سۆندەی گەدە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-21-22:20:00 - کۆدی بابەت: 8730
سۆندەی گەدە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سۆندەی گەدە (بە ئینگلیزی: nasogastric tube) کە زیاتر بە (NG tube) ناسراوە، سۆندەیەکی باریکی سلیکۆنییە، لە ڕێگەی لووتەوە دەبرێتە ناو گەدەی نەخۆشەکەوە. بۆ چەند مەبەستی سەرەکی بەکاردێت ئەوانیش: بۆ پێدانی خۆراک، پێدانی دەرمان، شۆردنی گەدە، خاڵی کردنەوەی گەدە لە خوێن، نموونە وەرگرتن لە گەدە بۆ پشکنین و بڕینی بەشێک لە گەدە بۆ ئەوەی پەستانی کەم ببێتەوە لەسەر ڕیخۆڵە.
ئەم سۆندەیە قەبارە و شێوەی جیاوازی هەیە و بەپێی تەمەنی کەسەکە دیاری دەکرێت، لەلایەن پزیشک یاخود پەرستارەوە دەتوانرێت دابنرێت.

بەشەکانی سۆندەکە

سۆندەکە پێکهاتەیەکی سلیکۆنی هەیە و نەرمە و توانای چەمانەوەی هەیە، واتە کاتێک لە ڕێگەی لووتەوە دەبرێتە ناو گەدەوە ڕێڕەوی گەدە بریندار ناکات. هەروەها سەری سۆندەکە سەرێکی نەرم و توندە کە دەتوانێت بە ئاسانی شوێنی خۆی بکاتەوە، ئەو بەشەی کۆتایی سۆندەکە کە لە دەرەوە دەمێنێتەوە دوو بەشە بۆ ئەوەی ئەگەر لە یەک کاتتدا پێویست بوو خۆراک و دەرمانیش بدرێت بە نەخۆشەکە بتوانرێت ئەم کارە ئەنجام بدرێت.

مێژوو

میسڕی کۆن تاکوو سەدەی دوازدەیەم

لە سەردەمانی کۆندا پێدانی خۆراک و دەرمان ڕاستەوخۆ بۆ گەدە تەنها لە ڕێگەی کۆمەوە دەکرا، تاکوو ١٩٤٠ زایینی ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنرا. یەکەمین هەوڵدان دەگەڕێتەوە بۆ میسڕی کۆن لەو سەردەمدا کاتێک کەسێک لە ڕێگەی دەمییەوە نەیدەتوانی خواردن بخوات، بە شمشاڵێک لە کۆمییەوە ئاوی مریشک، خواردنەوە و هێلکەیان دەدا بە نەخۆشەکە، کۆم ڕێگایەک بوو چونکە لەو کاتەدا هیچ ڕێگایەک نەبوو بۆ ئەوەی بگەیت بە گەدەی نەخۆشەکە.
لە سەدەی دوازدەیەم لە وڵاتی ئیسپانیا (ئەبو مەڕوان عەبدولمەلیک کوڕی ئەبی عەلا) ناسراو بە (ئیبن  زەهر) لە ڕێگەی دەرزییەکی زیوی ناو بۆشەوە، خواردنی لە ڕێگەی لوولەکانی خوێنەوە بۆ کەسەکە دابین دەکرد، بەڵام ئاشکرا نییە کە ئایا تا چەند سەرکەوتوو بووە.

ساڵی ١٥٩٨ تاکوو سەدەی هەڤدەهەم

لە ساڵی ١٥٩٨ زایینیدا چەندین داهێنان کرا، سۆندەی ناوبۆشیان بەکاردەهێنا کە تاکوو سورێنچک دەچوو، هەروەها جۆرەها سۆندەیان بەکارهێناوە کە لە زیو یاخود چەرم دروست کراون.

سەدەی حەڤدەیەم تاکوو سەدەی نۆزدەیەم

لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەمدا زیاتر چڕبوونەوە لەسەر ئەوەی کە خۆراک لە ڕێگەی خۆراکپێدەرەوە بە لوولەکانی خوێندا بنێرن، سۆندەکانیان لە میزەڵدانی بەراز دروستکرد کە لەم ڕێگەیەوە توانرا ماددەی خۆراکی بدرێت بە سەگێک و بەڵام ئەم ڕێگایە کۆمەڵێک کێشەی هەبوو.
کەسێک بەناوی کۆرتن لە ساڵی ١٧١٠ بەو ئەنجامە گەیشت کە دەبێت چەوری ماددە خۆراکییەکان پێش ناردنیان لە ڕێگەی لوولەکانی خوێنەوە دەستکاری بکرێن، هەروەها قوورسە لوولەکانی خوێن بەرگەی ئەو بڕە چەورییە بگرن.
هەروەها لە ساڵەکانی ١٧٠٠ تاکوو سەدەی نۆزدەیەم چەندین ڕێگای تر بەکارهێنران و تاقیکرانەوە.

سەدەی نۆزدەیەم تاکوو ساڵی ١٩٤٠

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا لە بەریتانیا پەمپی گەدەیان بەکارهێنا بۆ ئەو نەخۆشانەی سکچوونی توندیان هەبوو، بەڵام ئەمە ڕێگایەکی سادە بوو کە کاریگەری لاوەکی زۆر بوو، وەک دڕانی گەدە.
لە ساڵی ١٨٤٥ سۆندەیەک لە ڕێگەی سکەوە نێردرا بۆ گەدە بەڵام کاریگەری لاوەکی زۆری هەبوو وەک تووشبوونی میکرۆبی، کە نەدەکرا چارەسەر بکرێت چونکە ئەو کاتە دەرمانی دژە تووشبوونی میکرۆبی هێشتا دروست نەکرابوو.
لە ساڵی ١٨٦٧ کەسێک بەناوی کوسماڵ سۆندەیەکی چەماوەی دروست کرد کە لە ڕێگەی دەمەوە دەچووە ناو گەدە، سێ ساڵ دوای ئەوە پزیشکێک بە ناوی (ستەتن) یەکەمین نەشتەرکار بوو لە ئەمریکا کە نەشتەرکاری (Gastrostomy) ئەنجامدا، لە ئەم نەشتەرکارییەدا کونێک دەکرێتە سک بۆ ناو گەدە، بەمشێوەیە کونکردنی گەدە و ڕێگای خۆراکپێدەر لە ڕێگەی لوولەکانی خوێن و لە ڕێگای کۆمەوە هەر بەردەوامییان هەبوو، لە ساڵی ١٩٢١ سۆندەیەک دروستکرا کە زۆر ڕەق و ئەستوور بوو و ئازاری گەروو و گەدەی دەدا، بەڵام لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٤٠ سۆندەی گەدە لە ماددەیەکی پلاستیکی دروستکرا کە نەرم بوو و توانای چەمانەوەشی هەبوو، تاکوو ئێستاش سۆندەی پلاستیکی بەکاردێت.

بۆ کێ بەکاردێت؟

  • ئەو کەسانەی کێشەیان هەیە لە قووتدانی خۆراک بە هەر هۆکارێک وەک جەڵتەی مێشک، منداڵی نەبەکام و هەر هۆکارێکی تر نەتوانیت خواردن قووت بدات.
  • ئەو کەسانەی زیان گەیشتووە بە مل یاخود سەریان
  • ئەوانەی نەشتەرکاری مل و سەریان بۆ کراوه
  • ئەوانەی تووشی گیرانی ڕیخۆڵە بوون
  • ئەو کەسانەی پێویستە گەدەیان بۆ بشۆردرێت 
  • ئەوانەی کە بێ‌هۆشن
  • ئەو منداڵە تازە لەدایکبووانەی کە ناتوانن شیری دایکیان بخۆن
  • ئەوانەی پێویستییان بە وەرگرتنی جۆرە دەرمانێک هەیە کە ناتوانن ڕاستەوخۆ وەریبگرن

جۆرەکان

بەپێی بارودۆخی نەخۆشەکە بڕیار دەدرێت کام جۆری سۆندەی بۆ دابنرێت کە دوو جۆری سەرەکی هەیە و بەندە لەسەر توانای مانەوەی سۆندەکە، ئەوانیش:

سۆندەی کاتی

ئەم سۆندەیە بۆ ئەو نەخۆشانە دادەنرێت کە پێویستیان بە فریاگوزاری خێرایە، دەتوانێت بۆ ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێر بمێنێتەوە، دوای تێپەڕبوونی ئەم کاتە ئەگەری زۆرە سۆندەکە بگیرێت یاخود تووشی تووشبوونی میکرۆبی ببێت.

سۆندەی هەمیشەیی

سۆندەی هەمیشەیی لەسەر بنەمای قەبارەکەی دادەنرێن، قەبارەکەی لە هەشتەوە دەست پێ دەکات بۆ دە، منداڵان ئەم دوو قەبارەیەیان بۆ بەکاردێت. هەروەها قەبارەی ١٤ بۆ ١٦ بۆ کەسانی پێگەیشتوو بەکاردێت.

تایبەتمەندیی سۆندەی گەدە

سۆندەکە دەبێت بە وریایەوە بەکاربهێنرێت و پیس نەکرێت تاکوو لە لووتەوە دەنێردرێت بۆ گەدەی نەخۆشەکە، هەروەها تەنها جارێک دەتوانرێت بەکاربهێنرێت و پاش بەکارهێنانی دووبارە بەکارناهێنرێتەوە.

قەبارە و ڕەنگی جیاوازی هەیە کە ئەمانەن:

  • سۆندەی قەبارە هەشت ڕەنگی شینە
  • سۆندەی قەبارە دە ڕەنگی ڕەشە
  • سۆندەی قەبارە ١٢ ڕەنگی سپییە
  • سۆندەی قەبارە ١٤ ڕەنگی سەوزە
  • سۆندەی قەبارە ١٦ ڕەنگی پڕتەقاڵییە
  • سۆندەی قەبارە ١٨ ڕەنگی سوورە


سەرچاوەکان



406 بینین