ئاسایشی نەتەوەیی - أمن القومي -  National Security

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-26-02:27:00 - کۆدی بابەت: 1621
ئاسایشی نەتەوەیی - أمن القومي -  National Security

ناوه‌ڕۆك

ئاسایشی نەتەوەیی - أمن القومي -  National Security

چەمکێکی یاسایی و سیاسیە لەو سەردەمە ڕاستەوخۆ مانای نەتەوەگەری ناگرێتەوە ئەوەندەی گیانی دەسەڵات دەگرێتەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی دیکتاتۆر، عادەتەن ئەنجومەنێکیشی بەو ناوە وەک باڵاترین دەسەڵات بۆ دروست دەکرێ، هەرچەندە مێژوو نووسان هەردەم ویستوویانە ڕەگ و ڕیشەی ئەو ناو و چەمکانە بۆ قووڵایی مێژوو بگەڕێننەوە و زۆربەی جاریش دەیگێڕنەوە بۆ مەدرەسەکانی یۆنانی کۆن، ڕاستە ناوەڕۆک و مەبەستەکانی کۆنە بەڵام وەک چەمک (ئاسایشی نەتەوەیی) لەگەڵ مەسەلەی نەتەوایەتی و وەرچەرخانی سیستمەی ئیمپراتۆریە و بۆ (دەوڵەتی هاوچەرخ) سەری هەڵداوە و بوویتە چەمکێکی سیاسی و یاسایی و ستراتیژی، گەلێ جار لە سەرووی دەستوور و پەرلەمان و حکومەتیشەوە، ئەرکەکانی فراوان و ترسناک ترینیانە، بەپێی پێناسیە نوی و جۆر بە جۆرەکانی وەک: (لیپمان، پڕۆفیسۆر بانی، بیدک، د.حامد الربیع، فەرهەنگی وێبستەرم تا دەگاتە موشی دایان و کیسنجەر..) ئەو زاراوەیەی قاوغێکی یاسایی و سیاسی و هەتا فەلسەفیشی بە ڕوونی نییە، بەڵام هەموو لایەک کۆکن لەسەر چەند لایەنێک لە بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی کە بریتییە لە: دڵنیایی خەڵک (هاوڵاتی و نەتەوە و دەوڵەت) بەرامبەر ترس و هەڕەشەی دەرەکی و ناوەکی، ئیتر ئاسایشی تاک و کۆمەڵ و خێزان و کۆمەڵگە و جیهان و بوارەکانی ئابووری و ژیاری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیایی و نەژادی ... دەگرێتەوە، لە کۆتایدا لەو بوونەوەرە هیچ کەس تەواو و بەڕەهایی دڵنیا و دوورە نیگەران نییە چ لە کارەساتی بەشەری یان سروشتی یان گەردوونی کە زۆربەیان بەدەرە لە توانای بەشەری بۆیە یەکێ لە وەسفەکانی بەهەشت ئەو جۆرە دڵنیایی و ئاسایشە ڕەهایە بۆ ئادەمیزاد فەراهەم دەکرێ، (موسوعة السیاسیة) بە سادەتر پێناسێکی (ئاسایشی نەتەوەیی) کاتێ سنوری سیاسی ئەو دەوڵەتە یەکسان بێت بە سنووری جوگرافی نەتەوەکە (پێی دەوترێ دولة القومیة) هەروەک لە (موسوعة العالمیة) وا هاتووە، دەبێ تێبینی بکرێ لەو پێناسەدا باس لە هەڕەشەی ناوەخۆشی کردووە، کە لە جیهانی سیێەم (عربی بە تایبەتی) زیاتر مەبەستیان معارەزەی دەسەڵاتیشە، ئەوە جۆرێکە لەو ئاسایشە ... بوار دەدرێت بە دیکتاتۆر بە ناوی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەست لە معارەزە بوەشێنێ. 

لە سەرەتادا چەمکی (ئاسایشی نەتەوەیی) بە ئاسایشی بارودۆخی هێزی سەربازی تایبەت بوو، دوای هەموو لایەنەکانی دەوڵەتی گرتەوە، هەڵبەتە هەموو لایەک کۆک نین لەسەر ئەو بنەمایانەی کە ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر وەستاوە، هەندێک پێناسەکانیان هەمان پێناس و رێ و شوێنی پارێزگاری دەسەڵاتە، بەشێکی تر بەهێزکردنی سەربازیە، بەشێکی تر پارێزگاری بەرژەوەندی ئیمپیریالیزمی و داگیرکاریە لە دژی بەرگری کردن، .. زۆربەی چوارچێوەیەکی دەدرێتە دەوڵەتێک، جا سروشتی ئەو دەوڵەتە بە خۆی و بە دەستوور و سیستەمی حوکمی چۆنە ئەوەش بەشێکی تری بابەتەکەیە، لە وڵاتێکی نزیک خۆمان کە پێک هاتبێ لە فرەنەتەوە و فرە نیشتیمان و فرە فەرهەنگ ... ئەوا لە خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەییدا دەردەکەوێ دوو نەتەوەی لە یەک وڵاتی وا جێیان نابێتەوە و مانای دوو سەرکە بەرانەکەیە، چونکە دوو ئامانج و دوو بنەما و دوو دنیای لێ جیا دەبن (مادام بە پێوانەی نەتەوەگەریە)، سەرنج بدە فەرهەنگی دەسەڵاتی عێراقی بەعسی لە بارەی ئاسایشی نەتەوەیی دەڵێ: (فالأمن القومي العربي هو الأمن الوطن العربي الکبیر)، بەو سەرەنجامە دەگا و دەڵێ: ( .. تجسیدا لأیدیولیجیة حزب البعث، یعتبر القطر العراقي ذلک القطر الذي یجعل بالقول والفعل من امنە الوطني جزءا من الأمن القومي العربي ..) بەو شاقوڵیەی چ پەیوەندیەک بە ئاسایشی نەتەوەیی کورد و تورکمان و ئاشووری و کلدانی عێڕاقی هەیە هەتا شیعەی خواروش، ئیتر ئەو هەموو جەنگ و ماڵ وێرانیە باجەکەی گەلی عێڕاق بە گشتی دایەوە، هەڵبەتە ئاسایشی نەتەوەیی لە دۆخی وادا (واتە لە دۆخی دەوڵەتی نەتەوەییدا) یەکسان دەبێ بە بەرژەوەندی و تێڕوانینی نەتەوەیی دەسەڵاتدار، بوونی ئاسایشی نەتەوەیی بێ دەسەڵاتیش بە مانای یاسایی و دەستووری و سیاسیەکەی دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی سەردەستەکە ...، بەو شێوەیە دوو ئاسایشی نەتەوەیی پێچەوانە دروست دەبێ، کۆتایی دێت بە زاڵ بوونی نەتەوەی سەردەست، نەتەوەی بن دەستیش هیچ بوارێکی تری لە بەردەم نامێنێ جگە لە شۆڕش یان خۆبەدەستەوەدان. ئەوە نهێنی کێشەی نەتەوەییە، خەڵکی کوردستان نمونەیەکن لە نەتەوەی بندەست هەروەک نەتەوەکانی ئەو سەردەمەی فەڵەستین، کشمیر، چیچان، ئیرلەندا، بەربەر، تبت، تامیل، نەتەوەکانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکا و ئوستورالیا و ...، ئەوانە مانا و بوونی ئاسایشی نەتەوەییان لە چوار چێوەی دەوڵەتەکە نابێت، ئا لێرەدایە بە زەقی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی وا تێک دەگیرێ لەگەڵ بنەماکانی چآرەی خۆنووسی میللەتان و هەتا بەشە یاساییەکەی لە بڕگەی (٣) ماددەی (١)ی (نەتەوە یەکگرتووەکان) هاتووە، زیاتر لەگەڵ بنەمای یاسای نێودەوڵەتی (مبدأ عدم التدخل) دێتەوە، جا لەو کاتەیە هەقی خۆیەتی یان جیابوونەوە وەک (شێخ سەعیدی پیران) هەر زوو هەستی پێ کرد و جاڕیدا و وتی یان دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئێمەش یان جۆرە دەوڵەتێک بێ دوور لە نەتەوەگەری نەژادی و ڕەگەزی و چینایەتی ... ئەو داوای کرد ئیسلامی بێت، بە تەنها ئەوە دەتوانێ کۆمەڵە مەبادیئێکی نوێی ئاسۆیی وا بۆ فرە نەتەوەکان و فرە فەرهەنگ و فرە نیشتیمانەکان داڕێژێتەوە بەشی هەموان بە یەکسانی بێ.

ئێستا ئەگەر بۆچوونی ڕەخنە گرانیش بێت ئەوا کورد کەمتر خاوەنی ئاسایشی نەتەوەییە ئەگەرچی خاوەن کیانی شۆڕشگێڕیش بووە، هەر لەبەر ژێر دەستی نییە بەڵکو بەهۆی هەڵسوکەوتی ڕێبەرانیە لەو سەردەمەدا، مادان لە تێک گیرانی هاوکێشەی نێوان بەرژەوەندی حزبی و کەسێتی و بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتیمانا ئەوا یەکسەر بەیەک بەسەر دووەم دەخەن، ئیتر پانتاییەک بۆ ئاساییشی نەتەوەیی نامێنێ، ئەوەش هۆیەکان زیاتر دەگەڕێنەتەوە بۆ سروشتی ئەو مەدرەسانەی کە ئەو جۆرە ڕێبەر و حزبانەی پێوە پابەندە، ئیتر لە ئەنجامدا لە بەردەم بنەمای بەرژەوەندی تایبەت هیچ خەتێکی سوور و، نەگۆڕێک، پیرۆزییەک، قەدەغەیەک ... نامێنێ، ئەو دۆخە بە زەقی لە کوردستان دیارە، بەڵام لە جەوهەردا هەمان دۆخە لە زۆربەی وڵاتانی دیکتاتۆری بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی، لە وڵاتانی دیموکراسی ڕۆژئاوا تەواو زاڵ بووینە بەسەر نەریتە سیاسیە خۆویستیەکان، سەرچاوەی ئەو زاڵ بوونەش لە (ثوابت، مەبادیئەکان) هاتووە لە بەرنامە ئاینیەکان کە بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندی تایبەتی بێت.. بۆیە هەرگیز سەرچاوەی ناگەڕێتەوە بۆ مەدرەسەکانی لیبڕالیزم و لقەکانی، هەر بۆیەش لە ڕۆژئاوا ئەگەر (بەرژەوەندی باڵای وڵات و ئاساییشی نەوەتەیی یەکەی) لەگەڵ (بەرژەوەندی حزبی دەسەڵاتی) تێک بگیرێ ئەوا بێ هیچ گرفتێکی وا یەکەم بەسەر دووەم، بە پێچەوانەوە لە وڵاتە دیکتاتۆریە جۆربەجۆرەکان دەبێتە چەکێکی یاسایی لە دژی ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی، زیاتر لە پێناو ئاسایشی دەسەڵاتە نەک وڵات، هەر لە بنەچەشدا لە ئەزموونی بەشەری یەکەم جار ئەو چەمکە لە لایەن (لویسی چوارەم) پەیدا بوو (بەپێی زۆربەی شارەزایان) لویس بەهێزبوونی دەرو دراوسێ و یەکتر داگیرکردنی بە هەڕەشە زانی لەسەر فەڕەنسا، ئەگەر هێرشیش ڕوو لە فەڕەنسا نەبێت، لە دابەشی دەسەڵات و جیهاندا پتەوی ئاساییشی یەکێکیان دەبێتەوە هەڕەشە لەسەر ئەوی تر، بەتایبەتی ئەوانەی (بەدیلن بۆ یەکتر)، ئاسایشی یەکێتی سۆڤیەتی هەڕەشە بوو لەسەر ئەمریکا و پێچەوانەشی بە پێچەوانە، هەتا وڵاتە بچووکەکانی جیهانی تریش بە تایبەتی ناوچەکانی ئاژاوە و درێژکراوەکانی سایک پیکۆدا، هەتا ئەزموونی سیستەمی دوو حزبی یەک وڵاتیش، وەک ئەزموونی (پ. د. ک) و (ی. ن. ک)، هەرچەندە ئەوە ئەسڵ نییە.

لە وڵاتە دیموکراسیەکانیش ئەنجومەن و دەستوورێکی وا پیادە دەکەن کە لە کۆتاییدا زیاتر لە خزمەتی چینێک بێت، هەرچەندە لە پێناسی دەستووری ئەو ئەنجومەنە وای لێ ناخوێندرێتەوە، بەڵکو چی لە بەرژەوەندی باڵای وڵات و میللەت بێت بە گشتی ئاوا تۆمار دەکرێ، ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا پێک دێت لە زۆرینەی جەنەڕاڵەکان و بەرپرسی هەرە باڵای دەسەڵات، زۆر بە سانایی جم و جۆڵەکانی ئیسلامی، چەپی، کوردستانی .. بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تورکیا لە قەڵەم دەدا و قەدەغەی دەکا، هەتا داواکردنی خوێندن بە زمانی کوردی بە داوایەکی تیرۆریستی و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تورکیا ناسانرا، .. بەو شێوەیەی ئەو چەمکە لە زۆربەی وڵاتان بەشێک لە داپڵۆسین و چەترێکی ئێدەکی ئاساییە بۆ چەوساندنەوە و دەرکردن لە گۆڕەپان و پاوان کردنی دەسەڵاتە بۆ چین و کۆمەڵێک بە نۆرە ئەگەر دیموکراسی بن، هەر جۆرێکی داهێنراوی زیرەکانی دیکتاتۆریە.


سەرچاوەکان



1115 بینین