ناوهڕۆك
ناساندن
ڕۆژی جیهانی کرێکاران (بە عەربی: يوم العمال العالمي، بە ئینگلیزی: International Worker's Day، Labour Day) زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەموو ساڵێک یەکی ئایار بە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دادەنێن و لە 130 وڵاتی جیهان پشووی فەرمییە.
ئەو ڕۆژە پەیوەست و تایبەتە بە خەباتی چینی کرێکاران و پیشەگەران و ئیشکەران، هەروەها لەم ڕۆژەدا چەندان چالاکی بەڕێوەدەچێت بۆ بەرز نرخاندنی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو چینە لەگەڵ جەختکردنەوە و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، وەک دیاریکردن و کەمکردنەوەی کاتی کارکردن، پێدانی بڕی کرێی کارکردنی گونجاو و شایستە، گرنگیدان بە سەلامەتی کرێکاران لەکاتی کارکردن لەڕێگەی دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی پێویست.
مێژوو و بنەمای یەکی ئایار
بنەمای ئەم یادە لە ئوستڕالیاوە سەرچاوەی گرت، بە دیاریکراوی لە 21ـی نیسانی ساڵی 1856، چینی کرێکارانی ئەو وڵاتە داوایان کرد کە کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ هەشت کاتژمێر کار کەم بکرێتەوە، پاشان بیرۆکەکە گەیشتە وڵاتانی دەوروبەری ئوستڕاڵیا نموونەی نیوزیلەندا و دواتریش لە ئەمریکا بیرۆکەکە زیاتر بایەخی پێدرا.
یەکەمین کۆمەڵەی کرێکاران کە ئەم مافەیان بەدەستهێنا، کرێکارانی نیوزیلەندا بوون، کاتێک دارتاشێک بە ناوی "ساموێل پارنێل" لە پایتەختی نیوزیلەندا مافی کاتی کارکردنی بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر بەدەستهێنا، لە پاش ئەو ئەم تایبەتمەندییە بەسەر زۆرێک لە چینی کرێکارانی ئەو وڵاتە جێبەجێکرا و ئەو مافەیان پێدرا.
یەکەمین ڕێکخراو کە ئەم دواکارییەی بە ئاشکرا ڕاگەیاند، یەکێک بوو لە ڕێکخراوە سۆسیالیستەکان بە ڕابەرایەتی "ڕوبێرت ئۆین" بە دروشمی "8 کاتژمێر کارکردن، 8 کاتژمێر پشوودان، 8 کاتژمێر خۆشی و ڕابوارد" ڕێپێوانی بچووکیان ئەنجام دەدا.
چیرۆکی ڕووداوی یەکی ئایار
له پاش جەنگی ناوخۆی ئەمریکا و پاشەکشێی ئابووریی وڵات، ویلایەتی شیکاگۆ لە گرنگترین ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەو سەردەمە بوو لە ئەمریکا، چینێکی زۆری کرێکارانی نیشتەجێی شارەکە بوون، کرێکاران بە گشتی کە زۆرینەیان بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی بوون، ڕۆژانە بڕی یەک دۆلار و نیویان وەکوو کرێی ڕۆژانەی کارکردنیان وەردەگرت، تێکڕای کاتژمێری کارکردنیان لەنێوان 10 بۆ 16 کاتژمێر بوو و شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کاریان دەکرد.
سەرۆک کار و بازرگانەکان بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ کرێکاران دەکرد، بچووکترین هەڵە و ناڕەزایی ئەنجامی دەرکردن بوو، ئەو کرێکارانەی ئەگەر لە سەندیکای کرێکاران خۆیان تۆمار بکردایە ناویان دەچووە لیستی ڕەشەوە و مامەڵەیان لەگەڵ نەدەکرا.
لە نێوان ساڵانی 1882 بۆ 1886 کە ماوەی پاشەکشەی ئابووریی بوو لە ئەمریکا، چەندان کۆمەڵە و ڕێکخراوی سۆسیالیستی دامەزران و چالاکوانان و سەندیکای کرێکاران هەمیشە هەوڵیان دەدا مافەکانی کرێکاران دەستەبەر بکەن، هەمیشە لەگەڵ خاوەنکار و بازرگانان و کارگەکاندا لە کێشمەکێش و ململانێدا بوون.
بۆچی یەکی ئایار؟
لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1884 یەکێتی نیشتیمانی سەندیکای کرێکاران کۆبوونەوەیەکی فەرمی ئەنجامدا، یەکی ئایاری ساڵی 1886دیاریکرا بەوەی کە لەو ڕۆژەوە ئیتر پێویستە کرێکاران ڕۆژانە هەشت کاتژمێر کار بکەن.
لەکاتی نزیکبوونەوەی ڕێکەوتەکە، خاوەنکارەکان ئەو پێشنیارەیان ڕەت کردەوە، بۆیە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا لە یەکی ئایاری 1886 ڕێپێوان و بایکۆت و مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند، بە هەزاران کرێکار بە دروشمی "هەشت کاتژمێری کارکردن بەبێ کەمکردنەوەی کرێی ڕۆژانە "خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ژمارەی کرێکارانی بەشداربووانی بایکۆتی گشتی لەنێوان 300 بۆ 500 هەزار کرێکار خەمڵێندرا، 40 هەزاری ئەو ژمارەیە لە شیکاگۆوە بەشدارییان کردبوو.
لە سێی ئایاری هەمان ساڵ خۆپیشاندەران بەرەو شیکاگۆ کەوتنە ڕێ، لە نزیک "کارگەی ماکۆرمێک" کە هەندێک کرێکار لە مانگردنەکە بەشدارییان نەکردبوو و کاری خۆیان بە ئاسایی ئەنجام دەدا، ڕووبەڕووی هێرشی کرێکارانی مانگرتوو بوونەوە، لە ئەنجامدا پشێوی دروست بوو و پۆلیسی شیکاگۆ شەش کرێکاری کوشت.
لە چواری ئایاری ساڵی 1886 گردبوونەوەیەک نزیک "مەیدانی هایمارکێت" لە شیکاگۆ ڕوویدا، نزیکەی سێ هەزار کرێکار لەوێ کۆبوونەوە، پۆلیس داوای دەکرد کە خۆپیشاندانەکە بوەستێنن، بەڵام کرێکاران جەختیان دەکردەوە کە ڕێپێوان و گردبوونەوەکەیان ئاشتیانەیە، لەنێوان مشتومڕی پۆلیس و خۆپیشاندەران بۆمبێکی دەستی لەنێو خۆپیشاندەران تەقییەوە و هەشت پۆلیس کوژران، ژمارەیەکیش لە خۆپیشاندەرەکان کوژران، بەڵام ژمارەیان نادیار بوون.
بۆیە هەشت کەس بە تۆمەتی ئەو ڕووداوە دەستگیر کران کە سزای سێدارە بەسەر حەوتیان سەپێندرا و کەسی هەشتەمیش سزای زیندانیی هەمیشەیی لەسەر جێبەجێ کرا، دواتر لە بەڵگەکاندا دەرکەوت کە هیچ کام لەو هەشت کەسە تۆمەتباریی ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوە نەبوون.
دیاریکردنی یەکی ئایار وەکوو ڕۆژی جیهانیی کرێکاران
دوابەدوای ڕووداوەکەی شیکاگۆ، ناوبانگی ڕووداوەکە سنووری ئەمریکای بەزاند و گەیشتە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان.
لە یەکەمین کۆنفرانسی نوێنەرانی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی، کە لە ساڵی 1889 لە پاریس ئەنجامدرا، یادی ئەو ڕووداوەی کرایەوە و بانگەشەی زیندووکردنەوەی ئەو ڕووداوە کرا.
لە ساڵی 1904 کۆبوونەوەی کۆنگرەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی لە ئەمستردام، هەموو ڕێکخراوە بازرگانی و سەندیکاکانی کرێکارانی لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەتی سۆسیالیستەکان ئاگادار کردەوە بۆ ئەوەی لە یەکی ئایاری هەموو ساڵێک کرێکاران کار نەکەن، لە هەمان کاتدا لە دەیان وڵات هەوڵیان دەدا ئەو ڕۆژە ببێتە پشووی گشتی.
لەو کاتەوە یەکی ئایار بوو بە ئاهەنگێکی نێودەوڵەتی بۆ دەستکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بزووتنەوەی کرێکاران لە زۆر وڵاتانی جیهان.