ناوهڕۆك
سەرەتا
بەرگە نەگرتنی لاکتۆز (بە ئینگلیزی: lactose intolerance، بە عەرەبی: عدم تحمل اللاكتوز)، کێشەیەکەی باوی کۆئەندامی هەرسە کە لەش ناتوانێت شەکری لاکتۆز تێکبشکێنێت یان هەرسی بکات، لە شیر یان بەروبوومە شیرەمەنییەکاندا هەیە. بەرگە نەگرتنی لاکتۆز کاتێك ڕوودەدات کە لە ڕیخۆڵە باریکەدا بڕی پێویست لە ئەنزیمی هەرسکردن بەرهەم ناهێنرێت، ئەم ئەنزیمە پێی دەوترێت لاکتەیز (lactase). لاکتەیز یەکێکە لەو ئەنزیمانەی بەشداری لە کرداری هەرس دەکات، هەڵدەستێت بە تێکشکاندنی شەکری لاکتۆز و دواتر لەلایەن لەشەوە هەڵدەمژرێت. ئەو کەسانەی کێشەی بەرگە نەگرتنی لاکتۆزیان هەیە، لەدوای خواردنەوە و خواردنی شیر و بەروبوومە شیرەمەنییەکان دووچاری ناڕەحەتی دەبن، واتە چەند نیشانەیەک تیایاندا دەردەکەوێت وەک سکچوون و هەڵئاوسانی سک. لە جیهاندا، زیاتر لە ٨٠٪ گەنجان ئەم حاڵەتەیان هەیە. بەرگە نەگرتنی لاکتۆز و هەستیاری بە شیر، دوو حاڵەتی جیاوازن و هەمان شت نین. زۆربەی کەس ئەم دوو حاڵەتە تێکەڵ دەکەن و وا بیردەکەنەوە هەمان شت بن. دەکرێت ئەم حاڵەتە چارەسەر بکرێت، بەبێ ئەوەی ڕێگری یان قەدەغەی ئەو خواردن و خواردنەوانەی لاکتۆزیان تێدایە.
نیشانەکانی بەرگە نەگرتنی لاکتۆز
نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بەشێوەیەکی گشتی، نیشانەکان نزیکەی ٣٠ خولەک بۆ دوو کاتژمێر دوای خواردن و خواردنەوەی ئەو خواردنانەی لاکتۆزیان تێدایە دەردەکەوێت.
نیشانەکان بریتیین لە:
کەمی و زۆری نیشانەکان پەیوەستە بەوەی چەندێک لە شەکری لاکتۆزت وەرگرتووە یان جەستەت چەندێک ئەنزیمی لاکتەیز بەرهەم دەهێنێت.
جۆرەکانی بەرگە نەگرتنی لاکتۆز و هۆکارەکانی
بەرگە نەگرتنی لاکتۆز بەهۆی هەرس نەبوونی شەکری لاکتۆز ڕوودەدات، ڕیخۆڵە باریکە بە بڕی پێویست ئەنزیمی لاکتەیز بەرهەم ناهێنێت، بەمەش ئەو بڕی لاکتۆزەی وەرتگرتووە تێک ناشکێنرێت. لاکتۆزی هەرس نەبوو لە ڕیخۆڵە باریکەوە بۆ ڕیخۆڵە ئەستوورە دەگوازرێتەوە، بەکتریای ناو ڕیخۆڵە ئەستوورە، لاکتۆز تێک دەشکێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە و گازی زیادە.
جۆرەکانی بریتیین لە:
- بەرگە نەگرتنی لاکتۆزی سەرەتایی: باوترین جۆرە لە ئەنجامی کەمبوونەوە و لەدەستدانی ئەنزیمی لاکتەیز لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ڕوودەدات، یان دەکرێت بۆماوەیی بێت واتە کەسێکی تر لە خێزانەکەدا هەمان کێشەی هەبێت.
- بەرگە نەگرتنی لاکتۆزی دووەمی: جۆری دووەم لە ئەنجامی تووشبوون بەو حاڵەتانە ڕوودەدات کە کاردەکەنە سەر ڕیخۆڵە باریکە، بەتایبەتی ئەو بەشەی بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی لاکتەیز. بۆ نموونە هەوکردنی ڕیخۆڵە ڕێگە لە دروستکردنی ئەم ئەنزیمە دەگرێت. سەرەکیترین هۆکارەکانی تووشبوون بە جۆری دووەم بریتیین لە نەخۆشیی گەنم، زیادبوونی تەمەن و وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی.
- بەرگە نەگرتنی لاکتۆزی زگماکی: ئەم جۆرەیان لە منداڵی تازەلەدایکبوودا هەیە. حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام دەکرێت مەترسی گەورە بۆ سەر ژیانی منداڵەکە دروست بکات، بەتایبەتی ئەگەر منداڵەکە شیری دایک بخوات، چونکە شیری دایک لاکتۆزی تێدایە، بەمەش ئەگەر جەستەی منداڵەکە توانای هەرسکردنی ئەم شەکرەی نەبێت ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورە. لە ئەنجامدا دەکرێت منداڵەکە دووچاری سکچوون و بەرزیی ڕێژەی کالسیۆم ببێتەوە. ئەم جۆرەیان بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبێت.
- بەرگە نەگرتنی لاکتۆزی گەشەیی: ئەم جۆرە زۆرتر لە منداڵی پێشوەختەدا ڕوودەدات، پێش ئەوەی کۆئەندامی هەرس بە تەواوەتی بنیات بنرێت لەدایکدەبن، بەڵام دەکرێت لە منداڵی ساواشدا ببینرێت. ئەم جۆرە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکە کاڵ دەبێتەوە و نامێنێت، بەڵام دەکرێت بەهۆی ئەم کێشەیەوە منداڵەکە نەتوانێت شیری دایک بخوات و وا پێویست بکات تەنها شیری وشکی بۆ بەکاربهێنرێت.
چۆن بەرگە نەگرتنی لاکتۆز دەستنیشان دەکرێت؟
- پشکنینی هەناسەی هایدرۆجین: ئەم پشکنینە ڕێژەی هایدرۆجین لە هەناسەدا لەدوای وەرگرتنی لاکتۆز دەپێوێت. هەبوونی ڕێژەیەکی بەرز لە هایدرۆجین ئاماژەیە بۆ هەبوونی کێشەی هەرسکردن کە پەیوەندی بە بەرگە نەگرتنی لاکتۆز یان حاڵاتەی تر هەیە.
- پشکنینی بەرگە نەگرتنی لاکتۆز: ئەم پشکنینە ڕێژەی شەکر لەدوای وەرگرتنی لاکتۆز دەپێوێت. ئەگەر کەسەکە ئەم کێشەیەی هەبێت، ئەوا لەدوای وەرگرتنی لاکتۆز، ئاستی شەکر لە خوێنیدا هەر بە جێگیری دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەی جەستە ناتوانێت بڕی لاکتۆزی وەرگیراو تێکبشکێنێت، بەمەش پڕۆسەی هەڵمژینی ئەم شەکرە ڕوونادات.
- پشکنینی بۆماوەیی: ئەم پشکنینەیان بۆ زانینی هۆکاری تووشبوون بە بەرگە نەگرتنی لاکتۆز ئەنجام دەدرێت.
- یەکێکی تر لە ڕێگاکانی دیاریکردنی ئەم حاڵەتە بریتییە لە وەرگرتنی نموونەیەک لە ڕیخۆڵە باریکە، ئەم ڕێگەیە مەترسی زۆرترە و هەروەها تێچووشی زیاترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکلاکەرەوەیە.
- پشکنینی ترشەڵۆکێتی پیسیایی: ئەم پشکنینە بەزۆری لە منداڵی تازەلەدایکبوودا دەکرێت. کەمی ڕێژەی ترشێتی (pH) واتە کەسەکە کێشەی بەرگە نەگرتنی لاکتۆزی هەیە.
هەروەها بۆ زانینی ئەم حاڵاتە، دەکرێت کەسەکە لە ماڵەوە پشکنینێک بۆ خۆی ئەنجام بدات. بۆ کردنی ئەم پشکنینە پێویستە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەو خواردنانەی لاکتۆزیان تێدایە لە سیستمی خۆراکدا لاببرێن دواتر دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، دەرکەوتنی نیشانەکان یەکێکە لە ئەگەرەکانی تووشبوون بە ئەم حاڵەتە. ئەنجامدانی ئەم پشکنینە لە ماڵەوە لەلایەن کەسەکەوە، یارمەتی دەدات بۆ دەست نیشانکردنی بەرگە نەگرتنی لاکتۆز، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە وا باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، چونکە دەکرێت لەدوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینە، نیشانەکان لە کەسەکەدا هەبێت، بەڵام بەهۆی کێشەی هەرسکردنی ترەوە بێت، واتە بەهۆی تووشبوون بە بەرگە نەگرتنی لاکتۆز نەبێت.
ئەو خواردنانەی لاکتۆزیان تێدایە
لاکتۆز لە بەروبوومە شیرەمەنییەکاندا هەیە وەک:
ڕێژەی لاکتۆز لەم خواردنانەدا دەگۆڕێت، هەندێکیان زۆرتر یان کەمتریان تێدایە بە بەروارد بە دانەیەکی تر. لاکتۆز لەو خۆراکانەشدا هەیە کە بە بەروبوومە شیرەمەنییەکان دروست دەکرێت وەکوو بسکیت، کێک و شیرینییەکان بە گشتی.
چۆن بەرگە نەگرتنی لاکتۆز چارەسەر دەکرێت؟
بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکیی ئەنزیم
وەرگرتنی ئەنزیم وەک تەواوکەری خۆراکی یارمەتی هەرسکردنی شەکری لاکتۆز دەدات. کاریگەرییەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، دەکرێت لەدوای وەرگرتنیان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جەستە نەبێت یان بەتەنها ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نیشانەکان.
پرۆبایۆتیک و پریبایۆتیک
پرۆبایۆتیکەکان وردەزیندەوەرن چەندین سوودی تەندروستی بۆ لەش دابین دەکەن، لە کاتێکدا پریبایۆتیکەکان ئەو جۆرانەی ڕیشاڵ دەگرێتەوە کە خۆراک بۆ بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە دابین دەکەن. پرۆبایۆتیک و پریبایۆتیک ڕۆڵیان لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی بەرگە نەگرتنی لاکتۆز هەیە.
گونجاندنی لەش لەگەڵ لاکتۆزدا
ئەگەر کێشەی بەرگە نەگرتنی لاکتۆزت هەیە، وەرگرتنی لاکتۆز بەشێوەیەکی گونجاو و بە کەمی وا دەکات لەشت لەگەڵیدا ڕابێت و خۆی بگونجێنێت. چەند لێکۆڵینەوەیەکی سنووردار هەیە لەسەر بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە، بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامەکان ئەرێنی بوون واتە ڕێگەیەکی سەرکەوتوو بووە. وەرگرتنی لاکتۆز بە ڕێژەیەکی کەم لەڕێگەی خواردن و خواردنەوەوە وا لە بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە دەکات توانای ئەوەیان هەبێت بۆ ئەو بڕە کەمەی لاکتۆز کە وەرت گرتووە، ئەنزیمی لاکتەیز بەرهەمبهێنن، بەمەش نیشانەکان کەمتر دەردەکەون و کەسەکە تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر نابێت.
چەند ڕێگایەک بۆ ڕێکخستنی ڕێژەی لاکتۆز
- بەهێواشی دەست پێبکە، هەوڵبدە بڕێکی کەم لەو خواردن و خواردنەوانە بەکاربهێنیت کە لاکتۆزیان تێدایە.
- هەوڵبدە ئەو خواردەمەنیانەی لاکتۆزیان تێدایە لە جیاتی ژەمی سەرەکی بەکارنەهێنیت، بەڵکوو بە بڕێکی کەم لەگەڵ ژەمی تر کە لاکتۆزی تێدا نەبێت وەریبگریت، بەم شێوەیە پەستانێکی زۆر لەسەر کۆئەندامی هەرس دروست نابێت و نیشانەکانیش بە سووکی لە کەسەکەدا دەردەکەوێت.
- لە بەروبوومە شیرەمەنییەکاندا، ئەوەیان هەڵبژێرە کە ڕێژەی لاکتۆزی کەمترە، بۆ نموونە ماست یان پەنیری توند.
- زیاتر گرنگی بە کڕینی ئەو خواردەمانیانە بدە کە بەبێ لاکتۆزن واتە لەسەری نوسراوە lactose free، ئەم خۆراکانە هەمان پێکهاتەی خۆراکیان هەیە، بەڵام شەکری لاکتۆزی تێدا لابراوە.
- لەکاتی کڕینی خۆراکدا سەرنجی پێکهاتە خۆراکییەکانی ناوی بدە، بزانە بەروبوومە شیرەمەنییەکانی تێدایە.
زیانە لاوەکییەکان
شیر و بەروبوومە شیرەمەنییەکان دەوڵەمەندن بە کالسیۆم, پڕۆتین و ڤیتامینەکانی وەک ڤیتامین A, B12 و D. ئەو لاکتۆزەی لەڕێگەی خۆراکەوە وەردەگیرێت یارمەتی جەستە دەدات لە هەڵمژینی کانزاکانی وەک زینک و مەگنیسیۆم. ئەم ڤیتامین و کانزایانە بۆ بنیاتنانی ئێسکەکان و هێشنەوەیان بە پتەوی و تەندروستی گرنگە. ئەو کەسانەی کێشەی بەرگە نەگرتنی لاکتۆزیان هەیە دەکرێت دووچاری چەند کێشەیەک ببنەوە وەک:
- کەمیی چڕیی ئێسک: حاڵەتێکە چڕی کانزاکانی ناو ئێسک کەم دەبێتەوە، واتە بەپێی پێویست نییە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا دەگۆڕێت بۆ حاڵەتێکی مەترسیدارتر کە پێی دەوترێت پووکانەوەی ئێسک.
- پووکانەوەی ئێسک: حاڵەتێکە ئێسکەکان لاواز و ناسک دەبنەوە، بەمەش ئەگەری شکاندنی ئێسکەکان زیاد دەکات.
- بەدخۆراکی: کاتێک بە بڕی پێویست لەو پێکهاتە خۆراکییانە وەرناگریت کە لەش پێویستی پێیەتی لە ئەنجامدا دووچاری بەدخۆراکی دەبیتەوە، بەمەش لەش ناتوانێت بە تەواوی ئەرکی خۆی جێبەجی بکات، لەکاتی هەبوونی برینێکدا پێویستی بە کاتێکی زۆر زیاترە بۆ ساڕێژبوون. دەکرێت کەسەکە بەردەوام هەست بە ماندووێتی بکات و هەروەها تووشی خەمۆکی ببێت.
ئایا بەرگە نەگرتنی لاکتۆز و هەستیاری بە بەروبوومە شیرەمەنییەکان هەمان شتن؟
بەرگە نەگرتنی لاکتۆز و هەستیاری بە شیر دوو حاڵەتی تەواو جیاوازن، هەروەها بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە ڕوودەدەن. بەرگە نەگرتنی لاکتۆز بەهۆی هەبوونی کێشە لە کۆئەندامی هەرسدا ڕوودەدات، کە لەش ناتوانێت شەکری لاکتۆز تێکبشکێنێت، بەڵام هەستیاری بە شیر بەهۆی کاردانەوەی کۆئەندامی بەرگری ڕوودەدات بۆ ئەو پڕۆتینانەی لە شیردا هەیە، واتە کێشەکە لە کۆئەندامی بەرگریدایە. بەرگە نەگرتنی لاکتۆز نابێتە هۆی دروستبوونی نیشانەی مەترسیدار تەنها هەندێک ناڕەحەتی بۆ کەسەکە دروست دەکات، بە پێچەوانەوە هەستیاری بە شیر ئەگەری هەیە ژیانی کەسەکە بخاتە مەترسییەوە.