ناوهڕۆك
ناساندن
ڕۆژی جیهانیی باوک یان ڕۆژی باوکان (بە عەرەبی: عید الأب، بە ئینگلیزی: Father's Day) ڕۆژێکی تایبەتە بە باوکان، لە جیهاندا کاتی ئەم بۆنەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە و ڕۆژێکی دیاریکراوی نییە، لە زۆرێک لە وڵاتان کە ژمارەیان 111 وڵاتە نموونەی ئەمریکا و فەڕەنسا سێیەم یەکشەمەی حوزەیرانیان بۆ ئەو یادە دیاریکردووە، لە ئوستوڕالیا یەکەم یەکشەمەی تشرینی یەکەم دیاری کراوە، هەروەها بە گشتی پەیڕەوانی ڕێبازی کاسۆلیکیی ئایینی مەسیحی 19ـی ئازاریان بۆ ڕۆژی باوک دیاریکردووە، لە وڵاتانی عەرەبیش هەر وڵاتێک و بەجیا ئەو ڕۆژەی دیاری کردووە.
مێژووی ڕۆژی باوکان
یادکردنەوە و دیاریکردنی ڕۆژی باوک لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانەوە دەرکەوتووە، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا و بە دیاریکراوی لە سەدەی شازدەیەم، سوپاسگوزاریی و بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی باوک لە ڕۆژێکی دیاریکراودا لە کڵێساکان ئەنجام دراوە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی ئەورووپا کە پەیڕەوی ڕێبازی کاسۆلیکیی ئایینی مەسیحین، نوێژخوێنانی کڵێسا لە 19ـی مارسی هەموو ساڵێک لە کڵێساکان کۆدەبوونەوە و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان دەگێڕا و سوپاسگوزارییان بەرامبەر باوکیان دەردەبڕی.
لە سەردەمی هاوچەرخدا، چەند چیرۆکێک هەیە بۆ بنەما و دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، دیارترینیان چیرۆکی "سۆنۆرا سمارت"ـە کە کچێکی گەنجی ئەمریکی بوو، بە دانەری "جەژنی نیشتمانی باوکان" دادەنرێت کە بۆنەیەکی نیشتمانی فەرمییە و ساڵانە لە ئەمریکا یاد دەکرێتەوە، ئەو بیرۆکەیەی لەو کاتەدا بۆ دروستبوو کاتێک لە کڵێسا ئامادەی ئاهەنگی ڕۆژی دایک بوو لە کاتێکدا دایکی خۆی کۆچی دوایی کردبوو، بۆیە بە پێویستی زانی باوکیش ڕۆژێکی بۆ تەرخان بکرێت چونکە ئەو زۆر کاریگەر بوو بە باوکی خۆی، بۆیە نووسراوێکی پێشکەش کرد و داوای کرد ڕۆژی 5ـی حوزەیران کە ڕۆژی لەدایکبوونی باوکی خۆی بوو وەکوو ڕۆژی جیهانی باوکان دیاریی بکرێت، داواکەی پەسەند کرا بەڵام سێیەمین یەکشەمەی مانگی حوزەیران بۆ ئەو یادە دیاریکرا، لە سەرەتادا زۆر بایەخ بە یادەکە نەدرا.
لە ساڵی 1908 لە ویلایەتی ڤێرجینیا ئاهەنگی ڕۆژی باوک سازکرا، وەکوو ڕێزلێنانێک بۆ قوربانیانی ڕووداوی تەقینەوەی کانێکی خەڵووز لەو ویلایەتە.
بۆ یەکەم جار ئاهەنگێکی فەرمی تایبەت بە ڕۆژی باوک لە ساڵی 1919 لە واشنتۆن ئەنجامدرا.
لە ساڵی 1966 سەرۆکی ئەمریکا "لێندۆن جێنسۆن" سێیەمین یەکشەمەی مانگی حوزەیرانی بە فەرمی وەکوو ڕۆژی باوک دانا و لە ئەمریکا بووە جەژنێکی نیشتمانی.
جیاواز لە ئەمریکا، لە فەڕەنسا ئەم ڕۆژە وەکوو فێڵێک بە مەبەست و ئامانجی برەودان و بەرەوپێشبردنی بازاڕکردن داهێنرا، لە ساڵی 1950 "کۆمپانیای بریتۆن" کە تایبەت بوو بە چەرخ و داگیرسێنەری جگەرە و بەرهەمەکانی جگەرە، بەهۆی دابەزین و سستبوونی ئاستی فرۆشییەکانی لە بازاڕی فەڕەنسا دەیناڵاند و لە لێواری شکست و داخستندا بوو، بۆیە بیرۆکەیەکی ناوازەی جێبەجێ کرد کاتێک لە ڕیکلامێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "بۆچی ڕۆژێکی جیهانی بۆ باوکان تەرخان ناکرێت؟" خاوەن کۆمپانیاکە داوای کرد لە هەموو شوێن و بریکارەکانی فرۆشتنی نموونەی بەرهەمەکانیان، دروشمێکی تایبەت هەڵواسن بە ناونیشانی "باوکان لە جەژنی باوکاندا پێویستیان بە چەرخێک هەیە بۆ هەڵکردنی جگەرەکانیان" ئەم دروشمە لە تەواوی ناوچەکانی فەڕەنسا بڵاوبووەوە، بۆ زۆرێک لە بەرهەم و مارکە جیهانییەکان نموونەی بۆن، ئێکسسوارات، قەڵەم و چەندان بەرهەمی تر ئەم دروشمە دانرا، بۆیە لە ساڵی 1952 سێیەم یەکشەمەی مانگی حوزەیران وەکوو ڕۆژی باوک بە فەرمی لە وڵاتی فەڕەنسا دیاریکرا.