شۆڕشی مەزنی عەرەبی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-04-17:19:00 - کۆدی بابەت: 8895
شۆڕشی مەزنی عەرەبی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و هەڵگیرسانی شۆڕشەکە

شۆڕشی مەزنی عەرەبی یان شۆڕشی گەورەی عەرەبی (بە عەرەبی: ثورة العربية الكبری) شۆڕش و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری عەرەبی بوو کە دژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرسا.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی دەی حوزەیرانی ساڵی 1916ـەوە لەلایەن "شەریف حسێنی کوڕی عەلی هاشمییەوه" لە ناوچەی حیجاز شۆڕشەکە دەستی پێکرد، شەریف حسێن لە مەککەوە فیشەکێکی لە تەفەنگەکەیەوە تەقاند و بە ئاشکرا بانگەوازی ڕاپەڕین و جەنکی دژی عوسمانییەکان ڕاگەیاند، دەنگدانەوەی ئەو ڕووداوە گەیشتە شاری تائیف و شاری مەدینە و لەوێش خەڵکی ئەو ناوچانە ڕاپەڕیون و تا دواتر شۆڕشەکە هەموو ناوچەی حیجازی گرتەوە، لە دوای دەرکردنی عوسمانییەکان لە حیجاز، دەنگۆی شۆڕشەکە بە وڵاتی شام پاشان عێراقیش بڵاوبووەوە. بە پاڵپشتی هێزەکانی بەریتانیا توانرا لە ڕێگەی ئەو شۆڕشەوە دەسەڵاتی عوسمانی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێ بهێنرێت.

هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕشەکە

چەندان فاکتەری سەرەکی هەبوون کە هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو شۆڕشە بوون، لە تەواوی نیمچە دوورگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بوونە هۆکاری هەرەسهێنان و کەوتنی دەسەڵات و دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەکە، گرنگترین هۆکارەکان بریتی بوون لە:
ـ سیاسەت و مامەڵەی عوسمانییەکان لەکاتی جەنگی جیهانیی یەکەم، ئەوان گەنجان و پیاوانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنا بۆ سەربازیی زۆرەملێ، هاوکات بە بیانووی جەنگەوە باج و سەرانەی زۆریان لە دانیشتوانی ئەو ناوچەنە وەردەگرت.
ـ برسێتی و هەژارییە گەورەکەی ساڵی 1915 کە بەهۆی کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی عوسمانی لە هەڵگرتن و دوورینەوەی بەرووبوومی کشتوکاڵی ئەو ساڵەدا لە وڵاتی شام دروست بوو، بەو هۆیەوە نزیکەی دە هەزار کەس لە شام بەهۆی برسێتی و هەژارییەوە کۆچی دواییان کرد.
ـ ستەم و زۆرداری و خراپ مامەڵەکردنی پادشا دەسەڵاتدارەکانی عوسمانی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی بە گشتی و لە شام بە تایبەتی.
ـ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پادشا و دەسەڵاتدارە نێوخۆیییە عەرەبییەکان و دەسەڵاتدارە پلە باڵاکانی عوسمانی.
ـ لاوازبوونی پێگە و ڕۆڵی دەوڵەتی عوسمانی شکستهێنانی لە جەنگی جیهانیی یەکەم.

ئامانجی شۆڕشەکە

ئامانج لە هەڵگیرسانی شۆڕشەکە بریتی بوو لە دەرکردنی هێزی عوسمانی لە ناوچەکە لەگەڵ بنیاتنان و دروستکردنی دەوڵەتێکی عەرەبی یەکگرتوو، بە واتایەکی تر وڵاتانی عەرەبی یەک بگرن و یەکێتییەک یان هاوپەیمانییەک دروست بکەن، یەکگرتنی وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی کە پێکهاتبوون لە نەجد و حیجاز لەگەڵ وڵاتی شام، هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی ناوچەکانی عێراق و ڕێزگرتنی دەسەڵاتی بەریتانیا لە ناوچەکه.
هێزی سوپای شۆڕشی گەورەی عەرەبی بە ڕابەرایەتی "شا فەیسەڵی کوڕی حسێن" سەرکەوتنی مەزنیان تۆمار کرد لە ناوچەکانی حیجاز و شام، بە یارمەتی هێزەکانی بەریتانیا توانیان زۆرێک لە ناوچەکان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئازاد بکەن.
لە ساڵی 1918 عوسمانییەکان لە دیمەشق کشانەوە، دوابەدوای ئەو کشانەوەیە و دوای بەستنی چەندان پەیماننامە و ڕێکەوتنامە، دواجار هێزەکانیان لە ساڵی 1920 بە فەرمی لە ناوچەکانی حیجاز، عێراق، شام و میسر کشانەوە.

دەرەنجام و دەسکەوتی شۆڕشەکە

لە دوای سەرکەوتنی سەربازییە مەزنەکەی شۆڕشەکە، بۆچوونی دامەزراندنی یەکێتی یان هاوپەیمانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە جیاتی یەک وڵاتی عەرەبی خرایە بەرباس، بەو مەرجەی لەلایەن خێزانی هاشمییەکانەوە سەرکردایەتی وڵاتەکان بکرێن.
بە جۆرێک یاساکان دانران کە "شەریف حسێنی کوڕی عەلی هاشمی" ببێت بە پادشا و دەسەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی و حیجاز، "شازادە فەیسەڵ"ـی کوڕی ببێتە شای سووریا و شام، شازادە عەبدوڵڵای کوڕی دووەمیشی بکرێته پادشای عێراق.
بەڵام دەسەڵاتدارانی هێزی داگیرکاری بەریتانیا و فەڕەنسا دژی هەموو بۆچوون و هاوپەیمانییەکی عەرەبی بوون، تەنها لە بەرژەوەندی خۆیان چەند بڕیارێکیان جێ بەجێ کرد و دەسەڵاتی عەربییان سنووردار کرد. 
لە مێژوودا ئەو شۆڕشە عەرەبییە بووە سیمبوولی هێز و چاونەترسی و بوێری، تەنانەت زۆرێک لە ئاڵای وڵاتانی عەرەبی تا ئێستاش هاوشێوەی ئەو ئاڵایەیەی کە بۆ شۆڕشەکە دیاری کرا، ژمارەیەکی زۆر لە ئاڵای وڵاتە عەرەبییەکان ڕەنگێک یان دووان لە ڕەنگی ئاڵای شۆڕشی ئەو کاتە لەخۆدەگرن.

دوای شۆڕشەکە

ناوچەی حیجاز

ـ شەریف حسێن توانی پادشایەتی و دەسەڵاتی ناوچەی حیجاز و نەجد و نیمچە دوورگەی عەرەبی وەربگرێت، بەڵام لە ساڵی 1926 لەلایەن بنەماڵەی "ئال سعوود"ـەکانەوە شۆڕشیان دژی ئەنجامدا، لە کۆتاییدا شەریف حسێن لە ناوچەک دەرکرا.

وڵاتی شام و عێراق

ـ بەهۆی دژایەتی کردنی فەڕەنسییەکان بۆ شازادە "فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێن" و داگیرکردنی سووریا، شازادە نەیتوانی ببێتە پادشا و دەسەڵاتی سووریا، بۆیە لەلایەن بەریتانییەکانەوە کرا بە یەکەمین پادشای عێراق.
لە ساڵی 1920 و دوای "جەنگی مەیسەلوون" فەڕەنسا دیمەشقی سووریای داگیر کرد.
ـ شازادە "عەبدوڵڵای کوڕی دووەمی شەریف حسێن" توانی بە زەبری هێز خوی بسەپێنێتە نێو دەسەڵاتی وڵاتی ئوردنەوە و لەلایەن چەرچلەوە پێشنیاری بۆ کرا کە ڕۆژهەڵاتی ئوردن بەڕێوە بەرێت ئەویش ڕازی بوو.
ـ لە 1920 بەریتانییەکان بڕیاری دروستکردن و هەڵگیرسانی دەسەڵاتی پادشایەتییان لە عێراق ڕاگەیاند و "شا فەیسەڵ" وەکوو یەکەم پادشای عێراق دیاری کرا، پاشان ئەنجوومەنی عێراق لەلایەن چەند سەرکردەیەکی سیاسی ئەو سەردەمەوە بە یارمەتی بەریتانیا دامەزرا، نموونەی نووری سەعید، ڕەشید عالی گەیلانی، جەعفەر عەسکەری و یاسین هاشمی و چەندانی تر.


سەرچاوەکان



348 بینین