ناوهڕۆك
سەرەتا
سیستمی ئابووری ئیسلامی (بە عەرەبی: نظام الاقتصاد الإسلامي) شێوازی مامەڵەکردنی ئاینیی پیرۆزی ئیسلامە لەگەڵ پرسە ئابوورییەکاندا، بە پشت بەستن بە قورئانی پیرۆز و سوننەتەکانی پێغەمبەر ﷺ و ئیجتیهادی زانایان و بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام سەرچاوەکان بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی خەڵکی، سیستمێکی گرێدراوە بە باوەڕ و ڕەوشتی ئیسلامییەوە، کۆمەڵێک ڕێنمایی لەخۆدەگرێت کە بەشداری دەکەن لە کۆنترۆڵکردنی مامەڵە ئابوورییەکان بەتایبەت لەبوارەکانی پاشەکەوتکردن و خەرجکردن.
گەشەکردنی سیستمی ئابووری ئیسلامی
ئاینین پیرۆزی ئیسلام وەک تەواوی بوارەکانی تر گرنگییەکی زۆر بە لایەنی ئابووری داوە، لە داڕشتنی سیستمی ئابووری ئیسلامی زۆرێک لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر بوونەتە سەرچاوە، وەک ئەم ئایەتە پیرۆزە کە ئاماژە بە سوود (الربا) دەکات و خودای گەورە لە سوڕەتی البقرة ئایەتی ٢٧٥ـدا دەفەرمێت: {وَأَحَلَّ اللَّهُ الْبَيْعَ وَحَرَّمَ الرِّبَا} واتە: (خوای گەورە کڕین و فرۆشتنی حهڵال کردوه و سوودی حهرام کردووه) ئابووری ئیسلامی گرنگی بە گرێبەستە داراییەکانی نێوان خەڵکی دەدات و لە درێژترین ئایەتی قورئانی پیرۆزدا باسی گرنگی نووسینی گرێبەست و بوونی شایەتحاڵ دەکات کە ئایەتی٢٨٢ـی سورەتی البقرة یە و دەفەرمێت: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا تَدَايَنتُم بِدَيْنٍ إِلَىٰ أَجَلٍ مُّسَمًّى فَاكْتُبُوهُ} واتە: (ئەى ئەوانەى باوەڕتان هێناوە هەر کاتێک قەرز و قۆڵەى ماوەدارتان لەگەڵ یەکتردا کرد یان کڕین و فرۆشتنتان بە قەرز کرد بۆ ماوەیەکى دیاریکراو بینووسن).
لەسەرەتای یاسادانانی ئیسلامییەوە ژیانی پێغەمبەر ﷺ نموونەیەک بووە بۆ جێبەجێکردنی هەموو یاسا و ڕێساکانی ئیسلام لەناویاندا ئەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە سیستمی ئابووریی ئیسلامییەوە و دواتر یاساکان لەلایەن جێنشینەکانی ڕاشیدینەوە پەیڕەو کراون، بە گشتی یاساکان سنووردار بوون و ژمارەیان زۆر نەبووە، چونکە کارە بازرگانییەکانی ئەو سەردەمە کشتوکاڵ و بازرگانی نێوان وڵاتەکان بووە وەک ڕۆژگاری ئەمڕۆمان فراوان نەبووە، لێکۆڵینەوەکان لە ئابووری ئیسلامیدا بەردەوام بوون لە گەشانەوەی ئابووری تاکوو سەدەی چوارەمی کۆچی، بەڵام دواتر لاسایی کردنەوە و نەبوونی بۆچوونی تایبەت بە كێشە و لێکۆڵینەوە ئابوورییەکان پەرەی سەند، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین کێشەی نوێ لە ئابووریدا کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئیسلامی چارەسەری کێشەکانی نەدەکرد، دواتر زۆرێک لە زانایانی ئابووریناسی موسڵمان حەزیان لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئابووری بوو، ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی چەندین لێکۆڵینەوەی ئابووری ئیسلامی هاوچەرخ کە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان.
تایبەتمەندییەکانی سیستمی ئابووری ئیسلامی
کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەن کە ئەم سیستم لە سیستمە ئابوورییەکانی تر جیادەکاتەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
- ئابووری ئیسلامی وەک جۆرەکانی تری سیستمی ئابووری نییە.
- بە پشت بەستن بە بیروباوەڕی ئیسلام سەرجەم یاسا و ڕێساکانی دادەڕێژێت.
- پەیوەستە بە ڕەوشت و پارێزگاریکردن لە بەها باڵاکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ئاکارە باشەکانی وەک ڕاستگۆیی و پارێزگاریکردن لە سپاردە و ڕەچاوکردنی حەڵاڵ لە هەموو چالاکییە ئابوورییەکاندا.
- ئەم سیستمە لە ژیان و ڕاستییەوە نزیکە، وەک سیستمە ئابوورییەکانی تر پشت بە هیچ پێشبینی و خەیاڵێکی ناڕاست نابەستێت، بە شێوازێکی سروشتی گرنگی بە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری تایبەتی تاکەکان دەدات.
- گرنگیدان بە گشتگیریی، ئەم سیستمە تەنها گرنگی بە ماددە و دارایی نادات بەڵکوو گرنگی بە لایەنی ڕۆحی و ڕەوشت دەدات کە بەشدارە لە بەدیهێنانی هەموو پێداویستییەکانی خەڵک وەک کار کە بە پێویستی سەرەکی ژیان دادەنرێت لە دەستەبەرکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و پەروەردە و چاودێری تەندروستی.
- بیرکردنەوە لە حەڵاڵی و ڕازیکردنی خودای گەورە و دوورکەوتنەوە لە حەرام ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خودای گەورە لە بەندەکانی ڕازی بێت و باشتریان پێ ببەخشێت.
بنجینەکانی سیستمی ئابووری ئیسلامی
خاوەنداریەتی دووانەیی
ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دونیا و دواڕۆژدا، مرۆڤ لەزەویدا جێنشینە و پێویستە سوود لە زەوی وەربگرێت و ئاوەدانی بکاتەوە، خودای گەورە لە ئایەتی ٧ـی سورەتی الحدید دەفەرمێت: {آمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَأَنفِقُوا مِمَّا جَعَلَكُم مُّسْتَخْلَفِينَ فِيهِ ۖ فَالَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَأَنفَقُوا لَهُمْ أَجْرٌ كَبِيرٌ}، واتە: (باوەڕ بە خوای گەورە و پەیامبەرەکەى بێنن، لهو ماڵ و سامانهی که خستویهتیه ژێر دهستان و جێنشینن تیایدا ببهخشن، بێگومان ئهوانهی لە ئێوەن باوهڕیان هێناوه و ماڵ و سامان دهبهخشن پاداشتی گهوره چاوهڕێیانه).
مرۆڤی موسوڵمان مافی خۆیەتی ببێتە سەرمایەدار و کارساز بەڵام لە چوارچێوەی یاسا و شەریعەتی ئیسلامیدا، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ماڵ و موڵکی خۆی لە زیان و بەفێڕۆدان ودزی و تاڵان کاری بپارێزێت، لە یاسادانانی ئیسلامیدا کۆمەڵێک سزا بوونیان هەیە مافی خاوەن موڵک تێیدا پارێزراوە، لە بنەماکانی ئابووری ئیسلامیدا هەموو کەسێک ئازادە لە ئەنجامدانی هەموو کار و چالاکییەکی ئابووری بە مەرجێک پێچەوانەی ڕێسا و بەها باڵاکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام نەبێت، ئازادی ئابووری لە ئیسلامدا ڕەها نییە، بەڵکو بە کۆمەڵێک یاسای ڕەوشتییەوە بەستراوە، پێویستە بەرژەوەندی گشتی پێش بەرژەوەندی تایبەتی بخرێت و قۆرخکاری لە کاڵاکاندا نەکرێت، ئازادی ئابووری لە ئیسلامدا خزمەتی بەرژەوەندی هەمووان دەکات و دوورە لە نادادپەروەری و بە کۆیلەکردن.
دادپەروەری کۆمەڵایەتی
یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکانی ئابووری ئیسلامی و گرنگترینیان بریتییە لە دابەشکردنی داهات بە شێوەیەکی یەکسان لەچوارچێوەی ڕێسا و یاساکانی ئیسلام، دیاریکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ خەرجکردنی سامان بە شێوازێکی دروست، دیاریکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دابەشکردنی میرات بەسەر میراتگراندا بەپێی یاساکانی ئیسلام.
سیستمی ئابووری ئیسلامی پشت بە کۆمەڵێک ئامرازی وەبەرهێنان دەبەستێت کە بەشداری دەکەن لە جێبەجێکردنی پڕۆسەی دارایی و ئابووری نێوان خەڵکی کە گرنگترینیان بریتین لە:
- قازانجی هاوبەش (المضاربة): خاوەن سەرمایە هەڵدەستێت بە پێدانی بڕێک پارە بە خاوەنکارێک یان دامەزراوەیەکی وەبەرهێنان بەڵام پێویستە دڵنیا ببێتەوە لەوەی لە وەبەرهێنانێکی حەڵاڵ پارەکە بەکاردەهێنێت و لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بە هەموو شتێک بکەن، کاتێک قازانجێکیان دەست دەکەوێت دواتر بەپێی ڕێژەی سەدی قازانجەکە دابەش دەکەن، دەگونجێت قازانج نەکەن لەم کاتەدا هەردوو لایەن بەشدارن لە زەرەرمەند بوونەکە.
- قازانجکاريی ئیسلامی (المرابحة): ئەمە ئامرازێکی وەبەرهێنانە نزیکە لە بازرگانی گشتییەوە و لە ڕێگەیەوە ئەو کەسەی خاوەن سەرمایەیە کاڵایەک دەکڕێت و دواتر بە نرخێکی بەرزتر لە نرخی کڕین دەیفرۆشێت
- هاوبەشیی ئیسلامی (المشاركة): چەند کەسێک بەشدار دەبن لە کارێک یان وەبەرهێنانێک، قازانج و زیان بەبێ جیاوازی بەسەر هەموویاندا دابەشدەکرێت.