عەلی مەردان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-19-22:45:00 - کۆدی بابەت: 8710
عەلی مەردان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەلی مەردان (بە ئینگلیزی: Ali Mardan) گۆرانیبێژ و مەقامبێژ و داهێنەرێکی بواری هونەریی کورد بوو. لە ساڵی ١٩٠٤ زایینی لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە شاری کەرکووک لە هەرێمی کوردستان لەدایکبووە.

ژیانی هونەری

عەلی مەردان خوێندنی لە تەکیەی کەرکووک و لەلای (مامۆستا ساڵەح) دەست پێکردووە، هەر لەوێشەوە لەلای مامۆستای دەنگخۆش (مەلا ڕەئووف) فێری تەجویدی قورئان و هەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە. پاش هەشت ساڵ شاری کەرکووکی بەجێهێشتووە و لەگەڵ خێزانەکەی چووە بۆ ناحیەی لەیلان. لە ئەو ناحیەیەدا تەموورەژەنێکی بەتوانا بە ناوی (خدر بارام) ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردی، بەڵام لە دواییدا کە چووە بۆ شاری بەغداد، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێربووە و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا جێگای خۆی کردووەتەوە.

دەربارەی ئەم ئەزموونە مامۆستا عەلی مەردان وتویەتی: "مەقاماتی کوردی سەرچاوەیەکی کوردی دەوڵەمەندە بۆ هونەری مۆسیقا و گۆرانی گەلانی ناوچەکە". مامۆستا عەلی مەردان جگە لە دەنگە بەسۆز و ڕەسەنەکەی شارەزای ژەنینی چەند ئامێری مۆسیقا بووە کە خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەندبووە. هەروەها شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی بووە. هۆنراوەی زۆربەی شاعیرەکانی لە دەیان بەستە و مەقاماتدا خوێندووەتەوە. 

مامۆستا عەلی مەردان لە ماوەی ژیانیدا چەندین گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی هەندێک لە گۆرانییەکانیشی ئەوەندە بەرزن، بەچەند زمانێکی تر وتراونەتەوە. شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە هونەری مەقامدا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بە مامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن. مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی هەستێکی پاکی کوردایەتی بوو.

ژیاننامە

مامۆستا عەلی مەردان لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی وتویەتی: "بۆ گوزەرانی ژیانم، بەپای پەتی و سەری کۆتەوە، جوتیاری و شوانی و گاوانیم کردووە. لە شاری بەغداد بووم بە هاوڕێی مورتەزاخانی ئیسفەهانی و ئەسغەری هەمەدانی و محەمەد سەعیدی سابڵاغی و زۆر شت لەوانەوە فێربووم، چل شەویش لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی یەکمان گرت و زۆر هونەرمەندانە پێکەوە ژیاین. مەردان مامۆستای گۆرانی مەقامی کوردی لە ساڵی ١٩٦٥ لە وێستگەی ڕادیۆی تاران و کرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆمارکردووە. دوا گۆرانی عەلی مەردان بەستەیەک بووە.

گۆرانییە بەناوبانگەکان

  • شیرین کەلامە
  • گیانە بەسییەتی
  • یاریکە ڕاکە پێکەنە
  • خۆم و عودەکەم
  • کەتان کەتانە
  • مێوڵێ و دێلێژە
  • ئەسمەر
  • وەرە قوربان
  • هۆ برای جوتیار
  • لەیلێ
  • ڕەنجی بێوەرم
  • هەوری لە قەدی ئاڵاوە
  • بە دەنگی خۆش بمهێنە جۆش
  • کە ئەو جوانە
  • ئەڕۆی ئۆغر
  • دایم دڵ تۆی ئەوێ
  • مامە
  • کەی دێتەوە
  • لە خرنە خرنە
  • هەتا مردن
  • ئەڵوەن ناوت شیرینە
  • ئای چەندم خۆش دەوێ
  • هەر تۆم ئەوێ تۆ
  • مینا گیان
  • لە کەلە دەنگی ساز دێ
  • شەو و ڕۆژ
  • گۆڵە باخ
  • دە هەستە
  • کراس کودەری ئاوریشم
  • سەد جار بەو مانگە
  • هەستە با بچین بکەین تەماشا
  • کۆڵان بە کۆڵان
  • ئەم پەرچەم و ئەگیجە
  • ئاخ چی بکەم نیمە چارە
  • ئەو چاو جوانە
  • هۆ کاکەی شوان
  • وەرە قوربان
  • فاتمە
  • برای شیرینم
  • خاڵۆ خاڵۆ
  • شەو و ڕۆژ لە خایاڵ و لە بەرچاوی

مەقامە بەناوبانگەکانی

  • لەبەر چاوی بەد (مەقامی ماهوور)
  • چەند جارم وت (مەقامی هومایۆن)
  • با یادم کا فریادم کە (مەقامی هیجران)
  • ڕەنجی بێوەرم (مەقامی بەیاتی شور)
  • ڕاستەی خیابان (مەقامی ئەڵاوەیسی)
  • لێم یاخی (مەقامی ئای ئای)
  • لەبەر نازی چاو بازان (مەقامی خورشیدی)
  • ئەی مانگ (مەقامی بەیات)
  • چی بکەم (ماقامی نەوا)
  • دڵ لە حەسرەت (مەقامی ئورفە)
  • مەمکوژە گیانە بە هیجران (مەقامی دەشت)
  • بە داوی زۆڵفت (مەقامی ڕاست)
  • بە بەردی فیرقەتت (مەقامی ماڵەڵا هیجرانی)
  • بە غەمزەی چاوی مەخموری (مەقامی نەوا)

کۆچی دوایی

عەلی مەردان مەقامزان و داهێنەری کورد، پاش نیو سەدە خزمەتی بێووچان بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە ڕۆژی هەینی ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوای کرد. لەگۆرستانی شێخ محێدین لە شاری کەرکووک نێژراوە.


سەرچاوەکان



398 بینین