سەرەتا
ئاگا (بە ئینگلیزی: Aga) یەکەم فیلمی ئەنیمەیشنی دوو ڕەھەندیی کوردییە کە باس لە ئەنفال دەکات، فیلمەکە ٦٠ خولەکە و لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٧ نمایشکرا. فیلمی ئاگا نووسین و سیناریۆی ئەمیر حاجی داوودە و لەلایەن بێھنام بابازادە کە کوردێکی ڕۆژھەڵاتە دەرھێنانی بۆ کراوە، ھاوکات بەڕێوەبەری ھونەریی فیلمەکە گەیلان عەبدوڵڵایە. ئەم فیلمە ئەنیمەیشنە لەلایەن ستافێکی کورد و ستافێکی ئێرانییەوە دەرھێنراوە و کۆمەڵێک ھونەرمەند و کەسایەتیی بەناوبانگی کورد ڕۆڵی سەرەکی لەم فیلمەدا دەبینن. ھەریەک لە ڕەنج سەنگاوی، ھەژان ھێرش و ساز ئاسۆ ڕۆڵی تێدا دەبینن، کاری ساوند دیزاینی لەلایەن بژار دیلانەوە بۆ کراوە، گۆرانییەکەی لەلایەن دەریا کاروان وتراوە و بەرھەمھێنانی ئەدیابین ئەیجێنسییە.
زانیارییەکان
| دەرهێنەر | بێھنام بابازادە |
| بەرھەمھێن | ئەدیابین ئەیجێنسی |
| نووسین | ئەمیر حاجی داوود |
| چەشنی فیلم | ئەنیمەیشن |
| کاست | ڕەنج سەنگاوی ھەژان ھێرش ساز ئاسۆ |
| ڕێکەوتی دەرچوون | ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ |
| ماوەی فیلم | ٦٠ خولەک |
| وڵات | کوردستان |
| زمان | کوردی، عەرەبی |
چیرۆکی فیلم
ئاگا چیڕۆکێکە باس لە منداڵێکی کورد دەکات کە دەربازبووی ژێردەستی ڕژێمی بەعسە لەکاتی ئەنفالکردنی خانەوادەکەی و گوندەکەیان، ھاوکات ئاگا بەبیرھێنانەوەیەکە لەو نەھامەتییانەی کە کورد لە ساڵانی ڕابردوو لەسەر دەستی دوژمنەکانی بینیویەتی.
پەخشکردن
ئاگا لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە شاشەی زۆربەی سینەماکانی کوردستان نمایشکرا و لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٨ بۆ یەکەمجار لە تەلەڤیزیۆنی ئاسمانیی ڕووداو پەخشکرا کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی یادکرنەوەی قوربانیانی ئەنفال.