سیستمی دەسەڵات لە عێراق 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-04-02:41:00 - کۆدی بابەت: 8131
سیستمی دەسەڵات لە عێراق 

ناوه‌ڕۆك

دەسەڵاتی پادشایەتی لە عێراق

لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم و لەسەروبەندی هەرەسهێنان و لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی،  "شۆڕشی گەورەی عەرەبی" دژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ژێردەستەی عوسمانییەکان هەڵگیرسا، ئەم شۆڕشە لەلایەن "شەریف حسێن"ـەوە بەرپاکرا و لە خاکی حیجازەوە دەستی پێکرد تاکوو گەیشتە وڵاتی شام و زۆرێک لە ناوچەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتەوە، بۆیە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکە و کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبی، "شەریف حسێن" ئامانجی ئەوەی هەبوو کە دەسەڵاتی ناوچەکان بگرێتەدەست و یەکیانبخات، بۆیە خێزانی هاشمییەکان دەسەڵاتی باکووری نیمچەدوورگەی عەرەبی و وڵاتی شام و عێراقیان گرتەدەست، هەروەها خێزانی ئال سعوود دەسەڵاتی ناوچەی حیجازی گرتەدەست.
لە ساڵی 1921 "شا فەیسەڵی یەکەم" کە کوڕە گەورەی "شەریف حسێن" بوو، لەژێر ڕکێف و پاڵپشتی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بەریتانیا وەکوو یەکەمین پادشا بۆ عێراق دیاریکرا، لە ساڵی 1932 عێراق لە پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی بوو کە سەربەخۆیی خۆی لەژێر دەسەڵاتی ئەورووپا و بەریتانیا بەدەستهێنا.
لە ساڵی 1933 شا فەیسەڵی یەکەم بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، لە پاش ئەو "شا غازی" کوڕی بووە جێنشینی تا ساڵی 1939 بە ڕووداوێکی هاتووچۆی نادیار گیانی سپارد.
کۆتا فەرمانڕەوای پادشایەتی عێراق "شا فەیسەڵی دووەم"ـی کوڕی شا غازی بوو، کە پاش کۆچی دوایی باوکی دەسەڵاتی وەرگرت و لە کاتی کودەتاکەی 14ـی تەمووز بە دڕندانەترین شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی و ماڵباتی شا هێنرا و دەسەڵاتی پادشایەتی لە عێراق لەلایەن ئەفسەرانی کودەتاچی سوپا کۆتایی پێهێنرا. 

فەرمانڕەواکانی سەردەمی پادشایاتەی لە عێراق

  • شا فەیسەڵی یەکەم 1921ـ 1933 
  • شا غازی 1933ـ 1939
  • شا فەیسەڵی دووەم 1939ـ 1958 

دەسەڵاتی کۆماری لە عێراق

لە پاش کودەتای 14ـی تەمووزی ساڵی 1958 کە تێیدا سەرباز و ئەفسەرانی سوپای وڵات بە ڕابەرایەتی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف توانیان کودەتا دژی دەسەڵاتی پادشایەتی بەرپابکەن و کۆتایی بەو سیستمی دەسەڵاتە بهێنن، لە سەرەتادا خەڵکی پاڵپشتی کودەتاکەی کرد و بە شۆڕش ناوزەندەیان دەکرد و پێیان وابوو عەبدولکەریم قاسم ڕزگارکەری گەلە، بەڵام دوای چەند مانگێک لە ئەنجامدانی کودەتاکە ڕووی ڕاستەقینەی ئاشکرا بوو، تەنانەت زۆرێک لە ئەنجامدەرانی ئەو کودەتایە تەنها تامەزرۆی دەسەڵات و پۆست و پلەوپایە بوون و بەدووی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەوتبوون، بۆیە لەو کاتەوە سیستمی کۆماری لە عێراق پەسەند کرا و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات لە سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی دەستوورییەوە گۆڕدرا بۆ سیستمی دەسەڵاتی کۆماری، سەرەڕای دروستبوونی چەندان کودەتا لە عێراق و دروستبوونی چەندان گۆڕانکاریی لە دۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا، ئەم گۆڕانکارییانە وڵاتی بەرەو دیکتاتۆریی و قۆڕخکاریی دەسەڵات برد، بە تایبەتی لە ساڵی 1968 دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن کودەتاچییەکانی حیزبی بەعسەوە کە تا ساڵی 2003 دەسەڵاتداری وڵات بوون، عێراق تا ئێستا بۆ ماوەی 64 ساڵە هەر لەسەر سیستمی کۆماریی ماوەتەوە و بە عێراقی کۆماری فیدڕاڵ ناوزەندە دەکرێت. 

سەرۆکەکانی کۆماری عێراق

محەمەد نەجیب ڕوبەیعی 1958ـ 1963
عەبدولسەلام عارف 1963ـ 1966
عەبدولڕەحمان عارف 1966ـ 1968
ئەحمەد حەسەن بەکر 1968ـ 1977
سەدام حسێن 1979ـ 2003
غازی مشعەل 2004ـ 2005
جەلال تاڵەبانی 2005ـ 2012
فوئاد مەعسوم 2014ـ 2018
بەرهەم ساڵح 2018ـ تا ئێستا 

هۆکاری شکستهێنانی پادشایەتی لە عێراق

بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی نوری سەعید سەروەزیرانی ئەو سەردەمەی عێراق، لەگەڵ شکستهێنان و هەرسهێنانی جووڵانەوەکەی ڕەشید عالی گەیلانی، هەروەها پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی دەرەبەگی و پادشایەتی لە هەموو بوارکانی حکوومەت، سەرهەڵدانی کودەتای میسڕ لە ساڵی 1952 و خراپی ئاستی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان، دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی بە تایبەتی بەریتانیا لە کاروباری ئابووری و سیاسی لە عێراق و سنووردارکردنی ئازادییەکان، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ سەرهەڵدانی کودەتا دژی ماڵباتی شاهانەی عێراق.


سەرچاوەکان



549 بینین