دەمارگیریی تێرنەخۆری و دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن.
تێبینی: خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی خواردنی خۆراک ئەو سنووردارکردنانەی خۆراک ناگرێتەوە کە پەیوەندی بە قەدەغەکردنێکی کاتیی خۆراکەوە هەیە، بۆ نموونە وەکوو لە کاتی پارێزکردن، ڕۆژووگرتنێکی ئایینی، هەبوونی ڕێوڕەسمێکی کولتووری یان لە تەمەنی منداڵدا لەو کاتەی گاگۆڵکێ دەکات و جۆری خواردنەکانی هەڵدەبژێرێت. خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی خۆراک زیاتر لە تەمەنی منداڵی تازەلەدایکبوو یان سەرەتای منداڵیدا دروست دەبێت و ڕەنگە تاوەکوو تەمەنی تازەپێگەیشتن گەشەبکات و بەردەوام بێت، هەرچەندە کە دەکرێت لە هەر تەمەنێکی تریشدا ڕووبدات.
چارەسەرییەکانی خۆبەدوورگرتن یان سنووردارکردنی خواردنی خۆراک
چارەسەری ئەم جۆرەی تێکچوونی خواردن بەرنامەسازی تاکەکەسی لەخۆدەگرێت و لەوانەیە پێویستی بە هەبوونی چەندین شارەزا و پسپۆڕ هەبێت وەک شارەزای تەندروستی دەروونی و شارەزای بواری خۆراک.
ئارەزووی خواردنی نەشیاو
جۆرێکی تێکچوونی خواردنە کە تێیدا کەسی تووشبوو ئەو شتانە دەخوات کە خواردن نین و هیچ بەهایەکی خۆراکییان تێدا نییە، هەروەها ئەم ڕەفتارەیان بەردەوام دەبێت تاوەکوو مانگێک و ئەوەندە مەترسیدارە کە بە زوویی پێویستی بە چاودێری پزیشک هەیە. هاوکات ئەو شتانەی کە دەخورێن بەپێی تەمەن و بەردەستبوونیان دەگۆڕێن و بۆ نموونە لەوانەیە بریتی بن لە کاغەز، سابوون، قووماش، قژ، پەڕۆ، پارچەی بۆیەی درزبردوو یان قڵێشاو، دەزوو، گەچ، تەباشیر، کانزا، خەڵوز یان قوڕ و گڵ.
ئەو کەسانەی پایکایان هەیە بەشێوەیەکی گشتی ڕقیان لە خواردن نییە، بەڵام ئارەزووی خواردنی نەشیاویان هەیە کە ئەم ڕەفتارە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی تاکدا نەگونجاوە و ڕەفتارێکە کە کولتوور و کۆمەڵگە پشتگیری ناکەن. ڕەنگە پایکا لە تەمەنی منداڵی یان هەرزەکاری یان گەورەییدا ڕووبدات هەرچەندە کە لە سەرەتای منداڵیدا زۆرتر باوە، هاوکات پایکا لە منداڵانی دوو ساڵدا دەستنیشان ناکرێت چونکە لەو تەمەنەدا منداڵ هەر شتێکی دەورووبەری بۆ دەمی دەبات و ئەمەش کردارێکی ئاساییە.
زۆرجار پایکا لەگەڵ نەخۆشیی ئۆتیزم و بیرکۆڵیدا ڕوودەدات هەرچەندە کە لە منداڵانی ئاساییشدا ئەگەری ڕوودانی هەیە و ئەو کەسانەی تووشی پایکا بوون لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بە گیرانی ڕیخۆڵە یان کاریگەری ژەهراویبوون بەهۆی ئەو ماددانەی کە دەیخۆن بۆ نموونە وەک خواردنی پارچەی بۆیەی درزبردوو یان قڵیشاو.
چارەسەرکردنی نەخۆشیی پایکا
چارەسەرکردنی نەخۆشیی پایکا پێکهاتووە لە پشکنینی کەمیی ماددە خۆراکییەکان لە لەشدا و دواتر چارەسەرکردنی ئەگەر پێویست بوو، هەروەها چارەسەرە ڕەفتارییەکانی پێکهاتووە لە ئاڕاستەکردنی کەسی نەخۆش بۆ نەخواردنی ماددە ناخۆراکییەکان و خەڵاتکردنیان لە بەرانبەر نەخواردنیاندا.
تێکچوونی دووبارە جوین و قوتدانی خواردن
جۆرێکە لە تێکچوونی خۆراک کە تێیدا کەسی تووشبوو بە ئارەزووی خۆی خواردنەکە دەهێنێتەوە و دووبارە دەیجوێتەوە و یان قوتی دەداتەوە یان دەیکاتە دەرەوە و تفی دەکاتەوە. ئەم جۆرەی تێکچوونی خواردن لە تەمەنی تازە لەدایکبوو و منداڵی و هەرزەکاری و تەمەنی پێگەیشتنیشتدا ڕوودەدات.
چۆنیەتی دەستنیشانکردنی تێکچوونی دووبارە جوین و قوتدانی خواردن
چەندین ڕێگە هەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەم جۆرەی تێکچوونی خواردن کە بریتین لە:
- بەلایەنی کەمەوە لەماوەی مانگێکدا یەک جار ڕووبدات.
- کرداری دووبارە جوین و قوتدانی خواردن بەهۆی کێشەی گەدە و کێشە پزیشکییەکانی ترەوە ڕوونەدات و بەڵکوو کردارێکی ئارەزوومەندانە بێت.
- هەروەها ئەم تێکچوونەی خواردن لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکانی تری وەک بیرکۆڵی ڕوودەدات و کاتێک پزیشک ئاگادار دەکرێتەوە کە بارودۆخەکە مەترسیدابێت و حاڵەتەکە زۆر تووند بێت.
چارەسەری تێکچوونەکانی خواردن
زۆر گرنگە کەسانی تووشبوو بە تێکچوونەکانی خواردن بە زوویی هەوڵی دەستکەوتنی چارەسەر بدەن چونکە ئەو کەسانەی دووچاری تێکچوونەکانی خواردن دەبن ئەگەری هەوڵدان بۆ خۆکوشتن و چەندین مەترسی و ئاڵۆزیی تری تەندروستیان هەیە. کەسانی تووشبوو بە تێکچوونەکانی خواردن زۆرجار تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانی تری وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ یان ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەگەری چارەسەری تەواوەتی هەیە بۆ تێکچوونەکانی خواردن. نەخشەسازی و بەرنامەی چارەسەرکردن بە پێی پێداویستی تاکەکەسی دانراون و ڕەنگە یەکێک یان زیاتر لەم ڕێگەیانەی خوارەوە بگرێتەوە کە بریتین لە:
- چارەسەری دەروونی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ و خێزانی
- چاودێری پزیشکی
- چارەسەری ڕاوێژکار و شارەزای خۆراکی
- وەرگرتنی دەرمان
چارەسەری دەروونی تێکچوونەکانی خواردن
چارەسەری بنچینەیی خێزانی، جۆرێکە لە چارەسەری دەروونی کە تێیدا خێزانەکان هاوکاری هەرزەکارەکانیان دەکەن کە تووشی دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن بوون بەوەی کە ژەمەکانیان بۆ ڕێک دەکەنەوە و بەرپرسیارییەتی خواردنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ دەگرن. ئەم ڕێگەیە پێدەچێت زۆر کاریگەر بێت لە یارمەتیدانی کەسەکان بۆ زیادکردنی کێش و باشترکردنی خووی خواردن و باری دەروونییان.
بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی چڵێسیکردن یان زۆرخۆریکردن و کرداری قەرەبووکردنەوەی ناتەندروستانە ڕەنگە چارەسەری هزریی ڕەفتار (Cognitive behavioural therapy) بەکاربهێنرێت کە جۆرێکی تری چارەسەری دەروونییە و یارمەتی مرۆڤ دەدات بیرکردنەوە شێواو و خراپەکان دەستنیشانبکات و بیروباوەڕە نادروستەکان بناسێتەوە و بیانگۆڕێت.
چارەسەر بە دەرمانی تێکچوونەکانی خواردن
توێژینەوە و بەڵگەکان ئەوە نیشاندەدەن کە دەرمانەکانی وەک دژەخەمۆکی و جێگیرکەری باری دەروونی و دژەسایکۆتیک یارمەتیدەرن لە چارەسەرکردنی تێکچوونەکانی خواردن و نەخۆشییە دەروونییە هاوبەشەکانی تری وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.