کەتەیی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-04-14-02:26:00 - کۆدی بابەت: 8241
کەتەیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەتەیی (بە ئینگلیزی: Gigantism) بریتییە لە حاڵەتێکی دەگمەنی گەشەی خێرا و نائاسایی، کە بەهۆی دەردانی بڕێکی زۆر لە هۆڕمۆنی گەشە لە ماوەی منداڵی و هەرزەکاریدا ڕوودەدات وەکو هۆڕمۆنی سماتۆترۆپین. بە نزیکەیی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی گرێیەک لە ژێرمێشکەڕژێندا. گۆڕانکارییەکان لە باڵای کەسەکەدا هەستی پێ دەکرێت، زوو دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە گرنگە، چارەسەرکردنی زوو دەتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە هێواش بکاتەوە یان بیانوەستێنێت کە دەبنە هۆی ئەوەی منداڵەکە لە ئاستی ئاسایی زیاتر گەشە بکات.

کەتەیی چییە؟

هۆڕمۆنەکانی گەشە هۆڕمۆنی سەرەکی و گرنگن لەلایەن ژێرمێشکەڕژێنەوە دروست دەکرێت کە پڕۆسەی گەشەکردن ڕێکدەخات لەماوەی منداڵیدا بە هاندانی ڕاستەوخۆی گەشەی ئێسکەکان و جڵەوکردنی مێتابۆلیزم (پڕۆسەی سووتاندنی خۆراک بۆ وزە). ئەمە پڕۆسەیەکی جێگیر و بەردەوامە لەماوەی منداڵیدا تا دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن. لە کاتی پێگەیشتندا دەردانی توخمە هۆڕمۆنەکان (ئیسترۆجین لە ڕەگەزی مێدا و تێستێسترۆن لە ڕەگەزێ نێردا) زیاد دەکات و دەبێتە هۆی یەکگرتنەوەی هێواشی پەڕەکانی جەمسەری ئێسک کە دەکەونە کۆتایی ئێسکەکان و شوێنی گەشەن. گەشەی باڵا لە کاتی پێگەیشتندا دەوەستێت کاتێک پەڕەکانی جەمسەری ئێسک بە تەواوی یەکدەگرن.

کەتەیی حاڵەتێکی دەگمەنی کوێرە ڕژێنەکانە بەهۆی بەرزبوونەوەی  نائاسایی ئاستی هۆڕمۆنەکانی گەشە لە ماوەی منداڵی و هەرزەکاریدا پێش یەکگرتنی تەواوەتی پەڕەکانی جەمسەری ئێسک.

ئەو بڕە زۆرەی هۆڕمۆنی گەشە گەشەی ماسولکە، ئێسک و بەستەرە شانەکان خێرا دەکات دەبێتە هۆی بەرزبوونی نائاسایی باڵا و گۆڕانکاری لە ماسولکە، ژێ و بەستەر.

بەهۆی ئەوەی چارەسەر نەکراوە و جڵەو نەکراوە، هەندێک کەس بە دەست ئەم حاڵەتەوە ناڵاندوویانە و باڵایان گەشتووەتە زیاتر لە ٢.٤٣ مەتر. بەناوبانگترین نموونە ڕۆبەرت وادلۆوە کە باڵابەرزترین کەسە لە مێژوودا و باڵای ٢.٧١ مەترە.

کەتەیی هاوشێوەی ئەکرۆمێگەلییە (بە ئینگلیزی: Acromegaly). ئەکرۆمێگەلیش بەهۆی زۆر دەردانی هۆڕمۆنی گەشەوە پەیدا دەبێت هەرچەندە ئەمە لە تەمەنی تازە پێگەشتندا ڕوودەدات نەک لە منداڵیدا، کە واتای ئەوەیە باڵای کەسەکە ئاساییە پێش یەکگرتنی تەواوی پەڕەکانی جەمسەری ئێسک.

هۆکاری ئەم حاڵەتە چییە؟

پەیدابوونی لوو یاخود گرێیەک لە ژێرمێشکەڕژێندا زۆرینەی کات هۆکاری کەتەییە. ژێرمێشکەڕژێن کە قەبارەکەی هێندەی پۆڵکەیەک دەبێت لە بنکی مێشکدایە کۆمەڵێک هۆڕمۆن دروست دەکات کە جڵەوی زۆرێک لە فەرمانەکانی لەش دەکات، هەندێک لەو فەرمانانەی لەلایەن ئەم ڕژێنەوە جڵەو دەکرێن بریتین لە:

کاتێک لوویەک یان گرێیەک لەم ڕژێنەدا دروست دەبێت، ڕژێنەکە زیاتر لە پێویستی لەش هۆڕمۆن بەرهەم دەهێنێت.

هۆکارەکانی تر بریتین لە:

  • نەخۆشی بۆماوەیی کە کار دەکاتە سەر ڕەنگی پێست و دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێ و لووی بێ زیانی پێست، دڵ، کوێرەڕژێنە کۆئەندام (کۆنیشانەی ئاڵۆزی کارنی)
  • کۆنیشانەی مکیون "ئۆڵبرایت" دەبێتە هۆی گەشەی نائاسایی ئێسک، دروستبوونی پەڵە لە پێستدا و فرمانی نائاسایی ڕژێنەکان
  • فرە گەشەی شانەی نوێی کوێرە ڕژێنەکان جۆری یەک (MEN1) نەخۆشییەکی بۆماوەییە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێ و لوو لە ژێرمێشکەڕژێن، پەنکریاس و ڕژێنی پاراسایرۆید.
  • نەخۆشی (Neurofibromatosis) کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێ لە کۆئەندامی دەماردا.

نیشانەکان

دروستبوونی بڕی نائاسایی هۆڕمۆنی گەشە دەبێتە هۆی:

  • بەرزی باڵا، زیاتر لە ڕێژەی ئاسایی بە بەراورد بە تەمەنەکەی خۆی
  • ناوچاوانی قۆقز و شەویلگەی گەورە و دەرپەڕیو
  • دەست و پێی گەورە و پەنجەکانیان ئەستوور و پانە
  • ئارەقکردنەوەی زۆر
  • ئازاری جومگەکان
  • هەڵئاوسان و گەورەبوونی ماسولکە و ژێیەکان
  • گەورەبوونی ئەندامە ناوەکییەکان بەتایبەتی دڵ
  • قەڵەوی، تووشبوون بە شەکرە و بەرزی پەستانی خوێن
  • دواکەوتنی پێگەیشتن (باڵغبوون)
  • خێلبوون
  • سەرئێشە
  • تێکچوونی سوڕی مانگانە
  • گۆڕانی دەنگ

ڕێژەی بەربڵاوی و بۆماوەیی

ئەم حاڵەتە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە، بەشێوەیەک زۆربەی پزیشکانی زانستی ڕژێنەکان لەوانەیە لە ماوەی ژیانی پزیشکیاندا تەنها دوو کەیسی ئەم نەخۆشییە بێتە بەردەستیان.

لە ڕووی بۆماوەییشەوە بە شێوەیەکی گشتی ئەم حاڵەتە بۆماوەیی نییە، بەڵام لەم دواییانەدا ئەگەری هۆکارێکی نوێی دروستبوونی گرێ لە ژێرمێشکەڕژێندا لە نێو خێزانەکاندا دۆزراوەتەوە، بە دیاریکراوی ئەو گرێیانەی هۆڕمۆنی گەشە و پڕۆلاکتین دروست دەکەن. ئەمە لە تەمەنێکی گەنجدا ڕوودەدات و وا دانراوە بەهۆی بازدانێکی بۆماوەییەوە بێت.

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە

ئەگەر گومانی هەبوونی ئەم حاڵەتە هەبوو، ئەوا بە پشکنینی خوێن دەتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە. پشکنین بۆ پێوانی بڕی هۆڕمۆنی گەشە و هۆڕمۆنی ئینسۆلینی هاوشێوەی فاکتەری گەشەی ١ (IGF1) دەکرێت لە خوێندا. هۆڕمۆنی (IGF1) لەلایەن جگەرەوە دەردەدرێت وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هۆڕمۆنی گەشە.

پشکنینی بەرگەگری گلوکۆز (OGTT)یش دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. شێوازی ئەم پشکنینە بەشێوەیەکە سەرەتا نموونەی خوێن لە کەسەکە وەردەگیرێت، پاشان گیراوەی گلوکۆز  دەخواتەوە و دوای کاتێکی دیاریکراو دووبارە نموونەی لێ وەردەگیرێتەوە بۆ دیاریکردنی ئاستی هۆڕمۆنی گەشە. بە شێوەیەکی ئاسایی بڕی هۆڕمۆنی گەشە لەناو خوێندا لەلایەن گیراوە گلوکۆزەکەوە کەمدەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر کەسەکە تووشبووی ئەم حاڵەتە بێت ئاستی هۆڕمۆنی گەشە هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە.

هەروەها دەتوانرێت پشکنین بۆ ئەم هۆڕمۆنانەش بکرێت:

  • کۆرتیزۆل
  • ئیسترادایۆڵ (لە ڕەگەزی مێدا)
  • پشکنینی وەستاندنی هۆڕمۆنی گەشە
  • پڕۆلاکتین
  • تێستێسترۆن (لە ڕەگەزی نێردا)
  • هۆڕمۆنی سایرۆید
  • لە پاشاندا پشکنینی (MRI) بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی قەبارەی گرێیەکە.

چارەسەر

بۆ چارەسەری گرێی ژێرمێشکەڕژێن، نەشتەرگەری دەتوانێت چارەسەری زۆربەی حاڵەتەکان بکات. کاتێک نەشتەرگەری بە تەواوی نەیتوانی گرێیەکە لابدات، دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ وەستاندن و کەمکردنەوەی دەردانی هۆڕمۆنی گەشە یان ڕێگەگرتن لە هۆڕمۆنی گەشە بۆ ئەوەی بگاتە شانەی ئامانج.

هەندێکجار چارەسەری تیشکیی بەکاردەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی گرێیەکە دوای نەشتەرگەری.

ژیانکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا

کاتێک حاڵەتەکە بە سەرکەوتووی چارەسەر کرا، منداڵان و کەسانی تووشبوو دەتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین و دوور بن لەو کێشانەی بەهۆی ئەم حاڵەتەوە تووشی دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەگەر هەیە هەندێ نیشانەیان هەبێت وەکو لاوازی ماسولکەکان و سنوورداربوونی جوڵەیان، هەندێکیشیان لە کاتی تێکەڵبوونیان بە ژیان و شێوازی ئاسایی ژیانی خەڵکی لەوانەیە تووشی کێشەی دەروونی ببن.


سەرچاوەکان



368 بینین