ناوهڕۆك
پشکنینی گرووپی خوێن چییە؟
پشکنینی گرووپی خوێن (بە ئینگلیزی: Blood typinng) ڕێگەیەکە بۆ زانینی جۆری ئەو خوێنەی لە لەشتدا هەیە. ئەم پشکنینە بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێت کە بتوانیت بە سەلامەتی خوێنی خۆت ببەخشیت یاخود خوێن لە کەسێکی ترەوە وەربگریت. گرنگە جۆری خوێنەکەت بزانیت، چونکە وەرگرتنی خوێنێک کە لەگەڵ جۆری خوێنی تۆ نەگونجێت دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی مەترسیداری سیستمی بەرگری. هەروەها ئەم پشکنینە بۆ ئەوەش ئەنجام دەدرێت کە بزانرێت ئاخۆ تۆ ئەو ماددەیەت لەسەر ڕووکەشی خڕۆکە سوورەکانت هەیە کە پێی دەوترێت (Rh factor).
جۆری خوێن
جۆری خوێنەکەت لەسەر بنەمای هەبوون یان نەبوونی پڕۆتینێکی دیاریکراو جیادەکرێتەوە کە لەسەر خڕۆکە سوورەکانتن. ئەم پڕۆتینانە پێیان دەوترێت دژەپەیداکەر (antigen). دژەپەیداکەرەکان ئەو ماددانەن کە یارمەتی لەشت دەدەن جیاوازی لەنێوان خانەکانی خۆی و خانە بێگانەکەندا بکات. ئەگەر لەشت ماددەیەک بە بێگانە بزانێت دەست بە لەناوبردنی دەکات. جۆری خوێنەکەت (یان گرووپی خوێنەکەت) کەوتووەتەوە سەر ئەوەی دایک و باوکت چ جۆرێکی خوێنیان بۆ تۆ گواستووەتەوە. خوێن بەگشتی بەگوێرەی سیستمی (ABO) پۆلێن دەکرێت بۆ گرووپی جیاواز. چوار جۆرە سەرەکییەکەی خوێن بریتیین لە:
- جۆری A: دژەپەیداکەری A هەیە.
- جۆری B: دژەپەیداکەری B هەیە.
- جۆری AB: دژەپەیداکەری A و B ـیشی هەیە.
- جۆری O: هیچکام لە دژەپەیداکەری A و B نییە.
ئەگەر خوێنێک ئەو دژەپەیداکەرانەی لەسەر بێت کە تۆ هەتە و بچێتە لەشتەوە، لەشت (دژەتەن) لەدژی دروست دەکات. لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا بەشێکی خەڵک دەتوانن بە سەلامەتی خوێنێک وەربگرن کە لەجۆری خوێنی خۆیان نییە. مادام ئەو خوێنەی وەریدەگرن هیچ (دژەپەیداکەر)ـێکی لەسەر نەبێت کە وای لێ بکات وەک تەنێکی بێگانە دەربکەوێت، لەشییان هێرش ناکاتە سەری. بە واتایەکی تر، خوێن بەخشین بەم شێوەیەی خوارەوە کار دەکات:
• O: کەسانی خاوەن گرووپی O دەتوانن خوێن بە هەموو کەسێک ببەخشن. بەڵام تەنیا دەتوانن خوێن لە کەسانی تری خاوەن گرووپی خوێنی O وەربگرن.
• A: کەسانی خاوەن گرووپی خوێنی A دەتوانن خوێن بە کەسانی خاوەن گرووپی A و گرووپی B ببەخشن. هەروەها تەنیا دەتوانن لە گرووپی خوێنی A و O خوێن وەربگرن.
• B: کەسانی خاوەن ئەم گرووپە دەتوانن خوێن بە گرووپی B و AB ببەخشن. دەشتوانن لە گرووپی B و O خوێن وەربگرن.
• AB: ئەم گرووپە دەتوانن تەنیا خوێن بە گرووپی خۆیان واتا تەنیا بە کەسانی خاوەن گرووپی خوێنی AB ببەخشن. بەڵام دەتوانن خوێن لە هەموو گرووپەکانی ترەوە وەربگرن.
لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکان پڕۆتینێکی تریشمان هەیە کە پێی دەوترێت (Rh factor). بەگوێرەی هەبوون و نەبوونی ئەم پڕۆتینە گرووپەکەنی خوێن دابەش دەکرێن بەسەر:
• Rh-پۆزەتیڤ: ئەو کەسانەی (Rh) یان پۆزەتیڤە، دژەپەیداکەری (Rh)ـیان لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانیان هەیە. هەروەها ئەم کەسانە دەتوانن خوێن لە کەسانی (Rh) پۆزەتیڤ و (Rh) نێگەتیڤیش وەربگرن.
• Rh-نێگەتیڤ: ئەو کەسانەی (Rh)ـیان نێگەتیڤە، دژەپەیداکەری (Rh)ـیان لەسەر خڕۆکە سوورەکانیان هەیە. ئەم کەسانە تەنها دەتوانن خوێن لە کەسانی (Rh) نێگەتیڤ وەربگرن. هەردوو سیستمی پۆلێنکاری ABO و Rh پێکەوە جۆری تەواوی خوێنەکەت پێ دەڵێن کە هەشت گرووپن:
- A پۆزەتیڤ
- A نێگەتیڤ
- B پۆزەتیڤ
- B نێگەتیڤ
- AB پۆزەتیڤ
- AB نێگەتیڤ
- O پۆزەتیڤ
- O نێگەتیڤ
پشکنینەکە چۆن ئەنجام دەدرێت
بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە پێویستیمان بە نموونەیەکی خوێن دەبێت کە بەزۆری لە یەکێک لە سەرپەنجەکانی دەستەوە وەردەگیرێت. دواتر کارمەندی تاقیگە نموونەی خوێنەکەت لەگەڵ ئەو (دژەتەن)ـانەدا تێکەڵ دەکات کە هێرش دەکەنە سەر جۆری A و B تاوەکوو کاردانەوەیان بزانێت.
بۆ نموونە، ئەگەر خانەکەنی خوێنت کاتێک لەگەڵ دژەتەنی جۆری A دا تێکەڵ دەکرێن تۆپەڵ ببن، ئەوە تۆ گرووپی خوێنی A یت هەیە. بۆ جۆرەکانی تری خوێنیش بەهەمان شێوەیە. دواتر خوێنەکەت لەگەڵ دژە-Rh تێکەڵ دەکرێت، ئەگەر خانەکانی خوێنت لە وەڵامی دژە-Rh دا تۆپەڵ ببن، بەو واتایە دێت تۆ Rhـی پۆزەتیڤت هەیە. ئەگەریش تۆپەڵ نەبوون واتا تۆ Rhـت نێگەتیڤە و ئەو پڕۆتینەت لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانت نییە. بەم شێوەیەش دەوترێت کە گرووپی خوێنی تۆ A+ یان A-positive ـه.
چی کاتێک ئەم پشکنینە پێویستە؟
- پێش بەخشین یاخود وەرگرتنی خوێن
- لەکاتی دووگیانیدا
- پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری
- پێش چاندنی ئەندامێک بۆ کەسێک
- پێش هاوسەرگیری کردن