ناوهڕۆك
ئینتەرنێتی شتەکان چییە؟
ئینتەرنێت بۆ شتەکان، یان ئینتەرنێتی شتەکان (بە ئینگلیزی: Internet of things - IoT، بە عەرەبی: إنترنت الأشياء). دەستەواژەیەکی نوێی سەدەی بیست و یەکە و ئاماژەیە بۆ نەوەی نوێی ئینتەرنێت و تۆڕ کە هەڵدەستێت بە پێکەوەبەستنی زۆرێک لەو ئامێرانەی کە هەرگیز تەکنەلۆجی نەبوون. ئینتەرنێتی شتەکان بریتییە لە دانانی ئامێر و هەستەوەر و ئامێری زیرەکیی دەستکردی جیاواز و بەزیرەککردنی ئامێرە کلاسیکییەکان. ئەم پێناسەیە زیاتر لە چەمکیی نەریتی خەڵک تێدەپەڕێت کە وادەزانن پەیوەندی تەنیا لەڕێی کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکانەوە دەکرێت بەهۆی ئینتەرنێتەوە. ئەمەش ئینتەرنێتی شتەکان جیادەکاتەوە لەوانی تر، کە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنیت پێویست ناکات خۆت لە شوێنی ئامێرەکە بیت و دەتوانیت لە دوورەوە ئەو کارانەی کە بۆی دیاریکراوە ئەنجامی بدەیت.
شتەکان چین؟
پێشتر لە تۆڕە ناوخۆییەکان و تۆڕەکانی ئینتەرنێتیش ئەو ئامێرانەی کە دەیانتوانی بە ئینتەرنێتەوە پەیوەست بن، بریتیبوون لە ئامێرە تەکنەلۆجییەکان وەک کۆمپیوتەر، مۆبایل، تەلەڤزیۆن و کۆمەڵێک لە ئامێرە کۆنسۆڵ و خۆشبارییەکان. بەڵام لە ئینتەرنێتی شتەکاندا ئەو ئامێرانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین دەتوانن پەیوەست ببن و خاوەنی ئایپی تایبەت بە خۆیان بن. وەک: ئۆتۆمبێل، جلشۆر، فێنککەرەوە و چاویلکە زیرەکەکان. لەڕێی دانانی کۆمەڵێک هەستەوەری تایبەت دەتوانرێت لەڕێی پڕۆتۆکۆڵ و تۆڕی تایبەتەوە لە دوور و نزیکەوە دەست بەسەر ئامێرەکاندا بگیرێت و کارەکانی ڕۆژانە ئاسانتر بکرێت.
نموونە و سوودەکان
ئینتەرنێتی شتەکان سوودێکی زۆری هەیە بۆ ژیانی ڕۆژانە و زۆرێک لەو کارانەی دەشێت کاتمان بگرێت کەمتر دەکاتەوە. بۆ نموونە ئیشپێکردن بە ئۆتۆمبێل لە دوورەوە، بەکارهێنانی جلشۆر و قاپشۆر و ساردکەرەوەی ماڵەوە. ئەمانەش کۆمەڵێک نموونەی سەرەتایین، بەڵام نموونە نوێیەکان کە بەردەوام کاریان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەیە ئامێرەکان لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندی ببەستن.
بۆ نموونە ساردکەرەی ماڵەوە بەبێ ئەوەی مرۆڤ دەستی تێوەربدات خۆی داوای ئەو کەرەستانە بکات کە پێویستیەتی لەو مارکێتەی کە بۆی دانراوە. یان ئامێری تایبەتی هەستەوەری فیتەریی ئۆتۆمبێل بزانێت کە چ ئۆتۆمبێلێک کێشەی هەیە دوای تێپەڕینیان بە هەستەوەرەکاندا. یان لەکاتی گۆڕینی ڕۆندا، ئامێرێکی تایبەت لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەدا پەیوەندی ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی بەسەر چاڵی گۆڕینی ڕۆنەکەدا بڕوات و خۆی ڕێکبخات بەبێ شۆفێریی مرۆڤەکان.
نموونەکان
- چاودێری ماڵەوە: دانانی هەستەوەری ساردی و گەرمی و داگیرساندنی گڵۆپ و دیاریکردنی ڕووناکی و بەرزیی پەردەکان لەڕێی مۆبایلەوە، لەگەڵ ڕێکخستنی دەنگی مۆسیقا و داخستنی دەرگا و پەنجەرە و کارکردن بە ئامێرەکانی جلشۆر و ساردکەرە. هەروەها چاودێری بە کامێرای تایبەت لەکاتی جێهێشتنی ماڵەکە و ئاگادارکەرەوە.
- چاودێری تەندروستی: دیاریکردنی لێدانی دڵ و چاودێریی تەندروستی مرۆڤەکە لەڕێی مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئامێرێکی یاریدەر، بۆ نموونە دەستبەند و کاتژمێری زیرەک.
- ڕێگریی لە سووتان: دەکرێت لەڕێی هەستەوەرەکانەوە ڕێژەی پلەی گەرمی و کاربۆن لە دارستانەکاندا دیاری بکرێن و بەردەوام بە ڕاپۆرت بگەیەنرێتە بنکەیەکی تایبەت، بۆ ئەوەی لەکاتی تێکچوونی ڕێژەی مامناوەند ئاگاداربن و ڕێگری لە دروستبوون و تەشەنەسەندنی ئاگر بکەن.
- ئامێری بایۆمەتری: دانانی ئامێری تایبەتی بایۆمەتری و پەنجەمۆر و ناسەرەوەی چاو و ڕووخسار لە شوێنە فەرمییەکاندا بۆ زانینی هاتووچۆی کارمەندان لە شوێنەکە و ڕێگری لە فێڵکردن. یان بۆ پاراستنی ژوورە تایبەتەکان لە هاتووچۆی هەموو کەسێک.
- ئۆتۆمبێلی زیرەک: دەکرێت ئینتەرنێتی شتەکان بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان پێکەوە ببەسترێن و پەیوەندی لە نێوانیان دروست بکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری وەک شوێن و خێرایی و کێشەی میکانیک، دۆزینەوەی نزیکترین ڕێگا، خۆلادان لە بەربەستە لەناکاو و لەمپەرەکانی ڕاست و چەپی ڕێگا، وەستانی خێرا لەکاتی مەترسی.
- چاودێری کارگە: کارگەکان چەندین ئامێری زۆریان تێدایە کە زۆرجار پێویستە کەسانی تایبەت لێیان دڵنیاببنەوە بۆ ئەوەی بزانن بەباشی کاردەکەن یان نا. بۆ ئەم مەبەستە دیاریکردنی کار و شێوازی کار و چاودێری ئامێرەکان لەڕێگای هەستەوەری تایبەت و پەیوەستکردنیان بە مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانەوە یارمەتیدەر دەبێت.